زۆرزانیش بەهەڵە دەچێ

از کتاب:
هەواری خاڵی
اثر:
هیمن (1921-1986)
 10 دقیقه  1738 مشاهده

وتارەکەی مامۆستای مەزن و زانای کورد تۆفیق وەهبیشخص بەڕێزم لە گۆواری پەروەردە و زانستدا وەبەرچاو کەوت و سەرنجی ڕاکێشام. پاش یەک دوو جار خوێندنەوە و چەند جار پێداچوونەوە هەر چۆنێک بوو شتێکم لێ هەڵکڕاند.

خودا مامۆستای گەورەمان ڕاوەستاو و پایە بەرزتر بکا. خۆی ڕێچکەی بۆ شکاندووین و فێری کردووین ڕەخنە بگرین و لە هەڵەی زمان نەبوورین. کە وا بوو ئەگەر کوردێکی ساکاریش ڕەخنەی لە مامۆستایەکی زۆرزان گرت؛ نە بەردی بە کابە داداوە، نە کوفری چوار ئیمامانی کردووە و نە دەبێ سەنگەسار بکرێ. چونکە جاری وایە زۆرزانیش بەهەڵە دەچێ.

پاش شێو و وەرد دانەوەی پوخت و وردی وتارەکەی مامۆستا هاتمە سەر ئەم بڕوایە کە ماشاڵڵا هەزار ماشاڵڵا مامۆستا لەو دووروڵاتە وا لە «زانسستی» خۆیدا سووتاوە و هەڵچزاوە و ئەوەندە توند لەبەر ڕاچووە کە بێ ئەوەی خۆی هەست بکا وەک هەموو ئینسانێک تووشی هەڵە دەبێ، دیارە هەڵەی پیاوی وا بەناوبانگ و جێ گەورەش وەک هەڵەی ئێمەمانان نییە و زیانی گەورە دەگەیەنێ.

لا حیاء فی الدین، پەرژینێکی قایم بێ، وتارەکەی مامۆستام زۆر شپڕزە و شپڕێو هاتە بەرچاو، ڕەنگە دەریای بێبەستێنی زانستی مامۆستا وا شەپۆڵان بدا کە ئەدەبی تێدا نوقم بووبێ و مامۆستا هێندە زمانی بێگانە فێر بووبێ کە کوردییە ساکارەکەی خۆمانی لەبیر نەمابێ. یا ئەوەیان پتر وێدەچێ، زمانی زانا و زمانەوانان لەگەڵ هی بۆرە پیاو و کەڕە کرمانجان فەرق و جیاوازییەکی زۆری هەبێ.

من وام لێک دابۆوە کە مامۆستا لە کاتی نووسینی ئەم وتارەدا بە فارسی بیر کردۆتەوە و بە کوردی نووسیویەتی. چونکە شێوەی داڕشتنی ڕستەکانی زیاتر وەک فارسی دەچن تا کوردی. بەڵام کوردێکی ئینگلیزیزانی خوێندەوار دەیگوت نا مامۆستا بە ئینگلیزی بیر دەکاتەوە و بە کوردی دەنووسێ.

جا هەر چۆنێک بێ قسەی من بێ یا هی ئەو مامۆستا بە فارسی بیر بکاتەوە یا بە ئینگلیزی ئەم ڕاستییە ناگۆڕێ کە ڕستەکانی وتارە بەنرخەکەی مامۆستا زۆربەیان کوردانە دانەڕێژراون و تامی کوردی نادەن دەڵێن نا، فەرموون یەز دوورە گەز نیزیکە ئەم عیبارەتە سەرلەنوێ بخوێننەوە و حوکمی لەسەر بدەن. «لەبەر ئەوە دان نەنان بەهەڵەی زمانیدا پاش ئەوە پێ زانرا گوناهێکە لێ نەبووردنی». جارێ با کارمان بەوە نەدابێ ڕستەکە مەبەست بە دەستەوە نادا و «دان نەنان» مانای ئیعتراف نەکردن و پێ لێ نەنانە، نەک چاو لێ پۆشین و خۆ گێل کردن کە وادیارە مەبەستی مامۆستا بووە. من دەڵێم ڕستەکە کوردانە دانەڕێژراوە و چاکی سەر نەگیراوە. «گوناهێکە لێ نەبووردنی» وشەکانی هەموو کوردین، بەڵام هەر کەس کەمێک فارسی بزانێ تێ دەگا مامۆستا «گناهیست نبخشودنیفارسی» فارسی لە مێشکیدا داڕشتووە و گوناهێکە لێ نەبووردنی بە قەڵەمدا هاتووە. دەنا بۆ خاتری خودا کوردی چۆن وا دەنووسرێ؟ وتارە بەنرخەکەی مامۆستا بەداخەوە وشەی کلک و گوێ بڕاو و ڕستەی شێواوی تری تێدا هەن. بەڵام ناکرێ لەسەر یەک یەکی ئەوان بدوێم. کورد گوتوویەتی «چ کەوێژێک چ مەویژیک؟».

