نامەیەکی ئەدەبی

از کتاب:
هەواری خاڵی
اثر:
هیمن (1921-1986)
 11 دقیقه  1668 مشاهده

برای زۆر بەڕێز و خۆشەویستم کاک محەممەد مەلا کەریم!

دیارییە بەنرخەکەت گەیشت. ماڵت ئاوەدان بێ وەک ماڵی وێرانی منت ئاوەدان کردەوە. دەستت نەڕزێ وەک ئۆخژنت خستە نێو دڵ و دەروونی ئاگرینم. هەر خۆش بی وەک خۆشیت هێناوە بۆ لای من.

لەمێژ بوو ماڵەکەم چۆل و هۆڵ و بێ هەست و خوست بوو، وەک مەکۆی دزان چرای لێ نەدایسا. وەک دەروونی تاوانباران تاریک و تنووک بوو و وەک بسکی نازداران ئاڵۆز و پەشێو. کەس سەرانسوێی نەدەکردم. کەس دەرکی لێ نەدەکرمەوە ئەگەر میوانێکم هاتبا، خەم بوو، پەژارە و کەسەر و دەرد و ژان و ئازار و خەفەتیشی بە دواوە بوون. هەموو شەوم شامی غەریبان بوو و هەموو ڕۆژ بەرەبەیانی لە دار دان. بەڵام لە سایەی ڕەنجی زانایانە و بەفیڕۆ نەچووی تۆوە دیسان شادی بە ماڵم وەربۆتەوە. خەم بۆی دەرچووە و دیزەی ڕەشم لە دوو شکاندووە. میوانم هاتوون. شیرینی شۆخ و شەنگ، شیرینی دەلال و چەلەنگ کە بە نازەوە لەسەر تەختی زێڕ دانیشتووە و خودای جوانی وەبیر دێنێتەوە. شەکەر دەبینم، شەکەری دڵڕفێن و تۆبەشکێن جامێ شەرابی یاقووتی لەسەر دەستە و مەیگێڕی کۆڕی دڵدارانە. ساز و ئاوازی «باربود»ی هونەرمەندی پەنجە ڕەنگین لە ماڵەکەمدا دەنگ دەداتەوە، کیژە جوان و نەشمیلانەکانی ئەرمەنی و گورجی لە دەستمدا هەڵدەپەڕن و پێدەکەنن. شاپووری زانا سەرگوزشتە و چیڕۆکی کۆنم بۆ دەگێڕێتەوە. دەنگی کوڵنگی فەرهادی بێموراد لە گوێمدا دەزرینگێتەوە. نەخش و نیگاری «تاق وەسان» شوێنەواری کۆنی وڵاتەکەم وەک پەردەی سینەما بەپێش چاومدا هاتوچۆ دەکەن. شەودێز لەبەر دەرکم نێسکە و سمکۆڵ دەکا و دەگوڕێنێ. بەڵام خوسرەوی بەپشتەوە نییە تا جلیت و تەقڵە و ڕمبازێ بکا. ئاخر خوسرەوان ئێمەمانان ناخوێننەوە و ڕوو لە ماڵە هەژاران ناکەن. نیزامی و خانا بە سەر و سیمای ئاسمانی و شاعیرانەوە لەلای سەرووم دانیشتوون و شێعری تەڕ و ناسکم بۆ دەخوێننەوە، ئەمیان بە فارسی دەڵێ:

پریدختی، پری بگذار ماهیفارسی
بزیر، مقنعه صاحب کلاهیفارسی
شب افروزی چو مهتاب جوانیفارسی
سیه چشمی چو آب زندگانیفارسی
کشیده قامتی چون نخل سیمینفارسی
دو زنگی بر سر نخلش رطب چینفارسی
ز بس کاورد یاد آن نوش لب رافارسی
دهان پر آب شکرشد رطب رافارسی
به مروارید دندانهای چون نورفارسی
صدف را آب دندان داده از دورفارسی

ئەویان بە کوردییەکەی خۆمان دەڵێ:

قامەتش قیام قیامەت خێزن
خەرامەش ئاشووب ڕووی ڕەستاخێزن
پێشانیش پڕشنگ نوور جێش مەخێزۆ
حوسنش بووم قورس قەمەر مەبێزۆ
موژەش چون خەدەنگ شەهابی ئەنجوم
ئەر بگنۆ وە سەنگ تا پەرمە بۆ گوم

بەڵێ لە دەریای بێ لێوار و کەنار و پڕ شەپۆڵی شێعر مەلە دەکەم و لە گوڵزاری ڕەنگاوڕەنگی ئەدەبدا گوڵ دەچنم، هەر باسی جوانی و ئەوین و دڵداری دەبیسم. دەڵێی تەمەنم لە نوێ نووسراوەتەوە و هاتوومەتەوە سەر حەدی چاردە ساڵە.

