حکوومەتی مەدیا

از کتاب:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
اثر:
محمدامین زکی بیگ (1880-1948)
 15 دقیقه  795 مشاهده

باوکی موئەرریخین، مەشهوور هێرۆدۆتی یۆنانی، دەرحەق بە ئەساسی تەشەکولی حکوومەتی مەدیا موختەسەرەن ئەڵێ : لە دوای ئەمە کە حکوومەتی ئاسووری، ٥٢٠ ساڵ لە ئاسیای ژووروودا حوکمڕان بوو، قەومی مەدیا لە پێش تابیعانی تری ئاسووریدا، ئیختیلالی کرد و لە موحارەبەیەکدا بە تەواوی ئیستقلالی خۆی گرتە دەست و باقی ئەقوامی تابیعەی تریش چاویان لە مەدیا کرد و هەموویان یەک لە دوای یەک سەربەخۆ بوون.

لە دەورێکدا «دیوسەس» (کەیقوباد) ناو پیاوێک، لە ناو قەمی مەددا پەیا بوو. کوڕی «فرائورت» و کوێخای دێیەک بوو. زۆر عاقڵ بوو، «مەدیا»ییەکان بۆ دەعوا و ئیش ئەهاتنە لای و پرسیان پێ ئەکرد و بەم تەرحە لە ناو هەموو مەدیادا شۆرەتی پەیا کرد. لە دواییدا وتی ئەگەر دائیرە و مەعییەتم بۆ ڕێک نەخەن و نەمکەن بە گەورەی خۆتان، ئیتر دەعواتان بۆ حەل ناکەم و نەسیحەتتان نادەمێ. قەومەکەی ئەم شەرتانەیان قەبووڵ کرد و کە بوو بە حاکم بە سەریانەوە، دێهاتەکانی پێ چۆڵ کردن و شاری «ئەقباتان = هەمەدان»ی پێ دروست کردن و ئەم شارەی کرد بە پایتەختی خۆی و لە ٥٣ ساڵ حوکمداری، کوڕەکەی کە ناوی «فورائورت» بوو، هاتە جێگەی و بەم تەرحە حکوومەتی میدیا دامەزرا.

وەلحاڵ ئەم ڕیوایەتە ئەوەندە ڕاست نییە. وەتەنی ئەسڵیی قەومی «مەد»، پلاتۆی ئێران بوو و ڕەنگە لەگەڵ قەومی دوایی ئێراندا خزم بن و لیسانیان موحتەمەلە لەهجەیەکی ئێرانی بووبێ. ئەساسەن گەڕۆک بوون، بەڵام لە شاخ و کێواندا بەرەبەرە جێگیر بوون و عورف و عادەتی شاریان قەبووڵ کرد. شارانیان لە سەر شاخێکی حاکم بە سەر دۆڵێکدا دروست ئەکرد. حەیاتێکی سادەی عەشایرییان بوو. لە جەدوەلی ئەسمای ئەم قەومەدا، چەند گەورەی عەشیرەتێک بەشۆرەت بوون، هیچ دێیەکیان بە سەر دێیەکی ترا حاکم نەبووە، هەموویان لە حقووق و سەڵاحییەتدا موساوی بوون. ناویان وەکوو ناوی ئێرانییەکان بوو لە ئیفادە و مەعنادا، قسەیان وەکوو قسەی عەشائیری کاسی وا بوو. لە ناو ئیسمیانا ئیشارەتی «ئاهوورامەزدا» هیچ نەبوو. لەمەوە وا دەرئەکەوێ کە ئایینی زەردەشتی لە دواییدا لە ناو ئەم قەومەدا جێگیر بووە.

ئەووەڵ مەلیکی میدیا، «دیوسەس = کەیقوباد»ە کە کوڕی «دایۆکۆ» بوو.

دایۆکۆ والی «مانای = ماندا» بوو و کوڕەکەی خۆی بە بارمتە لە لای «ڕوساش» ی حوکمداری ئۆرارتۆ دانابوو و ئەم کوڕە لە شەڕێکدا کەوتە دەست ئاسوورییەکان و نەفی کرایە «حامات = حەما»ی سووریا (٧١٥ پ.م). لە ناو و جێگەی وا مەعلووم بووە کە ئەم پرەنسە بچکۆلەیە موئەسیسی دەوڵەتی میدیا «دیۆسەس = کەیقوباد» بوو. خانەدانەکەی تا دێرزەمانێک باقی بوو و خۆشی بوو بە جەددی حوکمدارانی میدیا، کە سەردەمێ هەرە بەقووەتترین حکووماتی دنیا بوو.