شتێکی ترم بەلاوە سەیر بوو ئەویش ئەوەیە مامۆستا کە بە کوردیزانێکی گەورە ناوبانگی ڕۆییوە. چۆنە لەم وتارەدا بێ ئەوەی دامابێ و ناچار بێ وشەی بێگانەی بەکار هێناوە. بۆ نموونە لەباتی «نەتەوە» کە کوردیێکی ڕەسەنە «قەوم»ی عەرەبی و لەباتی «نێوان»، «مەیان»ی فارسی نووسیوە.

دیارە من لەو کەسانە نیم پێم وایە نووسەری کورد هەقی نییە لە کاتی ناچاری و پێویستیدا وشەی بێگانە بەکار بێنێ و هەر کە وشەیەکی بێگانەم لەناو نووسراوێکی کوردیدا ڕەچاو کرد، پێم وابێ ئاسمان کۆڵەکەی پەڕیوە و قیبلە کەچ بووە و پردی قیامەت پساوە.

بەڵام بەو حاڵەوە بە هەقی خۆمی دەزانم ڕەخنە لە مامۆستا تۆفیق وەهبی بگرم، چونکە ئەو لەو کەسانە بوو کە ڕێچکەی پەتی نووسینی تەخت کرد.

من لە سەردەمێکدا خەریکی کوردی فێربوون بووم کە پرشنگی گەلاوێژی گەش خەریک بوو وردە وردە ئاسۆی لێڵ و تەماوی زمانەکەمان، ڕوون و ڕوونتر بکاتەوە و فۆلکلۆری ئەدەبیمان ببووژێنێتەوە و ئەدەبەکەمان بەرەو پێش بەرێ و بەردی بناخەی زمانی یەکگرتووی کوردی دابمەزرێنێ.

کوردی ساکار دەڵێ گوناهێکە بۆ لێ بووردن نابێ، گوناهێکە لێ بووردنی نییە، گوناهێکە ناکرێ لێی خۆش بی. بەبڕوای من ئەو کەسانەی ڕستە لەسەر شێوەی زمانی بێگانە دادەڕێژن پتر زیان دەگەیەنن لەو کەسانەی وشەی بێگانە لە کاردێنن. بەداخەوە دەبێ بڵێم کە ئەم مەترسییە هەڕەشە لە زمانەکەمان دەکا و زۆریشی پەرە گرتووە.

مامۆستای بەڕێز، دیسان نووسیویەتی «من بەم چەند وشە پێشەکییە ویستم زەمین ئامادە بکەم بۆ ئەوە کە گلەیی نەکرێ لێم کە دەس بدەمە کۆڵینەوە لە...»

من جووتیاری کوردم دیبوو زەمین ئامادە بکا بۆ چاندنی توور و گێزەر و چەقاندنی تووتن و تەماتە. بەڵام لە زانای کوردم نەبیستبوو زەمین ئامادە بکا، بۆیە سەرم لێ شێوا و لە دڵی خۆمدا گوتم: خودایا زەمین ئامادە بکەم لێرەدا چ مانایەکی هەیە؟ خودا ڕاوەستاوی بکا مامۆستا لە داوێنی وتارەکەدا مانای لێ دابۆوە.