کاکی خۆم:

ئەو بەزم و ڕەزمە، ئەو خۆشی و شادییە هەموو شیرین و خوسرەوەکەی خانای قوبادی بۆ منی هێناون. جا چۆن سوپاست نەکەم و ڕێزت لێ نەگرم؟ کە ڕەنج و تێکۆشانی تۆ بۆتە مایەی خۆشی و شادی من. بەڕاستی بە ساغکردنەوە و لە چاپدانی ئەم کتێبە نایابە کتێبخانەی ماڵانت ڕازاندەوە و ئەدەبی کوردیت بووژاندەوە.

ڕاست بڵێم من خانام نەدەناسی زۆر زوو چەند پارچە شێعرم خوێندبۆوە و تێی نەگەیشتبووم. بیستبووم خوسرەو و شیرینی نیزامی وەرگێڕاوە و باشیشی وەرگێڕاوە.

بەڵام بڕوام نەدەکرد. چونکە یەک دوو شاکاری ئەدەبی فارسیم دیون کراونە کوردی و دەزانم چەند ناشیانە و بێدەسەڵاتانە وەرگێڕدراون. دەترسام ئەوەش هەر وا بێ. هەرچەن دەمزانی «ئەوڕەنگ» چاپی کردووە، هیچ هەوڵێکم بۆ پەیدا کردنی نەدەدا. بەتایبەتی لە شێوەی گۆرانیشدا زۆر کۆڵم و بە زەحمەت تێی دەگەم. بەڵام پاش ئەوەی شیرین و خوسرەوت بۆ ناردم زۆر شتم بۆ ڕوون بۆوە و تێگەیشتم خانا چ نەهەنگێکە لە دەریای شێعر و ئەدەبدا و لە خۆی ڕادیوە بچێتە مەیدانی نیزامی گەنجەوی کە بە خوای شێعری فارسی ناسراوە و ناوبانگی جیهانی هەیە. شاعیرێکی فارس گوتوویەتی:

در شعر سه کس پیمبرانندفارسی
هرچند کهفارسی «لا نبي بعديعربی»
وصاف و قصیده و غزل رافارسی
فردوسی و انوری و سعدیفارسی

کابرایەک لێی پرسیوە:

«ئەدی بۆ ناوی نیزامیت نەهێناوە؟»

گوتوویەتی:

«باوکم من باسی پێغەمبەرانم کردووە و هەقم بەسەر خواوە نییە».

خانای ئێمە چۆتە مەیدانی ئەو کەڵە شاعیرە. لەوەتی شیرین و خوسرەوی خانام وەگیر کەوتووە. خەوم لە خۆم حەرام کردووە و خەریکی خوێندنەوەی ئەو خوسرەو و شیرینەی نیزامیم. ڕاستە شێوەی گۆرانی بۆ منی موکریانی گرانە. بەڵام بە یارمەتی ئەم فەرهەنگەی تۆ بۆت کردووە و بە کۆمەگی ئەو وشە فارسی و عەرەبییانەی خۆی بەکاری هێناون و بە یاریدەی خوسرەو و شیرینەکەی نیزامی هیچ نەبێ تاڕادەیەک لە مەفهوومی شێعرەکانی دەگەم و چێژی لێ دەکەم. ڕەنگە وەک خەریکم لە داهاتوودا باشتری لێ ڕابێم. جارێ ناتوانم بەتەواوی ڕای خۆم دەرببڕم. بەڵام لەم ماوە کورتەدا ئەوەندەم بۆ ڕوون بۆتەوە ناهەقت نەبووە ناوی شاکارت لێناوە. بەڕاستی خانا کەڵە شاعیرێکی مەزنی کوردە و کتێبەکەشی شاکارێکی ئەدەبی بەرز و نایابە. پێوەم ئەگەر مەرگ بەربینگم نەگرێ و ڕۆژگار بڕستم لێ نەبڕێ، شێعر بە شێعری شیرین خوسرەوی خانا و نیزامی لەبەر یەک ڕانێم و بەراوردیان کەم و ئەگەر لە توانامدا بوو شتێکیان لەسەر بنووسم. ئێستا ئەوەندەم بۆ ڕوون بۆتەوە خانا خوسرەو و شیرینی نیزامی ڕاستەوڕاست وەرنەگێڕاوە. بەڵکوو ئازادانە چیڕۆکەکەی کردۆتە کوردی. بەڵام زۆر لە ئەسڵەکە دوور نەبۆتەوە. نەک نەمدیوە هیچ لە چیڕۆکەکە بپەڕێنێ. بەڵکوو هەستم کردووە لەجێ جێیان هەناسەی درێژتر بووە و پتر لەسەر مەبەست ڕۆیوە. جا لە کوێدا سەرکەوتووە و لە کوێدا سەرنەکەوتووە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە.

