بڕووخێ ئۆقرەی بەندەرەکان

از کتاب:
ببن بە تیشک
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 1 دقیقه  503 مشاهده
لە باخەڵما.. ئۆقرە دەگری.. وەک کەروێشکێ
پەنجەی یاریم.. ئارەزووەکانت.. دەپێکێ
لەسەر سنگم.. خەوی لەزەت دەتباتەوە و
بەچی دەچێ
کە من لە ناخەوە ئۆقرەم..
لە بێ ئۆقرەییدا بگری!!!
***
ئۆقرە دەگریت و دەگەیتە.. هیواکانت
بەڵام گرێکانی ناو من
بەخۆ خواردنەوە دەمگوشن
وردم دەکەن.. دەمهاڕن.. ئەنجن بە ئەنجن
بەم گەردوونەدا.. دەمپەخشێنن
وەک ستارەی وردی کاکێش
گرێکانم دەبەن بۆ ژان.. دەبەن بۆ ئێش
***
تۆش وەکو هەموو ئەوانەی
لەزەتەکانیان «سنوور»ی و خۆ بۆخۆیین
«هیوا»کانتان، ماسییەکی گوێ بەندەرین
ئێوەی کە بۆ بەندەر ماڵین
نەفامییە/ساکارییە/گێلییەکانتان..
تۆڕێکی وردی گوناهین
دەتانبەنەوە بۆ ئۆقرەی بەندەرەکان.
ماسیی هیواکانی منیش
لە حوکمی بەندەردا.. دەرچوون.
هەتا زووە.. دەستم لێ بشۆ.. ئەی خاتوون
تازە کەس نییە بتوانێ
بمگەڕێنێتەوە بەندەرە
ساختە/کۆنە/ وشکەکانتان
هەر ڕووبارێک دەبم هەرچی خەمتان هەیە
وەکو یاقووت دەیگرمە بن
تا دەیانکەمە «سەرمایە»ی
بنکەی لاوانی لەمەولا.. دەستپێکردن