زەمین ئامادە بکەم: حازر کردن «نەمردین و ئەم جۆرە مانا لێ دانەوەشمان دی» تێگەیشتم مەبەستی مامۆستا دەبێ «زەمینە»ی فارسی بێ کە زۆرجار لە کوردیدا بەکار دەهێندرێ. بەڵام خوا هەقە ئێستاش نەمزانیوە مامۆستا بۆ وەک بەیتاڵی تەڕدەست باسکی لێ هەڵماڵیوە و کلکی پەڕاندووە و نەرگزەی بڕیوە و نژدی کردووە؟

بەڵام هەر لەو کاتەدا مامۆستا و هاوکارەکانی لە دەنگی گێتی تازەدا خەریک بوون فێری کوردیی پەتی نووسینمان بکەن. هەر ئەو پەلە پەلە و کوردیی پەتی نووسینە بوو بەجارێک ڕایەڵ و پۆی تێکداین و سەری لێ شێواندین و شاعیر و نووسەرە لاوەکانمانی بەهەڵە برد، تا گەیشتە جێگایەک شاعیر ببێ بە هەستیار و شێعر ببێ بە هەڵبەست و قافیە ببێ بە سەروا و خزمەت ببێ بە ڕاژە و ئیمزا ببێ بە واژوو و ئێستاش هەر نەبڕێتەوە و تۆزی هەر بکا.

مامۆستا ئەو دەمی ئێمەی فێر دەکرد کە بە هیچ جۆر توخونی وشەی عەرەبی نەکەوین و وامان لێ هات هەرچی عەرەبی نەبوو بە کوردیمان زانی و ئەو خۆ لە عەرەبی پاراستنە سەدان وشەی دزێوی بێگانەی خستە زمانەکەمانەوە کە ئێستا بۆمان لە گێژەو نادرێن. کەچی ئێستا خۆی لەباتی وشەی کوردیی ڕەسەن و کۆن وشەی عەرەبی بەکار دێنێ، ڕەنگە مامۆستا بڵێ ئەم وشانەی من لەکاریان دێنم زۆر سواون و بوونە کوردی. بەڵام منیش عەرزی دەکەم بۆچی وشەی دنیا نەسواو بوو؟ نەببوو بە کوردی؟ هەموو پڕوپیرێژنێک نەیدەزانی؟ ئەی بۆ «گێتی» فارسیت لەجێ دانا؟

با بێینە سەر ڕایەکەی مامۆستا لەسەر پەروەردە و زانست، ئەگەر پێویست بێ، «التربية و المعرفةعربی» ڕاست و ڕاست بکەینە کوردی ئەوە ڕایەکەی مامۆستا ڕاستە نە پەروەردە «التربیە»یە و نە زانست «المعرفةعربی»یە. بەڵام بەداخەوە ئەزیش پێشنیارەکەی ئەوم پێ ڕاست نییە. چونکە نە پەروەریشت بە کوردی دەزانم و نە شناسایی.

پەروەریش ناوە، چاوگەیەکی فارسییە. ئەم ناوە چاوگانەی کە «ش» دەبێتە پاشگریان لە فارسیدا یەکجار زۆرن و تایبەتی ئەم زمانەن. دیارە هاتوونەتە ناو کوردیشەوە، بەڵام زۆر بەهاسانی دەناسرێنەوە، بڕوا ناکەم بەو هاسانییەش کە مامۆستا فەرموویەتی بتوانین بیانکەینە کوردی. یانی بە لابردنی ژێر و زیاد کردنی «ت» شکڵیان بگۆڕین.

