تەشەبوسی محەمەد پاشای ڕەواندزی

از کتاب:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
اثر:
محمدامین زکی بیگ (1880-1948)
 8 دقیقه  1413 مشاهده

تەشەبوسێکی تر لە تەڕەف محەمەد پاشای ڕەواندزییەوە کرا. ئەم ئیمارەتە پچووکە لە ساڵی ١٨١٠ی میلادییەوە لە پاش ئۆغوز بەگ کەوتە دەس مستەفا بەگ، ئەم ئەمیرە لە تەڕەف حاکمانی بەبەوە زۆر ناڕەحەت کرا، لە حاڵی پیریدا کوڕێکی کە ناوی محەمەد بەگ وەیا میر محەمەد بوو، حکوومەتەکەی لە دەس سەند و باوکیشی لەساڵی ١٨٢٦دا وەفاتی کرد. میر محەمەد کە بە میرە کۆرە شۆرەتی بوو، بەڕاستی ئەمیرێکی زۆر ئازا و توند و بەکار بوو، ئەوسافی بڵندی حاکمییەتی جێی شوبهە نەبوو. ئەووەڵەن دراوسێیە پچووکەکانی وەکوو شیروان و برادۆستی هێنایە ژێر حوکمی خۆیەوە و لە ساڵی ١٨٣٠ی میلادیدا ئیعلانی سەربەخۆیی کرد. حاکمی بەبەی حەریری دەرپەڕاند و موڵکەکەی داگیر کرد. لە دواییدا لەشکری کردە سەر هەولێر و لە دوای موحاسەرە گرتی و چووە سەر کۆپری (ئاڵتوون کۆپری) و ئەوێشی زەوت کرد و ئیش و کاری ئیدارەی ئەم شارانەی ڕێک خست و پیاوی خۆی لە سەر دانان. لە دواییدا کۆیە و ڕانیەشی لە حکوومەتی بابان سەند و بەم تەرحە حدوودی حکوومەتی خۆی گەیاندە زێی کۆیە.

والیی بەغدا، عەلی پاشا، بەرامبەر بە قووەت و شەوکەتی میر محەمەد نەیتوانی هیچ بکا و بە ناعیلاجی ئیشەکەی بە شیرینی بڕیەوە و حکوومەتی میر محەمەدی بە ڕەسمی ناسی و ڕوتبەی پاشایی دایە.

محەمەد پاشا لە ساڵی ١٢٤٧ی هیجری (١٨٣١ی میلادی)دا چووە سەر یەزیدییەکانی شەرقی مووسڵ، سەبەبی چوونیشی ئەوە بوو کە ئەمیری یەزیدی، عەلی ئاغای بالکیی بە غەدر کوشتبوو و ئەم عەلی ئاغایە گەورەی عەشیرەتی «ئەلقووشی» بوو. لە دوای کوژرانی مامی، لە لای محەمەد پاشا شکاتی کرد و تەڵەبی حەقسەندنی کرد. ئەمیری ڕەواندز بە لەشکرێکی گەورەوە هات و لە زێی بادینانی (زابی گەورە) پەڕیەوە و هجوومی کردە سەر یەزیدییەکان و کوشتارێکی زۆری لێ کردن و ئەوانەی کە قوتار بوون، خۆیان خزاندە شاخی جۆدی و تۆرعابدین و سنجار و بەعزێکیشیان خۆیان هاویشتە ناو شاخان و دارستانان و بەشێکیشی چوون بۆ مووسڵ، بەڵام حاکمی مووسڵ لە ترسی لەشکری ڕەواندز پردەکەی بڕیبوو، لە بەر ئەوە یەزیدییەکان دەرنەچوون و لەشکری محەمەد پاشا گەیشتە سەریان و لە تەپۆڵکەی قۆیونجقدا موحاسەرەی کردن و لە دوای چەند ڕۆژێک بە سەریانا زاڵ بوو و کوشتنی.

محەمەد پاشا ساڵی دوایی ڕووی کردە جەزیرەی ئیبنی عومەر و ئەو ناوەی تاڵان کرد و لەوێوە چووە سەر قەڵای ئەزخ و لە دوای شەڕێکی قورس لەگەڵ خەڵقەکەی، گەڕایەوە دەوری مووسڵ و سەر یەزیدییەکان و لەو ناوەدا کوشتارێکی زۆری کرد، حاکمی مووسڵ لە بەر بێ‌لەشکری و بێ‌هێزی و شیددەت و دەهشەتی محەمەد پاشا کەوتبووە ترس و لەرزەوە.

