لە دوای وەفاتی سوڵتان نوورەدین

از کتاب:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
اثر:
محمدامین زکی بیگ (1880-1948)
 9 دقیقه  747 مشاهده

مەلیک ساڵح ئیسماعیل کە هێشتا منداڵێکی یانزە ساڵە بوو، هاتە جێگەی سوڵتان نوورەدینی باوکی و بە سەبەبی بێ‌ئیدارەیی، ئومەرای باوکی غەلەبەیان لێ سەند، سەیفەدینی ئامۆزای کە حاکمی مووسڵ بوو، وڵاتانی جەزیرەی سوڵتان نوورەدینی داگیر کرد و ئومەراکانی تریش هەر یەکە و لە جێگەی خۆیدا کەوتە هەوای سەربەخۆیی. مەلیک ناسر کە ئەم حاڵەی بیستەوە، کاغەزێکی بۆ وەزیری مەلیک ساڵح کە شەمسەددین محەمەدی کوڕی عەبدولمەلیک کوڕی موقەددەم بوو، نووسی و لۆمەی کردن و گوتی ئەگەر ئێوە باش خزمەتی مەلیک ساڵح نەکەن و موڵکەکەی موحافەزە نەکەن، خۆی بیلزات دێ و موحافەزەی حقووقی ئەکا. ئومەرای مەلیک ساڵح گوێیان نەدایە ئەم نەسیحەتە.حاکمی حەڵەب، شەمسەددین ئیبنی دایە، سەعدەددین کمشتەکینی ناردە لای مەلیک ساڵح و بانگی کردە حەڵەب، بۆ خاتری ئەمەی مەلیک ناسر دەسی نەیگاتێ. خەڵکی شام ئەووەڵەن نەیانهێشت مەلیک بچێ بۆ حەڵەب، بەڵام دەفعەی دووەم کمشتەکین هات و تەفرەی دا و بردیە حەڵەب و لەوێ شەمسەددینی گرت و لەگەڵ خزم و کوڕەکانیا حەپسی کرد. لە دوای ئەوە کشمتەکین بۆ قایمکردنی جێگەی خۆی لەگەڵ حکوومەتی فەرەنگیی قودسدا لە حەقی مەلیک ناسر ئیتیفاقی کرد. لە سەر ئەم ئەحواڵە مەلیک ناسر کاغەزێکی بۆ خەلیفەی عەباسی، ئەلموستەزیئ بیللاهـ، نووسی و شکایەتی لەم شۆڕش و پاشاگەردانییەی مەملەکەتی مەلیک ساڵح کرد.

واقیعەن لەو بەینەدا وەزعییەتی سیاسییە بۆ مەلیک ناسر زۆر موساعید بوو، مەملەکەتی فەلەستین و سووریە بە دەس دوو منداڵی بێکارەوە بوو، ئەمانەش «بالدوین چوارەمی بەلەک»ی کوڕی مەلیک ئامووری و مەلیک ساڵح ئیسماعیل بوون. لازم بوو ئیستیفادە لەم فرسەتە بکا و ئەم مەملەکەتانە بێنێتە ژێر دەستی خۆی، لەگەڵ ئەمەشدا مەلیک ناسر هەڵەشەیی نەکرد، چونکە نەیئەویست خەڵکی شام لە خۆی عاجز بکا. لە بەر ئەمە، دایمە کاغەزی بۆ مەلیک ساڵح ئەنووسی و حورمەت و ئیتاعەتی خۆی عەرز ئەکرد و سکەی بە ناوی ئەوەوە لێئەدا و خوتبەی بە ناوی ئەوەوە ئەخوێندەوە.

