حکوومەتی کاسای

از کتاب:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
اثر:
محمدامین زکی بیگ (1880-1948)
 9 دقیقه  634 مشاهده

لە زەمانی یانزەمین و ئاخر حوکمداری سامی بابلدا، کە «سامسوور دیتانا»یان پێ ئەگوت، قەومی خاتی وەیا هیتیت، هجوومی کردە سەر مەملەکەتی بابلستان و سیلسیلەی حکوومەتی ئەووەڵ، یەعنی حکوومەتی عەمووریی لە ناو برد (١٩٢٦ پ.م). بە گوێرەی بەعزێ موئەرریخین، لە دوای تاڵان و وێرانکردنی، ئەم قەومی خاتییە بابلستانی بەجێ هێشتووە و گەڕاوەتەوە وڵاتانی غەربی فوراتی خۆی و لە دوای ئەمانە لە بابلدا حکوومەتێکی خۆوڵاتی دامەزراندووە و نزیک عەسر و نیوێک دەوامی کردووە، لە نیهایەتی ئەم دەورەدا حکوومەتی کاسای هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەم وڵاتە و بابلستانیان زەوت کرد (١٧٦٠ پ.م) و وڵاتی ساحل (سۆمەر)یشیان لە ١٧٦٠ پ.م.دا لە دەست ئاخیر حوکمداری سۆمەری کە «ئی گامیل» بوو، سەند و بەم تەرحە وڵاتانی سۆمەر و ئاکادیان لە ژێر عینوانی «کاردونیاش»دا تەوحید کرد و حکوومەتەکەیان بەم ناوەوە ناو نا.

موئەسیسی ئەم حکوومەتە قەڕاڵ «غاندیش» وەیا «غادداش»ە، بەڵام دەرحەق بە وەقایعی زەمانی، مەعلوومات نییە. موددەتی سەڵتەنەتی غاندیش شانزە ساڵ بووە و مستەر هۆڵ لە کتێبەکەیدا (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، ل ١٩٩) ئەڵێ «ئولام بوریاش»ی کاسی، کە وڵاتی ساحلی لە ئی گامیلی سۆمەری زەوت کرد (١٧١٠ پ.م)، کوڕی قەڕاڵی بابل «بورنابوراریاش» بوو و کوڕەزای ئەم ئولام بوریاشە کە «ئاگۆم»ی سێیەمە، ئاخر شاری موستەحکەمی سۆمەری کە «دوور ئی» بوو، زەوت کرد. میستە هۆڵ ئەڵێ: دەرحەق ملووکی کاسای، مەعلووماتمان زۆر کەمە، لە دوای غاندیش، ئووشی و ئابی راتاش و تاشیگۆرماش و ئاگۆمی دووەم (وەیا ئاگۆم کاکریم) هاتووە (ل ٢٠٠).

بە گوێرەی ئەمە کە تاریخی عموومیی موئەرریخین (جڵدی ١، ل ٣٢٨) مەبدەئی سەڵتەنەتی ئەم ئاگۆم کاکریمە بە ١٧٠٠ پ.م نیشان ئەدا، وا دەرئەکەوێ لە دوای غاندیش ـ هەر وەکوو میستەر هۆڵ ئەڵێ ـ سێ چوار حوکمداری تر تا ئەم تاریخی دواییە، سەڵتەنەتیان کردبێ. لە دەوری حکوومەتی ئاگۆم کاکریمدایە کە کاسای شەڕێکی زۆر گەورەی لەگەڵ هیتیتەکانا (حثیثیین) کردووە و شکاندوونی و هەیکەلی مەعبوودانی بیلاد، «مەردووک» و «سارپانیتیۆم»ی لێ سەندوونەوە، قەومی هیتیت ئەم مەعبوودانەیان لە ئەواخیری حکوومەتی سولالەی ئەووەڵ، یەعنی لە زەمانی ئاخر خەلەفی «حاموورابی»دا و لە ئیستیلا و تاڵانی بابلدا بردبوو. حکوومەتی کاسای لە زەمانی ئەم مەلیکەدا زۆر تەوەسوعی کرد.

ئاگۆم کاکریم هەموو وڵاتی سۆمەری، عەلاوەی ئاکاد کرد و لە ژێر عینوانی کاردویاشدا کردی بە مەملەکەتێک، عەلاوەی ئەم دوو وڵاتە، قەومی هیتیتی شکاند و شیمالی سووریەشی زەوت کرد و تا دەوری فتووحاتی میسرییەکان (عەسری شانزەیەمین پ.م) بە سەر قەومی عامووریشدا حاکم بوو (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، ل ٢٠١).

