10

از کتاب:
ئەڵوەن
اثر:
احلام منصور (1951-2013)
 33 دقیقه  1321 مشاهده

ئامە ئەوەندە بەناخی یادەکانی خۆیدا چووە بووەوە و ئەوەندە بەزەیی بە فاتەی دایکی مچەدا دەهاتەوە، خۆی پێ نەگیرا و بەبێ دەنگەیەوە فرمێسک لە چاوانییەوە دەهاتە خوارێ... چونکە زۆر بە دڵنیایییەوە دەیزانی «فاتە» کڵۆڵ و بێ کەس بووە و لە ماڵی حەسەن ئاغادا هەزار پەت پەتییان بەسەردا هێناوە... یادەکانی ئامە ئەوەندە سەخت و قورس بوون هۆشی پێ نەهێشتبوو.لە پڕ بەدەنگی مچە ڕاچەڵەکی کە مچە پێی وت:

- ئامە... دەس توو و دەس من هەر دووگیان تێکەڵاو خوینن!!. تێکەڵاوی خوێن و خوڵن... من دایگم کوشتم و نامەی ناو چاڵ... تووش زووڵیگ خستیدە ناو چاڵ... توو مڵاڵیگ کوشتید منیش گەوراییگ کوشتم... ڕوح هەر ڕوحە فەرق نەیرد... ئەگەر گەورا ئەگەر بویچگ عار هەر عارە... توو عار ئەو دوێتە وە خۆڵ پوشید وە دەس خۆد... منیش عار دایگم وەی دەسە پووشیم... من دی نێترسم... کی دیرم تا بترسم لەلێ؟ لە کی بترسم؟.

ئەم قسانەی مچە ئامەی لە دنیای کوێرەوەری فاتەوە گواستەوە بۆ دنیای ڕەش و بەدبەختی باوکی مچە کە پێش مردنی دەردە دڵی خۆی بۆ ئامە دەگێڕایەوە:

- ئامە... دەبینی ئێستا ئیفلیج و کوێر و زەلیل بوومە.... ئەم ژنەم... ئامە ئەم ژنەم... خۆ تۆ ئەزانی بەدڵی خۆم نەمخوازتووە... من شارەزووریم و ڕامکردووە وا لێرە نیشتەجێ بووم... بوومە شوان... گاوان... پاشان کردمیانە باغەوان... ئامە من شەو و ڕۆژم لەناو باغەکەدا دەمبردە سەر... گەلێ شەوانیش لە خانە باغەکاندا دەخەوتم... ئامە... ئای.

ئامە... ئاغای لە خوا نەترس هەر بەزەیی لە دڵیا نەبوو... نەی دەوت بەم زستانە سەرمای دەبێ... جانەوەر دەیخوا... ڕەنگە مەبەستی نەبوو بێت بیرم لێ بکاتەوە... خۆ لە سەرێکیشەوە حەقی بوو... ئەوەندە ئیشی زۆر بوو کێی وەبیردەکەوتەوە. سەری لێ تێک چوو بوو... پێنچ ژن... دە دوانزە کارەکەری جوان... میوان و قاچاغ چی و قومسێر و قایمقام... مەحکەمە و مەحکەمە کاری و ژن خواستن... حەقی بوو کەسی لەبیر نەبێ...

ئەوەندە ماندوو دەبووم خەوبینینیش ڕوی تێم نەدەکرد، تەواو شەکەت و بێ تاقەت دەبووم... باغێکی پان و بەرین... ئامە دەبوایە بژار و چیلکە کۆکردنەوە و دێراو دروستکردن و ئاودانی باغەکە بە تەنیا من بمکردایە... ئامە دەبوایە ئەو ڕۆژانەی ئاغا میوانی بهاتایە و دەعوەتی قایمقام و ئاغاکانی تری بکردایە... ئیتر ئەو ڕۆژە وەک ئاو ڕوشن کەرە بێم و برۆم هەر ئەم سەر و ئەو سەریان دەکرد... ئامە ئیتر چیت بۆ باس کەم و سەرت بێنمە ژان... ئەمە هەمووی لەبەر... لەبەر پاروویێ نان و سڕەکەم دەپۆشێت... نەم دەوێرا هیچ بڵێم یا سەری خۆم بۆ شارێکی تر هەڵگرم... ئامە شەوێک فریا نەکەوتم بگەڕێمەوە بۆ «خانە باغ» زۆر هیلاک بووم و لە چێشتخانە خەوتم... بینیم فاتە هات و فانووسەکەی داگیرسان ئیتر خەو نەچووە چاوم... فاتە لەبیری چوو قاپی چێشتخانەکە ببەستێت ویستم جگەرەیەک دابگرسێنم گوێم لە هاوارێ بوو، لەناو کادانەکەدا بەرز بووەوە و منیش بە پەلە چوومە ناو کادانەکە... ئامە... چاود نەدویند... بینیم ئاغا خەریکە بەنە خوێنەکەی دەبەستێت و فاتەش دەگریی، ئاغا منی بینی، فاتەی بەزۆر دەرکردە دەرێ بەپێ لەقە جێ گەوزەکەیانی تێکدا... حەپەسام... ئامە حەپەسام... بەیەک دوو دەقیقە ژێر دەس و ڕەنجبەرە و پیاوەکانی ئاغا، ئاگرەکەیان کوژاندەوە ئیتر ئەو شەوە کەس بەکەسەوە نەبوو کەسیش نەیپرسی چۆن کادانەکە سوتا...