خولاسە دیۆسەس لە دوای ئەمە کە شاری ئەکباتانی کرد بە مەرکەزی حکوومەت، زۆر باش تەحکیم و تەزیینیشی کرد، زەمانێ سەڵتەنەتی بەبێ شەڕ و دەعوا ڕابوارد و بۆ تەوحیدی عەشائیری مەد، گەلێ هەوڵی دا و موەفەقیش بوو. «سناخریب»ی حوکمداری ئاسووری چونکە لەم بەینەدا لە بابل و عیلامدا مەشغووڵ بوو، نەیئەپەرژا کە ئەم ئیتیحاد و دامەزرانە مەنع بکا.

دیۆسەس بە گوێرەی هێرۆدۆت لە دوای سەڵتەنەتێکی ٥٣ ساڵی و بە ڕیوایەتێکی تر ٤٦ ساڵی (لە ٧٠١- ٦٥٥ پ.م) وەفاتی کرد و «فراوەرتیش» وەیا «فرائورتیس»ی کوڕی هاتە جێگەی.

فراوەرتیش بەینێک لەگەڵ حکوومەتی ئاسووریدا مودارای کرد. لە دواییدا بەعزێ ئەقوامی ئاریی تر کە لە شەرقەوە هاتبوون و هاوعیرقی مەد بوون، هاتنە ژێر حوکمی فراوەرتیشەوە و قەومی فورسیش کە بە چاوێکی سووک تەماشای ئەکرا، دیسان بوونە تەبەعەی و بەم تەرحە قووەت و شەوکەتی حکوومەتی مەد، زۆر زیادی کرد و پادشای مەد ویستی لەم وەزعییەتە ئیستیفادە بکا و ئیتر بە هیچ نەوعێک باج و خەراج بە ئاسوور نەدا و لە سەر ئەمە لەگەڵ حکوومەتی ئاسووریدا کەوتنە شەڕەوە و لە نەتیجەدا شکا و لەگەڵ بەشی زۆری ئومەرا و مەعییەتیدا کوژرا (٦٣٣ پ.م)

لە دوای فراوەرتیش، برا بچووکەکەی کە ناوی «هواخ شاتارا» وەیا «کەیئەقسارس = کەیکاوس» بوو، هاتە جێگەی. ئەم زاتە قوماندانێکی مومتاز و حوکمدارێکی وریا و زۆر تێگەیشتوو بوو. ئەووەڵ ئیشی، تەنزیم و ئیسلاحی ئۆردووەکەی بوو، چونکە لە شکانی فرائورتدا تێگەیشتبوو کە بە ئۆردوویەکی عەشیرەتی و تێکەڵ و پێکەڵ شەڕکردن لەگەڵ ئۆردوویەکی مونتەزەمی ئاسووریدا مومکین نییە. لە بەر ئەوە، ئۆردووەکەی لە سەر ئوسوولێکی تازەی ئەو وەقتە ڕێک خست و سنفی پیادە و سوارەی جوێ کردەوە و پیادەی بە تیر و کەوان و شیر تەسلیم کرد و سنفێکی سوارەی چالاک و بەکاری هێنایە وجوود، کە لە گەلێ خسووسیاتەوە بە سەر سوارەی ئاسووریدا غالب بوو.

کەیئەقسارس کە تەشکیلات و تەعلیم و تەربیەتی ئۆردووەکەی تەواو کرد و بەرامبەر بە حکوومەتی ئاسووری لەگەڵ قەڕاڵی بابلستان، نابوپولاسار ، ڕێک کەوت، لە کانوونی ئەووەڵی ٦١٥ پ.م.دا ڕووی کردە ئاسووریا و وا دیارە کە بە سەر وڵاتی «نامری» و «مازاموئا»دا هات و وڵاتی «ئەرافا» و شارەکەشی زەوت کرد. ئەم شارە بۆ ئەسڵی وڵاتی ئاسوور زۆر موهیم بوو. وا دیارە کە کەیئەقسارس ئەم شارەی کردووە بە ئەساسی حەرەکە بۆ خۆی.