کە مەلیک ساڵح چوو بۆ حەڵەب، کمشتەکین بوو بە ئامیری سەربەخۆ، ئیبنی موقەددەم و ئومەرای تەڕەفداری، کەوتنە ترسەوە و کاغەزیان بۆ سەیفەددینی حاکمی مووسڵ نووسی کە بێت و یارییەیان بدا. وەلحاڵ سەیفەددین بڕوای پێ نەکردن و لە دوای تەڕەدودێکی زۆر، بیلعکەس لەگەڵ مەلیک ساڵح ڕێک کەوت. ئومەرای دیمەشق کە ئەمەیان چاو پێکەوت، ئینجا ڕجانامەیان بۆ مەلیک ناسر نووسی تا بیانگاتێ و لەم تەهلوکە نەجاتیان بدا.

مەلیک ناسر دەمێک بوو دەعوەتێکی وای لە خوا ئەویست، دەستبەجێ هەڵسا و بە لەشکرەوە دەشتی «تیە»ی بڕی و لە خاکی قودس بەبێ خۆف تێپەڕی و گەیشتە خاکی سووریە. لە پێش حەرەکەتیدا زاتەن بۆ خەلیفەی بەغدای نووسیبوو کە زۆر پێویستە سووریەشی بە دەستەوە بێ، تا بتوانێ لەگەڵ حکوومەتی فەرەنگدا خەریک بێ و مودافەعەی ئیسلامییەت بکا و زاتەن حکوومەتی بێکارەی مەلیک ساڵح ئەم خدمەتەیان پێ ناکرێ و نەیانکردووە، بەڵکوو لەگەڵ دوژمنی دیندا ئیتیفاقیان کردووە.

مەلیک ناسر بەم تەڕحە موساعەدەی لە خەلیفە وەرگرت و لە لای هەموو کەس بە مودافیعی ئیسلام ناسرا. لە بەر ئەوە، نەک ئەمەی کە تووشی موقاوەمەتێک بێ، بەڵکوو لە هەموو لایەکەوە ئیمداد و موعاوەنەتی بۆ هات.

خولاسە مەلیک ناسر گەیشتە «بەسری» و حاکمەکەی چوو بە پیریەوە و ئیتاعەتی کرد، لەم شارەوە ڕاستەو ڕاست ڕووی کردە شام و لە ئەواخیری ڕەبیعول ئەوەڵی ٥٧٠ هـ.دا گەیشتە ئەوێ و داخڵی شار بوو و چووە ماڵی باوکی و لە دوای ئیستراحەت لەوێ قەڵاکەی تەسلیم کرا [کە] خەزێنە و ماڵێکی زۆری تیا بوو، هەمووی بە سەر خەڵکی شامدا دابەش کرد و هەموو کەسێک لە قودوومی مەمنوون و مەسروور بوو.

مەلیک ناسر بە فیکرێکی داهییانە، دایمە لە موخابەرە و موعامەلەیدا خۆی وا ئەنواند کە تەنیا بۆ موعاوەنەت و خزمەتی کوڕی وەلی‌نیعمەتی، کە مەلیک ساڵحە، هاتووە و لە بەر ئەم حاڵە، هەموو کەس زیاتر خۆشی ویست و ئومەرا و ئەشرافی شام بە دڵ و بە گیان، تابیعی ئەمر و نەهیی بوون.

