هەستکردن قەدەغەیە

از کتاب:
پێکەنینی گەدا
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 8 دقیقه  622 مشاهده

ئاغای دەوڵەتی ددانی دێشا. چووە لای ددانساز، دوای سێ چوار کەس نۆرەی هات. چووە ژوورەوە، لەسەر کورسییەکە دانیشت.

ددانساز: دەمت بکەوە.

دەوڵەتی دەمی کردەوە.

ددانساز (ماشەکەی لە ددانێکی دا): هەست بەئێش دەکەی؟

دەوڵەتی: نەخێر.

ددانساز ماشەکەی، یەک لە دوای یەک، لە هەموو ددانەکانی دا و ئەو پرسیارەی لێ کرد. دەوڵەتی هەموو جارێ وەڵامی دەداوە: نەخێر.

ددانساز: کەوایە ددانت نائێشێ.

دەوڵەتی: چۆن ددانم نائێشێ؟ ئەی بۆ هاتوومە ئێرە؟

ددانساز: دەستم لە هەموو ددانەکانت دا، هەر دەڵێی: نەخێر.

دەوڵەتی: تۆ پرسیارەکە خراپ دەکەی. دەڵێی «هەست بە ئێش دەکەی؟».

لێم بپرسە: دەئێشێ یان نا؟

ددانساز: جا فەرقیان چییە؟

دەوڵەتی: فەرقیان زۆرە. ددانم دەئێشێ، بەڵام هەست بەئێش ناکەم.

ددانساز- کە تازە لە ئەوروپا خوێندنی تەواو کردبوو و لە هێندێ کاری نهێنیی دەوڵەت شارەزا نەبوو- سەری سووڕما، بەڵام زیاتر وای خەیاڵ دەکرد کە ئەم کابرایە مێشکی تێک چووبێ. زۆر لەسەرخۆ گوتی:

- حەز دەکەم تێم بگەیەنی پرسیارەکەم بۆچی خراپە؟

دەوڵەتی: چونکە هەستکردن قەدەغەیە.

ددانساز (بە سەرسووڕماوییەکی زیاترەوە): هەستکردن قەدەغەیە؟

هەستکردنی ئینسان قەدەغە دەکرێ؟

دەوڵەتی: بەڵێ، قەدەغەیە. چۆن قەدەغە ناکرێ؟

ددانساز: ئەمە شتێکی سەیروسەمەرەیە. هەوەڵ جارە شتی وا دەبیسم. تۆ لەبەر قەدەغەکران وەڵام نادەیەوە؟

دەوڵەتی: بەڵێ.

ددانساز: کێ قەدەغەی کردووە؟

دەوڵەتی: وەزارەتخانە.

ددانساز: کام وەزارەتخانە؟

دەوڵەتی: وەزارەتی ژوورەوە.

ددانساز: شتی وام نەبیستووە.

دەوڵەتی: تۆ هەقتە نەتبیستبێ، خۆ تۆ کارمەندی ئەوێ نی.

ددانساز: یانێ کارمەندەکانی وەزارەتخانە هەقیان نییە هەست بکەن؟

دەوڵەتی: بەڵێ.

ددانساز: گوتوویانە هەست مەکە، ئیتر هەست ناکەی؟

دەوڵەتی: تەنیا گوتن نەبووە، تەداوی و دەرمانیشیان کردووم.

ددانساز: بۆچی هەستکردن نەخۆشییە تا دەرمان بکرێ؟

دەوڵەتی: بەڵێ.

ددانساز: ناتوانم لە قسەکانت تێ بگەم. زۆر ببوورە. خۆ تۆ لە تاوی ددان ئێشە شتی گێژکەری وەکو مۆرفین و بەنگ و شتی وات نەخواردووە؟

دەوڵەتی: نەوەڵا هیچم نەخواردووە و هۆشیشم زۆر لەسەر خۆمە.

ددانساز (لەبەر خۆیەوە قسەکانی دەوڵەتی دووپاتە دەکاتەوە: هەست ناکەم، هەستکردن قەدەغەیە. تەداوی کراوم هەست نەکەم): کێ دەڵێ هەستکردن نەخۆشییە؟ چۆنیان تەداوی کردووی؟

دەوڵەتی (دەترسێ. چاو بە هۆدەکەدا دەگێڕێ کەسی لێ نەبێ): ناتوانم پێت بڵێم. تۆ ددانم دەرمان کە. بۆچی ئەوەندە لەسەری دەڕۆی؟

ددانساز: قسەکانت زۆر سەیرن. زۆر حەز دەکەم تێ بگەم مەسەلەکە چییە.