بەڵام لەم درۆیەدا من نازانم بەختیاری چۆنیان لەکار دێنن. بەڵام ئەوە چەند ساڵە لە کوردستانی ئێران و عێراقدا وشەی شۆریش بۆتە بنیشتە خۆشکە و لە کەسم نەبیستووە بڵێ شۆڕشت. ئەگەر مامۆستا وەک زمانەوانێک ئەم کارەی پێ ڕەوایە کە زمانی گەلێکی تر بڕووتێنێتەوە و زمانی خۆمانی پێ بڕازێنێتەوە لە چی ڕاوەستاوە هەموو ئەم ناوچاوگانە وەبەر دەستوورەکەی خۆی بخا. کوردی دەوڵەمەند بکا و فارسی لەسەر ساجی عەلی دابنێ. دەنا ئەم کلک پەڕاندن و کلک لێ نانە بێسوودە. جا ئەو دەمی مامۆستا دەتوانێ لەباتی پەروەرشت و شناسایی. ئاموزشت و پەروەرشت پێشنیار بکا. هەم خۆی بحەسێنێتەوە و هەم ئێمە. مامۆستا دەزانێ لە ئێراندا «آموزش و پرورش» ئەوە چەند ساڵە جێگای «تعلیم و تربیتفارسی»ی گرتۆتەوە ئەگەر دەستوورەکەی مامۆستا ڕاست بێ فەرقێک لەنێوان «آموزش، گنجایش آلایش، گرایش و پرورشفارسی»دا نییە.

لە کوردستانی ئێراندا نەک هەر لە ئەردەڵان بەڵکوو لە زۆر شوێنان وشەی شناسایی بەکار دەهێنن. بەڵام ئەوە بەڵگە نییە بۆ کوردی بوونی ئەم وشەیە. لە کوردستانی عێراقیش بەشی زۆر ئیش بەکار دێنن لەباتی کار، بەڵام ئیش هەر تورکییە.

مامۆستا نووسیویەتی «وشەی زانست لەپاش جەنگی گێتیگری یەکەمەوە بڵاو بۆتەوە لە ناوماندا. بێ ئەوەی لە کوێوە هاتووە و بەپێی کام مادە دروست بووە، ئێمە ئێستا پەیمان بەوە بردووە کە شکلی زانست غەڵەتێکی دەستوورییە. ئەم وشە غەڵەتە، هەبێ و نەبێ لەلایەن کەسێکەوە هاوێژراوەتە زمانەکەمانەوە کە هەرچەندە ئاگادار نەبووە لە فۆنۆلۆژی کورد و فارسی، زۆر بە پەرۆش بووە بۆ بڵاو کردنەوەی کوردیی پەتی لە سلێمانیدا ئەو کەسە یا فەیلی بووە، یا کەلهووڕی یا لەکی»

منیش ئەوەندەی لێ زیاد دەکەم و دەڵێم: ئەو کابرایە هەم زۆر گەڕیدە بووە و هەم زۆر بەدەستەڵات چونکە ئەو وشەی هەر لە سلێمانیدا نەکردۆتە باو و بەشێکی زۆری کوردستانی پێ گرتۆتەوە.

دەگێڕنەوە دەڵێن حەریق شاعیری بێبەش و چارەڕەشی کورد، جارێک دەردی دڵی دەکرد و دەیگوت: بۆ پاروە نانێک هەموو گوندێکی کوردستان گەڕاوم بەڵام نازانم سەرم بە هەموو ماڵێکدا کردووە یا نا؟ منیش وەک حەریق گەڕیدەم و هەر لەپشت تەپی تەنیشت مەهابادەوە تا دەرگەزنی نیزیکی سلێمانیم دیوە و تەماشا دەکەم ئەو کابرایەش دێ بوێری نەکردووە و بە زەبری کوتک وشەی زانستی بەسەر هەموو دانیشتوانی ئەو مەڵبەندە فراوانە دابڕیوە. بەڵام زۆر پێش شەڕی یەکەم ڕاست یا غەڵەت زانست بە مانای عیلم بەشێکی زۆری لە کوردستان تەنیوەتەوە. بەڵام زانست پێم وایە جگە لە مامۆستا بە زمانی کەسدا نەهاتووە منیش نازانم زانست بەپێی کام مادەی دەستووری دروست کراوە بەڵام هەرچی کێشام و پێوام هەر سێ نوختەی لە زانشت کەمتر بوو. نازانم بۆ ئەوەیان غەڵەتە و ئەویان ڕاست.