هەنیسک و جوانی

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  972 مشاهده
هەر چەند ئەکەم بێ ئارامم
یەک ناگرێ، کام و زامم
بۆ دیمەنێک ووزەی گیانە
نەرمە نیانە..
باڵای نازدار
لەناو گوڵزار
وتەی شیرین، ڕوویەکی گەش
ئەشک و سۆزی گریەی باوەش
بەڵێ جوانە...
گشت شێوازێ جێی سووڕمانە!!
*
گریان بێ یا پێکەنینی
کە بەناز بۆم ڕائەمێنی
ئاوازی دەنگی بزێوی
خەندەی چاو و دەم و لێوی
هەموو جووڵە و دانیشتنی
یا ووچان و پاڵ کەوتنی
ئاهـ هەڵکێشان..
بۆ یادگاری (شەوی ژوان)
بەڵێ جوانە، هەموو کارێ لەیار جوانە
گشت شێوازی جێی سووڕمانە!!
*
ڕۆیشتی سووک و لەنجەی
ئەمووستیلە کردنە پەنجەی
هەستی پاک و گفتی شیرن
باڵای ڕێک و جەستەی خرپن
وورشەی قژی..
ڕەشی بژی..
لەرەی مەمک و سمتی خڕی
یا دەستی ناسک و پڕی
سووری قاچی..
کراسی پاچی..
هەموو باسێ لەیار جوانە
بزە و گفتی جێی سووڕمانە!
*
هەست و دەنگی
وێنە و ڕەنگی
ژیری و کپی یاد و بیری
تانە و تیری..
پەستی و شادی..
لێک دانەوە و کەوتنە یادی!
هەڵدانەوەی (پەڕی یادی)
لە دڵداری، لە ئازادی!
گشت نەریتی لای من جوانە
چونکە ژینم بێ ئەو ژانە!
*
هەر مردنی بۆم ناووترێ بڵێم جوانە
ڕیشەی جوانی تێکەڵ گیانە
چونکە ناشێ..
بێ خۆشویستن، بێ دڵداری!
پڕ لە کین و بێ بەختیاری
بۆ باوەشی..
یاری جوانی بکەوتە ناو!
دەست بخاتە سەر قژی خاو
وەک مەلێکی نێو ڕکی چۆڵ
بەند کرابێ بەدەستی زۆڵ
(بۆ دڵخوازی پاکی جوانە)
بەڵێ جوانە..
نەک بۆ کەسێ لەناو تاوانە
بێ بەزەیین ئەڕەنجێنن ئەو (دوو جوانە)
(بیرۆکەی ئەم هەڵبەستە لە هەڵبەستێکی عەبدووڵڵا پەشێو وەرگیراوە)