شێخ عەلائەددینی بیارە
لە شێخانی تەریقەتی نەقشی شێخ عەلائەددین کوڕی شێخ عومەر زیائەددین زاتێکە زۆر ڕووخۆش، بە تاعەت، بە خدمەت. بە ماڵ و بە بەدەن دائیما بۆ خدمەتی میللەت ئامادەیە. خانەقاکەی لە هەموو وەقتێکا بێسۆفی و موریدی غەریب نییە و میوانی تایبەتییش لە مەئمووران و لە پیاوی گەورە ڕووی تێ ئەکەن، هەرکەس موناسبی حاڵی خۆی خدمەتی ئەکرێت. ئەگەر کەسێ پرسیار بکا هەموو تەکیە و خانەقای کوردستان ئەم نان و شۆربایەی هەیە، بەتەنها بۆ شێخ عەلائەددین خراوەتە «گەنجینەی مەردان»ەوە؟ لەبەر چەند کردەوەی جوانیە کە لە ڕێگای ئینسانییەت و دیانەتا کردوویە و ئەیکا.
یەکەم: لە وەقتی گرانییەکەدا کە ماڵی لە مەریوان بوو، بەوە دڵی ئاوی نەدەخواردەوە هەرکەس بێتە خانەقا نان و شۆربای باتێ، بەڵکوو هەموو ڕۆژ زەلامی بە کۆڵەنانەوە ئەناردە سەر ڕێگاکان، دوور لە ئاوەدانی، لە ڕێگا ڕادەوەستا بۆ کەسێکی لێقەوماو کە لەبەر برسیەتی نەتوانێ بگاتە ئاوایی، یا بۆ دێیەکی تر بڕوا پەکیی کەوتبێ، کولێرە و نانی بدەی هێز پەیدا بکا بۆ ڕۆیشتن بۆ ئەو جێگای بۆی ئەچێ.
دووەم: بە واسیتەی ئەوە کە لە حەکیمیدا دەستی هەیە و ئەنواعی دەرمان و دەوای هەیە زیاتر لە مرید و سۆفی، نەخۆش و بریندار و دەردەدار و چاوئێشاو ڕوو ئەکەنە خانەقا. ئەمانە هەتا ئەڕۆن هەم خواردنیان ئەدەنێ وە هەم تەداوییان ئەکرێت.
سێیەم: خانەقا وەک جێگای عەبادەتە وەک زەمانی شێخ زیائەددین، بووە بە مەدرەسەی عیلمییەش. مودەڕڕیسی چاکی هەیە، دائیما دە پازدە موستەعید و سوختە و فەقیە لەوێدا تەحسیل ئەکەن حەتا ئیجازەی عیلمییەی تێدا وەرئەگیرێ، چونکە مودەڕڕیسەکەیان مەلا عەبدولکەریم عالمێکی فازیل و دانا و بە عولوومی عەسرییەش شارەزایە. ڕۆژێ چوومە سەیری تەدریس و تەقریری، سەیرم کرد میقداری دە موستەعید بەڕیز دانیشتوون، بە حەڵقە دەرسیان ئەخوێند، یا «بەیزاوی»اعلام بوو دەرسەکەیان یا «ئیبنوحەجەر»اعلام، لە خەیاڵم نەماوە. ئەو موستەعیددانە بە کەمالی تەربییە گوێیان لە تەقریر ڕاگرتبوو. ئەگەر یەکێکیان ئیشکاڵێکی بوایە مەلا جوابی ئەدایەوە. لەپاش دەرس لە خدمەت مەلا دانیشتم. وەزعی ئیدارە و ئیعاشەی مەلا و تەلەبەم پرسیار کرد، ئەویش بە شوکرانەی زۆرەوە بەیانی خدمەتی شێخ عەلائەددینی کرد، گوتی مەساریفی هەموو تەلەبە و مودەڕڕیس و ئیمام و موئەززین و خادیم لە تەرەف شێخەوە تەئمین کراوە، نوقسانیمان نییە.
وە غەیری ئەم سیفەتانەی ئەگەر شێخ کەسێ موراجەعەتی پێ بکا کە لای مەئمووران ڕجای بۆ بکا، میرزا و کاتبی هەیە دەست بەجێ موافیقی مەتڵووبی ئەو شەخسە ڕجانامە ئەنووسرێ ئیشی ڕاهی ئەکەن.
لەتیفە: ڕۆژێ مودەڕڕیس مەلا عەبدولکەریم عەرزی ئەکا ئەی شێخ ئەو کەسانەی دیاریت بە ناوی شێخیەتییەوە بۆ دێنن، حەرامە چۆن قوبووڵی ئەکەیت، بەڵکوو تۆ شێخێکی وا نەبیی کە ئەو عەقیدەی هەیە؟ فەرمووی بەناوی شێخیەتییەوە دیاری وەرناگرم، بەڵکە بەناوی حەکیمییەوە لێیان قوبووڵ ئەکەم.
زاهیرەن شێخ عومری گەیشتووەتە هەشتاد زیاتر. خوا بۆ خدمەتی موسوڵمانان عومری درێژکا.