مەلیک ناسر لە دوای ڕێکخستنی ئیش و کاری شام، سەیفەل‌ئیسلام تەفتەکینی برای بە سەریەوە دانا و ڕووی کردە حومس. شارەکەی گرت و میقدارێ قووەتیشی بۆ موحاسەرەی قەڵاکەی بەجێ هێشت و ڕووی کرد حەمما. حاکمی ئەم شارە، ئەمیر عیزەدین جوردیک بوو کە لە سەفەری سێهەمی میسردا لەگەڵ ئەمیر سەلاحەدین بوو، بەڵام لە دوای وەزارەتی، نەویویست لە مەعییەتیدا بێ و گەڕابووەوە شام. ئەم ئەمیرە ئەووەڵەن نەیویست ئیتاعەتی بکا؛ بەڵام لە دواییدا مەلیک ناسری ئەمین کردەوە و شارەکەی تەسلیم کرد، تەنیا قەڵاکە بە دەس براکەیەوە ما و لە تەڕەف مەلیکەوە بە مورەخەس بۆ حەڵەب نێررا تا لەوێ ئوسەرا بەردەن و مەیدان بە ڕژانی خوێن لە بەینی ئیسلامدا نەدەن. بەڵام ئەمیر عیزەدین کە گەیشتە حەڵەب، کمشتەکین گرتی و حەپسی کرد. برای ئەمیر عیزەدین کە ئەم خەبەرەی بیست، قەڵای حەمماشی تەسلیمی مەلیک ناسر کرد. لە دوای ئەمە، مەلیک ڕۆیی بۆ حەڵەب و لە سێیەم ڕۆژی جەمادی‌ئاخری ٥٧٠ هـ.دا شارەکەی موحاسەرە کرد و ئیعلانیشی کرد کە بە دوژمنایەتی نەهاتووە، بەڵکوو بۆ خەلاسکردنی پادشا لە دەس کمشتەکین و بەعزێ ئومەرای عاسی هاتۆتە ئەم وڵاتە.

کمشتەکین کە چاوی بەو حاڵە کەوت، ویستی بە واسیتەی فیدائی ئیسماعیلی، مەلیک ناسر لە ناو بەرێ و ساعیی مەخسووسی ناردە لای مورشیدی ئیسماعیلی، شێخ ئەلجەبەل ڕاشدئەلدین سەنان و لە تەڕەف ئەم شێخەوە چەند فیدائییەک نێررا، بەڵام مەلیک ناسر پێی زانی و هەمووی کوشتن.

لە دوای ئەمە، بە تەزییقی کمشتەکین، مەلیک ساڵح خەڵکی لە عەلەیهی مەلیک ناسر تەشویق کرد بۆ شەڕ و واقیعەن قەڵای حەڵەبیان بە شیددەت مودافەعە کرد.

کمشتەکین لە لایەکی تریشەوە ڕیاموندی حاکمی تەڕابلوسی کە لە زەمانی سوڵتان نوورەدینەوە حەپس بوو بەرەڵا کرد تا بەرامبەر بە مەلیک ناسر یارییەیان بدا. ئەم قوماندانەی فەرەنگە لە دوای بەربوونی، بوو بە وەسیی مەلیک بالدوینی قودس و تەڵەبی موعاوەنەتی کمشتەکینی بە فرسەت زانی، تا حەق لە ئیسلام بسێنێتەوە و بە لەشکرێکەوە ڕووی کردە حومس. مەلیک ناسر کە وای زانی، وازی لە موحاسەرەی حەڵەب هێنا و ڕووی کردە لەشکری قودس، بەڵام ڕیاموند نەیوێرا ڕاوەستێ و گەڕایەوە. مەلیک ناسریش بەعلەبەکی زەوت کرد و چووە شام.