محەمەد پاشا ساڵی دوایی ڕووی کردە تەڕەفی عەقرە و لە دوای موحاسەرەیەکی کورت زەوتی کرد و ئیسماعیل پاشای حاکمی ڕایکرد. لە پاشدا چووە سەر زێبار کە بە دەس ئەمیری عیمادییە، سەعید پاشاوە بوو. محەمەد پاشا لە دوای شەڕێکی بەتوول و گەورە سەعید پاشای شکاند و لەو وڵاتەی دەرکرد و مووسا پاشای کرد بە حاکمی عیمادییە؛ ئەم مووسا پاشایە لە عائیلەی ئومەرای بادینان بوو و ڕەقیبی سەعید پاشا بوو و خۆی کوتابووە لای محەمەد پاشا. محەمەد پاشا لە پاش ئیشی عیمادییە و دهۆک، زاخۆشی گرت و مەئمووری خۆی لە سەر دانا و لە هەموو وڵاتانی بادیناندا ئەمنییەت و ئیتاعەتێکی وا پەیا بوو کە کەس نەیبیستبوو، لە ترسی محەمەد پاشا کەس نەیئەوێرا خراپە بکا، ئەم ئەمیرە گەورەیە زۆر دیندار بوو و هیچ حەرەکەتێکی بەبێ فەتوا و ڕای عولەما نەئەکرد و قانوونی ئەو، قورئانی عەزیموششەئن و شەرعی شەریف بوو. وەکوو مێجر لونگریک ئەڵێ: زەبت و ڕەبت و ئەمنیەت و ڕاحەتی وڵاتی پاشا کۆرە، نامەسبووق بوو و بە تەواوی، عەکسی وڵاتانی دراوسێی وەکوو بەغدا بوو کە بەڕاستی لە قانوون و شەریعەت مەحرووم بوو.

لە دوای زاخۆ دیسانەوە ڕووی کردە جەزیرە و حەسەنکێف و جەزیرە و بەدرخانەکانی خستە ترس و لەرزەوە. ماردین و نەسیبینیشی تەهدید کرد. لە پاش گەڕانەوەی خەڵکی عیمادییە، مووسا پاشایان دەرکرد و دیسانەوە سەعید پاشایان لە جێی دانایەوە و ئەم خەبەرە گەیشتە محەمەد پاشا و سەرلەنوێ بە لەشکرێکی زۆرەوە ڕووی کردە دەوری مووسڵ و خەڵقی ئەم شارە کەوتنە ترس و لەرزەوە. بەڵام محەمەد پاشا تەعەڕوزی نەکردە شارەکە و ڕووی کردە عیمادییە و سێ مانگ موحاسەرەی کرد و لە دواییدا شارەکە تەسلیم بوو و سەعید پاشایان تەسلیمی پاشا کوێرە کرد. محەمەد پاشا جەزای بێ‌ئیتاعەیی ئەهالیی بە شیددەت دا و زۆری لێ کوشتن و لە پاشدا ڕەسووڵ بەگی برای کرد بە حاکم بە سەریانەوە و عیمادییەی ڕەبتی ڕەواندز کرد.

لەم بەینەدا موتەسەڕیفی مووسڵ، محەمەد پاشا لە نەبوونی میرە کۆرە لە ڕەواندز، ئیستیفادەی کرد و ویستی مەرکەزەکەی بگرێ؛ واقیعەن وەکیلی میرە کۆرە، ڕەشید بەگ کشایە شاخەوە، بەڵام لەشکری مووسڵیش گەڕایەوە.

لەم بەینە حکوومەتی عوسمانی، سەدرولئەعزەمی پێشوو و والیی سیواس، مستەفا ڕەشید پاشای بۆ تەسکینی ئەو ناوە مەئموور کرد. والیی بەغدا و موتەسەڕیفی مووسیڵش ئەمری یارییەدانیان وەرگرت. مستەفا پاشا دەسی کرد بە لەشکر کۆکردنەوە. محەمەد پاشای ڕەواندزیش خۆی کێشایە مەرکەزی خۆی و ئینتیزاری وەزعییەتی ئەکرد.

