مردن لەگۆڕی سەرشۆڕی دەژیت

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  923 مشاهده
کاتێ ئاگر... لە ئاوپژێن نەدەترسا
خەرمانی ڕەش...
خیزی گەرووی خستبووە ناو دەریای ترسا
ئەستێرەکان... ئاوازی شەویان دەمژی
ڕووبارەکان: کەنارەکانی خۆیان خوارد
گوڵە گەنم... دەنکەکانی دا بە کللۆ...
داسیان بە زستانا سپارد
گەڕامەوە، لە لای مردن گەڕامەوە
*
پێتان بڵێم... مردن کێیە!
مردن، مردن... بووجەیەکە بۆ پوول دەگری
مردن چاڵە، بۆ گیانێکی زیندوو دەگری
قاندرمەی کارتۆنی ترسە
چۆن دز دەمرێ و
بە سەر شانی خەڵکا دەفڕێ
ئای چەند سەیرە...
پێش ئەوەی ناویان ژیان بێ
زۆر کەس ناویان لێنرا مردن
*
پێتان بڵێم مردن کێیە
مردن سکە و لە تێریدا دەڕشێتەوە
مردن گوڵە... لە سەرشۆڕی
وەکوو بووک دەگەشێتەوە
ئای چەند سەیرە... پێش ئەوەی ناویان ژیان بێ
زۆر کەس ناوی لێنرا مردن.
*
کە لای مردن گەڕامەوە
دووکانی شەو... مومی کاروانێکی دامێ
خێرا وتی... کوانێ زامێ... کوانێ زامێ
وەک برینی شاری ئاگر، قووڵ و کوڵ بێ
هاوارم کرد... کوا گوڵ وەک لە
زەوی خوێنا ڕوا (گوڵ بێ).
*
کە لای مردن گەڕامەوە
ئافرەتێکی زگ پڕی لات.. خۆی دەکێشا
گرانییەکەی... تفەنگێکی پڕ فیشەک بوو
لە ژێر لکە زەیتونێکا، گڕی دەخوارد
لەپڕ دیتم: مناڵێکی گەنم ڕەنگی خۆی لەتەک بوو.
*
ڕاکەن ڕاکەن.
تەمەنی خەم وا گەیشتە تافی پیری
دەنکە تەسبێح لە سەر زامی خۆی دەژمێرێ
ئاخۆ کێ یە... لە تاریکی بانگ ڕادێرێ
تکیتی قین... لە پاسی ئاشتی هەرزانە
لە بازاڕی ڕەنجی هەژار
خۆشەویستی مەزات دەکا
پەیکەرێکی باڵ شکاومان...
خەڵات دەکات.
(لە کۆڕێکی ئەدەبی خوێندرایەوە}