من زانیم ژنەکانی زانییان... بۆ... یا چۆن سووتا... بەڵام قسەیان نەکرد نەوەک حەیایان بچێت... ئامە... گوایە ئاغا ژن و ئاغا لە ئاسمانەوە هاتوونەتە خوار... هەڵە ناکەن... ئاغا خوایە ئەگەر بڵێ «کون فە یەکون» ئامە سەرت نەیەشێنم... پاش ئەو شەوە شوومە دوای ئەوەی کادانەکە سووتا و کچێنێییەکەی فاتە پژا... خەڵکەکە بەرەو کار و کاسبی خۆیان ڕۆشتن و ژنەکانی ئاغاش دەمی خۆیان کلیل دا و... تەماشای یەکتریان دەکرد و بەچاو قسەیان لەگەڵ یەکتر دەکرد... منیش لە دوورەوە لە زۆر شت حاڵی بووم و زۆر شتی سەیرم دەبینی... بەڵام ئامە ناوێرم هیچ شتێک بڵێم... چوار ژنەکەی ئاغا لە جەنگێکی بێدەنگی هەمیشەییدا بوون... هیچیان حەزی لەوانی تریان نەدەکرد و لە ئاستیانا لووتی بۆ ئاسمان بەرز دەکردەوە... ئاغاش بە درۆ و دەلەسە لەگەڵ هەر چواریاندا ڕەفتاری دەکرد، ڕۆژێک گوێم لێ بوو ئاغا بە ژنە گەورەکەی وت: توو گەورای گشتیان و دایگ کورەگانی توو ئەسڵیت ئەیانە چەن؟ گشتیان خزمەچین لە ژیر دەسد هەروەها گوێم لێ دەبوو بە ژنە دووەمەکەی دەوت: ئەگەر خاس بیاتاد توو نە ئەخوازیمە بانی پیر بییەس وەکار چەتێد؟

خوڕف بییەو، چەوەت گووش مەتکن... دوو چاود نادەمە دونیا...

ئامە... هەروەها دەچووە لای ژنی سێهەمی و دەیوت:

- ئەوانە لە کوورە و توو لە کورە؟ من پشت وەتوو بەسیمە لە گشتیان عاقڵ ترید...

خاس کەید گووش نێتەکنید و گفت ناکەیدو وە گلیان ووسکتید... ئا... عافەریم... وسکد بوون ئەرای ژن خاسە... ژن گەرەگ قورس بودو هو سکوت بودو گران بود... ئا ئەوانە بی حەیان، حەیاو حورمەتیان نییە... توو... ئەقڵ توو گچشتی تێر زد وەی دونیایە تێرزد...

توو چەیژید؟ نا دوینید وە ختیگ کردەوەییگ بادە سەرم تێمە لادو وە قسەی توو کەم و وە قسەی ئەوان نێکەم و چە هەس وچە نییە «چک و فک» ئەراد ئیژمەی ودەرد دڵ خۆم ئەراد ئیژم... ئەوان قاسەی پارەگەم توان بەس توو بیدەسە قاسەی گشت سڕوتڕم...

کوڕەگانم خوێڕین... پشتم نەوەسامەسە پییان بەس پشت وەتوو وە سامەس هەر چەند قاقەزو سەنەدو پارە هەس لە ژیر سەرنگیاگەدە... خۆد تەنیا زانید قاسەگەم ها لە کوورەو چەنیگ سەرمایە دیرم... دوای ئەوە وەختێگ مرم توو لە جیاتی من دەس بنە بانی......

ئەوانە چەن!!.

ئامە پێت سەیر نەبێت کە دەچووە لای ژنە بچکۆلەکەی کە تازە خواستبووی و کچە ڕەنجبەرێکی خۆی بوو و بە زۆر و بە پارە بە دەستی هێنابوو... وا بزانم پەنجا دیناری دابووە باوکی کچە... بەو دوایێیە هەر دەچووە لای ژنە بچکۆلانەکەی، تا لەویش تێر بوو، ئیتر... ئێ ئامە چیت بۆ باس بکەم... نازانم ئامە.نازانم چیت بۆ باس بکەم؟ ئەگەر چی حەز دەکەم خۆم خاوەنی نهێنییەکانی خۆم بم، بەڵام هەست دەکەم شتێک هانم دەدات هەندێ ڕاستیت بۆ بدرکێنم، ئامە من بێ کەسم... خەڵکی ئەم ناوچەیە نیم... شارەزووریم و... کارێکم لە دەست قەوماوە و هاتوومەتە ئێرە... ئامە تۆ گشت کەسێکی...خوشکمی...

دایکمی... کچمی... شەوێکیان ئامە زۆر ترسام... لە خانە باغەکە خەوتبووم، نیوەی شەو لە دەرگا درا... زۆر ترسام وام زانی پۆلیسە... هیچ دەنگم نەکرد...دووبارە... سێ بارە...

