جایزەی کۆمیتەی ئاشتیی جانەوەران بۆ کیسینجیر

بەبۆنەی درانی جایزە ئاشتی (نۆبل)بە کیسینجیر
از کتاب:
پێکەنینی گەدا
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 10 دقیقه  534 مشاهده

ورچ (سەرۆکی کۆمیتەی ئاشتیی جانەوەران)- ئەوا کۆبوونەوەی کۆمیتەی ئاشتیی جانەوەران دەکەمەوە. دەست دەکەین بە قسەکردن لەبارەی ئەوانەی بۆ وەرگرتنی جایزەکە پێشنیاز کراون. ئاغای سکرتێر، کێ پێشنیاز کراوە؟

مەیموون (سکرتێری کۆمیتە) - ئاغای کیسینجیر، گورگ پێشنیازی کردووە.

سەرۆک - کێ لەم بارەیەوە دەیەوێ قسە بکا؟

کەروێشک - من دەمەوێ قسە بکەم.

گورگ - هەقی نییە قسە بکا، لەوەتی هەیە خوێنی لە مێشوولەیەک نەهێناوە. ئەسڵەن بۆ ئەوە نابێ ئەندامی کۆمیتەی جانەوەران بێ.

مەیموون - جانەوەران دوو جۆرن - هێندێکیان خوێنڕێژن، هێندێکیشیان خوێنڕێژ نین. ئەگەر ڕەخنەی ئاغای گورگ قبووڵ بکەین دەبێ بەشێکی زۆر لە جانەوەران لە مافی دەنگدان بێ بەش بکەین. لام وایە کە کەروێشک یەکێکە لە جانەوەران، وە هەقی قسەکردنی هەیە.

سەرۆک - کەروێشک تا ئێستا لە جانەوەران ژمێردراوە و ئەندامی کۆمیتەیە. لەبەر ئەوە دەتوانێ قسە بکا.

کەروێشک - ئاغای ورچ سەرۆکی بەڕێزی کۆمیتە، ئاغایانی جانەوەران، ئەندامانی بەڕێزی کۆمیتە! هەنری کیسینجیر لە ئەڵمانیا لەدایک بووە...

گورگ - ئەمە عەیب و شوورەیی نییە. هەر کەسێک لەم دنیایەدا لە جێگەیەک لەدایک بووە.

کەروێشک - مەبەستم ئەوە نییە عەیب و شوورەیی بێ. دەمەوێ ژیانی ئەو کابرایە بەکورتی بۆ کۆمیتەی بەڕێز باس بکەم- لە خێزانێکی جوولەکەیە.

گورگ - بێدەنگ بە! تۆ فاشیستی... تۆ دژی جوولەکەی.

کەروێشک - بڵێم چی! من تاوانم چییە کابرا لە خێزانێکی جوولەکەیە. خۆ من ئەمە وەک ڕەخنە گرتن ناڵێم. تۆ کە پێشنیازت کردووە دەبێ بزانی کوڕی کێیە. بۆچی پێت ناخۆشە؟

سەرۆک - (دەبۆڵێنی)- کەس هەقی نییە ڕێکوپێکیی کۆبوونەوە تێک بدا.

وازی لێ بێنن تا قسەکانی تەواو دەبێ. ئەوسا کێ قسەی هەیە دەتوانێ بیکات.

کەروێشک - ئاغای سەرۆک سوپاست دەکەم- هەنری کیسینجیر لە ئەڵمان لەدایک بووە، خێزانێکی جوولەکەیە. بەناوی ئوستادی زانستگا لە زانستگای (هاروارد)ی ئەمەریکا بوو. هەموو کات دەیگوت: «من پیاوێکم عاشقی قودرەت و دەستەڵاتم». هەر لێرەوە دەردەکەوێ ئەم کابرایە چ پیاوێکە. ئەو عاشقی بیروڕای دوو کەس بوو، هەردەم ئەوانی بە (خوڵقێنەری مێژووی تازەی ئەوروپا) ناو دەبرد، وە ئەوانی دەپەرست. ئەو دوو کەسە (میترنیخ بیسمارک)ن.

خۆتان دەزانن ئەو دووانە هیچ کاتێ لایەنگری ئەوە نەبوون بەمافی بەرامبەر و وەکو یەکەوە وتووێژ بکرێ. هەردەم ویستوویانە بەزۆرداری و لە هەڵوێستی دەستەڵاتەوە (ئاشتی) داسەپێنن.

