نەورۆزی کورد

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 3 دقیقه  1589 مشاهده
هۆنراوەی دڵ... لە قووڵایی بیری پڕسۆز
زۆر جار وترا، بۆ جەژنێکی وەکو نەورۆز
کە نیشانەی یەکەم ڕۆژی سەرکەوتنە
سنوورێکی پێشکەوتنە..
ڕۆژی ڕزگاری و ئازادی
لە سەردانی (زوحاک)ی زۆڵ، ڕۆژی شادی
تیایا باسی سەرکەوتنی کۆنی کورد بوو
وشەی ڕەنگین بۆ ئەو ڕۆژە دەکەوتە ڕوو
گەل ئەو جەژنەی لە یاد نەچوو
٭٭٭
کوردی نەبەز، گەورە و بچووک
لە کەژاوەی بەهاری بووک
لە پاڵ دوڵ و شاخی سەرکەش
بە پشکۆی گەش...
دەیان نووسی (بژی نەورۆز)
بژی یادی ڕاپەڕینی کاوەی دڵسۆز.
٭٭٭
هەمان نەورۆز.
ئەمساڵیش وا یادی دەکەین زۆر شانازین
بەڵام هیوای جەژنی تریش هەر دەخوازین
بۆ جەژنێ تا چەوساوەی کورد بگرێتەوە
دووبەرەکی و کێشەی ناوخۆ ببڕێتەوە
بۆ نەورۆزێک
وەک هی ئەمڕۆ، گشت دڵسۆزێک
بۆ یەک ڕێگا هەڵگرێکی تۆربەی بیرە
تۆربەی بیری کوردایەتی کوردی ژیرە
ئەوەی ژیرەو کە دڵسۆزە
لە خەباتا سووتەمەنی هەموو هۆزە
بەبێ گومان کەجوتیارە
چەوساوەیە، کرێکارە.
تا دوا ئامانج بەبێ کۆڵدان بەپەرۆشن
بۆ ناونانی جەژنێکی تر تێ دەکۆشن
٭٭٭
تا ئەوانە دەخنکێنرێن
ڕیشەی نیازی ئەو پزیشکە دڵڕەشانە
دەردەهێندرێن
کەلەجیاتی چاری چاوی ئادەمیزاد
چاوهەڵکوڵ بوون، بۆ خۆ ژیان
تاکو سپی وڕەنگی خۆری بیری ئازاد
ڕەش بین بکەن...
ئەو خەڵکەیان خستە گومان
چاک ناسینی ئەو زۆڵانە و دۆست و دوژمن
دەسکەوتێکە یەکجار مەزن
تا کورد بڵێ بۆ یەکێتی بەپەرۆشن
بۆ ناونانی جەژنێکی تر تێ دەکۆشن
***
بەڵام، بەڵام
تا خاوەنی درۆی زل و خۆهەڵکێشان
تەڕادێنی هەر لەباو بێ
تاکوو خڵتی میکرۆبی نێو کانی ژیان
بۆ خواردنەوە... لەناو ئاو بێ
هەتا وابێ... لەیەک ناگەین
جەژنی خۆشی و لەش ساغیمان... گومان نابەین
تاکو تەم و هەوری پێش خۆر، نەتوێتەوە
تا چوار پارچەی دڵی خوێنین
کەرت کراوی ئەنقەست بە زۆر
یەکتر بە بیر، بە کاری نوێ نەگرێتەوە
ئاهەنگیش بێ دڵی بەهار سارد و سڕە
خۆمان برسین، چەوسێنەرمان تێر و پڕە
٭٭٭
تا کلیلی سەربەستیمان لای زۆردار بێ
ڕزگار نابین
تا چەوسێنەر لە نێو خۆمان وەکو هار بێ
بەختیار نابین
سابا نەورۆز چرای بیرمان هەڵگیرسێنێ
دوژمن بە گەل بناسێنێ
چەوسێنەرە و چەوساوەکان جیا کاتەوە
ئاڵای یەکیەتی دڵسۆزان هەڵکاتەوە
لە هاوکاری ژمارە «١٠» بە ناوی «ج بێدەنگ» بڵاو کرایەوە}