بەتوندی لە دەرگادرایەوە، دەنگێ بەرز بووەوە: «نەترس قاپییەگە بکەرەو». منیش کە زانیم ئاغایە و پۆلیس نییە دەرگاکەم کردەوە و... ئاغا پەشۆکا بوو... بێ ئەمسەر و ئەو سەر وتی:

- زانید کوشتن توو وەک کوشتن سەگە.

حەپەسام... ئاغا دەستی بردە ژێر پشتوێنەکەیەوە، دەمانچەکەی دەرهێنا و وتێ:

منیش وتم: بەڵێ ئاغا.

وتی: بەیانی دوو بەیانی حاکم میوانی کەم و موڵاو قایمقام و پیاوە گەوراگان، گەرەگ باغەگە پاک بکەیدو کەلپەلد ئاڵشت بکەید چونکە مارەی فاتە ئەراد بڕم... من وە حاکم و قایمقام و عالەمەگە ئیژم ڕەنجەبەرەگان وەک کوڕ خۆمن خۆم ژن ئەرایان خوازم... سویر ئەراد کەم وە عمر خۆد چشتیگ وەها وەچاو خۆد نەدیدە.

نەموێرا هیچ بڵێم... دەمانچەکەی نزیکم کردەوە، بێ بیرکردنەوە وتم:

- ئاغا ئەمر دەکەی.

ئامە، ناو باغم پاک کردەوە... ئەسکە مبیل و کەرەویتە و مێز و کڵۆپی سەیار ئەو ناوەم کرد بە بەهەشت، ڕەنجبەرەکان هاتن و سەیریان دەکردم و تێنەدەگەیشتن کە چۆن ئاغا بەم جۆرە ژنم بۆدەخوازێت، هەندێ ڕەنجبەری ئاقڵ تێگەیشتبوون مەسەلە چییە، لابەلا تەماشایەکیان دەکردم... ئەوەی تێنەدەگەیشت چاوی لێم زەق دەکردەوە، بە دەستی بوایە خوێنمی دەخوارد و پێی دەوتم:

- دی چەتواید بیدە سەکوڕە گەوراگەی ئاغا... بزانین بەیانی دوو بەیانی ئەرا کوڕەگەی وەها کەد؟!

ئامە، یەکێ لە ڕەنجبەرکان دەیوت:

- بەس خۆم لەی کارە سەرم دەرچد... بەس چە بیژم ئاخ و داخ منیش زوانم نییە قسە بکەم.

یەکێکی تریان دەیوت:

- دی چەتوای وە بەڵاش ژنیش ئەراد خوازریا؟! ئێمە گەرەگ چەند سەد دینار خەرج بکەین ئەمجا ژنیگ کەفدە دەسمان یا نێکەفد...

ئامە ئیتر لە بەینی خۆیاندا هەر لەم قسانەیان دەکرد هەر یەکە و شتێکی دەوت منیش ورد و باریک گوێم لە هەمووی دەبوو.

- بەس خودا زاند ئەیە بن و بنچینەی چەس.

- نە قالە کوڕ خاسیگە، کاروبار باغە گەوراگەی ئاغا وەڕی خەد.

- نەنە... سڕیگ هەس لەناو ئەی باسە... چەنی فکر کەم و سەرم ئەی لاو ئەو لا بەم و تێرم...سەرم لەلی دەرنێچد.

- بەس من وەی سڕە زانم... زانم و نایژم... زانم و نایژم... زانم و...

- ئەرا نایژید؟... بیژ بیژ... ئیمە سەر لە لیمان شیویاس... بیژ ئەرائیمەل ئەرا وەها ژن نەخوازێ؟ ئەرای ئیمەل ئەرا ڕۆژیگ فکر نەکرد بیژد کوڕم ئێوە ژندان هەس نییە ماڵ ومڵاڵدان هەس نییە؟ ئاخر بیژ...

- زانم و نایژم.

- ئامە ئیتر ئەو ڕۆژە پێش ئەوەی ئاغا و میوانەکانی بێن ڕەنجبەرەکان لەناو خۆیاندا هەر سەرگەرمی دەمەتەقێ بوون، یەکێکیان دەیوت:

- ئەگەر چیمنە لای ئاغا وە تیمەنە پی... هەر ئیژدید بەس من سەرم لەی کارە دەرچدو زانم و نایژم...

- ئەگەر پیاون ویرن نزیک ئاغا بوون، بفەرموون بچن بیژنەپی...

- ئەهوو... خو دی گشتمان وەک سەگ لەلی ترسیمن بەس چە بکەین ماڵ و مڵاڵ دیرین... چوین ئیوەتیان بکەین ئەگەر کار نەکەین ئەرای؟ بچین لەلای کی شکات بکەین قایمقام؟ هە، گ ڕۆژێ میوان ئاغاس مەعاون؟ هە... گشت ڕۆژیگ میوان ئاغاس...

بەلەدییە؟ هە... شەود ڕۆژ هەر ئاغا گڵۆب و ئاوکیشد... بچین شکات لەلای کی بکەین؟

- بکوژینەی.

- ها...

- کی وە ئێوە تمان کەد؟

- خۆمان زەوییەگە لەناو خۆمان بەشکەین.

