وەڵامێکی دۆستانە

از کتاب:
هەواری خاڵی
اثر:
هیمن (1921-1986)
 10 دقیقه  1081 مشاهده

دۆستێکی زانا و ورد و خۆشەویستم کارتێکی بۆ ناردووم و نووسیویەتی:

«ئەم غەزەلە جوانەی بەم شێعرە تەڕ و ناسکە دەس پێدەکا ئی کام شاعیری کوردە؟

هێندە بێزاری کە زانیومە بە زاری نایەوە
دوور لە باڵاکەت سەرینی ناهومێدیم نایەوە

من هێندە بە هۆش و گۆش نیم هەر شێعرێکی لێم بپرسنەوە بزانم ئی کێیە؟ بەڵام بە هەڵکەوت خاوەنی ئەم شێعرە دەناسم و تەنانەت دەزانم بە چ بۆنەیەکەوە گوتراوە.

چونکە ڕەنگبێ زۆر کەسی تریش بن نەزانن ئی کێیە؟ بەم وتارە جوابی دۆستەکەم داوە تا هەم ئەو وەڵامی خۆی پێ بگا و هەم خوێنەرانیش کەڵکی لێ وەربگرن.

ئەم غەزەلە بە هەڵە لە دیوانی نالیدا چاپ کراوە، بەڵام ئی ئەم شاعیرە بەرز و ناسک خەیاڵ و نەمرە نییە. بەڵکوو ئی شاعیری ڕەنجەڕۆ و چارەڕەش مەلا ساڵحی حەریقە.

دیارە شاعیری سەر بە نەتەوە بێبەش و زۆرلێکراوەکان بەختەوەر و کامڕەوا نابن. هیچ شاعیرێکی کورد ناناسین ژیانێکی خۆش و باشی ڕابواردبێ. بەڵام لە هەمووان چارەڕەشتر، لێقەوماوتر و هەژارتر حەریق بووە. ئەم شاعیرە مەزنە کە ئەگەر دیوانەکەی بە ڕێکوپێکی کۆ کرابایەوە دەمانزانی یەکێک لە شاعیرە هەرە باشەکانی کوردە، ژیانێکی زۆر تاڵ و تفت و پڕ لە کوێرەوەری ڕابواردووە، لە تەواوی ژیانیدا ئاهی خۆشی لە دڵی نەگەڕاوە. لە ساڵەکانی دواییی تەمەنیدا کوێر و کۆڵەوار و گردەنشین بووە و کەمبەختی پاش مردنیش یەخەی بەرنەداوە و بە نەناسراوی ماوەتەوە. بەشی زۆری شێعرەکانی فەوتاون و ئەگەر نەفەوتابن هیچ نەبێ چاپ نەکراون، ئەوی چاپیش کراون ئاداریان بەسەر پادارەوە نییە.

چەند ساڵ لەوەی پێش لاوێکی بە زەوق و شێعردۆست و زانا بەشی زۆری شێعرەکانی حەریقی کۆکردبۆوە، دەتوانم بڵێم ڕێکوپێک بوون و یەکێک لە شاگردەکانی هەرە زانای حەریقیش کە هێشتا مابوو یارمەتی دابوو منیش تەماشام کرد و لێی ڕازی بووم و حەریقیشم ناسی و پێم وابوو، باشترین شاگردی نالییە وەک بزانم نەیتوانی چاپی بکا، بەڵکوو لەنێویش چووە. حەریق نەک هەر باشترین شاگردی نالی بووە، بەڵکوو قوتابخانەی نالی بردۆتە موکریان و شاگردی باشی لەو مەڵبەندەی کوردستان پێ گەیاندوون، ئەدەب، سەید ڕەشید، عەلی بەگی حەیدەری و سەیفی قازی کە خۆی خاوەنی قوتابخانەیەکی شێعرییە، هەموو شاگردی حەریق بوون. دەڵێن مشت نموونەی خەروارە ئەوە لە خوارەوە چەن شێعری بە نموونە دێنمەوە. جا دەچمەوە سەر باسەکەی خۆم:

چاوەکەم! دوێنێ لە گوڵشەن گوڵ بە عیشوە خۆی نواند
نەک نمەکگیر بم، بە مەرگی تۆ قەسەم هەر نەمدواند

یا:

ستوونی قامەتی ڕاگرتووە بۆ خێوەتی دینم
خودا بۆ توولی عومری، ئەو تەناف و دارە نەپسێنی

یا:

بەڵەک بوو کێو و سەحرا وەک دەڵەک خۆی دزیەوە زستان
زەیستان چۆن بەری خست ئیتفاقەن هێزی پێی نابێ

حەریق هەر لە هەڕەتی لاوەتی و فەقییایەتیدا سۆزی سۆفیگەری لە دڵدا هەبووە، کاتێ شاکارە بێوێنەکەی نالی بڵاو بۆتەوە کە دەڵێ:

عیشقت کە مەجازی بێ خواهیش مەکە ئیللا کچ
شیرین کچ و لەیلا کچ، سەلما کچ و عەزرا کچ
فەرقی کچ و کوڕ ڕەوشەن، وەک فەرقی مەهـ و میهرە
ئەم فەرقی شەو و ڕۆژە وەک فەرقە لە کوڕ تا کچ
مەهـ مەهـ لە مەهی سادە یەعنی لە قەمەر لادە
هەم شەمس و سووڕەییا کچ، هەم زوهرەیی زەهرا کچ
بیبینە گوڵی ژاڵە، هەم بێ بەرە هەم تاڵە
قەد سەروو و سنەوبەر کوڕ، چاو نێرگسی شەهلا کچ
کوڕ وەک گوڵی گوڵزارە، ئەمما سەمەری خارە
وەک هەنگی چزوودارە هەنگوێنی موسەففا کچ
کچ پەرچەمی چین چینە دوو مەمکی لەسەر سینە
وەک شانەیی هەنگوینە بۆ لەززەتی دونیا کچ
جەز لی سەمەر و سایە، بۆ سەولەتی ئەعدا کوڕ
نەخلی سەمەری مایە بۆ دەوڵەتی دونیا کچ
کوڕ زیبی دەبستانە کچ شەمعی شەبستانە
بۆ بەزمی تەماشا کوڕ بۆ خەڵوەتی تەنها کچ
موو سەنبوولی ئاشوفتە دوڕ دانەیی نا سوفتە
دەم خونچەیی نەشکوفتە تێ فکرە کوڕە یا کچ
کوڕ ئاینەیی حوسنی تا وەک کچە مەنزوورە
گرتی کە غوباری موو چینی کوڕ و مینا کچ
کوڕ تازە و تەڕ مادام سادە، وەکوو خوشکی بێ
ئەمما کە ڕوا سەبزە دیبا کوڕ و زیبا کچ
بۆ شەربەت و شیرینی فینجانە لەسەر سینی
مەم توحفەیی توففاحی شەم عەنبەری بۆیا کچ
هەم گوڵبونی بێ خارە هەم مەزرەعی ئەزهارە
هەم مەخزەنی ئەسرارە ئەسبابی موهەییا کچ
جەننەت پری ویلدانە خادیم هەموو غیلمانە
خانم کە تیان، حۆرین یەکسەر هەموو حەسنا کچ
گەر ئەشرەفی مەحبووبە یووسف کوڕی یەعقووبە
کچ بوو بەخریداری یەعنی کە زولەیخا کچ
سەددیقی عەزیز هەروەک یووسف کە نەبی بوو کوڕ
سەددیقەیی مەعسوومە وەک دایکی مەسیحا کچ
بابێکی هەیە دونیا بۆ عشقی مەجازی و بەس
«نالی» چییە؟ ئەو بابە ئادەم کوڕ و حەووا کچ

فەقێ ساڵحی لاو جوابی داوەتەوە جوابێکی وشکە سۆفییانە کە تەنیا ڕەبەنێکی دێرنشین دەتوانێ جوابە جەنگی ئەم شێعرەی نالی بکا کە لەسەر بناخەیەکی زانستیی ڕەوانشناسی داندراوە و فەلسەفەیەکی قووڵی تێدا گونجاوە. جگە لە هونەر و سەنعەتی شێعریەکەی کە گەیاندوویەتە ئەوپەڕی.

