حکوومەتی لۆللۆ

از کتاب:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
اثر:
محمدامین زکی بیگ (1880-1948)
 2 دقیقه  709 مشاهده

حەیف کە تاریخ هێشتا دەرحەق بەم حکوومەتە و سەرحەد و سنووری، شتێکی زۆر نازانێ. بە گوێرەی وەسائیقی زەمانی «سارغۆن» و «نارامسین»ی «ئاکاد»، ئەبێ ئەم حکوومەتە لەگەڵ «ئاڕافا» و وڵاتی «کاسای»دا هاوحدوود بێ. کە وا بوو، ئەبێ لیوای سلێمانیی ئێستا و ناحیەی هۆرێن ـ شێخان و قۆراتوو و مەنتیقەی زەهاو (= هاڵمان)، وڵاتی لۆللۆی قەدیم بووبێ.

قەومی لۆللۆ لەگەڵ بەشێکی «گۆتی»دا حکوومەتێکی سەربەخۆ بوو، مەرکەزەکەشی بە گوێرەی بەعزێ موئەرریخین، «زیمری» و بە گوێرەی پرۆفیسۆر سپایزەر «ئاراکدی» بووە. عەینی موئەرریخ ئەڵێ: «ئانوبانینی»ی قەڕاڵی لۆللۆ، وڵاتی «هاڵمان = ئەرمان»ی زەوت کردووە، کە ئەمەش تەسادوفی قەڕنی بیست و هەشتەمی پێش میلاد ئەکا. میستەر هۆڵ (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب)، لە دوای «ئانوبانینی» «لاسیراب» ناوێک بە قەڕاڵی لۆللۆ ئەنوێنێ و ئەبێ لە دەوری ئەم قەڕاڵەدا مەشهوور «سارغۆن»ی ئاکاد هاتبێتە سەر وڵاتی لۆللۆ.

ئەم حکوومەتی لۆللۆیە تا دەوری شەلمانەسەری سێیەمی قەڕاڵی ئاسووریش دەوامی کردووە و نیهایەت لە تاریخی ٨٢٨ی پ.م.دا لە تەڕەف لەشکری ئاسوورییەوە داگیر کراوە.