من کابرایەکی ددانسازم. پێوەندیم بەهیچ لایەکەوە نییە. لێم دڵنیابە، تەواوی ددانەکانت بێ پارە بۆ چاک دەکەم، هەر ئەوەندە تێم بگەیەنە ئەمە چ مەسەلەیەکە؟

دەوڵەتی: من کارمەندم لە وەزارەتخانە. ماڵەکەم دوورە. هەموو ڕۆژێ بە ئوتوبووس دەچم بۆ کار و دەگەڕێمەوە. ڕۆژێک لە ئوتوبووسدا بووم، کتوپڕ سەرۆکی دایرەکەمان سەرکەوت، هاتە ناو ئوتوبووسەکە، هەستام و جێگەکەی خۆم دایە. گوتی:

- ترۆمبێلەکەم پەنجەل بووە. بەجێم هێشتووە شۆفێرەکە چاکی کاتەوە.

ویستی نەختێکیش قسە لەگەڵ من بکات. گوتی:

- ئێوە کارێکی باش دەکەن بە ئوتوبووس دێن و دەچن. لە ماڵەوە تا دەگەنە ئێزگەی ئوتوبووس. لە ئێزگەی ئوتوبووسیشەوە تا دەگەنە سەر کارەکەتان بە پێ دەڕۆن. ئەمە وەرزشێکی باشە، لەشتان ساغ دەبێ، هەست بە چوست و چالاکی دەکەن. هەموو ڕۆژێ ئەم هەموو خەڵکە جۆربەجۆرە دەبینن، گوێتان لە گەلێ قسە و باسی سەیر دەبێ. ئەمەش وەکو سەیران و ڕابواردن وایە.

گوتم: جەنابی سەرۆک! ڕاست دەفەرمووی. هەست بە گەلێ شت دەکەین، بەڵام سەیر نین، دڵسووتێنن.

گوتی: چۆن؟ وەک چی؟

گوتم: هەست بەوە دەکەم کە خەڵکێکی زۆر لە ئێزگەی ئوتوبووس ڕاوەستاون و چاوەڕوانن، وە زۆر درەنگ نۆرەم بەردەکەوێ. لەبەر ئەوە گەلێ ڕۆژ فریا ناکەوم نان و چای بەیانی بخۆم. بە سکی برسی دێمە دەرەوە و ڕادەکەم خۆم بگەیەنمە ئوتوبووس. بە هاوین کە بەقرچەقرچی خۆرەتاو، بە زستان بەباران و کڕێوە دێم و خۆم دەگەیەنمە ئێزگەی ئوتوبووس هەست بەوە دەکەم کە ئەو خەڵکە چاوەڕوانی ئوتوبووسن، لە گەرماندا ئارەق دەردەدەن یا لە سەرماندا هەڵدەلەرزن. دەترسن نەگەنە سەر کارەکەیان و بژێویی ئەو ڕۆژەیان دەست نەکەوێ. هەست بە پەرۆشی و پەژارەیەکی زۆر دەکەم کە هێندێ جار دەبینم ئافرەتێک منداڵێکی نەخۆشی بەباوەشەوەیە، پارەی نییە تاکسیی بۆ بگرێت و بیگەیەنێتە دوکتۆر. لەناو ئوتوبووسیشدا وای پاڵەپەستۆ دەدەن وەختە منداڵەکەی بخنکێ. هێندێ ڕۆژ کە پارەم لە بیر دەچێت و لە ئێزگەی ئوتوبووسەوە بەڕاکردن دەگەڕێمەوە ماڵەوە بۆ پارە، هەست بە دەردی هەزاران ئینسان دەکەم کە هەقدەستی ڕۆژانەیان ئەوەندە نییە بە ئوتوبووس بێن و بچن. بە گەرمای هاوین و سەرمای زستان ڕێگەیەکی دوور و درێژ بە پێ دەڕۆن، ماندوو و شەکەت تا ئێوارە کار دەکەن و هەر بەو جۆرەش دەگەڕێنەوە، هەست بە خەفەتێکی زۆر دەکەم کە دەبینم منداڵانی هەشت نۆ ساڵانە لە جیاتیی ئەوەی لە مەدرەسە بخوێنن، لە ئێزگەی ئوتوبووس بنێشت و جگەرە دەفرۆشن تا پارووە نانێکیان دەست کەوێ. ئێوە شوکور حاڵتان باشە بە ترومبێل دێن و دەچن، ئەم جۆرە شتانە نابینن و داخ ناچێتە دڵتان.

تمەس سەرۆکی دایرەکەمان ئەمانەی بۆ وەزیر نووسیبوو. نزیکەی مانگێک دوای ئەوە ڕۆژێک هەموومانی بانگ کرد و ئەمری وەزارەتی بۆ خوێندینەوە و زۆر بە درێژی قسەی بۆ کردین.

وەزیر نووسیبووی: لەبارەی هەستکردن، لە پسپۆڕی ئەمەریکایی ڕیچەرد هێڵمەزمان پرسی، دەڵێ: هەستکردن دوو جۆرە: هەستکردنی ئیجابی هەیە و هەستکردنی سەلبی. هەستکردنی ئیجابی وەکو هەستکردن بەگەورەیی و بلیمەتی و زاناییی سەردارخان. هەستکردن بەمە کە وڵات لە سایەی سەردارخانەوە تا چەند ساڵی تر دەبێتە یەکێ لە دەوڵەتە گەورەکانی دنیا، هەستکردن بەمە کە سەردارخان سایەی خوایە، هەست بەمە کە ڕێژیمی سەردارخان باشترین ڕێژێمە، هەست بەمە ئەوەی کە ئێستا هەیە شتێکی تەبیعییە و سەدان ساڵە هەر بووە (ليس في الأمكان أبدع مما كانعربی).