- ئنجا حکومەت کەی ڕیگە دەد؟ گشتمان گریەین و حەپس کریەین و ماڵ و مڵاڵمان لەورسگی مرن... مڵاڵەگانیشمان وەک خۆمان بەدبەخت و ئاخر شەڕ بوون.

- کەمیگ ئەقڵدان بارن وەسەر خۆدان ئەرا دڵدان هەڵنێگرد قالە ژن خوازد چەس؟

دوای دوو ڕوژ دەوڵو زوڕنا تێرن ئیمەش بامەیە و برنج و ئاش و شامی و کاڵک و وەفر کەفدە ژێر دەسمان... وە خێر قالە سێ ڕوژ ئیمە کار نێکەین و خۆمان و ماڵو مڵاڵمان دەسمان گەفدە ناو ڕوین...

- چەند کاوڕ سەر بڕیەد؟... ساڵیگە گوشت نەخواردمەس لەو عەیدە نەوود.

- کوورە مامریش خۆین.

- وەڵڵا ئێمە بەدبەختین، سەر مامر و کاوڕ ئەرا حاکم و قایمقام و ئاغاگان بووڕیەد...

ئاخر شەڕەگان ئیمە سووقانەگەش نێکەفدە دەسمان.... ئاغا بەس ئەوە زاند هاوار بکەدە بان سەرمان و بیژد:

- بان ئەی سووقانەیلە بخەنە وەردەم سەگەگان.

- وەڵڵا باوە ڕاس کەی، دەم خۆش سەگەگان قەدر و حورمەتیان لەلای ئاغا ئەفەندی لە ئیمە زیاترە... ئەویش ئەرا ڕا و خۆێ...

- زانی ئەرا؟ نەک ئەرا سەگ وەفا دیرد... بەشکەم کاری وەسەگەگان کەفد وە گەل خۆی بەدەیانە ڕاو...

- بەسە دی... بیلا بوڕیمنەوەی، چەبوود بیلا بوود فاتە دریەدە قالە نێدریەد وەئیمە چە...

حەز کەید باغە گەوراگەش وەناو قالە بنویسندەو وەئیمە چە!.

- بەس لە هویردان نەچد بەس منزانم ئەرا ئاغا فاتەدا وە قالەو وەی جوورە سویر ئەرای کەد.

- حەمە بژنەف... ئیسە گشتمان... ئەگەر جاریک تر ئەی قسەیە دووبارە بکەید وە بێڵ و قوڵنگە کەفینە گیاندوو کوت کوتد کەین و زوانیشەد بڕین و بەینەدە وەردەم ئاغاو ئیژینە پی «ئاغە حەمە بوخت وە پید گەد».

ئامە، سەرم لەوە سووڕ نەمابوو کە ئەم گشت قسەی ڕەنجبەرەکان و سەرنجەکانیان هەموو هەر ڕووبەڕووی منەو جۆرێکی لەتانە. لەبەر ئەوە بێدەسەڵات بووم وناچار بووم نەمئەتوانی هیچ شتێک بڵێم... من کە قەبوڵم کردبێت فاتە بخوازم، دەبوایە قەبوڵی ئەو سەرنج و تانە و توانجانەشم بکردایە... بەڵام زۆر دەربەستی ئەوە دەهاتم کە ڕەنجبەرەکان هەموو شتێکیان دەزانی و وریا بوون... دەیانزانی ئاغا هیچ نییە ئەگەر ئەمان نەبن...

باوەڕیان بە خۆیان هەبوو، لەناو یەکدا پشتگیری یەکتریان دەکرد و بۆ یەک دەسووتان و یارمەتی یەکتریان دەدا... هەتا ئەو ڕۆژە کە گوایە مارەی فاتە لە من دەبڕن، یەکێک لە ڕەنجبەرەکان وتی: با ئاغا بکوژین و زەوییەکانی لەسەر خۆمان دابەش بکەین.

دەیانزانی ئاغا ڕەنجی ئەمانە دەخوات و خۆی هیچ نییە و لەسەر شانی ئەوان و بە ئارەقی ناوچەوانیان ئارەزووەکانی خۆی بەجێ دێنێت جا ئامەڕەش، سەیر ئەوە بوو لەگەڵ ئەوەی کە ئەو هەموو شتەیان دەزانی و زۆریش لە ناخەوە ڕقیان لە ئاغا دەبوو، کەچی هیچیان نەدەکرد، لە هەموو ئەمانە سەیر تر هەر کە ئاغا دەرکەوتبا هەموویان ڕەنگیان زەرد هەڵدەگەڕا و هیچیان پێ نەدەوترا جگە لە «ئاغا ئەمر کەید...بەلی ئاغا... وەبان چاو ئاغا... گچشتی لە ئۆغردە».

ئامە بە بێ دەنگی سەری داخستبوو ورتەی لێوە نەدەهات.

مچە لەم بێ دەنگییەی ئامە ڕەش سەرسام ببوو ئامەیش هەر حەپەسابوو، بەبێ ئەوەی سەیری یەکتری بکەن یا قسەیەکیان لە دەم بێتە دەر یەکتریان جێ هێشت.