من جوابی فەقێ ساڵح بە درۆ و فریو نازانم. بەڵکە بە ناشیانە و لاوانەی تێدەگەم. مرۆڤ لە سەردەمی لاوەتی و بێئەزموونیدا زۆر پابەندی بیروبڕوای خۆیەتی با بیروبڕواکەشی دەگەڵ ئەقڵ و زانست و فەلسەفە زۆر یەک نەگرنەوە. وا دیارە حەریق لەکاتی جوابە جەنگی نالیدا زۆر لاو و بێئەزموون بووە و بەتەواوی بڕوای بەم قسانە هەبووە کە کردوونی. بەڵام گوتوویانە، شانامە ئاخرەکەی خۆشە. ئەو فەقێ ساڵحە بە گژ مامۆستایەکی زانا و خاوەن ئەزموونی وەک نالیدا هاتۆتەوە و گوتوویەتی:

عیشقت کە حەقیقی بێ، تالیب مەبە ئیللا کوڕ
هەم حەزرەتی لەولا کوڕ هەم یووسفی ئەولا کوڕ
عشیقێ کە بەقووەت بێ، مایل بە مورووەت بێ
نەمدیوە کە تالیب بێ، ئیللا کە تەلەب کا کوڕ
سەد حەیفە کە تۆ نالی بەم پیرییە منداڵی
«بەم تەرزە لە عیشق ئەدوێی زیبا کچ و دیبا کوڕ»

بەم بیروبڕوای وشکە سۆفییانەوە خوێندنی تەواو کردووە و چۆتە خانەقای شێخی بورهان و بۆتە سالیک. سالیک لە خانەقا بەو کەسانەیان دەگوت کە بۆ هەمیشە لە خانەقا دادەنیشتن و خەریکی تاعەت و سلووک کێشان بوون و دەستیان لە دنیا هەڵدەگرت و ژنیان نەدەهێنا و بە ڕەبەنی دەمانەوە. تەنانەت ئی وا هەبوون کە دەستیان لە ژن و ماڵ و کەسوکاری خۆیان هەڵدەگرت و بۆ هەمیشە یا بۆ ماوەیەکی درێژ لە خانەقا دەمانەوە.

بۆ کەسێکی وەک حەریق کە تەبیعیترین هەستی ئیسنانی بە عەیب داناوە و خۆشەویستی کچی بۆ پیاوێکی وەک نالی بە کاری منداڵانە ئەژماردووە جێگەی لەوەی باشتر کە قەت چاوی بە چاوی کچ نەکەوێ، باشتر چۆن وەگیرکەوتووە؟ حەریق لە خانەقا ماوەتەوە، لەکن شێخ ماقووڵ بووە، خەڵک ڕێزی لێ گرتووە، تا بۆتە مامۆستای تایبەتی کوڕە شێخەکان. بەڵام هەوەسی پیاوانە و تەبعی شاعیرانەی حەریق ئۆقرەی لێ بڕیوە، نەیتوانیوە وەک سەید ڕەشید، مام وسێن، مەلا حوسێن، مام جەعفەر، یار مەمەد، کاکی شفەڵی و مەحموود دۆشاو و دەیانی تر تا مردن بە ڕەبەنی بژی و بێ ژن و هاوسەر هەڵکا. بە دزیی شێخ ژنی هێناوە و ماڵی پێکەوە ناوە. دووزمان لە هەموو دەور و زەماناندا هەن. ئەم خەبەرە بە گوێی شێخ گەیشتووە و حەریقی لە خانەقا دەرکردووە.

سەرەتای چارەڕەشی حەریق بەتایبەتی لەباری مادییەوە لێرەوە دەس پێدەکا، لەسەر کچ تووشی کوێرەوەری و دەربەدەری هاتووە، عیشقی مەجازی ئەگەر بۆ هیچکەس موجازاتی نەبووبێ، بۆ ئەو هەیبووە. لە زمانی خۆی دەگێڕنەوە کە: «بۆ پەیدا کردنی پاروە نانێک هەموو شار و گوندەکانی کوردستان گەڕاوم جا نازانم سەرم بە هەموو ماڵێکدا کردووە یا نا؟».

پاش ماوەیەک دەربەدەری، پێشنوێژی مزگەوتی حاجی حەسەنییان، کە ئەو دەمی لە قەراغ شاری سابڵاخ و مزگەوتی هەژاران بووە داوەتێ. مزگەوتی نێوبراو چ مەلای زانای پێ ڕازی نەبوون. ئێستاش هەر کۆڵکە مەلایەکی پێشنوێژی کوێرە دێیەکی بدەنێ، پێشنوێژی ئەم مزگەوتە ناکا.