ئەوانە هەردووکیان لایەنگری میلیتارسیم بوون، کۆمەڵانی خەڵکیان بە سووک و چرووک دادەنا، وە وەکو ئامراز و ئەسباب بۆ ئامانجی خۆیان کەڵکیان لێ وەردەگرتن. بیسمارک کە کیسینجیر دەیپەرستێ دەیگوت «پارلمان تیئاتریکە هەرگیز ئارتیستی لاوی بەخۆیەوە نەدیوە».

ئەوی تریش کە کیسینجیر دەیپەرستێ، یانی (میترنیخ) هەموو کات ناوی لەگەڵ دیکتاتۆرەکانی زەمانی زووی ئەوروپا هاتووە، ڕەوشتی ماکیاڤیلیی هەبووە. لە مێژووی ئەوروپادا بە جادووگەرێکی گەورە بەناوبانگە، کیسینجیر کتێبی ٣٥٠ لاپەڕەییی دوکتۆرای خۆی لەبارەی ئەو پیاوە نووسیوە. لەو کتێبەدا دەڵێ: «ئەم پیاوانە لەبەرئەوە بە دیمەن و گەورە و هەڵکەوتوون کە توانیویانە ماوەی دوو سەد ساڵ ئاشتییەکی پتەو لە ئەوروپادا دامەزرێنن».

ئەو ئاشتییەی ئەوان لە ئەوروپادا دایان مەزراند بە چ نرخێک تەواو بوو.

مەگەر ئەو ئاشتییەی کە (میترنیخ) بە دیاری دای بە ئەوروپا، بە شکاندنی سەروگوێلاکی وڵاتە بچووکەکانی ئەوروپا، وە کوشت و بڕ و دیل و ئەسیرکردنی میللەتە بێ دەستەڵاتەکان نەبوو؟ وە ئەو ئاشتییەش کە (بیسمارک) پێشکێشی کرد بەزەبری شمشێر نەبوو؟

ئەڵمانیا هەزار ساڵ بوو بەچەشنی فیدرال ئیدارە دەکرا، ئەوە بە ئاسن و خۆین وە چەشنی زۆرداری پشووی خەڵکی بڕی و کێشانییە ژێر فەرمانی خۆی. وڵاتانی تریشی داگیر کرد و ئیمپراتۆری ئیمپریالیستی (رایشی دووەم)ی دامەزراند. لە ناوەوەی ئەڵمانیادا هێندێ قانوونی وای بۆ دیل و ئەسیرکردنی کارگەرەکان دانا، وە ڕەوشتێکی وای دامەزراند کە لە پاشان هیتلەریش زۆر پەسندی کردن. هیتلەر لە کتێبەکەی خۆیدا (خەباتی من) دەنووسی: «موتاڵای قانوونی کارگەری بیسمارک لە رایشی سێیەمدا، بنچینەی سیاسەتی سەنعتیی ئێمە دەبێ».

کیسینجیر نووسەری دوو کتێبی (میترنیخ) و چەکی ئاتۆمی وەکو قودرەتی ترسێنەر بڕوای بە وتووێژی هێدی و هێمن و لەسەرخۆ و دوور و درێژ نییە، لایەنگری وتووێژە لە هەڵوێستی زۆرداری و فڕوفێڵەوە، لایەنگری چاوبەستن و دەم کورتکردن و داسەپاندنی ئاشتییە.

ئاغای سەرۆکی بەڕێز! ئەوەی تا ئێستا گوتم لەبارەی بیروڕای خودی کیسینجیر بوو. بەڵام کیسینجیر لە باری ڕەسمییەوە، بەناوی نوێنەری دەوڵەتی ئەمەریکا وتووێژی لەگەڵ ڤێتنام کردووە، بەناوی ئەو دەوڵەتەی کە 124 هەزاران مەدرەسە و نەخۆشخانەی لە ڤێتنام بۆمباران کردووە، هەزاران هەزار کەسی ڤێتنامی کوشتووە، وە هەزاران خانوو و مەزاری سووتاندووە.

ئەوەندەی بۆمبا بە ڤێتنام داداوە، لە تەواوی ئەو بۆمبایانە زیاترە کە لە شەڕی دووەمی جیهانیدا تەقێنراون.

