بەهار هەر دێ

از کتاب:
بارگەی یاران
اثر:
هیمن (1921-1986)
 2 دقیقه  2054 مشاهده
لە گیاندانا دەگوڕێنم بژی هەر کورد و کوردستان
بەگوللەی دژمنانی گەل دڵیشم بێتە ڕاوەستان
پشووی دواییم دەخوێنم بۆ گوڵ و گوڵزاری ئەم خاکە
لە سایەی ئەم گوڵ و گوڵزارەیە بوومە هەزار دەستان
دەزانن زامی دیلی چەند بەئێش و چەند بەئازارە!
دەبێ رابێین هەتا ئێمەش دەگەینە ڕێزی سەربەستان
خەتای خۆمانە تا ئێستا کە هەروا کۆیلە و دیلین
ئەوانەی شاد و ئازادن کەمێ زووتر لەخەو هەستان
نەتاندیوە کە ڕووباری خوڕێن بەردی دەقەڵشێنێ
وەهاش هەر زۆرداری دەسووتێنێ گڕی هەستان
لە مەیدانی شەڕانخێوی خەباتی قەڕنی بیستەمدا
سەرم سووڕما کە ئەسپی سووکەسواری کوردی بۆ وەستان
وەڵامی دامەوە پیرێکی ئازادەی جهاندیدە:
خەتای سواران نەبوو پێش سوارەکانمان قورس و ناوەستان
هومێدێ بەرمەدەن ڕێگەی خەبات بگرن بڕۆنە پێش
تەماشای خەڵکی تێکۆشەر بەدیکتاتۆری چۆن وەستان
هەتا کەنگێ سیاچاڵی بەسامی دژمنی زاڵم
پڕاوپڕ بێ لە ڕۆڵەی گەل جمەی بێ وا لە دەس بەستان؟
هەتا کەی ئەشکی خوێنینی کچە کوردی برا کوژراو
لە جێی بادە و لە بەزمی دژمنان بدرێتە دەس مەستان
مەترسن ڕۆڵەکانی قارەمانی گەل لە گیانبازی
لە کۆڕی ئەم خەباتە بێ وچانە تاقە یەک کەستان
سەهۆڵبەندانی بێدادی ئەگەرچی تووش و دژوارە
بەڵام لێم سوورە وەک ڕۆژێ بەهار هەر دێ لەدووی زستان
بەخەڵکی عالەمی سەلماندووە تاریخی ئازادی
دەبێ زاڵم لەبەر تێکۆشەران بەرداتەوە دەستان