حکوومەت و ئیمارەتی براخۆی

از کتاب:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
اثر:
محمدامین زکی بیگ (1880-1948)
 6 دقیقه  1134 مشاهده

لە جڵدی ئەووەڵدا باسێکی کەمی ئەم عەشیرەتە گەورەیەمان کردبوو، بەڵام لە ئەسڵ و ئیدارەی قەدیمی نەدوابووین. بە گوێرەی ئینسقلۆپێدیای ئیسلام، لە دوای پشێویی دەوری موغول، لە غەربی ئێرانەوە بەعزێ عەشایری کورد ڕووی کردبووە وڵاتی کرمان و لە ناو ئەم عەشایرەدا ڕەنگە ئەم عەشایری «کۆچ» وەیا کوردەش هاتبێ و لەگەڵ عەشایری «بلووج» لە شاخانی وڵاتی کرماندا جێگیر بووبێ (جڵدی ١، ل ٦٣٦).

لەمەوە وا دەرئەکەوێ کە ئینسقلۆپێدیا نازانێ ئەم عەشایری کوردە کەی و چۆن هاتوونە کرمان. بەڵکوو تەدقیقاتی موئەریخین، ئەم جیهەتەمان بۆ ساغ ئەکاتەوە.

میستەر کڕۆزۆن لە کتێبە نایابەکەی خۆیدا ئەڵێ: «لە سیستاندا عەشیرەتی کوردگەلی هەیە کە قۆڵێکن لە کوردانی کوردستان لە زەمانێکی مەجهوولدا هاتوونە ئێرە و لە وڵاتی «غوور»دا حکوومەتێکیان بە ناوی «مەلیک کورد»ەوە دامەزراندبوو کە لە ١٢٤٥ م تا ١٣٨٣ م، یەعنی ١٣٨ ساڵ دەوامی کردووە» (جڵدی ١، ل ٢٢٨، حاشیە).

زمانی عەشیرەتی براخۆی بە کوردگەل مەشهوورە و هیچ بەدوور نییە کە ئەم عەشیرەتی سیستانەش قۆڵێک بن لەم عەشیرەتە. زاتەن سیستان و بلووجستان یەک لە تەنیشت یەکەوەن.

ئینسقلۆپێدیا زیاتر تەفسیلات ئەدا و ئەڵێ چونکە عەشایری براخۆی لە قۆڵی دراویدی هیند نین، ئەبێ نەتەوەی ئەو عەشایری «کۆچ = کورد»ە بن، کە لە دوای ئیستیلای موغول هاتوونە کرمان و لە دواییدا هاتوونە «مکران» و لە دواییدا بەعزێ عەشایری بلووج و ئەفغانیشی تێکەڵ بووە و «براخۆی» بلووجستانی لێ حاسڵ بووە. ئەم تێکەڵی و یەکیەتییە ئەبێ بەرەبەرە بووبێ، وەکوو چۆن کە بەعزێ لە زمانی «دراوید»یشیان قەبووڵ کردووە. عەشایری ڕوزی بلووج، بەرامبەر بەم براخۆیە خۆی ڕانەگرتووە و بەرەبەرە ڕووبەڕووی ڕۆژهەڵات داخڵی هیندستان بووە.

نادر شاهـ کە چوو بۆ هیندستان، وا دیارە براخۆی یارییەی نەداوە و بەعزێ لە ئەرازیی «کلهورا»ی هیندستانی زەوت کردووە و داویەتی بە براخۆی. عەبدوڵڵا خانی گەورەی عەشایری براخۆی، لەگەڵ موحیبەت خانی کوڕی، لەگەڵ بلووجی دراجات کەوتۆتە شەڕەوە و ئەرازییەکەی داگیر کردن. لە دوای بەینێک لەگەڵ عەشایری «کلهورا»ش کەوتۆتە شەڕەوە و کوژراوە. لەو وەقتەدا موحیبەت خان و ناسر خانی کوڕی، لای نادر شاهـ بارمتە بوون. موحیبەت خان لە دواییدا کەوتە دەس ئەحمەد شاهی تابیعەی ئەفغاندا، ئیدارەی براخۆی گرتە دەس و لە «مکران» و «کەج»دا ئیدارەیەکی بەقووەتی دامەزراند. ئەحمەد شاهـ مەنتیقەی «شال» و «موستانگ»یشی دایە و بە سەر «لاس پللا» و «کەراچی»یشدا نفووزی پەیا کرد، بەعزێ جێگەشی لە هیندستان داگیر کرد.

ئیشی هەرە گەورەی ناسر خان، ڕێک‌خستنی ئیدارە و تەشکیلاتی براخۆیە، ئەم عەشایرەی کرد بە دوو بەشەوە: «سەراوان» و «چاهلەوان». ڕەئیسی عەشیرەتی «ڕایزانی»ی کرد بە ڕەئیسی بەشی ئەووەڵ و بەشی دووەمیشی دا بە دەس گەورەی عەشیرەتی «زەهری». ئەم تەقسیماتە بە فیکرێکی عەسکەرییەوە کرا و هەر بەشێک پێویست بوو کە لە وەقتی تەنگانەدا لەشکرێک بۆ خان بنێرێ.