ئۆردووی میدیا لە ٦١٤ پ.م.دا ڕووی کردە پایتەختی حکوومەتی ئاسووری کە نەینەوا بوو. شاری «تاربیزی» داگیر کرد و لە پاشدا بۆ تەئمینی ئیرتیبات لەگەڵ ئۆردووی بابلدا ڕووی کردە تەڕەفی جنووب و شاری ئاشوور (= شرقات)ی، کە قەدیم مەرکەزی حکوومەتی ئاشووری بوو، زەوت و وێران کرد. قەڕاڵی بابلی لە دوای زەوتی ئەم شارە گەیشتنە جێ، لەوێ لەگەڵ کەیئەقسارسدا دەرحەق دەوامی ئیتیفاق و حدوودی موستەقبەلی، موعاهەدەیەکی تازەی کرد و کەیئەقسارس بۆ تەحکیمی ئەو ڕابیتەی سیاسییە، کچی «ئاستیاغ»ی کوڕی کە ناوی «ئەمیتیس» بوو، دای بە «نەبوقاد نەزار»ی کوڕی قەڕاڵی بابل (تاریخی ئاسوور، ل ٦٣٦).

لە بەقییەی ٦١٤ پ.م. و ساڵی دواییدا دەرحەق بە حەرەکات و فەعالییەتی ئۆردووی میدیا مەعلووماتێک نییە، بەڵام هێرۆدۆت، موئەرریخی یۆنانی ئەڵێ کەیئەقسارس کە ئەووەڵ جار ئەهاتە سەر نەینەوا، خەبەری زانی کە قەبائیلی «سیس» تەعەڕوزیان کردۆتە میدیا، لە بەر ئەمە گەڕایەوە و لەگەڵ ئەم قەومە کەوتە شەڕەوە و لە نەتیجەدا مەغڵووب بوو و وڵاتی میدیا ٢٨ ساڵ لە ژێر حوکم و ئیستیلای ئەم قەومەدا ما و لە پاشدا کەیئەقسارس بە فێڵ هەرە گەورەکانی کوشتن و لە میدیای کردنە دەرەوە و لە دواییدا هاتەوە سەر نەینەوا.

ئەم ڕیوایەتی هێرۆدۆتە، نە بە ئاساری دۆزراوە تەئیدی کردووە و نە موافەقەتی نەفسولئەمریشە، چونکە لە بەینی ئەووەڵ تەعەڕوزی نەینەوا و سقووتیدا نیهایەت سێ ساڵ فەرق هەیە و وەلحاڵ ئەگەر وڵاتی میدیا ٢٨ ساڵ لە ژێر ئیستیلای «سیس»دا بووبێ، بە تەبیعەت مومکین نەبوو کە قەڕاڵی میدیا بێتەوە سەر نەینەوا. وەیا خود ئینجا لە دوای ئەم ٢٨ ساڵە، یەعنی لە ٥٨٦ پ.م.دا ئەبێ نەینەوای زەوت کردبێ.

خولاسە کەیئەقسارس لە ٦١٢ پ.م.دا دیسانەوە هاتەوە سەر نەینەوا و ئۆردووی بابلیش گەیشتە ئەوێ و بەعزێ لە عەشائیری سیسیش هاتبوون بە ئیمدادی ئاسوورییەکانەوە، بەڵام کەیئەقسارس بە تاڵانی مەملەکەتی دەوڵەمەندی ئاسوور، بە تەمای کردن و ئەمانیش لەگەڵ ئۆردووی میدیا و بابلستاندا یەکدگیر بوون و لە دوای ئەم ئیتیحادە، کەیئەقسارس عینوانی «مەلیکی ئوممان ـ ماندا»ی بۆ خۆی قەبووڵ کرد.

لە بەینی «سیوان» و «ئاب»، یەعنی مایس و تەممووزا، سێ دەفعە تەعەڕوز کرایە سەر نەینەوا و لە نەتیجەدا ئەم شارە گەورە و جوانە، ئەم پایتەختە بەشۆرەت و دەوڵەمەندە، کەوتە دەست ئۆردووی موتتەفیقین و قەڕاڵی ئاسووریی بەدبەخت، «سین ـ شار ـ ئیشکوم»یش لەگەڵ ماڵ و ئەتباعیدا خۆی سووتاند.

موتتەفیقین شاری نەینەوایان تاڵان و وێران کرد، بەشێ لە ئاسوورییەکان، لەگەڵ ئاشوورا و ئالیتدا لە تەڕەفی ئۆردووی بابلەوە دەرچوون و ئیتیجاهیان کردە حەڕڕان و سەرلەنوێ حکوومەتیان دامەزراند.

