لەپەنجەرەی دەرس وتنەوەما

بۆ ئەو کچە مامۆستایە…ی خۆشەویستی منی لێ بو بەکۆترێک و بۆی نەگیرا... لە «باتاس»
از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  981 مشاهده
نەورۆزیش هات...
شانۆی هەستم کرایەوە
بەفری زستانی ئازارم، لە باوەشتا توایەوە
ڕووناکی چاوەکانی تۆ... گڕی هەستی داگیرساندم
خۆشەویستم...
لەبەیاری خوشک و برادا، بەدڵ چاندم
***
گیانە... کاتێ دەی بیستمەوە
لەجوتیارێ، لەدۆستانم. باسم دەکەی
چی وتبوون: بەدڵ بەلێو زوو لێستمەوە
یا کە جارجار... هەناسەی ژووری پۆلەکەم
گیان سڕ دەکا
ئاوازی نیازی دوێنێکە، گوێ پڕ دەکا
لەچی، لەچی؟
لەجامی خۆشەویستی من
لەپاکی و جوان پەرستی من
*
لە چیرۆکە ئەفسانەکەی شانۆی لادێ
دڵی شێتی منیان رست کرد
لە (قورئانا)، لە (ئینجیلا)، لەدەشتێکا
هەزاران جار، ناوی خوا دێ
سەیر نییە... لە فەرهەنگی گوندەکەشمان
بەچاک بەخراپ
لەبارەی تۆ، ناوی من بێ.
*
خوشکی بەڕێز...
ئەو ئاوازە ناسازانەی کەگوێت لێ یە
پێ بیلکەی خۆ هەڵکێشانی چەند کەسانە
لەناو تەبارەی کۆمەڵا
داسی کولیان بێ هەسانە
هەمدیس بەڵگەی..
سەربەرزێتی مانیان، پێ یە
*
کەی خۆی هەڵدێ لە چاوی تۆ
کەی بیایانی من ماچ دەکا
کەی ڕێ ی دووری دڵم دەبڕێ
دەڕوا... دەڕوا بەرەو ئاسۆ
کەی تێنوێتی...
گەرووی ژینی من ماچ دەکا