شێخ عوبەیدوڵڵا

از کتاب:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
اثر:
محمدامین زکی بیگ (1880-1948)
 10 دقیقه  741 مشاهده

لە دوای شەڕی عوسمانی و ڕووس (١٨٧٧- ١٨٧٨م) لە قەزای شەمزینانیشدا قیامێکی گەورە دەسی پێکرد. مودیر و مودەببیری ئەم حەرەکەتە، مەشهوور شێخی نەقشبەندی، مەرحووم شێخ عوبەیدوڵڵا بوو. ئەم قیامە وەکوو ئەوانی تر نەبوو، لە جیهەت مەبدەء و غایەوە لە قیام و خرووجی ئیسماعیلی سەفەوی ئەچوو واقیعەن:

أ. وەکوو حەرەکەتی شاە ئیسماعیلی سەفەوی، ئەمەش لە ئیختلافی مەزهەب قووەتی سەند،

ب. عەلەمدار و پێشڕەوی هەردووکیان دەروێشان و موریدان بوو،

ج. غایەی هەردووکیان تەختی سەڵتەنەت بوو،

د. موحەریکی ئەووەڵیان جورئەت و دەهای شاە ئیسماعیل، و هی دووەمیان مەزایای شێخ عوبەیدوڵڵا بوو.

ئەگەر ئەحواڵ و تالع موساعەدەی بکردایە و ئەگەر جورئەت و زەکای بڵندی شاع ئیسماعیل لە شێخ عوبەیدوڵڵادا بە تەواوی تەجەللی بکردایە، هیچ شوبهە نییە کە نەتیجەی ئەم حەرەکەتەش هەر وا دەرئەچوو، بەڵام هەیهات!

حەرەکەتی شێخ عوبەیدوڵڵا لە ساڵی ١٨٨٠ی میلادیدا و لە وەقتی هیلاکی و بێ‌هێزی حکوومەتی عوسمانیدا دەسی پێکرد و لە بەر ئەمەی وەکوو حەرەکاتی محەمەد پاشای ڕەواندزی و ئەمیر بەدرخانی جەزیرەیی تووشی موقابەلەیەکی بەقووەتی عوسمانی نەبوو، زوو شیددەت و تەوەسوعی سەند، خەڵکی مەنتیقەی شەمزینان هەموو مورید و موتیعی شێخ بوون و لە خسووس دڕی و شەڕکەرییەوە بەڕاستی لە «نایری»ی جەددی قەدیمیان کەمتر نەبوون. بە ئیشارەتی مورشیدی خۆشەویستیان وەکوو لافاوێکی بەشیددەت ڕوویان کردە وڵاتانی ورمێ (ئۆرمیە) و موکری (= سابڵاخ).

لە تشرینی ئەووەڵی ١٨٨٠دا وڵاتی موکریانی کە هەموو کورد و سوننی بوون و ئیعتیقادێکی بە شێخ بوو، بە سووک و ئاسانی داگیر کرد. خەڵکی موکری، هەموویان بە دڵ و گیان یارمەتیی شێخیان دا و بەرامبەر بە شیعەکان غەزایان ئیعلان کرد. ئەم ئیعلانی شەڕی مەزهەبییە، لە وڵاتی مەراغەدا تەئسیرێکی زۆری بوو و لە بەینی شیعە و سوننیدا کوشتارێکی زۆر ڕووی دا و زەرەری ماڵی و ڕۆحیی شیعە بە تەبیعەت گەلێ زۆر بوو. سەولەت و قووەتی لەشکری موریدان، نەفسی تەورێز (= تەبرێز)يشی خستە ترس و لەرزەوە.

حکوومەی ڕووس (مۆسقۆف) بۆ موحافەزەی وڵاتانی خۆی و مەنعی تێپەڕینی لەشکری موریدان لە حودوود، لەشکرێکی مناسبی کۆ کردەوە و لە سەرحەد داینان. حکوومەتی ئێرانیش بەرامبەر بە قووەتی شێخ عوبەیدوڵڵا قووەتی سوارەی تورکمانی ماکۆ و گەلێ قووەتی تری کۆ کردەوە و تەکلیفی لە حکوومەتی عوسمانیش کرد کە قووەتێک بنێرێ تا بە یارمەتیی هەر دوو لا، بەربەستی لافاوی موریدان بکەن. خولاسە لە دوای بەینێک لەشکری شێخ، لە سێ لاوە تووشی تەعەڕوز بوو و لە دوای شەڕ و دەعوایەکی بەتوول، شێخ عوبەیدوڵڵا ناعیلاج ما و لەگەڵ دەستە و دائیرەیدا گەڕایەوە شەمزینان و تەسلیمی حکوومەت بوو و نێررایە ئەستامۆڵ، موودەتێک لە ئەستامۆڵدا مایەوە، بەڵام هێشتا لە فکری پێشووی وازی نەهێنابوو و لە دوای فرسەتێک ئەگەڕا، تالع ئەم فورسەتەی بۆ حازر کرد و لە ئەستامۆڵ خۆی نەجات دا و بە سەر قەفقاسیادا هاتەوە شەمزینان. بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو حکوومەتی عوسمانی لەشکری ناردە سەری و هەرچۆنێ بوو مەجبووری ئیتاعەت و تەسلیمی نەفسی کرد (١٨٨٣ [ی میلادی]). لە پاشدا چووە حیجاز و لە شاری تائیفدا وەفاتی کرد.