کەیئەقسارس لەگەڵ کۆمەڵی سیس، لە ئەیلوولدا گەڕایەوە بۆ میدیا، لە ساڵی دواییدا لە سەر ئیستیمدادی «نابو پولاسار» ڕووی کردە پایتەختی تازەی ئاسوور، کە شاڕی حەڕان بوو، و لەگەڵ ئۆردووی بابلدا زەوتی کرد و دیسانەوە گەڕایەوە.

بە گوێرەی تاریخی «ایران قدیم» لە میراتی ئاسووری، موستەملەکاتی ئاسیای بچووک، بەر حکوومەتی مەدیا کەوتبوو. شەتی دیجلە تا ئەگاتە دیاربەکر، لە بەینی میدیا و بابلستاندا حدوود بوو، لە ئیعتیباری دیاربەکرەوە تا فوراتیش، خەتێکی تر دوو دەوڵەتی لە یەک جوێ ئەکردەوە. لە ساحیلی ڕاستی فوراتەوە غالیبەن تا شیمالی مەڵاتیە، حدوودی حکوومەتی «کلکیا» بوو. حدوودی حکوومەتی میدیا و لیدیا، ڕەنگە بە ناو «ئۆزۆن یایلا»دا تا «هالیاس = قزڵ ئیرمق» و لەوێوە تا بەحری ڕەش چووبێ.

لە پاش بەینێک، بە گوێرەی «ایران قدیم»، لە سەر ئیلتیجای بەعزێ موجریمینی سیس بە حکوومەتی لیدیا و ئیعادە نەکرانیان بۆ حکوومەتی مەد، بە ڕیوایەتێکی تر لە سەر چاوتێبڕینی لیدیا بە موستەملەکاتی ئاسووری، کە لە دوای تەخریبی نەینەوا، بەر حکوومەتی میدیا کەوتبوو، بەینی دوو دەوڵەت تێکچوو و ئۆردووی میدیا و لیدیا لە قەراغ نەهری هالیاسدا شەڕێکی قورس و بەتوولیان بوو (لە ٥٩١ تا ٥٨٥ پ.م)، لە ئاخری شەڕدا کە لە تاریخی ٢٨ی مایسی ٥٨٥دا واقیع بوو، ڕۆژ گیرا و هەر دوو لا ئەمەیان بە عەلامەتی غەزەبی خوایی دانا و لە سەر تەوەسوتی مەلیکی بابل، «نەبوخودنەسر = نبختنصر» و مەلیکی کلکیا، «سەیەنەسیس» سوڵحیان کرد و ئاوی هالیاس بە حدوود قەبووڵ کرا.

ئەم سوڵحە بە موناسەبەتی ئیزدیواجێک لە بەینی دوو خانەدانی حوکمداریدا تەقویە کرا، کچی قەراڵی لیدیا، «ئەریەنیس» درا بە «ئاستیاغ» کوڕی کەیئەقسارس.

لە دوای ئەم سوڵحە بە ساڵێک، کەیئەقسارس وەفاتی کرد. ئاستیاغ هاتە جێگەی و زەمانی بەبێ شەڕ و دەعوا ڕابورد. بەڵام ئەسبابی نوشوستی و لەناوچوونی حکوومەتی میدیا، کە پێشکەوتن و بەهێزبوونی حکوومەتی فورس بوو، لە زەمانی ئاستیاغدا واقیع بوو. لە لایەکی تریشەوە بە سەبەبی بەعزێ ئەحواڵ و موعامەلە، گەلێ پیاوماقووڵانی قەومی خۆشی، لێ عاجز بوو. نیهایەت حکوومەتی تابیعەی فورس (= پارس) کە لە ژێر ئیدارەی ئومەرای ئاخمەنیدا بوو، بەرەبەرە نفووزی زیاد بوو، بە غەیری قەومی پارس، بەعزێ قەومی تریش وەکوو «پارت و هیرکان»ی لەگەڵ خۆیدا ڕێک خست و لە میدیا عاسی بوو. مودیری ئەم عیسیانە گەورەیە، حوکمداری پارس، مەشهوور «سیرۆس»ی دووەم یاخود کۆرۆش وەیا «کەیخوسرەو»ی گەورە بوو. {fn|ئەم خانەدانی ئاخمەنییە «ئەنشان» (Anshan) وەیا «ئەنزان»ین و ڕەنگە ئەم وڵاتە، لە جنووبی شەرقی لوڕستانی ئیمڕۆدا و لە نزیک وڵاتی عیلام بووبێ. ئەم خانەدانە لە پێشدا هەر بە سەر بەشی فورسدا حاکم بوو و موحتەمەلە عینوانی مەلیکی، لە دەوری ئینقڕازی ئاسووریدا و بەڵکوو لە دوای وەفاتی «ئاشوور بانیپاڵ» و زەوتکردنی وڵاتی عیلام، دابێ بە خۆی. لە پاشدا وڵاتانی «پارت و هیرقان» یەعنی خۆراسانیشی داگیر کرد. بە گوێرەی کیتابەی «بهستون» و تەدقیقاتی میستەر هۆل، ئەم خانەدانە ڕەنگە لە ئەواسیتی قەڕنی حەوتەمینی پێش میلاددا لە تەڕەف هەخەمانیش (= ئەخەمەن)ەوە تەشکیل کرابێ. لە دوای دووەم حوکمدار، کە «جیش = بیش» بوو، خانەدانەکە بووە بە دوو قۆڵ.

