سکاڵا

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  672 مشاهده
شالوور چاوەڕێ ی گژی بەهارە
پەپوولەش هیوای باخی گوڵزارە
تا دێنن ڕۆژێ وچانێ ئەگرێ!
لەژێر تیشکی خۆر ئەخوێنێ ئەفڕێ
دڵیش بریندار غەم و پڕ ژانە
لێ ئەدا لە بۆ ڕۆڵەی تاقانە
ڕۆڵە: هەر من بووم پەروەردەم کردی
بەرەو سەربەرزی ژیانم بردی
بە ئارەقەی چاو، بەقۆڵ کوتانم
بەخێوم کردی، گوڵی ژیانم
هەزار هەڵدێر و دەردم چێشتووە
تا یەک پێ ئەتۆم بۆ پێش بردووە
کۆشپ و مەینەتم: دەردی هەژاری
هەر لەبەر تۆ بوو، کەوتمە ژێر باری
هەر بەم ئاواتە، چیم لێت (چاو نەبوو)
چاوم لەژێری سێبەری تۆ بوو
کە پێ گەیشتی زۆر دڵسۆز بی بۆم
بەڵکوو بەرهەمی ڕەنجی تۆ بخۆم
ئێستەش لێ کەوتوو ڕیش سپی و پیرم
لەتۆ چاوەڕێ، یارمەتی و (خێرم)
تەنیا تۆم هەیە، ئەی خۆشەویستم
(شاد و دڵخۆش بووم، ناوت کە بیستم)
دەستت لە تەمام ژیان گیر بووە
ئەی بۆچی منت لەبیر کردووە؟!
(لوقمە)ی دەمی خۆم ئەخستە زارت
تا پێم گەیاندی سووک بووە بارت
بێ ئەمەک مەبە وا ئەمڕم ڕۆڵە
بە هانام بگە، باوکت کڵۆڵە!
ئینجا سەد سوپاس بۆ خودای گەورە
ڕزگارم بکا لەم شوێنە نەورە
خوا دەستی بگرێ ڕۆڵە بە باڵات
گیرا بێ لەلای نزا و سکاڵات