لە دوای ئاگۆم کاکریم، بورنابورایاش (ڕەنگە دووەم بێ) «کاشتیلیاش»ی دووەم و ئاگۆمی سێیەم هاتووە، بەڵام دەرحەق ئەمانە تەفسیلاتێ نییە. لە دوای ئەمانە فاسیلەیەکی تر دێ و لەو فاسیلەیەدا ناوی کاواشمەن خریی ئەووەڵ و کوری گالزوی ئەووەڵ و مەلی شیپکای ئەووەڵ بەیان ئەکرێ. لە دوای ئەمانە تا زەمانی سەڵتەنەتی کارانداش کە بە گوێرەی تاریخی عموومیی موئەرریخین لە ١٤٥٠ پ.م.دا دەست پێئەکا، مەعلوومات نییە، یەعنی لە دوای دەورەی حکوومەتی ئاگۆم کاکریم (٢٢ ساڵە) تا زەمانی کارائینداش، وقووعاتی دوو عەسر و بیست و هەشت ساڵ مەجهوولە. بەڵام لە ئیعتیباری ئەم حوکمدارەوە (١٤٥٠ پ.م) تاریخی کاسای تا دەرەجەیەک مەعلوومە و خولاسەکەی ئەمەیە:

١٤٥٠ پ.م. کارائینداش: لە زەمانی ئەم مەلیکەدا حکوومەتی بابل لەگەڵ حکوومەتی ئاشووردا موناسەبەتی پەیدا کردووە و لەگەڵ حوکمداری ئاشوور (ئاشوور-بەل-ینش-ئەشو)دا دەرحەق بە خەتی حدوود موعاهەدەیەک کراوە [و] بۆ مەعبوود «ئی ئاننا» مەعبەدێک دروست کراوە.

١٤٣٠ پ.م. کاداشمەن بەل : موعاسری فیرعەونی میسر «ئامەن هوتەپ»ی سێیەم بوو.

١٤٢٠ پ.م. بورنابوریاشی ئەووەڵ: لەگەڵ قەڕاڵی ئاشووری «پۆزۆر ئاشوور»دا لە خسووسی حدوودەوە کەوتۆتە مونازەعەوە، لە «لاراسا»دا بۆ «رب الشمس» مەعبەدێکی دروست کردووە.

١٤١٠ پ.م. کوری گالزوی ئەووەڵ: لە زەمانی ئەم مەلیکەدا یەکێ لە شاران بە ناوی ئەوەوە ناو نرا و ئەغڵەبی ئیحتیمال لە دوای تەعمیرکردنی لە تەڕەفی ئەوەوە ناوەکەی تەبدیل کرا (ئەم شارە، خەرابەی عەقرقۆفە).

١٤٠٠ پ.م. بورنابوریاشی دووەم: خەلەفی کوری گالزو بوو و دەوری سەڵتەنەتی بە توول و مەسعوود بوو.

١٣٧٠ پ.م. خاراخارداش: کچی قەڕاڵی ئاشووری «ئاشوور ئۆبالیت»ی مارە کرد. کوڕەکەی کە «کاداشمەن خارب»ی ئەووەڵ بوو، بەرامبەر بە قەومی سوتو سەفەرێکی کرد و زەفەری برد بە سەریانا و بەعزێ لە تەبەعەی خۆی لە ناو ئەوانا ئیسکان کرد.

١٣٦٠ پ.م: بە سەبەبی زیادبوونی نفووزی ئاشووری، کاساییەکان ئیختلالیان کرد و قەڕاڵیان کوشت و «نازی بوگاش»یان لە سەر تەخت دانا. بەڵام ئەم قەڕاڵەش لە تەڕەف قەڕاڵی ئاشووری «ئاشوور ئۆبالیت»ەوە مەغڵووب کرا و کوژرا.

١٣٥٠ پ.م. کوری گالزوی سێیەم: لە تەڕەف حوکمداری ئاشوورەوە نرایە سەر تەخت و ئەم قەڕاڵە وڵاتی «عیلام»ی ئیستیلا و شاری «سوسا» (یان شووشان»ی زەوت کرد. لەگەڵ «بەل نیراری»ی قەراڵی ئاشووریشدا شەڕی کرد.