ئەم قیامانەی کە باسمان کرد لەگەڵ حەرەکەتی جان‌پۆڵاد (فەسڵی پێنجەم، مادەی ٢) و ئەمیر خانی برادۆستی و حەرەکەتی تەیموور پاشای میللی و ئەحفادی (فەسڵی ٦، مادەی ٣) و عوسیانی دوایی میللی ئیبراهیم پاشا بە سووڕەتی عموومی ئەڵێن بۆ عەینی مەقسەد و هەدەف بوو، بەڵام هیچیان سەری نەگرت و بێجگە لەمەش زەرەرێکی زۆری بۆ ماڵ و ڕۆحی کورد بوو. ئەگەر تۆزێک باش لەم قیامانە و لە دەوری دەوام و کوژانەوەیان تێبفکرین، ئەبینین کە ئەسبابی موەفەقنەبوونیان لە خارجی زیاتر، لە داخڵی خۆیاندا بووە و هێشتا بۆ ئەم تەرحە ئیشانە پێنەگەیشتووین و لە وەزعییەتی سیاسییەی دەور و پشتمان ئەوەندە ئاگاهدار نەبووین.

واقیعەن جان‌پۆڵاد (میرعەلی) کە لە موددەتێکی کەمدا بناغەی حکوومەتێکی گەورەی دامەزراند، لە وەقتێکدا کە لەگەڵ مەشهوور قۆریوچی مراد پاشای سەدرولئەعزەم تێک هەڵچوو، ئەووەڵ جار تووشی تەعەڕوزی لەشکرێکی گەورەی ٤٠٠٠٠ کەسی کورد بوو و ئەمە بوو بە سەبەبی شکان و لەناوچوونی.

شکانی عەبدوڕەحمان پاشای بەبەش لە دەربەندی بازیان بە تەئسیری خالید پاشای برای بوو کە دەگەڵ والیی بەغدادا موتتەفیق بوو و لە وەقتێکی زۆر تەنگانەدا بەشی زۆری لەشکری عەبدوڕەحمان پاشای تەفرە دا و هێنانیە ناو ئۆردووی کۆلەمنەوە و بەم تەرحە بووە سەبەبی شکان و ماڵوێرانیی عەبدوڕەحمان پاشا. ئەم فەجیعەیە سێ جار لە ساڵانی ١٨٠٥ و ١٨٠٨ و ١٨١٢دا و لە زەمانی والییانی بەغدا عەلی پاشا، لاز سلێمان پاشا و عەبدوڵڵا پاشادا، دوو دەفعە لە دەربەندی بازیان و جارێک لە دەوری کفری ڕووی دا. ئیعلانی سەربەخۆیی محەمەد پاشای ڕەواندزی لە ناو ئەم قیامانەدا مەوقعێکی بەرزی هەیە و ئەگەر باش لێی ورد بینەوە، ئەبینین کە ئەسبابی سەرنەگرتنی ئەم حەرەکەتە:

أ. فەرتەتی تەعەسوب و زۆر ئیعتیمادکردن بە عالمانی لە سیاسەت بەخەبەر

ب. لە ئیتفاق و ئیتحادکردن لەگەڵ ئومەرای دراوسێدا بێ‌موبالاتی

ج. ڕقەبەری و حەسوودی ئومەرای بەبە و بادینان و جەزیرە بووە.

واقیعەن ئەگەر محەمەد پاشا ئەوەندە مەغروور نەبوایە و ئومەرای دراوسێیەکانیشی وازیان لە حەسوودی و ڕقەبەری بهێنایە و لە بەینی خۆیانا ئیتفاقیان بکردایە، بە تەبیعەت حکوومەت زەحمەت دەرەقەتیان ئەهات و بەڵکوو هەموویان موەفەق ئەبوون، بەڵام نیفاق و تەفرەقەی بەینی خۆیان بووە سەبەبی مەحوی هەموویان.

