جەمعیات، مەجمووعە و جەرائیدی کوردی

از کتاب:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
اثر:
محمدامین زکی بیگ (1880-1948)
 7 دقیقه  983 مشاهده

جەمعیات

ئەووەڵ جەمعیەتی سیاسیی کورد، «کورد تەعالی و تەرەقی جەمعیەتی»یە و لە ئەستامۆڵدا لە ساڵی ١٩٠٨ی میلادیدا دامەزرا. موئەسیسەکانی، ئەمین عالی بەگی بەدرخانی، فەریق شەریف پاشا، شێخ عوبەیدوڵڵازادە شێخ عەبدولقادری ئەفەندی و زاوای پادشاه موشیر ئەحمەد زولکیفل پاشا بوو. تەقریبەن لە عەینی تاریخدا هەر لە ئەستامۆڵ، «کورد نشر معارف جمعیتی» تەئسیسی کرد و لە «چنبرلی تاش» مەکتەبێکی بۆ تەعلیمی ئەولادی کورد کردەوە. بەڵام ئەم دوو جەمعیەتە زۆری پێ نەچوو لە تەڕەف حکوومەتی ئیتیحاد و تەرەقییەوە لەغو کرایەوە و مەکتەبەکەشی داخرا، بەڵام جەمعیەتی ئەووەڵ بە دزییەوە دیسانەوە لە کۆبوونەوە و سەعیکردن قسووری نەکرد. لە ساڵی ١٩١٠دا لە ئەستامۆڵ «جەمعیەتی هیڤی» لە تەڕەف تەلەبەی کوردەوە تەئسیس کرا و تا شەڕی گەورە دەوامی کرد. لە دوای موتارەکە ئەم جەمعیەتە دیسانەوە کۆ بووەوە و تا تەسلیمبوونی ئەستامۆڵ بە حکوومەتی کەمالییە دەوامی کرد.

لە دوای موتارەکە جەمعیەتی سیاسیی تریش لە ئەستامۆڵدا تەشکیلی کرد و ناوی «کورد ئیستقلال جەمعیەتی» بوو، ڕەئیسەکەی سەید عەبدولقادر ئەفەندی و هەموو ئومەرا و ڕوئەسای کوردی تیا داخڵ بوو. لە دوای بەینێک بەدرخانییەکان لەم جەمعیەتە جوێ بوونەوە و «کوردستان تەشکیلات ئیجتماعیە جەمعیەتی»یان تەشکیل کرد. بێجگە لەمانەش هەر لەم دەورەدا و لە ئەستامۆڵ جەمعیەتێکی تر بە ناوی «جەمعیەتی قەومی کورد»ەوە دامەزرابوو. ئەم جەمعیەتانە تا وەقتی هاتنی حکوومەتی کەمالییە بۆ ئەستامۆڵ دەوامیان کرد و لە دواییدا بڵاو کرانەوە. لە پاش بەینێک بە ناوی «خۆیبوون»ەوە جەمعیەتێکی تر لە خارجی تورکیادا پەیا بوو و تا ئێستا [١٩٣١ی میلادی] لە فەعالیەتدایە.

 

مەجمووعە و جەرائید

وەکوو ئەبینین ئەووەڵ غەزەتەی کوردی لە ژێر عینوانی «کوردستان»دا لە ئەستامۆڵ و لە ساڵی ١٣١٥ی هیجریدا لە تەڕەف مەدحەت بەگی نەتەوەی بەدرخان نەشر کراوە. لە دوای نەخۆشکەوتنی ساحێبی، ئەم غەزەتەیە لە تەڕەف عەبدولڕەحمان بەگی برایەوە لە قاهیرە و جنێف و فولکستۆن و لە لۆندەرەدا نەشر کراوە. لە دوای ئیعلانی مەشرووتییەت دیسانەوە لە ئەستامۆڵدا و لە تەڕەف سورەیا بەگی بەدرخانییەوە دەوام لە سەر نەشری کراوە. لە نوسخەی ئەووەڵیەوە تا سی و یەک لە کتێبخانەی برووسیا [لە ئاڵمان]دا مەوجوودە. «مەجمووعەی کوردستانی» میسۆنەرەکانی «ورمێ» جوێیە.

لە دوای ئیعلانی مەشرووتییەت، لە تەڕەف «جەمعیەتی هیڤی کورد»ەوە مەجمووعەیەکی ئوسبووعی بە عینوانی «ڕۆژی کورد» لە ئەستامۆڵدا نەشر [کرا] و لە دوو نوسخەی ئەووەڵیدا ڕەسمی سەلاحەددین و کەریم خانی زەندی تیا بوو. ئەم دوو نوسخەیە لە ٦ی حوزەیران و تەمووزی ١٣٢٩ [کۆچی]دا و لە تەڕەف عەبدولکەریم ئەفەندی خەڵکی سلێمانییەوە نەشر کرا و لە پاش بەینێک ناوی گۆڕا و بوو بە «هەتاوی کورد» .