مەلیک ساڵح تەڵەبی ئیمدادی لە سەیفەددین حاکمی مووسڵ کرد و ئەم حاکمە دەستبەجێ بە خۆی و لەشکریەوە هات و لەگەڵ لەشکری حەڵەب یەکدگیر بوو و هەردوو لا ڕوویان کردە مەلیک ناسر، بەڵام مەلیک چونکە حەزی نەئەکرد کە فەساد لە بەینی ئیسلامدا بێ و فەرەنگ ئیستیفادە بکا، تەکلیفی ڕێککەوتنی لێ کردن و خەبەری بۆ ناردن کە بە غەیری شام، ئەو وڵاتانەی کە زەوتی کردووە، هەموویان بۆ ڕەد ئەکاتەوە و تەنیا بە وەکالەتی مەلیک ساڵح، شام بۆ خۆی ئەهێڵێتەوە و ئەگەڕێتەوە میسر، بەڵام سەیفەددین و مەلیک ساڵح قەبووڵیان نەکرد. لە دوای ئەمە مەلیک ناسر ڕووی تێ کردن و لە نزیک حەمما لە ١٩ی ڕەمەزانی ٥٧٠دا شەڕێکی قورس قەوما و مەلیک ناسر غەلەبەی بە سەر دوژمندا کرد و زۆر خراپ شکاندنی و تا حەڵەب ڕاوی نان [و] لەو شارەدا موحاسەرەی کردن. سەیفەددین خۆی دەرباز کرد و چووەوە مووسڵ، بەڵام لەشکری مەلیک وازیان لێ نەهێنا و ڕوویان کردە مووسڵ، ناچار سەیفەدین لەشکرێکی شەش هەزار کەسی بە پیرەوە نارد و لە «تەل ئەلسوڵتان»دا تووشی لەشکری مەلیک بوون و ئەمجارەش لەشکری مووسڵ پەرێشان بوو و زۆریان لێ بە دیل گیرا و تاڵانێکی زۆر دەس لەشکری میسر کەوت. بەقییەی لەشکری مووسڵ ڕایانکردە حەڵەب. مەلیک ناسر لە دوای ئەم زەفەرە، لە ڕێگە قەڵای «بزاغە» و «مەنبەج» و «ئغزار»ی زەوت کرد و دەسی کرد بە تەزییق کردنی قەڵای حەڵەب.

لە وەقتێکدا کە مەلیک ناسر لەگەڵ موحاسەرەی قەڵای ئغزار (نزیک حەڵەب) خەریک بوو، ڕۆژێک فیدائییەک لە پڕێکا هجوومی کردە سەری و شیرێکی لە سەری دا، بەڵام لە بەر کڵاو و زرێ، کەم تەئسیری کرد و دەستەودائیرەی مەلیک بە فریادا گەیشتن و کابرایان کوشت و زۆری پێ نەچوو یەک لە دوای یەک، چەند فیدائییەکی تر هەڵیانکوتایە سەر مەلیک، بەڵام هەموویان لە ناو بران.

ئەم قاتیلانە لە تەڕەف کمشتەکینی خائینەوە نێررابوون. مەلیک ناسر لە دوای ئەم حادیسەیە قەڵای حەڵەبی زیاتر تەزییق کرد و نیهایەت خەڵکی شارەکە نەیانتوانی بەرامبەر بە شیددەتی مەلیک ڕاوەستن و بە بەعزێ شرووت سوڵحیان ویست.

لەو بەینەدا کچێکی سوڵتان نوورەدین و خوشکی مەلیک ساڵح، بۆ شەفاعەت هاتە لای مەلیک ناسر و مەلیک زۆر قەدر و حورمەتی گرت و لە بەر خاتری ئەو، کەسی ئازار نەدا؛ ئەسیرەکانی حەڵەبی بەرەڵا کرد و بریندارەکانی تەداوی کرد.

نیهایەت مەلیک ساڵح، لە سەر مەیلی خەڵکەکە بە سوڵح ڕازی بوو و وازی لەو وڵاتانە هێنا کە دەستی مەلیک ناسر کەوتبوو، بەم تەرحە، غەیری حەڵەب و ئەتڕافی، هیچ جێگەیەک بۆ مەلیک ساڵح نەمایەوە و هەموو کەوتە ژێر حوکمی مەلیک ناسرەوە.

لە دوای ئەم سوڵحە، مەلیک لە شەووالی ئەو ساڵەدا گەڕایەوە شام و لەوێ خەڵاتی خەلیفەی عەباسی گەیشتێ و بە ناوی خەلیفەوە، بوو بە ساحێبی میسر و شام و عینوانی «سوڵتان»یشی درایە و لە ئیعتیباری ئەو ڕۆژەوە ناوی مەلیک ساڵح لە سکە و خوتبە هەڵگیرا و سکە بە ناوی «مەلیک ناسر یۆسف ئیبنی ئەیووب»ەوە لێدرا. لە دوای ئەمە لەو سەفەرەدا هەرچی تاڵانێک دەس کەوتبوو، هەمووی بە سەر لەشکردا دابەش کرد.