مچە بەدەست و پێ خوێناوییەکەی و چاوە زەقەکانی بە تووڕەیی و پەشۆکاوییەوە بەو شەوە زەنگە ڕیی کونجەکەی خۆیانی گرتە بەر...

ئامەش خۆێ و یادەکانی لەگەڵ فاتەی دایکی مچە و قالەی باوکیدا ڕووی کردە باریکە ڕێگاکەی کە بەسەد تاسە و هەڵئەنگووتن دەیگەیاندە ماڵەکەیەوە.

***

رەنگە هیچ شەوێک تەمەنی تاریکی و بێ دەنگی لە ژیانی ئامەدا ئەوەندەی ئەم شەوە درێژ نەبووبێ، نەتاریکی کۆتایی دەهات و نە دەنگێک دەبووە مایەی ئەوەی بێ دەنگیی ئەم شەوە سامناکەی نەختێ بڕەوێنێتەوە... لە سەرەتادا هیچ شتێکی تایبەت و دیاری کراو بە مێشکیدا تێ نەدەپەڕی، هەموو شتێک بە بچڕ بچڕی و تێکەڵی بە بەر چاویدا ڕادەبوورد.

لەپاش نەختێک حەسانەوە و ئارام گرتن کەوتە بیکردنەوە و ئەم ڕووداوانەی وەک فیلمی سینەما هاتنەوە بەر چاو...

فاتە بێ دەسەڵاتە و ڕەنگی تێکچووە و دەپاڕێتەوە و بریندارە.

مچە بە پەلە گۆڕ هەڵدەکەنێ و بۆڵە بۆڵیەتی و دەمی کەف دەچەڕێنێ و فاتە لە کادانەکەدا لە حەسەن ئاغا دەپاڕێتەوە، بەسەر دەست و پێیدا کەوتووە، پەڕۆی مناڵانی هەر چوار ژنەکەی ئاغا دەشوات و بە کوڵ بۆ کڵۆڵی خۆی دەگریێت، بۆڵە بۆڵ بەسەر قالەی مێردیدا دەکات و ئاواتە خوازی مەرگی مێردەکەیەتی... فاتە دارچین بۆ مچەی کوڕی دەکوتێ تا ئیشی ناترییەکەی پێ جێبەجێ بکات... مچە لە ڕوی تانە و توانجی مناڵاندا سەری داخستووە و بێدەنگە... فاتە جارێکی تر دەگرێ و دەستی پاڕانەوە بۆ ئاسمان بەرز دەکاتەوە... حەسەن ئاغا بەنە خوێنەکەی دەبەستێ.... هەزار وێنەی تێکەڵ و پێکەڵی تر.

ئامە خەوی لێ زڕا بوو... هەرچی ئەم لاو ئەولای دەکرد خەوی لێکەوێ بێ سوود بوو، هەوڵی دەدا بیری بچەقێنێتە شتێکەوە تا ئەمانەی لە بیر بچێتەوە... هەر بێ سوود بوو...

پەنای بردە بەر تلیاک... هەر لەگەڵ یەک دوو مژدا تەمەنی گەڕایەوە بۆ ئەو ڕۆژەی کە قالە باسی لەدایکبوونی مچەی بۆ کرد... سەیر بوو... تلیاک ئەو کارەی بینیبوو ئامە هەر وەک ئەوەی ئەمشەو گوێی لەو قسانەی قالە بێ جار جارێ وەک بڵێی قسەی پێ دەبڕێ و پرسی پێ دەکات ئاوها لە بێدەنگییەوە بۆ پرسیار دەچوو...

(ئامە... چیت بۆ باسکەم... پاش ئەوەی فاتەیان بۆم گواستەوە لە خانە باغەکەدا ژوورێکی جوانیان بۆم دروستکرد!! ژوور هە. ئامە...ژوور...لە ڕاستیدا خان بوو... ئامە خان... هە... هەموو شەوێ قاچاغ چییەکان قاڵی و سنووقە چایان دەهێنا و دەبرد و لەوێدا مامڵەت و حیسابی خۆیان دەکرد... زۆربەی شەوەکان ئاغا بە کڵاشەوە دەهاتە خانە باخ...

بەشەو لەگەڵ قاچاغ چییەکان کڵاش و بە ڕۆژیش لەگەڵ قایمقام و ڕەئیس بەلەدییە پێڵاوی لە پێ دەکرد... شەو هەتا بەیانی حەرەسی فاتە بووم... زۆر هیلاک دەبووم... ڕۆژێکیان ئاغا وتی:

- مناڵەکان بێ فاتە ئیدارە ناکەن...

هەر لە ماڵە گەورەکەی خۆی لە حەوشەکەدا ژوورێکیان بۆم خاڵی کرد، هەندێ شەو ژنە گەورەکەی ئاغا وای دەزانی لەلای ژنە بچکۆلەکەیەتی لە ڕاستیدا لەلای هیچیان نەبوو...

ئاغا دەهاتە ژوورەکەی ئێمە، ئیشێکی بۆمن دەدۆزییەوە و بەلایەکدا دەیناردم و... نەم دەزانی چی بکەم... ڕوو لە کوێ بکەم؟ نەمدەتوانی بەرەو شارەزوور بگەڕێمەوە...

