جوانترین دیمەن

از کتاب:
هەواری خاڵی
اثر:
هیمن (1921-1986)
 5 دقیقه  1763 مشاهده

نەدی و بدی نیم، وەک کارگ بە شریخەی هەوری بەهار هەڵنەتۆقاوم، ئەگەر هەڵۆی بەرزەفڕ نەبم بازی چاو دووراویش نیم، ئەگەر شێری خەوتوو نەبم خۆ ڕێوی گەڕیدەم.

نازپەروەردە و هەتاو نەدیو نیم، جەفاکێش و جیهان دیدەم. گەرمێن و کوێستانم لێک داوە، هەوراز و نشێوم بڕیوە، دەشت و بێروونم پێواوە، بە ڕکە و ڕژد و تەرت و تەلانی ئەستەمدا سەرکەوتووم، بە خڕ و شیو و دۆڵاندا تێپەڕیوم، لە گەوە و کوێرەڕێ و لاپاڵان هاڵاوم.

لە کێوی سەرکەش و شاخی هەڵەمووت و هەزار بە هەزار ئارەقی ماندوویی و شەکەتیم ئەستڕیوە. لە زێی خوڕ و چۆمی مەندم داوە. لە دەروو و گەرو و گایان ئاوابووم.

لە بناری کێوێکی بەرز و ڕەقەن و سەخت و قووچ لە دایک بووم، بە ژەکی شێرە ژنێکی کورد ڕۆژووم کراوەتەوە و فرچکم گرتووە، لەسەر بێژینگ لە فێڵی ئاڵ و شەوە پارێزراوم، گوێزەبانەم بۆ کراوە و لە لانک نراوم، سەر سینگم پێ دادراوە و بە دەسرازە پێچراوم، لایە لایەی کوردیم بۆ کراوە و گوڵزاری موت و مووروو و کووژەکە و گوێ ماسیلەم بۆ هەڵاوەسراوە، دارە دارەم کردووە، بە ڕەوڕەوە پێم گرتووە.

بە شیر و ماست و توێ شیر و پەنیر و مەیلە و لۆرک و شیرێژ و ڕۆن بەخێو کراوم، ئاوی سارد و زوڵاڵ و ڕوون و بێ خەوشی کانیاوم خواردۆتەوە.

ژیوەڵە و پەڕەوازە بووم، لەنێو باخ و باخچە ئاڵووباڵوو، گێلاس، شێلانە، هەرمێ، سێو، ترێ، بادام و سنجووم ڕنیوە، لە بێستان، هاروێ، ترێزوو، کالیار، شووتی، کاڵەک، گڕکە و فاتە بۆرم خواردووە.

لە دارە گوێزان جۆلانەم هەڵاوەسیوە، بە سپی چناری بەرز و لووس هەڵچووم، شەوی مانگەشەو قەرەقەرێ و خۆشاردنێکی و هەیجۆیەنم کردووە.

بە ڕۆژ هەلووکێن، تۆپە ڕاکردنێ و هەمزەلم کردووە، گەورەتر بووم فێری مێشێن و جگێن و ئەسکەملە بووم. بە جورابێن و کاڵەمستێن و فەنەی بێدەنگ و گەڕەلاوژە شەوانی درێژی ساردی زستانم گەیاندۆتە ڕۆژ، مژ و تەم، هەور و هەڵا و کڕێوە و باران و بەفری سپی و خاوێنی یەک نوام دیوە.

گەییومە تەمەنی مێرمنداڵی فێری سواری و ڕاو بووم، ڕمبازی و شەڕانخێوی و تەراتم کردووە تەقڵەم داکوتاوە، جلیتم هاوێشتووە و پێدادراوە.

دەستم بە جڵەو جەمام بووە، بەڵام ئەسپم لەسەر گوڵی مافوورە گێڕاوەتەوە، شوێنم گێڕاوە، شینکەی مات و مەلوولم لە خوزە و گەرمەلانێ دەرپەڕاندووە و تاژیی چێ و خێرام تێ بەرداوە.

سیاسووتی بەهارێ، کۆلکەڕەش و مێڕۆژان چوومە ڕاوە کەو و داوم چەقاندووە و تفەنگم تەقاندووە. لە نێوەوە چووم و سەرەڕای ئەو وەرزیش و یارییانەی لادێییانە خەریکی کار و کاسبی بووم، ئاوم داشتووە، کەشاوم کێڵاوە، مەڵەغانم گێڕاوە، گێرەم لێخوڕیوە، خۆیانم هەڵداوەتەوە و لەبەر شنەی زریانی فێنک شەنم کردووە، مالووسکم زرینگاندۆتەوە، باڵەکەوم کردووە و خەرمانم هەڵگرتووە.

