ئەی لە یاری بێ وەفا هەم ڕووی وەرگێڕایەوە

از کتاب:
دیوانی شاکەلی
اثر:
شاکلی (1905-1980)
 1 دقیقه  437 مشاهده
ئەی لە یاری بێ وەفا هەم ڕووی وەرگێڕایەوە
وەسڵی لێ تێکدام و دووری فیرقەتی هێنایەوە
هەم تەمی غەم بوو بە هەوری مەینەتی، ڕووی عەیشی گرت
سەیلی ئەشکی دیدەی خوێنباری من هەڵسایەوە
ئاگری عەشقت کە وەختێ پەڕیەوە خەرمانی دڵ
ئاوی لۆمەم زۆر بەسەریا کرد و هەر نەکوژایەوە
جاری سورتاوی دڵم تۆوی ئۆمێدم پێوە کرد
بەرقی ناری فیرقەتی تێ کەوت و هەم سووتایەوە
ئاگری غەم شتێکی مابوو هەتا بکوژێیەوە
بای فیراق لییدا ئەوا دووبارە هەڵگیرسایەوە
ڕووی برینانی دڵ و جەرگ و هەناوم توێژی بەست
تیری غەمزەی دولبەرم ئەمڕۆ خۆشی پێکایەوە
چونکە غالب تاقەتی باسی غەمی هیجری نەما
ئاخری توماری شەرحی فیرقەتی پێچایەوە