دەیانکوشتم... لە دەستی ئاغاش ڕزگارم نەدەبو، پیاوەکانی... پۆلیسەکان... قایمقام و قاچاغ چییەکان، لەمانە سەیرتر فاتە حەزی لە ئاغا کردبوو... ئەگەر دوو سێ ڕۆژ جارێک دیار نەبوایە منی دەناردە دوای... دەمویست قسە بکەم، کەچی بە ئاغای وتبوو گوایە بە قسەم ناکات... ئاغا گەلێ جار لەناو باغدا دەیبەستمەوە بە قەد دارێکەوە و دارکاری دەکردم... هەمووی لەسەر ئەوەی بە قسەی فاتەم نەکردووە بە بیانووویەکەوە نەچووم بەدوایدا. فاتە زگی پڕ بوو... لە شەوێکی باراندا ژان گرتی... لەلایەکەوە حەزم دەکرد بمرێ و منیش لەم دەرد و ئازارە ڕزگارم بێ و لەلایەکی تریشەوە دڵم پێی دەسووتا... بەبێکەس و نەفام و قوڕ بەسەرم دەزانی و هەروام دەزانی دیوی دووهەمی خۆمە... منیش پێش ئەوەی بێمە خانەقین ئەوەندەم خراپە کردبوو... ئەوەندە گوناهبار بووم هەموو کەسێکم بە قوڕ بەسەر دەزانی و لە هەموو کەسێک دەبووردم... ئەو شەوە فاتە هەر دەتلایەوە و هەر دەیقیژاند... ئاغا بەخەبەر بوەوە و لەبەر چاوی ژنەکانیدا دەینەڕاند...

- قالە سەگ باوگ ئەیە چەس؟...بیژە پی بیلا دەنگی نەژنەفم ئەرا ژن ئەگەر ژان بگرد عاڵەم خەو حەرام کەد؟ کپی بکە زاڵە تەرەک بیم... وەڵڵا فاتە زاید ژان گردێسەی مڵاڵی بوودو نێود وە جیرو جەحەنم... دەمی بگر، کەڕ بین...وەی نیوە شەوە ئاوایی یەگە هاوردە خەوەر؟!

ئامە... ئاغا بە جۆرێ دەینەڕاند لە ترساندا دەلەرزیم... ناچار بووم دەستم نایە سەر دەمی فاتە و ئەویش بەقەپ دەستەکانمی بریندار کرد... باران تا دەهات بەتاو دایدەکرد...

فاتەش... نازانم چی بڵێم وەکو ورچی بریندار دەیناڵاند... هەر کە مچە لە دایک بوو فاتە هاوارێکی کرد هەرچی ماڵ و مناڵی ئاغا هەبوو وایان زانی ئاگر بەربووەتە ماڵەکەمان، مچەیش هەر لەیەکەم ساتی لە دایکبوونییەوە بە دەنگی زۆر بەرز دەگریا... بەیانی گریان و ئێوارە گریان و شەو گریان ئیسراحەتی ماڵی ئاغای تێک دابوو... ئاغا ناچار بوو دەرمان بکات و جارێکی تر بۆ خانە باغ و ناو قاچاغ چییەکانمان بنێرێتەوە... دڵم خۆشبوو، لە دڵی خۆمدا وتم ئیتر ڕزگارمان بوو کەچی هەر پاش مانگێ کەمتر ژنە ناوەنجییەکەی ئاغا مناڵی بوو... ئێمەیان گەڕانەوە بۆ ماڵی ئاغا... دەبوایە فاتە شیر بە مناڵەکەی ئاغاش بدات... نازانم لەو کاتەدا چاوم هیچی دەبینی یان نە، ئێستا سەد شوکور چاوم کوێر بووە و هیچ نابینم... ئامە، شتێک کە هەرگیز لە بیرم ناچێتەوە... مچە تەمەنی لە ساڵ زیاتر بوو نیوەڕۆیەک فاتە خواردنی بۆ هەموویان دادەنا و منیش بۆیانم دەبرد و لەسەر سفرەدا ڕێکم دەخست... مچە دەگریا... دایکی دەستی گیرا بوو... لەپڕ مچە بۆ یەکەم جار وتێ:

- باوە...

من و ئاغا. هەردوکمان ڕاچەڵەکین و سەرنجەکانی هەردووکمان لە ڕوخسارە بێگوناهەکەیدا کۆبووەوە... ئامە... مەگەر شمشێرەکەی ئیمامی عەلی بتوانێ یەکێ لە سەرنجەکانی من و ئاغا لە ڕوخساری مچەدا جیا بکاتەوە... ئەو کەسانە کە لەوێ بوون هەموو تێگەیشتن بەڵام کێ دەتوانێ فزە بکات؟...

پەلاماری مچەم دا و ئەوەندە بە توندیەوە گوشیمە سنگمەوە هێنامە دەرێ... باوەڕت هەبێ هیچ کاتێ ڕۆژێ لە تەمەنمدا ئەوەندەی ئەو ڕۆژە نەگریاوم... مچەش دەگریا... بەڵی مچە بۆ شیر دەگریا، بەڵام من مەگەر خوا هەر بە گەورەیی خۆی بزانێ چەند بە کوڵ و بۆچی دەگریام!