١٣٤٠ پ.م. نازی ماروتاش

١٣٣٠ پ.م. کاداشمەن تۆرگۆ

١٣٣٠ پ.م. کاداشمەن بوریاش

١٣٠٤ پ.م. کۆدۆربال

١٢٩٨ پ.م. شاگاراکتی بوریاش

لە زەمانی ئەم پێنج مەلیکەدا شەڕێکی بەتوول لە بەینی بابلستان و ئاشووردا هەڵگیرسا.

١٢٨٥ـ ١٢٧٠ پ.م. قەڕاڵی ئاشوور، تۆکۆلتی نینیب ی ئەووەڵ بابلستانی داگیر کرد و داخڵی شاری بابل بوو. خەزێنەی مەعبەدی زەوت کرد و مەعبوود «مەردووک»ی بردە ئاشووریە. ئەم ئیستیلایە ڕەنگە لە دەوری سەڵتەنەتی «بیبی یاشوو»دا بێ و ئەخلافی ئەم مەلیکەش، «بیل شوم ئیدین»، «کاداسمەن خەربی دووەم» (١٢٧٧-١٢٧٥ [پ.م]) و «ئادادشوم ـ ئیدین» (١٢٧٤ـ ١٢٦٩ [پ.م]) و ئەمانە، تابیعی مەلیکی ئاشووری بوون کە حەوت ساڵ حاکمی حەقیقیی بابلستان بوو.

١٢٧٠ پ.م. لەم تاریخەدا خەڵکی بابلستان قیامیان کرد، ئاشوورییەکانیان دەرکرد و «داداشوم ئوسور»یان کرد بە حوکمدار، لە زەمانی ئەم مەلیکەدا بابلستان ژیایەوە. تەعەروزیان کردە وڵاتی ئاشوور. «بەل کودور ئوسور»ی قەڕاڵی ئاشووری، کوژرا و بەعزێ لە وڵاتی خرایە سەر بابلستان.

١٢٣٨-١٢٢٤ پ.م مەلی شیپاک: بەرامبەر بە قەراڵی ئاشوور، «نینیب ئاپال ئایشارا» حەربێکی غالبانەی کرد و بەم تەرحە لە زەمانی «ماردووک ئاپال ئیدین» (١٢٢٣- ١٢١١ [پ.م])دا بابلستان تووشی تەهدیدی «ئاشووردان»ی ئاسووری بوو، نیهایەت لە ١٢٠٧ پ.م.دا و لە نەتیجەی ئیختلالێکی سامییەکاندا و لە دوای دەورەی ٥٧٦ ساڵ و ٩ مانگ، کاسای لە ناو چوو. {fn|میستەر کینغ ئەڵێ: ناوی ئاخر مەلیکی کاسای، ڕەنگە «ئی نادین Ea-Nadin» بێ و میستەر سیدنەی سمیت لە «تاریخی قەدیمی ئاسوور» ل ٢٩٤دا ئەڵێ ناوی ئەم حوکمدارە «ئەنلیل نادین ئاخە Enlil-Nadin-Akhe»ە و حکوومەتی کاسای لە سەر تەعەروزی حوکمداری عیلامی، «شوتروک ـ نافخرند» و ئەسیربوونی ئاخر حوکمداری کاسای مونقەریز بوو و لە دوای ڕۆیشتنی عیلامییەکان حکوومەتێکی مەحەللی تەئسیس کرد. بە گوێرەی جەدوەلەکەی سێر سیدنەی سمیت، عەدەدی حوکمدارانی کاسای، ئەبێ ٣٦ بێ.

ساحێبی «تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب» لە لاپەڕە ٣٨٦دا ئەڵێ: ئاخر حوکمداری کاسای، «بەل نادین ئاخی» (Bel-Nadin-Akhi) کوڕی «زامماما شوم ئیدینا» بووە و لە دوای سێ ساڵ حکوومەتکردن تەقریبەن لە تاریخی ١١٨٠ پ.م.دا مرد وەیا کوژرا. لە دوای ئەو لە بابلدا حکوومەتی پاش (Pashe) تەئەسوسی کرد. بە گوێرەی ئەمە، نابێ حکوومەتی کاسای بە تەعەڕوزی عیلامی لە ناو چووبێ، بەڵکی لە دوای غەلەبەی «ئاشووردان»ی ئاسووری بە سەر «زامماما»ی کاسایی، خەڵکی بابل ئیختیلالیان کردبێ و حکوومەتی کاسای مونقەریز بووبێ.}