دیارە فەرق لەنێوان دانان و وەرگێڕاندا زۆرە. هەرچەند دەزانین چیڕۆکی شیرین و خوسرەو زادەی خەیاڵی نیزامی نییە و لە پێشیشدا گوتراوە. نیزامی سەرچاوەی وەک شانامەی فیردەوسی لە دەسدا بووە و سوودی لێ وەرگرتووە. بەڵام دیسان ئەو دانەرە و، خانا وەرگێڕ، و دەبێ ئەو فەرقەمان لەپێش چاو بێ. ئەوەندەی بە تێگەیشتنی خۆم بەراوردم کردوون، لەباری نێوەڕۆکەوە خانام لە بەرامبەر نیزامیدا بە داماو نەدیوە، بەڵام زمانی نیزامیم پێ ڕەوانتر و شاعیرانەترە. ڕەنگبێ بڵێی لە فارسییەکە باشتر ڕاهاتووی، ڕاستە من خوسرەو و شیرنی نیزامیم زۆر جار خوێندۆتەوە و تەنانەت شێعری نیزامیم بە دەرس خوێندووە و ئی خانام بۆ یەکەم جار دیوە و زۆر شارەزای زبانەکەی نیم. ئەمما هێندێک وشەی عەرەبی خەتیبانە و ناشاعیرانەم لە شێعری خانادا دیون کە لە شێعری نیزامیدا بەدی ناکرێن.

من وەرگرتنی وشە بۆ دەربڕینی مەبەست لە زمانی دەر و جیرانان ئێستاش بە شوورەیی نازانم، چ دەگا بە سەردەمی خانا. نیزامی بۆ کەمی کۆمەگ لە وشەی عەرەبی وەرگرتووە؟ بەڵام هێندێک وشە لە هەموو زماناندا هەن کە وشەی شێعر نین، لەو وشانە تەکوتووک کەوتوونە نێو شێعری خانا وەک ئەم شێعرە:

چۆن بە حوکم ذات «لااحصىعربی» صیفات
جەناب ئەقدەس «جاعل الظلماتعربی»

لە شێعری خوارتردا وشەی عەرەبی زۆر بەکار هێناون. بەڵام وشەکانی وشەی شێعرین و مۆسیقایان تێدایە و شێعرەکانیان دزێو نەکردووە.

سیمای وێنەی شەمع تەجەللای کۆی طوور
مدە رەوشا بە لوطف خوداوەند جە نوور

ئەم کێشەی نیزامی بۆ هۆندنەوەی شیرین و خوسرەو هەڵیبژاردووە کەمێک لە کێشی شێعرەکانی خانا گرانترە. دەتوانی بڵێی ئەوە بەڵگەی بێهێزی نییە. خانا بەئانقەست کێشی خۆماڵی هەڵبژاردووە. ئەمما من ئیقناع نابم. چونکە دەزانم شێعری خانا ئەوەندەش خۆماڵی نییە و لە دیوانی شاعیرەکانی فارسدا نموونەی هەیە و ڕوون نییە کاممان لەوی دی فێربووین، حافیزی شیرازی دەڵێ:

گر تیغ بارد از کوی آن ماهفارسی
گردن نهادیم الحکم للهفارسی

کێشی شێعری نیزامیش ئەوەندە بۆ شاعیرانی کورد ئەویش بۆ شاعیرانی گۆران نامۆ و بێگانە نییە. چونکە یەکەم شاعیری ناسراوی کورد کە بە شێوەی گۆرانی شێعری گوتووە «بابەتاهیر عوریان» چوارینەکانی لەسەر ئەم کێشە داناون. بەلای منەوە خانا لە خۆی ڕانەدیوە خۆی لە قەرەی ئەم کێشە بدا. ئەم لەخۆڕانەدیتنە لەباری ڕواڵەتەوە کەمێک لە نرخی کارەکەی کەم کردۆتەوە. چەند خۆش بوو هەر لەسەر کێشی نیزامی بایە. شتێک کە سەرنجی منی ڕاکێشا و ڕەنگبێ سەرنجی هەموو شێعرناسێکیش ڕاکێشێ، ئەمەیە: کە خانا زۆر شاعیرانەتر و ئاشقانەتر دەستی بە کتێبەکەی کردووە و موناجاتەکەی تەڕتر و پڕ سۆزترە لە ئی نیزامی:

