پێشوازێکی برایانە

از کتاب:
پێکەنینی گەدا
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 4 دقیقه  549 مشاهده

پیرۆت ئاغا هەردوو دەستی نابووە کەلەکەی، دەتگوت «ساییی کوپەی ترخینە دەکاتەوە، بەپاناییی جادەی بەهەشتدا دەهاتە خوارێ، مڕومۆچ و تووڕە و گرژ گەیشتە مەیدانێک، فریشتەیەکی کەوا سپی، پاتۆل سەوز لەوێ وێستابوو.

بەهەوای زەمانی (پاشا) کە نایب و دەستڕۆیشتوو بوو بانگی کرد:

هۆ.. کاکەی پۆلیس..! کەس وەڵامی نەداوە.

لێی چووە پێشەوە و گوتی:

کاکەی پۆلیس لەگەڵ تۆمە!

- من کاکەی پۆلیس نیم.

- ئەی چیت؟

- فریشتەی ڕێنوێنیم.

- دەی باشە، هەرچییەک هەی، دایرەی مودیر لە کوێیە؟

- ئێرە شتی وای لێ نییە، لە چی دەگەڕێی، کێت دەوێ؟

- لەو کەسە دەگەڕێم کە بەسەر کاروباری ئێرەدا ڕادەگا، پیاو ئەگەر کارێکی ببێ بەکێ بڵێ؟

فریشتەکە تەلیفۆنێکی کرد و پاشان گوتی: لێرە ڕاوەستە، ئێستا دێن دەتبەن. تاوێکی پێ چوو فریشتەیەکی تری وەکو ئەوەکەی هەوەڵ پەیدا بوو لەگەڵ خۆی بردی بۆ لای (خازین)ی بەهەشت.

خازین- فەرموو، دەڵێی چی؟

پیرۆت ئاغا- دەمەوێ وەزعم نەختێ باش کەی.

- بەوردی پێم بڵێ پێداویستت چییە و چت دەوێ.

- پێداویستم بەهەموو شتێکە، نە کەسێک هەیە کەوشم بۆ دانێ، نە نۆکەران هەن دەستەونەزەرم راوێستن، نە فەراش و چایچیم هەیە و نە ئەسپ و تانجی و توولە. هەر هیچم نییە.

- ئەوانەی گوتت لێرە نین و سەرناگرن.

- دەی باشە، دێیەکم بدەنێ، خۆم هەموویان جێبەجێ دەکەم.

- ئێرە دێی لێ نییە.

- دە هێندێکم مسکین بدەنێ، خۆم بە شەق دێیان پێ دروست دەکەم.

- لێرە کەس نادرێتە دەس کەس و کەس ناتوانێ شەق بوەشێنێ.

- دە خەرمانێکم پیشان دەن بیسووتێنم.

- خەرمانمان نییە.

- دەی پێم بڵێ گاگەل لە کوێ هەیە تا بچم بیڕفێنم.

- ئێرە گاگەلی لێ نییە.

- دە ئەسپێک و دوو تانجیم بدەنێ بچم ڕاو بکەم.

- ئێرە ڕاوی لێ ناکرێ.

- دە کەسێکم بۆ پەیدا کەن قوماری لەگەڵ بکەم.

- لێرە قومار ناکرێ..

- دە کەلە و ملەیەکم پیشان دەن بچم خەڵکی لێ ڕووت کەم.

- لێرە جەردەیی و ڕاووڕووت نییە.

- ئەی چۆن ڕابوێرم؟ ئەمە چ بە قوڕە گیراوێکە هەرچییەکی ئەسبابی ئاغایەتییە لێی دەست ناکەوێ؟

ئا ئەم کاول بووە بۆ پێتان دەگوت: «فیها ما تشتهي الأنفاس وتلذ الاعین»؟

هیچ نەبێ ئا لەو خەڵکە چوار کەسم بدەنە دەست، چوار (سەگباب)یان پێ بڵێم و دڵم نەختێ سووکناییی بێت.

- لێرە هەموو کەس وەک یەکن، کەس ناتوانێ (سەگباب) بەکەس بڵێ.

- ها... شیوعییەکانیش هەر ئەم جۆرە قسانەیان دەکرد. ڕەنگە لەگەڵ ئەوان کەین و بەینتان هەبێ.

خازین- ئا کارتەکەت بێنە بزانم!

پیرۆت ئاغا- کارتەکەی دەرهێنا و دایە دەستی.

خازین ڕوانییە کارتەکە و گوتی تۆ بچۆ دەرەوە تا پاشان بانگت دەکەم.

هەڵی گرت و تەلیفۆنێکی کرد بۆ مالکی جەهەنەم:

- لای ئێوە پیاوێکی وا هەیە ناوی (مام پیرۆتی گاوان) خەڵکی پیرۆت ئاوا بێ؟

- (دوای تاوێک)- بەڵێ هەیە.

- بینێرنە ئێرە.

دوو یاساولی جەهەنەم مام پیرۆتیان هێنا. مام پیرۆت کابرایەکی ڕەقی، وشکی، دووکەڵاوی و لاهەلپڕوزاو.

خازین- مام پیرۆت! بۆچی کارتەکەی خۆت داوە بەو کابرایە؟

مام پیرۆت- من نەمداوەتێ. ئەمانە لە زەمانی (تموین)ەکەوە فێر بوون هەر کوتە کاغەزێکمان پێ ببینن لێمان دەڕفێنن. کە کارتەکەیان دامێ، ڕفاندی. ئەو تێروتەسەل و باوی قاچی خۆش بوو، ڕای کرد. من ئەوەندەی تەکانم دا هێزی ئەژنۆم نەبوو، نەیگەیشتمێ.

خازین- (ڕووی کردە یاساولەکان: ئەم پیاوە لێرە دەبێ. بچن لە جیاتیی ئەم، ئەو کابرایەی دەرەوە بەرن. یاساولەکان چوون، هەریەکەی دەستی دا هەنگلێکی پیرۆت ئاغا کە بیبەن.

پیرۆت ئاغا چەپا و چەپ لێیان وەستاوە و نەڕاندی:

سەگباب! بۆ ئەوەندە ناڕەسەن و بێ ئەدەبن. یاساولەکان دوو سێ گورزی ئاگرینیان سرەواندە ناوشانی و پێش خۆیان دا. کە گەیشتنە دەرگەی جەهەنەم، شەیتان هاتبووە پێشوازی و بانگی کرد:

- وەرە! برای ئازیزم وەرە! هەزار ئافەرین لێرەش ئاغایەتیی خۆت نواند!