ئاغای سەرۆک! من بەناوی ویژدانی جانەوەران داوا دەکەم جایزەی ئاشتی بە کیسینجیر نەدرێ. ئەو کابرایە نە لە باری شەخسییەوە و نە لە باری ڕەسمییەوە فڕی بە ئاشتییەوە نییە و شایانی جایزە نییە. تکا دەکەم شەرەفی جایزەی ئاشتیی جانەوەران بپارێزن. ئیتر ڕێز و حورمەت.

گورگ - (لووراندی) و داوای نۆرەی کرد.

سەرۆک - ئاغای گورگ! قسەی خۆت بکە!

گورگ- ئاغای سەرۆک! ئێوە بەڕاستی زۆر مەند و لەسەرخۆن، هەر ئێوە دەتوانن گوێ لەو هەموو قسە پووچەڵانەی کەروێشک بگرن. ئەو قسانەی ئەو کردنی زۆربەیان وەڵامی خۆی بوون. کەروێشک ڕەخنە لە میترنیخ و بیسمارک دەگرێ کە بە کوشتار و خوێنڕشتن و جادووگەری ئاشتییان دامەزراندووە، وەکو دەبینین ئیعتیراف بەوە دەکا کە ئاشتییان دامەزراندووە. ئیتر هەقی چییە ئەو ئاشتییە لە چ ڕێگەیەکەوە دامەزراوە. جانەوەرانی پێشینان، گۆڕیان لە گۆشت و دوگ بێ، گوتوویانە (الغایة تبرر الوسائل). ئەو دەڵێ ئەو هەموو بۆمبایەیان بە ڤێتنام داداوە. ئاخر ئەو کارەیان بۆ پاراستنی ئاشتی کردووە.

ئەگەر وایان نەکردایە و ئەو هەموو بۆمبایە لە عەمبارەکاندا بمانایەتەوە هەردەم ئاشتی لە خەتەردا دەبوو. من لام وایە ئەگەر هەر تەنیا لەبەر ئەم کارەش بێ، دەبێ جایزەی ئاشتی بە کیسینجیر، نوێنەری دەوڵەتی ئاشتیخوازی ئەمەریکا بدرێ!

مەیموون - داوای قسەی کرد.

سەرۆک - فەرموو!

مەیموون- من بەناوی سکرتێری کۆمیتە داوا لە ئاغای سەرۆک دەکەم، وەبیر ئەندامە بەڕێزەکانی کۆمیتە بخاتەوە کە قاعیدە و قانوونی کۆمیتە لە بەرچاو بگرن. ئەو قسانەی ئاغای گورگ کردنی لەگەڵ ڕێوشوێنی کۆمیتە ڕێک ناکەون. ئەوانە نە دەلیل هێنانەوە بوون، نە رەتکردنەوەی دەلیل. دەتوانم بڵێم چەقەڵ فێڵ بوون.

چەقەڵ - (قووڕاندی) قسەم هەیە.

سەرۆک - بڵێ:

چەقەڵ - ڕەخنە لە ئاغای مەیموون دەگرم، سووکایەتیی بەمن کرد: من فێڵ ناکەم.

ڕێوی- (واقاندی) و داوای قسەی کرد.

سەرۆک - فەرموو، مام ڕێوی، قسە بکە!

ڕێوی - زۆر سوپاستان دەکەم ئاغای سەرۆک و گەورەمان. ڕۆژباش ئەندامانی بەڕێزی کۆمیتەی جانەوەران.

لێرەدا قسە زۆر کراوە، ماوەیەکی زۆریش گوێ ڕاگیرا. خۆم بەسەربەرز دەزانم کە ئەندامی کۆمیتەیەکی ئەوەندە دادپەروەر و لەسەرخۆ و مەند و ژیرم.

جێگەی شانازییە کە دیموکراسیی جانەوەران ئەوەندە فراوانە لاواز و دەستەڵاتداریە دەم پاراوی دووان، قسەکانی ئاغای گورگ زۆر بەنرخ بوون، وەبیرخستنەوەکەی ئاغای مەیموون بەجێ بوو، ئاغای چەقەڵ هەقی بوو ڕەخنە بگرێ، مەیموونیش بە ڕوحێکی دیموکراسییەوە ڕەخنەکەی قبووڵ کرد.

بەکورتی دیموکراسی لەوپەڕی بەرزیدا باڵی بەسەر کۆبوونەوەکەمان داکێشاوە. لەسەر بنچینەی ئەم دیموکراسییە تکا دەکەم لە ئاغای سەرۆک و هەموو ئەندامە بەڕێزەکان کە ئاوڕ لەم مەبەستە بدەنەوە. ئێرە کۆمیتەی جایزەی ئاشتیی جانەوەرانە. ئەوەی تا ئێستا گوترا و بیسترا هەمووی بەدەم و کاوێژی ئینسان بوو. ئێمە کارمان بە کاری ئینسان نییە. دەبێ بەشێوەی جانەوەران قسە بکرێ.