بە نام ئەو کەس شیرینی ئەرمەن
پەیدا کەرد «فەرهاد» پەیشی بێ کوکەن
هەر سوب تا ئێوار نەپای بێستوون
تەققەی قوڵنگش یاوا بە گەردوون
نەراش چەندین جەور، چەند جەفا بەردش
ئاخر بە ناکام ئەڕوا سپەردش
تعالی جە صونع پەروەردگاریش
جە کاری شیرین شیرین کرداریش

کاکە گیان!

دیسان سوپاست دەکەم کە ئەم گەنجینە دارماڵەت بۆ ناردووم و بە مرواری و گەوهەرانت خەنی کردووم. بەڕاستی ڕەنجێکی زۆرت کێشاوە و کارێکی تەواوت لەسەر کردووە. یا من نەمدیوە یا تا ئێستا کتێبی هیچ شاعیرێکی کورد ئەوەندەی کار لەسەر نەکراوە. پێشەکیت بۆ نووسیوە. هەرچەندە بەبڕوای من کورتە و دەکرا پتری لەسەر بنووسی. ئەم جۆرە پێشەکی نووسینانە لەمێژە لە ئەدەبیاتی فارسدا بۆتە باو و ڕەنگبێ ئەوانیش لە ئەدەبیاتی ڕۆژئاوایان وەرگرتبێ. لە هێندێک بۆچوونیشدا ڕەنگە زێدەڕەویت کردبێ. بۆ نموونە هەر بەوەندەی باسی مۆسیقا لە شێعری خانادا هەیە مەرج نییە بیر بکەینەوە کە ئەو مۆسیقای زانیوە. چونکە باسی مۆسیقا لە شێعری نیزامیشدا هەیە و وێدەچێ لەوی وەرگرتبێ.

ڕەخنەیەکی ترم ئەمەیە سەرباسەکانت هەر بە فارسی هێشتوونەوە، دیارە مەبەستت ئەوە بووە ڕێز بۆ تێکستەکە دابنێی. بەڵام ئەو کەسەی ئەو سەرباسانەی نووسیوە فارسی باش نەزانیوە و هەڵەیان تێدان.

براگیان! خۆ تۆ فارسی دەزانی تۆ خواکەی «تولد شدن» تەعبیرێکی فارسانەیە؟

دیارە هەر دوو نوسخەی تێکستەکەت لەدەستدا بوون و زۆریش ئەمانەتت ڕەچاو کردووە. دەبوو کاتێک تووشی ناوی شوێن و مرۆڤان دەبووی چاوێکت بە خوسرەو و شیرینەکەی نیزامیدا گێڕابایە تا هەڵەکانی تێکستەکانت ڕاست کردبایەوە. من کە تووشی ئەم شێعرەی خوارەوە هاتم سڵەمیمەوە. چونکە پێم سەیر بوو شاعیرێکی بەرزی خاوەن دەسەڵاتی وەک خانا لە خۆڕا و بێ ئەوەی پێویست بێ قافیەی شایگان لەکاربێنێ و شێعرەکەی پێ دزێو بکا:

هەر جە خوررەم کو تا سەرای بەغدا
نەقش گوڵ کەفتەن چون طوررەی طوغرا

چوومە سەر خوسرەو و شیرینەکەی نیزامی تەماشام کرد لەوێدا وا هاتووە:

زجرم کوه تا میدان بغرافارسی
کشیده خط گل طغرا به طغرافارسی

گومان لەوەدا نییە «خوڕڕەم» و «بەغدا» هەڵەی ئەو کەسەن کە کتێبەکەی نووسیوەتەوە نەک هەڵەی شاعیر. ئەمجار ترسام و تووشی هەر ناوێکی گومان لێکراو ببام سەیرێکی فارسییەکەم دەکرد. دیارە ئی دیکەشی تێدان وەک «مهستان» لەباتی «کهستان» کە دەزانی مانایان تەواو دژی یەکترە.

فەرهەنگەکەی کارێکی باشە و گەلێک یارمەتیی خوێنەر دەدا. وشە فارسییەکانت ناتوانم بڵێم زۆر باش بەڵام باش مانا لێداوەتەوە. لەدواییدا پیرۆزبایی ئەم کارە گرنگەت لێ دەکەم و هیوادارم خزمەتی گەورەتر بە ئەدەبی نەتەوەکەمان بکەی.