بەڕاستی جێگەی عیبرەتە کە ئیسماعیل پاشای بادینانی کە لە دوشمنایەتیی محەمەد پاشادا قسووری نەکرد و لە وەقتێکدا لەشکری حکوومەت لەگەڵ محەمەد پاشادا خەریک بوون، ئەو بە مەمنوونی سەیری لەناوچوونی محەمەد پاشای ئەکرد، بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو کە عەینی لەشکر هاتە سەری و لە عیمادییەدا گرتیان و قۆڵبەستیان کرد و ناردیان بۆ بەغدا و بەم تەرحە ئیمارەتی سۆران و بادینان لە ناو چوون.

حەرەکەتی ئەحمەد پاشای بەبەش دیسانەوە لە ڕووی غەرەزی و حەسادەتی مەحموود پاشای مامی و عەبدوڵڵا پاشای برایەوە سەری نەگرت و بە نەتیجە ئەم قینەبەری و حەسوودییە ئیمارەتی بەبەشی لە ناو برد.

بێینە سەر ئیختلافی بەدرخان بەگ؛ سەبەبی ئەمیش دیسانەوە هەر داخڵییە و کوردە. واقیعەن لە وەقتێکدا کە ئەم ئەمیرە بەرامبەر بە لەشکری عوسمان پاشا لە شەڕدا بوو، عیززەدین شێری خزمی، لەگەڵ تورکا ئیتفاقی کرد و جەزیرەی داگیر کرد و بە نەتیجە بووە سەبەبی شکان و لەناوچوونی ئەمیر بەدرخان، ئەم عیززەدین شێرەش لە پاش بەینێک ئیختلالی کرد، بەڵام بێ‌فائیدە بوو، چونکە ئەو لەشکری تورکە کە بۆ مەحوی بەدرخان بەگ لەگەڵیا ئیتفاقیان کردبوو، هەر ئەوان لە دوای چەند شەڕێک ئەمیشیان لە ناو برد. دیسان بە تەئسیری ئەم نیفاقەوە بوو کە لە نیوەی ئەووەڵی قەڕنی نۆزدەمینی میلادیدا حکوومەتی عوسمانی بە قووەتی کورد تەنگی بە ئیمارەتی بتلیسیش هەڵچنی و ئاخیر ئەمیری ئەم حکوومەتە کە شەرەف بەگ بوو، موددەتێکی زۆر شەڕی لەگەڵ تورک کرد و سەعی بۆ موحافەزەی ئیمارەتەکەی کرد، بەڵام فائیدەی نەبوو، نیهایەت لە ١٨٤٩ی میلادیدا خۆشی و ئیمارەتەکەشی کەوتە دەس تورک و ئەویش بەم تەرحە و بە یارمەتیی کورد لە ناو چوو. خولاسە ئەم حەرەکاتی مونفەریدەیە یەکە یەکە عەقیم مایەوە و سەبەبی ئەسڵییەشی، نیفاق و حەسوودی بوو. حەتا زاتێکی بێ‌تەڕەف و غەیرەی وەکوو مێجەرسۆنیش لەم خسووسەوە لۆمە ئەکا و ئەڵێ: دائیمەن سەرکێش، نەبەز، مەغروور و دوور لە ئیتاعەت بووە، تەنیا بە شەڕ و دەعوای ناوخۆی شکاوە و لە سایەی ئەمەوە نفووزی موستەولییەکانی زیادی کردووە (بە تەبدیل لە مەزۆپۆتامیا و کوردستاندا، لاپەڕە ٥٥).

بەڕاستی تاریخ ئاوێنەیەکی عیبرەتە و ئینسان و ئەقوام ئەبێ دائیمەن ئیستیفادەی لێ بکەن و لە سەبەبی سەرنەگرتنی بەعزێ ئیش و قیام باش ورد ببنەوە و تووشی عەینی نەتیجە و فەلاکەت نەبن. لە سەرەوە گوتمان کە سەبەبی هەرە ئەساسیی سەرنەگرتنی حەرەکاتی کورد، پێنەگەیشتنیەتی؛ دوێنێ وا بوو، ئەمڕۆش وایە. بۆ پێکەوەنانی ئیدارەیەکی سەربەخۆ ـ باخسووس لەم دەورەدا ـ لە پێش هەموودا دوو شت زۆر پێویستە: عیلم و سەروەت؛ هەر قەومێک کە لەم دوو خەزێنەیە مەحڕووم بێ، سەربەخۆیی چنگ ناگەوێ و هەر هەوڵێکی کە بۆی ئەدا، بە با ئەچێ و زەرەری ماڵی و ڕۆحی بۆی ئەبێ؛ شایەد سیاسەتی عموومییە موساعەدەی بکا و بە مەقسەدیش بگا، [بەڵام] لە غایەکەی خێر نابینێ و ناحەسێتەوە و بە نەوعێکی تر ئەسیر ئەبێ؛ بۆ ئیسباتی ڕاستییەتی ئەم قاعیدەیە میسال زۆرە.