پێشنیاز دەکەم سەرلەنوێ کۆبوونەوەکە دەست بکاتەوە بە قسەکردن.

ئەوەی تا ئێستا گوترا و بیسترا بێ بایەخ بێ. هەرکەس نازانێ بەشێوەی جانەوەران بدوێ هەقی قسەی نەبێت و بێدەنگ بێ.

جانەوەرەکان- باشە، ڕامان لێیە.

مەیموون (سکرتێر)- قسەکەری ئەسڵی کەروێشک و گورگ بوون.

سەرۆک - کەروێشک! ئەگەر قسەت هەیە بیڵێ، بەڵام دەبێ بەدەم و کاوێژی جانەوەران بێ.

کەرویشک- بەڵێ ئاغای سەرۆک. شێری «تەکساس» ڕۆیشت و چووە لێڕەواری ڤێتنام، کلکی نا سەر نەڕەی پشتی، بە لێڕەوارەکەدا دەگەڕا، دەینەڕاند و دەیگرماند. کتوپڕ تووشی پشیلەیەک هات. زۆری بەلاوە سەیر بوو، زۆری لێ ورد بووەوە. پاشان لێی پرسی: تۆ بیچمت لە بیچمی ئێمە دەچێ، خزمی ئێمە نی؟

پشیلە - بەڵێ. نەک خزم، هەر لە تیرەی ئێوەم.

شێری تەکساس- چۆن نەتەوەی ئێمە، لێرە ئاوا وردن؟

پشیلە- نەخێر. من خەڵکی «مارسیلیام» وەکو تۆ زلە بووم، هاتمە ئێرە، لێرە ئاوا بچووکیان کردمەوە.

شێری تەکساس- کێ بچووکی کردیەوە؟

پشیلە- (چاوی گێڕا، کابرایەکی ڤێتنامیی دی)- گوتی: ئا ئەوە.

شێری تەکساس- (بە ڤێتنامیی گوت)- تۆ ئەم خزمەی منت ئاوا بچووک کردووەتەوە؟

ڤێتنامی- بەڵێ.

شێری تەکساس- بۆچی؟

ڤێتنامی- من لێرە لە ماڵی خۆم دانیشتووم، ئەو لەوپەڕی دنیاوە هات و منی ئازار دەدا. منیش بچووکم کردەوە.

شێری تەکساس- دەمەوێ شەڕت لەگەڵ بکەم و تۆڵەی ئەوت لێ بستێنم.

ڤێتنامی لە پێشدا تەڵەی بۆ شێری مارسیلیا نابووەوە، وردە وردە شێری تەکساسی برد تا گەیشتە دەوەنێک و بەتەڵەکەوە بوو، چوو سێ چوار تێڵای بڕی و هاتە وێزەی شێرەکە، دەستی کرد بە لێدانی. شێر ماوەیەکی زۆر ددانی بە جەرگی خۆیدا گرت. ئاخرەکەی ناچار ڕووی کردە پشیلەکە.

- تۆ کۆنە ئاشنای ئەو کابرایەی زمانی دەزانی، پێی بڵێ: ئەگەر وەک تۆ بچووک ببمەوە وازم لێ دێنێ؟ ئێستا ئاغای سەرۆک! ئەم شێری تەکساسە کە بچووک بووەتەوە شایانی ئەوەیە جایزەی ئاشتیی بدرێتێ؟

سەرۆک - (ڕووی کردە کۆمیتە) دەڵێن چی؟

ڕێوی - ئاغای سەرۆک! بەپێی ئەو دیموکراسییە بەرزە کە شێوە و ڕەوشتی جەنابتانە دەنگ وەرگرن.

سەرۆک - کۆمیتە دەنگ بدات.

سکرتێر- بەزۆربەی دەنگەکان جایزەی ئاشتیی نۆبل دەدرێ بە کیسینجیر!

گورگ- پیرۆز بێ!

ڕێوی- پیرۆز بێ!

کەروێشک- بەپێی ئەو دیموکراسییە، جایزەی ئاشتیی نۆبل، ڕەنگە ئاخرەکەی وەبەر نیکسونیش بکەوێ!