بە گوێرەی «ایران قدیم» قۆڵێکی پارسی و قۆڵێکی «ئەنزانی» بووە. مستر هۆل ئەڵێ لە قۆڵی ئەنزانی، چوار حوکمدار هاتووە و لە قۆڵەکەی تر سێ. «سیرووس»ی دووەم کە «کۆرش»یشی پێ ئەڵێن و عینوانی «گەورە»یە، حەوتەمین حوکمدارە و لەگەڵ «ئەستیاغ»دا شەڕی کردووە و بابلی گرتووە و جەهانگیرێکی مەشهوورە. «داریۆس»ی ئەووەڵ نۆیەمین حوکمدارە.}

سیرۆس بە لەشکرێکی زۆرەوە هاتە سەر میدیا و لەگەڵ ئۆردووی ئاستیاغدا شەڕێکی قورسی کرد. قەڕاڵی میدیا، مودافەعە و مقاوەمەتێکی فەوقەلعادەی کرد، بەڵام هارپاغۆس ، ڕەئیسی خانەدانێکی گەورەی میدیا، خیانەتی لەگەڵ کرد و بە خۆی و تەڕەفدارانیەوە ئیلتیحاقی کردە کەیخوسرەو و بە تەبیعەت لە نەتیجەدا ئاستیاغ خراپ شکا و قەومی میدیاش لە پادشاهی عەزلیان کرد (٥٥٠ پ.م).

کەیخوسرەو بەرامبەر بە خدمەت و معاوەنەتی هارپاغۆش و خانەدانی میدیا، موعامەلەی باشی لەگەڵ کردن و عادەتەن لەگەڵ ئۆردوو و خانەدانی فورس، زۆر کەم فەرقی کردن، یەعنی لە خسووسی حقووق و ئیمتیازاتی مەخسووسەوە، فەرقی بەینی خانەدانی پارس و میدیا، هەر وەکوو حقووقی موتەقابیلەی ئینگلیز و ئیسقۆچیایی وەیا پروسیایی وەیا ویرایی دەوری قەیسەر بوو (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، ل ٥٥٥).

خولاسە بە نەتیجە حکوومەتی میدیا لە دوای سەڵتەنەتێکی سەد و پەنجا ساڵی و ئینقلابێکی موهیممی تاریخی، لە ناو چوو و لە جێگەی ئەو، حکوومەتی ئاخمەنیی ئێرانی پەیا بوو.

بە گوێرەی تاریخی «ایران قدیم»، قەومی ماد ئەساسەن لە ئازەربایجان و کوردستان و عێراقی عەجەمدا بووە، لە دواییدا تەوەسوعی کردووە، دائیرەی نفووز و سەڵتەنەتی لە «هالیاس = قزڵ ئیرمق»ەوە تا وڵاتی باختەر (یەعنی ئەفغانستانی ئیمڕۆ) و لە بەحری خەزەرەوە تا پارس و خووزستان بووە.

لە دواییدا عولەمای جوگرافیای دەوری قەدیم، گوتوویانە کە ماد عیبارەت بووە لە دوو بەش: مادی گەورە لە «عێراقی عەجەم»دا و مادی بچووک لە ئازەربایجاندا.