مونەوەرین و لاوانی کورد لە دوای شەڕی گەورە زیاتر فەعالییەتیان نواندووە و لە میسر و ئەستامۆڵ و کوردستاندا گەلێ غەزەتەی تریان نەشر کردووە و هەرە بەناوبانگیان مەجمووعەی ئوسبووعیی «ژین» بوو کە لە ١٩١٩ی میلادیدا لە ئەستامۆڵ و لە تەڕەف «حەمزە مەمدووح سەلیم و کەمال فەوزی بەگ»ەوە نەشر کرا. عومدەی نەشریاتی ئەم غەزەتەیە گەیاندن و پێ‌سەلماندنی ئەم دەستوورە بوو: کوردستان ماڵی کوردە. نوسخەی سی و دووەمینی لە جەمادی ئەووەڵی ١٣٣٨ی هیجریدا دەرچووە.

مەجمووعەیەکی نیو مانگیی تریش لە ژێر عینوانی «کوردستان»دا لە تەڕەف بەدرخانی، ئەحمەد عەزیز بەگەوە لە قاهیرەدا نەشر کراوە و دووەم نوسخەی لە ٥ی زیلحەججەی ١٣٣٥ی هیجریدا دەرچووە.

ئەووەڵ غەزەتەی کوردی کە لە سلێمانیدا نەشر کرا «پێشکەوتن» بوو، مانگێ لە پێش ئەووەڵ چۆڵکردنی سلێمانی لە تەڕەف ئینگلیزەوە لە ناو چوو و لە پاشدا (٢ی ئۆغستۆسی ١٩٢٣) لە تەڕەف حاجی مستەفا پاشاوە غەزەتەی «بانگی کوردستان» دەرهێنرا و تا مانگی کانوونی ئەووەڵ ١٣ نوسخەی لێ دەرچووە و ئیتر دەوامی نەکرد. لە دوای ئەمە غەزەتەی ئوسبووعیی «ڕۆژی کوردستان» لە تەڕەف محەمەد نووری ئەفەندییەوە نەشر کرا و ئەم غەزەتەیە بە گوێرەی ئارەزوو و ئەمری حکوومەتی شێخ مەحموود ئەینووسی و تا ٣ی مارتی ١٩٢٣ دەوامی کرد و ١٥ نوسخەی دەرچوو.

لە دوای ئەمە کە شێخ مەحموود دووەم جار سلێمانیی بەجێ هێشت، غەزەتەیەکی تری کوردی بە ناوی «بانگی حەق»ەوە لە ساڵی ١٩٢٣دا دەرچوو و تا نوسخەی سێیەم دەوامی کرد و لە دوای ئەمە «ئومێدی ئیستقلال» دەرچوو، ئەمەش ئەوەندە دەوامی نەکرد و غەزەتەی حەوت ڕۆژە (ئوسبووعی)ی «ژیانەوە» لە تەڕەف حکوومەتی سلێمانییەوە دەرهێنرا (١٩٢٤ی میلادی). ئەم غەزەتەیە لە ١٩٢٦دا ناوەکەی گۆڕی و بوو بە «ژیان» و تا ئێستاکە [١٩٣١] بەم ناوەوە دەوام ئەکا. لە ساڵی ١٩٢٥دا ساحێبقڕانزادە ساڵح زەکی بەگ، مەجمووعەیەکی حەوت ڕۆژەیی بە ناوی «دیاری کوردستان»ەوە و بە سێ زمانی کوردی و عەرەبی و تورکی دەرهێنا و تا ١١ی مایسی ١٩٢٦ دەوامی کرد و لەم موددەتەدا شانزە نوسخەی دەرچوو و زۆری نوسخەکانی تەسویری مەشاهیری کوردی تیا بوو و بەڕاستی هەرە باشترینی ئەمسالی [بوو] و ساحێبی موحتەرەمی زۆر هەوڵی بۆ تەکامولی ئەدا. لە عەینی ساڵدا (١٩٢٥) حاجی موستەفا پاشا «بانگی کوردستان»ی لە بەغدادا دیسانەوە نەشر کرد و لە دوای دوو سێ نوسخە ئیتر دەوامی نەکرد.

لە ١٣٤٤ی هیجریدا سەید حوسێن حوزنی موکریانی لە ڕەواندز بە زمانی کرمانجی غەربی (بادینانی و بۆتانی)، غەزەتەیەکی بە ناوی «زاری کرمانجی»یەوە دەرهێنا، ئەم ڕۆژنامەیە حەوت ڕۆژە بوو، ساحێبە فازل و بەغیرەتەکەی بە ڕەغمی هەموو ئەزیەت و زەرەرێکەوە دەوامی لە سەر کرد و تا ئێستاش [١٩٣١] هەر دەرئەچێ. ئەم فازلە بەهیممەتە بە غەیری دەوامکردن لە سەر نەشری زاری کرمانجی، لە ژێر ئەنواعی عینواندا گەلێ مەباحیسی بەقیمەت و نەزانراوی تاریخی کوردی نەشر کردووە و بۆ تەنویر و تەشویقی لاوانی کوردی عێراق، هیممەت و غیرەتێکی زۆر گەورەی سەرف کردووە و ئەیکا.