شینگێڕی

بەبۆنەی بۆردمانکردنی شاری بانە لەلایەن باڵەفڕەکانی عێراق لە ١٥ی جۆزەردانی ١٣٦٣
از کتاب:
بارگەی یاران
اثر:
هیمن (1921-1986)
 2 دقیقه  1385 مشاهده
بانە وێرانە جگەر بریانە
لەش سڕە، دڵ پڕە، چاو گریانە
بەم بەهارە گوڵی وێ پەڕپەڕ بوون
وا بەدەردی خەزەڵی پایز چوون
جەرگی مێلاقە لە داخان ڕەش بوون
ئەشکی شللێرە وەرین و گەش بوون
پیر سولەیمان خەمی دیکە نابا
سیسە دار و دەوەنی ئاربابا
ئەوی شین ماوەتەوە شینگێڕە
هەر گەڵایەکی هەزاران دێڕە
مێک و میراژی بەهاوکاری یەک
چوونە سەر خەڵکی هەژاری بێ چەک
زۆر بەڕقتر لە قەراری جاران
بانە وێرانە، کرا بۆمباران
هەرچی خانوو بوو لە نزم و بەرزی
وەک دڵی عەسکەری بەعسی لەرزی
هەر بەزار خۆشە دەڵێن شەشسەد کەس
یا نەما، یانە بەحاڵ ماویە نەفەس
مێشکە پژاوە لەنێو خۆڵ و خاک
لەت و پەت بوو لەش و ئەندامی پاک
چۆڵەمە، دیزەڵە، ئەژنۆ دەرچوون
ماڵ نەما، یانە ڕما، یا، سەرچوون
دەس پەڕی، موورە شکا سینەش چاک
ژنی پاک ڕۆیی، بڕا پیاوی چاک
باش بزانە گەلی دوڕناسی ورد
ئەوەیە، هەر هەقی ئەفلەق بۆ کورد
ئەوی هاوسەنگەر و پشت و پاڵمە
دیاری دا دیاری بڕەی ناپاڵمە
شەڕفرۆش بەعسییە ئەی ئێرانی
شەڕفرۆش چی گەرەکە؟ وێرانی
چ نەهاوەند بێ چ بانە و دزفوول
بەعسی وێرانگەرە ئێستا مەسئوول
شەڕفرۆش مووشەک و بۆمبێ داوێ
شەڕفرۆش ڕاحەتی ئێمەی ناوێ
زگی ناسووتێ بەحاڵی ئێمە
دڵی کوردە لە ڕقی ئەو کێمە
تێدەگا خەڵکی مەگەر مێشکی ڕزیو
چ دەکا بەعسی بەکوردی ئەودیو
ئەم قەڵادزەی بەشەهید مەشهوورە
هەر بەناپاڵمی بەعس خاپوورە
گەوزی لەم شارە لە نێو خوێن و خوڕ
بەسەدان پیر و مناڵ کیژ و کوڕ
گوندەکانی هەموو لێ ڕووخاندن
ڕەزەکانی هەموو لێ سووتاندن
کانییەکانی بەسمیت داڕشتن
یانی سەرچاوەی ژیانی ناشتن
دای لە سێدارە ئەوی بیناسم
چەند هەزاری وەکو لەیلا قاسم
بەزەیی کوا لە دڵی بەردیدا
شومری ناگاتێ لە نامەردیدا
بەقسەی ئەو ئەوی خێرەسەر بێ
دەیکوژێ با کوڕی پێغەمبەر بێ