سەرەڕای ئەم هەموو سووکایەتی پێکردنە حەریق هەر سۆفی بووە و عەقیدەی بە شێخی بورهان هەر ماوە و نەگۆڕاوە. بۆیە ئەم غەزەلەی داناوە و بۆ سەید ڕەشیدی دۆستی گیانی بە گیانی و شاگردی خۆی و دەمڕاستی شێخی ناردووە. سەید ڕەشیدیش لە هەلێکی لەباردا بۆ شێخی خوێندۆتەوە، شێخ بەزەیی بە حەریقدا هاتووە و بەخشیویەتی. بەڵام هەرگیز جێی خۆی نەگرتۆتەوە. ئەوەش غەزەلەکەیە:

هێندە بێزاری کە زانیومە بە زاری نایەوە
دوور لە باڵاکەت سەرینی ناهومێدیم نایەوە
بۆ پیاڵەی مەیلی لەیلی قەلبی مەجنوون قابیلە
شۆڕشی شیرین لە ناڵەی کۆهکەن فامایەوە
بولبولێکی خۆش نەوا بووم، بۆ نەوای دەوری گوڵت
کێ وەکوو هودهود حیکایاتی سەبای گێڕایەوە؟
بۆ کەناری سەوزەیی دەوری گوڵی ڕووت شین دەکەم
خاکی کۆی عیشقم بە بێژنگی سەرم بێژایەوە
کەوتە نێو خەرمانی عومرم ئاگری توولی ئەمەل
سەد کەڕەت بارانی وەعزی لێدرا نەکوژایەوە
تیری موژگان، شیری ئەبرۆ، تاق و جووت دەنوێنێ پێم
تا بزانم ڕووحی شیرینەت چلۆن کێشایەوە
جێی نەزەر بوو حاشیەی زولفت لەسەر ئایەتی ڕووت
زۆر موتاڵام کرد، وەکوو دەور و تەسەلسول مایەوە
تاقی میحرابی برۆت جێی نازە بۆ ئەهلی نیاز
سۆفی پێی وابوو کەچە، هێند کەر بوو خۆی گێڕایەوە
شەمعی خووبان پرتەوێکی شەمسی ڕووی تۆی لێکەوت
هێند حەیا و شەرمی بە خۆیا هات بە جارێ توایەوە
گوڵبژێرێکی زەریفم کرد لەنێو باخی خەیاڵ
خۆزگە مەردێکی «ڕەشید» بۆ شێخی بخوێندایەوە

هیوادارم دۆستەکەم لێی ڕوون بێتەوە ئەم شێعرە ئی حەریقە و بەهەڵە ئاوەکی نێو دیوانی نالی بووە. دیارە بۆ کەسێکی زۆر شارەزای شێعری نالی نەبێ هەڵەکە زۆر زەق نایەتە بەرچاو چونکە وەک گوتم حەریق شاگردێکی زۆر باشی قوتابخانەی نالی بووە. بەڵام بەداخەوە دەبێ بڵێم غەڵەتێکی زۆر گەورە و دزێو لە ئاخر شێعری غەزەلەکەدا کراوە:

«ئەکل و شوربێکی زەریفم کرد لەنێو باخی خەیاڵ» بەڕاستی دەبێ پیاو چەن بێزەوق بێ تا تووشی هەڵەی وابێ، ئەرێ ئەکل و شوربی نێو باخی خەیاڵ دەبێ چ تامێکی هەبێ.

 

١ - من کچی حەریقم دیبوو کە پیرێژنێکی گۆج و ئیفلیج بوو. لە دیوی ژنانی خانەقا دەژیا و هەموو بەتایبەتی شێخ موحەممەدی کوڕی شێخ و سەید ڕەشید زۆریان ڕێز لێ دەگرت و پێیان دەگوت دێدە.

٢ - جارێک حەریق هەجووی یەکێک لە کوڕەکانی شێخ عوسمانی تەوێڵەی کردووە، ئاغایەک بە ناوی «اعظام الملکفارسی» لەسەر ئەوە ڕیشی تاشیوە. حەریق شکایەتی بردۆتە کن قازی عەلی مەلای وڵات، بە ڕابەری قازی خەریک بوون ئاغاکەی تەمێ بکەن. لەو کاتەدا کوڕە کوردێک لە قەباغکەندی کچە ئەرمەنێکی هەڵگرتووە کە باوکی پیاوی ڕووسی تەزاری بووە. ئەم کارە پچووکە زۆر گەورە بۆتەوە و خەریک بووە شەڕی عوسمانی و ڕووس و دەوڵەتە مەسیحییەکانی لێ پەیدا ببێ. ساڵێ کچی کابرایەک لە حەریق دەپرسێ: ئەرێ مەسەلەی ڕیشەکەت چی لێ بەسەرهات؟ حەریق دەڵێ: بابەلێ ڕیشی من لە هینەکەی کچە ئەرمەنیدا ون بوو.