ناسر خان بە تەڕحێ کەسبی قووەتی کرد کە ئەهمیەتی بە ئەحمەد شاهـ نەئەدا و خۆی بە تابیعی نەئەزانی. لە سەر ئەمە، لە ١١٧٢ هـ.دا ئەحمەد شاهـ لەشکری لێ کرد و لە موستانگ شکاندی و ناسر خانی لە قەڵای «کەلات»دا چل ڕۆژێک موحاسەرە کرد، بەڵام بۆی زەوت نەکرا و ناعیلاج ما بە شەرتی ئەوە کە ناسر خان بە ناو بە مەتبووعی بزانێ، سوڵحی لەگەڵ کرد و لەشکری ئەفغان گەڕایەوە. واقیعەن ناسر خان بە سەربەخۆیی ئیدارەی وڵاتی خۆی کرد و تەنیا لە حەربدا یارمەتیی ئەحمەد شاهی ئەدا و بە خۆی و لەشکریەوە ئالەتی زەفەری ئەحمەد شاهـ بوو. جورئەت و جەسارەتی ناسر خان و حوسنی ئیدارە و سیاسەتی زۆر بڵند و بەئەهمیەت بوو و بەڕاستی هەرە گەورەترینی حاکمانی براخۆیە.

ناسر خان لە ١٢١٠ هـ (١٧٩٥ م)دا بە ڕەحمەت چوو و مەحموود خانی کوڕی، کە هێشتا منداڵ بوو، هاتە جێگەی بەهرام خانی کوڕی موحیبەت خان، کە لە زەمانی ناسر خانیشدا بەعزێ جار ناڕاحەتی نواندبوو و عوسیانی کردبوو، بەڵام هیچی بۆ نەکرا. لەگەڵ ئەمەشدا مەحموود خان ئیدارەی ئیمارەتەکەی پێ نەکرا و بەعزێ موڵکی لە دەس چوو، «کەراچی»ش لە ناو ئەمانەدا بوو. مەحموود خانیش لە ١٨٢١م.دا لە ناو چووە و میهرەبان خانی کوڕی بووە ئەمیر و لە باوکی زیاتر قابیلیەتی نواند، بەڵام ئەحمەدیار خانی کوڕی بەهرام خانی لێ ڕاست بووەوە و لە نەتیجەدا لە کەلاتدا ئیعدام کرا.

زەمانی ئەم ئەمیرە باش ڕانەبورد. لە ڕووی «داود محەمەد»ی «گالزای»ەوە بەعزێ لە عەشیرەتی «جاهلاوان»ی براخۆی لێی جوێ بوونەوە. مەنتیقەی «هارانە» و «داخیلی» لە دەس چوو و لە ڕووی حیمایەکردنی «شاهـ شوجاع ئەلمەلیک»ەوە لەگەڵ حکوومەتی «دەورانی»ی ئەفغانیش تێکچوو (١٢٥٠ هـ).

لە لایەکی تریشەوە بە سووئی ئیدارەی داود محەمەدی سەرداری و لە دوای ئەویش لە ڕووی بێ‌مەعنایی محەمەد حسێنی خەلەفی داود، لەگەڵ حکوومەتی ئینگلیزیشدا تێکچوو و قووەتێک هاتە سەر میحراب خان و کەلاتی موحاسەرە و زەوت کرد و میحراب خان لەم شەڕەدا کوژرا. بەعزێ لە موڵکی براخۆی درا بە حوکمداری دەورانی. «شاهـ نەواز خان»ی نەتەوەی موحیبەت خان کرا بە ئەمیری براخۆی. لە سەر ئەمە، کوڕە چواردە ساڵەکەی میحراب خان ڕایکردە لای عەشایری نەوشیروانی و بەعزێ لە عەشایری «سەروان»یش هوجوومیان کردە سەر کەلات و گرتیان. لە نەتیجەدا شاهـ نەواز خان عەزل کرا و کوڕەکەی میحراب خان بە ناوی ناسر خانی دووەمەوە بوو بە ئەمیر. قوماندانی قووەی سەفەرییەی ئینگلیز ئەسیر کرا و لە دوای بەینێک ئیعادە کرایەوە جێگەی خۆی (١٨٤٠ م) و ساڵێ دوایی حکوومەتی ئینگلیزیش ڕەسمەن ئیعتیرافی بە خانیی کرد و لە ١٨٤٣دا ئیرتیباتی لەگەڵ ئەفغان بڕا و بوو بە تابیعی حکوومەتی هیند و تا ئیمڕۆ [١٩٣٦م] ئەم حاڵە بەردەوامە.

ناسر خانی دووەم لە ١٢٧٤ هـ/ ١٨٥٧ م)دا وەفاتی کرد و خوداداد خانی برای هاتە جێگە. لە ١٨٩٣دا عەزل کرا و میر محەمەد خان بوو بە ئەمیر و تا ئێستا [١٩٣٦م] ئیدارەی دەوام ئەکا (ئینیسقلۆپێدیای ئیسلام، جڵدی ١)