بۆ شاسوارێ... سواری ئەسپی هەتاو بوە

بۆ هاوڕێ ی شەهیدم، شاسوار
از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 4 دقیقه  819 مشاهده
وەک هێزێکی، ڕژاو بەناو گیرفانی بۆرجوازییەکان
وەک (بێگاری... دەرەبەگی ی) گڕ دەتکێنێ
بەدەروونی جوتیارەکان..
وەکو پووشێ، لەناو بڵێسەی ئاگردان
وەک ئەوانە... خوێنەکانمان، دەبن بە داس
مافی دۆڕاو دەدرونەوە
خوێنەکانمان... دەبنە هەسان، خەنجەر و شیر دەسوونەوە
وەکو ئەوان لەناو دەریای چەوساوەیی
هێزی شەپۆلەکان دەڕۆن.
ڕەگی زامی هەرچی سنووری دەستکردە
لە کەناری ڕاپەڕینا، دەریا دەخۆن
*
من دەمەوێ، کرێکاری کارگەی شیعر وتنێ بم
خۆم خاوەنی (کەرەستەی خاو، هێزی بەرهەم هێنان)م بم
هێزو بیرو، وشەو زمان... ڕقی چەوساندنەوەی ژیان..
لە میهرەجانی برسێتیم..
هەر خۆم شیعری تێکۆشانم، بخوێنمەوە
هەر خۆم بەفری سەرمایەدار، بتوێنمەوە
*
من دەمەوێ شیعرێ بڵێم روناکی بێ
بەدەست شاسواری بەربەیان
من دەمەوێ شیعرێ بڵێم، زۆر لە شیعر گەورەتر بێ و
شۆڕشێ بێ، بۆ گۆڕینی (خەو بۆ هەڵسان، شەو بۆ بەیان)
شۆڕشێ بێ، بۆ گۆڕینی هاتنە سەرکاری هەژاران
من دەمەوێ شیعرێ بڵێم ..یاسایی بێ
سوشیالیست بێ، کۆمۆنیست بێ
بەدەست شاسواری شۆڕشڤان
من دەمەوێ شیعرێ بڵێم، زۆر لە شیعر گەورەتر بێ
کوتەکێ بێ بۆ گۆڕینی یاسای ژیان.
*
لەخەو هەڵسن، تەکان بدەن.
ئەی کرێکاری ڕووی زەمین
تاکەی هێز و ئارەقەی بازووی کڕاوتان
چەکی سەرمایەداران بێ و... لە وڵاتانی ژێردەستە
برامان پێ لەناوبەرن.
دەی ڕاپەڕن..
هاتین، هاتین، هەموو هاتین
تەکان بدەن، ئێوەش وەرن.
*
کاکە شاسوار... لەگەڵ برینەکانی تۆ دەژیم
برای عاشق، تەکان بدە
لە ناو هەموو دەریایەکی قەدەغەدا
پاپۆڕێکی و، سامی چەکی ئەتۆم دەگری
لەناو هەموو لووتکەیەکی یاساخ کراو سەنگەرێکی
لەناو هەموو گوندی ژانا ئاگرێکی
خۆت گوللەیت و... دوژمن لە زامی تۆ دەمرن.
*
برای عاشق تەکان بدە
لەجەژنی لەدایکبوونتا..
پارچە گۆشتی ئەمڕۆکەمان، دەبەخشنەوە
لە شەوانی بەراتمانا، داڵ و بۆمبا
لەجێ ی کۆتر دەنیشنەوە
لە ڕۆژی لەدایکبوونما... کێردی دەستی بورجواکان
دەیانەوێ چیاکانمان سەر ببڕن
دەیانەوێ ..سامانی ناو کێلگەکانمان، بگریەنن
دڵ و مێشکی هەڵبدڕن.
***
برای عاشق... کاتێ کە سواری خۆر دەبیت
سەدان سوارت لەگەڵدایە
کاتێ کە سواری خۆر دەبیت ڕووناکی ئەستێرەکانی
ئاسمانی نەوبەهارانت لەگەڵدایە
برای عاشق
کاتێ کە سواری خۆر دەبیت..هەرچی فڕۆکەی دوژمنە
هەر لەفڕگەیدا دەمرێت و قورئانی مردن دەخوێنێ
کاتێ کەسواری خۆر دەبیت، (دەنگی خۆشت)
لاوک و حەیرانی هەژاران، دەهێنێت و
تەقەی زۆردار دەوەستێنێ.
کاتێ کە سواری خۆر دەبی، ئەستێرەکان لەشکری تۆن
لە نۆتەکی شەوی سەردەم، لە هاتوچۆن.
*
کاکە شاسوار... تەپەی ئەسپت
لەدوێنێوە، سامی تاریکی نیوە شەو، پێ ی زانیوە
تەکان بدە..
دەستگیرانت، کەمانێکە و سازی بۆ گیانی تۆ نییە
دەستگیرانت سەنگەرێکە و دڵداری خۆی تێدا نییە
دەستگیرانت ئاگرێکە..
هێشتا تیشکی لێمان دوورە
تەکان بدە... وا دەبێنم
زین ولغاوی ئەسپەکەت... لە خوێن سوورە
کاکە شاسوار... ئێمەش سواری ئەسپی تۆین و...
ڕاوی دوژمنەکانی تۆ دەکەین
هەرچی دوژمن پێ ی ناخۆشە... مە وا دەکەین
شەو یاسا بێ، ئێمە ڕۆژین.
لە کوردستان، چیا لێمان قەدەغە بێ
لە جێی شەماڵ تیای دەژین و خۆمان لوتکەین
ئەگەر مردن، دەستبێن، لەشوانکارە بگرێ
ئێمە هەناسەی بۆن خۆشی بەرزی ژینین
ئەگەر خەوتن لەناو بێشکەی دیلێتیدا
لای لایەی زامی ئێمە بێ
ئێمە هەرگیز ڕاپەڕینین