لەشکری مستەفا پاشا بە سەر جەزیرە و زاخۆدا هاتە مووسڵ و لەوێ لەگەڵ لەشکری ئینجە بایەقداردا ڕوویان کردە ڕەواندز و لەشکری بەغداشی پیا گەیشت و لە دەشتی حەریردا هەڵیاندا. کۆر محەمەد پاشا، گەڵی عەلی بەگی گرتبوو و تێپەڕین لەم دەربەندە سەختە عادەتەن مومکین نەبوو. مستەفا ڕەشید پاشا کاغەزی بۆ محەمەد پاشا نووسی و گەلێ تەئمیناتی بە شەرەفی خۆی دایە و لە حاڵی دەخالەتیا عەفوی کردن و ناردنەوەی بۆ جێگەی خۆی پێ وەعد کرد {fn|بە گوێرەی ڕیوایەتێکی تر، ڕۆژی جومعە خەتیبی ڕەواندز کە یەکێ لە عولەمای مەشهوور بوو، لە خوتبەکەیدا باسی بێ‌شەرعییەتیی شەڕی لەگەڵ ئۆردووی خەلیفەدا کرد و لەشکری محەمەد پاشای سارد کردەوە. محەمەد پاشا لە دوای ئەمە چوو تەسلیم بوو. سەلابەتی دینییەی، مانعی شەڕکردنی بوو.

لە ڕیسالەیەکی دەسخەت کە لە خاتیراتی باش عالمی قەزای ڕەواندز خەیلانی حاجی عومەر ئەفەندی‌زادە ئەسعەد ئەفەندی ئیستنساخ کراوە، ئەڵێ: جەددی ئەم عائیلەیە کە «خەتی ئەفەندی» بووە، لە لای محەمەد پاشا زۆر موحتەڕەم بووە و ئەو نەسیحەتی محەمەد پاشای کردووە کە بچێ تەسلیم بێ و خۆشی لەگەڵیا لە سەعات شەشی شەودا چۆتە لای سەدرولئەعزەم، ڕەشید پاشا.} . لە سەر ئەمە محەمەد پاشا نەیویست خوێن لە بەینا بڕژێ و لە سەر قەول و بڕی مستەفا ڕەشید پاشا، هاتە ئۆردوو و تەسلیم بوو. واقیعەن ڕەشید پاشا ناردیە ئەستامۆڵ و لەوێ عەفویشی بۆ سەند و موساعەدەی کرا کە بگەڕێتەوە بۆ ڕەواندز، بەڵام لەم وەقتەدا مستەفا ڕەشید پاشا وەفاتی کرد. عەلی ڕەزا پاشای والیی بەغدا کە ڕەقیبی ڕەشید پاشا و دوشمنی محەمەد پاشا بوو، دەسبەجێ نووسی بۆ ئەستامۆڵ کە ئەگەر محەمەد پاشا بێتەوە ڕەواندز، ئیتر ئیدارەی حکوومەت زەحمەت ئەبێ و گونجایش نامێنێ. لە سەر ئەمە ئەستامۆڵ دەسبەجێ تەتەرێکی لەگەڵ فەرمانی کوشتندا نارد بە دوایا و لە سیواس گەیشت و لە تەڕەف والیی سیواسەوە ئەمری ئیعدام بەجێ هێنرا .

لە دوای محەمەد پاشا موڵکەکەی بەرەبەرە کەوتە دەس تورک و ئیمارەتەکەی ڕەواندز بە تەواوی لە ناو چوو. بەم تەرحە شەوقی سەڵتەنەتی میرە گەورە کە لە زەرفی چوار ساڵدا لە حدوودی ئێرانەوە تا سنجار و حەسەنکێفی ڕووناک بووبووەوە، بە چاوەوە بوو و کوژایەوە. زۆر ڕەنگە ئەگەر ئەم ئەمیرە جەسوور و قەههارە ئەوەندەی ڕیعایەتی شەرعی ئەکرد، موڕاعاتی سیاسەتیشی بکردایە، لەم تەشەبوسەدا بە تەواوی موەفەق ئەبوو و حکوومەتێکی بەتوول و سەربەخۆی دائەمەزراند.