وام دەزانی هەرچی کڵۆڵی دنیا هەیە هەمووی دراوە بە کۆڵی مندا... ئەوەندە دڵم بە خۆم دەسووتا... هەموو هەناوم بوو بە پەڵاس- ی ڕەش... پاش ئەمە بەچەند مانگێ فاتە لەبەر چاوی ئاغا کەوت، هەر کە مچە بۆ یەکەم جار وتی «باوە» ئیتر لەو ڕۆژەوە من کەوتنێ کەوتم هیچ شتێکم پێ نەدەکرا...ئاغایش دەری کردین...

«ئامە... ئەرا قسە نێکەید؟...بیژ من کوڕ باوگ خۆمم یا زوڵم؟» هە... جاری باوگ خۆی و دایگ خۆی نەزانستن کوڕ حەسەن ئاغاس یاکی زاند؟... قەروسان پڕە لە مڵاڵ وە حەساو نێتیەن...بیمە سە قەور کەن... قەور کەنەگان ناسنەم هەم خاسە ناوم نادەنە بەلەدییەو وشار وەدەرم بکەن... چە بکەم؟ زمسان بوود...تاو وسان بوود... بەفر بوارد نەوارد من هەر گەرەگ بامە بان قەور... خو نەویمە سە فریشتە چوزانم مچە ئەفەندی کوڕ کامیانید مچەدی چەتواید دایگ خۆد کوشتید؟ من عومرم ئەوەنە وەگەل مردێییەگان بردمە سە سەر ئەوەنە وەگەل زینگەکان نەوردمەسە سەر تاوانەگان خەدە فکرم... باوگد لەشی مردبی و بەس سەری کار ئەکرد... سەری پڕبی لە ژان...دەروینی ئاگر ئەگرد وەک ئاگر کادانەگە، ئەو ئاگرە لە کادانەگەدا قژ سەری چەرمی کرد... ئەو دوێکەڵە یاروو لە کادانەگە دەرچی بییە پەردەییگ ڕەش و چاوەگانی پووشێو کووری کرد...مچە تواد بکوژدەم وە خۆیەو ئیسە ناوی دەمە شورتە... هە... ئەرا ئەی دوونیایە فرە خۆش تواستمە؟ سەرم بێسە قەروسان... مچە گەر بزاند یەگ هەفتە وەرج لە ئەوە لەو قەورسانە چ پەت پەتی ییگ هاتە سەرم، چە بیژم بیژم کی خستمە ناو چاڵ؟ ئەگەر زوانم بیاتادە تەنە شوور ڕۆژی ملیۆن کەس وە ئاو چاوم ئەشووردم و ڕەوانەی مەعیدەی خۆم ئەکردم بەس چارە! خۆزگە سەرم بیاتادە جەننەت دونیا ییگ خۆشی تر بدوینستان بەس ئاخ و داخ نە ئاو چاوم زمزەمەو نەسەرم جەننەتە و نەزوانم تەنە شوورە چەبکەم؟...

ئامە، ئەم شەو بەهیچ جۆرێ خەو ناچێتە چاوییەوە هەر ساتەو بە جۆرێ بیر دەکاتەوە و هەر ساتەو جۆرە وێنەیەکی سەیر بە بەر چاویدا تێپەڕێ. قسە و ڕەنگی قالە لە لایەک، مچە و قسەکانی دایکێ و حەسەن ئاغا و ڕەنجبەرەکان ئەمانە هەمووی کەرەسەی خەو زڕاندنی ئامە بوون... هەر ئەم دیو و ئەو دیوی دەکرد بێ سوود بوو... ئەو شەوە نەخەوت بەرە بەیان پاش ئەوەی کە حاجی بیسمیللای مێردی بۆ نوێژی بەیانی هەڵسان هەندێ خەو بە ئاستەم چووە چاوەکانییەوە.

***

ئامە پێش ئەوەی مچە لە گۆڕستان بەو شێوەیە ببینێ بەچەن شەوێک تووشی گێچەڵێکی زۆر سەیر هاتبوو، کاتێ کە سەر لە ئێوارە زۆڵێکی بە لوتفییەی کچی مام سەمینی گۆڕ هەڵکەن فڕێ دابوو و زۆڵەکەی نابووە ژێر عاباکەیەوە بۆ پاشا کۆپری بردبوو بەرەو ڕووی مام سەمین هاتبوو... مام سەمین بە گومان بوو لەوەی کە ئامە بێ نهێنی نییە، چەند شەو جارێک بە تاریکی دێتە قەبرسانەوە و لەوە دەترسا ئامە فێری گۆڕ هەڵکەندن ببێ و ببێتە بەش خۆریان، هەر کە ڕوو بە ڕووی مام سەمین بوو، زمانی لەدەم نەما... حەپەسا... مام سەمینیش لەوەتە ئامەی دەناسێ هیچ کاتێ وای نەیدیبوو... ئامەی هەمیشە هەر بەسەربەستی و بێ پەروایی دیبوو... هەرگیز شەرمی لە هیچ کەسێ نەدەکرد... تەنانەت ڕێزی پیاوە گەورەکانی زۆر دەگرت و هیچ بایەخێکیشی بە خەڵکی لەوچە و هەرچی پەرچی نەدەدا... خاوەن زمانێکی شیرین و قسە خۆش و هەمیشە لێو بەزەردەخەنە بوو... هەمیشە وەکو فریشتە دەچووە هانای هەموو بێ نەوا و بێ دەرەتانێ...