ئاژەڵداریم کردووە، لە تەڕ و قوڕی بەهارێدا لەکاتی «بخۆ و بلەرزە»دا چوومە هەواری زەنوێر و سازگار و چادر و ڕەشماڵم لەسەر کانی سارد و زوڵاڵ هەڵداوە، لەبن چادر دانیشتووم و خوناوەی بارانی نەرمم دیوە، مەڕم لەبێر داوە و لابێرم گرتووە و زۆر جاریش خۆم لەسەر بەردەبێر دانیشتووم و مەڕم بۆ شەنگەبێرییان گرتووە، هاوێرم کردووە و زاوەماکم لێخوڕیوە، مەڕی نەبانم گرتووە و بەرخی مێچکەم مێژاندووە.

پاڵێنان مەڕم لە بەندەنی فێنک هەڵکردووە، مەڕم لەوەڕاندووە و بەرخم چەلاندووە و لەبەر خۆمەوە بەیت و لاوک و حەیرانم گوتووە، لە نواڵەی بژوێن و زەمەند، مەڕم شیوەخوار داوە و لە حەوشەی گەرم و بانەگردا ڕام گرتووە و دەزبێنم گرتووە و سەگم لە ورگی دز و چنۆک و دڕندە بەرداوە و گیانی ئاژەڵی ترسەنۆکی بێئازاری فەقیرم پاراستووە.

شەوێنان بە بزووتنی مەڕی دەسبێنی ڕاپەڕیوم و بە وریایی چ تاریکەشەو بووبێ و چ مانگەشەو تا مەڕ تێری خواردووە و کەوتۆتەوە بە دوایدا ڕۆیوم و پاش سەرخەوێکی خۆش وەک شوانێکی باش پێش گزنگی هەتاو مەڕم لەبەر ڕۆژێکی کاتۆر هەڵکردووە و چێشتاوێ لە دەراوێکی خاوێن چێشتانگاوم داوە و هەڵمکردۆتە بەر ڕۆژێکی باگر بۆ نووستن و سانەوە و خۆشم لەبەر سێبەری گابەردێک سەرخەوێکم شکاندووە. پاش ئەوەی مێگەلەکەم ساوەتەوە بەرەو تاوڵ نێری کێشم کردووە.

ئەوە ژیانی من بوو لە کوردەواری. بە ڕواڵەت ژیانێکی ساکار و خۆش بوو بەڵام وەک پەزەکانم قەت ترسی گورگم لە زگ دەرنەدەچوو، چونکە جاروبار گورگەمێشەکانی خۆماڵی، گورگە برسییەکانی بەرتیلخۆر، بەدفەڕ، پیاوکوژی سەردەمی تاغووتیان تێ بەردەدام و ئەوی خواردبووم لەبن ددانیان دەردێنام. ئاخری دەریان پەڕاندم و هێلانەیان لێ شێواندم، پەنام بردە بەر ئەوانەی کە گیانیان لەسەر بەری دەس دانابوو، لەوێش نەسامەوە زۆرم ناپاڵم و ڕاکێت بەسەر سەریدا باری، زۆرم خانووی ڕووخاو و گوندی سووتاو دین. گەلێکم تەرمی شەڵاڵی خوێنی شەهیدان دیت و کڕووزەی هەتیوی بێ دایک و باب و شینی دایکی ڕۆڵە کوژراو و هەناسەی هەژاری لێقەوماو بیست، گرمەی تۆپ دایانچڵەکاندم، ویزەی گوللە لە پەسیوانی خزاندم.

لەو ماوەدا وەک حەریق دەڵێ: «گوند و شاری کوردستانی ئەودیو نەبوو نەیگەڕێم جا نازانم سەرم بە هەموو ماڵێکدا کردووە یا نا» لە سوونێڕا تا قەڵادزێ ڕاپەڕیوم و تێهەڵبوومەوە بۆ بەرزایییەکانی پشت هێرۆ و داگەڕاومەوە بۆ لای ماوەت و شینکایەتی. لە سەرچاوەی زەڵم ئاوم خواردۆتەوە... (وا دیارە ئەم وتارە ناتەواوە).