هەستکردنی سەلبی یا ( کاولکار) وەکو هەستکردنی ئەو کارمەندە وە هێندێ کەسی هەڵەشە کە هەستی سەلبییان لەوەش زۆر توندترە. ئەم هەستکردنە تازە پەیدا بووە، لەباری نەفسییەوە نەخۆشییە، نەخۆشییەکی وەکو پەتا و ئاهۆ وایە، زۆر زوو خەڵک دەیگرێتەوە. پێویستە بسپێرن کارمەندەکان وریای خۆیان بن تووشی ئەم نەخۆشییە نەیەن. ئەوانەش کە نەخۆش دەبن دەبێ بەتەنیا لە جێگەیەک ڕاگیرێن تا کەسی تر لێیان نەگرێتەوە، وە لەلای پسپۆڕەکان چارە بکرێن.

دەوڵەت بۆ ئەوەی یارمەتیی ئەو نەخۆشانە بدا و پارەیان نەچێ، ئەسپاردوویەتی لە پۆلیسخانە ڕایان گرن تا نۆرەیان دێ. کە نۆرەیان هات بیاننێرنە (کەلێن) تا لەوێ پسپۆڕەکانی ئەمەریکایی و ئیسرائیلی دەرمانیان بکەن.

ددانساز: تۆیان چۆن دەرمان کرد؟

دەوڵەتی: بردیانمە پۆلیسخانە، لەوێ سەرەتای دەرمانکردنیان ئامادە کرد، پاشان ناردمیانە (کەلێن) تەداوییان کردم.

ددانساز: چۆنیان تەداوی کردی؟

دەوڵەتی: دەرمانکردنەکە دوو جۆرە. جۆرێکیان ڕۆهەڵاتییە، بەشتی قەدیمیی وەکو داغکردن (اًخر الدواء الكيعربی). جۆرێکیشیان ڕۆئاوایی، بەتایبەتی ئەمەریکایییە، بە ئەسپابی کارەبا و شتی وا.

ددانساز: ئەی دەرمانتان نادەنێ؟

دەوڵەتی: دەرمانیش دەدەن، ماجوومێکی ڕەشە، لە جوێندان و تف لێکردن و تێهەڵدان دەیگرنەوە و دەیکەنە حەب. بەپێی قسەی پسپۆڕ هیی وا هەیە ڕۆژی دوو جار، هیی واش هەیە ڕۆژی سێ جار دەیدەنێ.

ددانساز: ئەو نەخۆشانە زوو چاک دەبنەوە؟

دەوڵەتی: ئەگەر نەخۆشییەکە تازە بێ، هەوەڵ جار بێ و سرک بێ، بە دوو سێ مانگ چاک دەبێتەوە. ئەگەر نەخۆشییەکە قورس بێ ماوەیەکی زۆری دەوێ. ئەم نەخۆشییە زیاتر نەخۆشیی زەحمەتکێشەکان و ڕۆشنبیرانە. ئەوان زۆر درەنگ چاک دەبنەوە. زۆریشیان بە دەم دەرمانکردنەکەوە دەمرن.

ددانساز: ئەو هەموو کارمەند و سوپایی و پۆلیسەیان تەداوی کردووە؟

دەوڵەتی: ئەوانیان فێری هەستی ئیجابی کردووە، نەخۆش نابن. ئەگەر نەخۆش بن بە حەبی قوڕقوشم تەداوییان دەکەن.

ددانساز: ئەی ئەو هەموو خەڵکە چۆنن؟

دەوڵەتی: سەدی هەشتایان نەخۆشن. دەوڵەت ئەوەی خەتەر بێت و بیناسێ تەداویی دەکا. ئەوانەی تریش هیچ.

ددانساز: باشە، وەکو دەڵێی مەئمووری دەوڵەت زۆربەیان لە هەستکردن کەوتوون. ئەو هەموو خەڵکە چۆنیان تەماشا دەکەن و بەچییان دەزانن؟

دەوڵەتی: بە مردوومان دەزانن.

ددانساز: تۆ لات وا نییە ئەو هەموو (نەخۆشە) ڕۆژێ لە ڕۆژان پەلاماری ئەو تاقمە (ساغە!) دەدەن؟

دەوڵەتی: گومانی تێدا نییە.

ددانساز (لۆکە لە دەرمان هەڵدەکێشێ، دەیئاخنێتە کەلێنی ددانی دەوڵەتی.

لەبەر خۆیەوە دەڵێ: بەهیوای ئەو ڕۆژە). سبەینێش وەرەوە.

دەوڵەتی (بە دەم دەرکەوتنەوە): هیچمان نەگوتووە، ها..!

ددانساز: دڵنیابە!