بینا سیبایان نە.... گرنگ بەلای ئامەوە ئەوە بوو کە کارێ بکات خۆی و ویژدانی خۆی پێ ڕازی بکات. مام سەمین دەیزانی ئامە سڕ پۆش و بێ پەروایە هەر شتێک بکات بۆ هەرکەسێ چاوەڕێی پاداشتی لێ ناکات، هیچ کاتێ گلەیی لە ژیان و باری ژیانی خۆی ناکات و بەدەم هەژاری و دەستکورتییەوە ناناڵێنێ، هەمیشە هەر قایلە و هەر سەربەرزە.

مام سەمین نەک هەر خۆی بەڵکو هەموو پیاوێکی پیاو... هەموو هەژارە دڵپاکەکان، هەموو لێ قەوماوەکان ئامەیان بەم شێوەیە ناسیبوو و لە ناخەوە حەزیان دەکرد خۆشیان وەک ئەو بتوانن بە جورئەت و بێ دەرەبەست بن... مام سەمین ئەو شەوە ئامەی بەو شێوەیە بینێ... پڕ بەدڵ حەزی دەکرد لێی نزیک ببێتەوە و هەوڵی ئەوەی لەگەڵ بدات یارمەتیەکی بدات، کەچی هەر کە ئەم هەنگاوێ لێی نزیک بێتەوە و هەوڵی ئەوەی لەگەڵ بدات یارمەتییەکی بدات، ئەو سێ هەنگاو بەرەو دواوە دەگەڕایەوە مام سەمین سەری سوڕما، تەکانی دەدایە بەر خۆی بۆ ئەوەی بزانێ چییەتی و بۆ وا پەشۆکاوە، ئەویش پاشەوپاش بەرە و دواوە بەرە و ماڵدەکشایەوەو چەند جارێ پێی لە کێلی قەبرەکان هەڵئەنگووت و بە پشتا دەکەوت و بە توندی مناڵە زۆڵەکەی لە ژێر عەباکەدا دەگووشی تا لە دەستی بەر نەبێتەوە... هەر کە مام سەمین بە زەردەخەنە و بە نەرمییەوە بەرەو ڕوودەهاتە پێشەوە ئەویش بەمۆنی و بەبێ دەنگییەوە بەرەو دواوە هەنگاوی دەنا... لەو شەوە تاریکەدا ئەگەر چی نێوانیمام سەمین و ئامە لە چەند مەترێ زیاتر نەبوو... کەچی دوو جۆر سەرنجی بێدەنگ و دوو جۆر ڕوخساری سەیر، فەرهەنگێ وشە و ڕستە و نهێنییان دادەباراندە سەر ئەو گۆڕستانە هێمن و بێدەنگە. ئەم بە نیازی یارمەتیدان و بە زەردەخەنەوە هەنگاوی دەنا ئەویش لە ترسی ئاشکرا بوون بەمۆنێ و گرژییەوە دەکشایەوە...

سۆز لە سەرنجەکانی ئەم دائەباری و ڕق لە سەرنجەکانی ئەو دائەباری، ترسی ئامە و سۆزی مام سەمین و چەند سەر قەبرێکی مات و بێ دەنگ و ئاسمانێکی بێ مانگ و ئەستێرە ببوونە «بەختی لوتفیەی کچی مام سەمین»... زۆڵ شاردنەوە کەی بێ بەختییەکی ئەوتۆی تیا بوو وەک ئەو بێ بەختییەی کە کوڕە هاوسێکەیان بە زۆر لە شەوێکی ئاوها تاریکدا پەلاماری لوتفیەی دابوو، بە هەڕەشە و گوڕەشەوە خۆی فێری لوتفیە کردبوو... مام سەمین بەهێمنییەوە بۆ ئامە دەچوو، ئامەش بەترس و ڕقەوە بەرەو دواوە دەکشا... تا لە سنووری قەبرسانەکە چوونە دەرێ، ئەم بۆچوون و کشانەوەیە هەر بەردەوام بوون... بەڵام هەرکە لە قەبرسانەکە دوور کەوتنەوە مام سەمین بە هیمنییەوە بە قسەی خۆش دەیویست تێی بگەیەنێ کەچی بێ سوود. ئامە بە خۆی و زۆڵەکەی ژێر عەباکەیەوە بە تاو و بەڕاکردن خۆی گەیاندە کونجەکەی خۆیەوە، هەرکە گەیشتە جێ لە ترسی ئەوە نەوەک کەسێکی تری بەسەردا بێ و ئیشەکەی لێ ئاشکرا ببێ بێ ئەوەی پشوویەک بدات و تۆزێک بحەسێتەوە هەر یەکسەر و زۆر بە پەلە لە حەوشەی کونجەکەدا گۆڕێکی چکۆلانەی بۆ زۆڵەکەی لوتفیە هەڵکەند و تێیدا شاردیەوە.

***

سەعات شەشی بەیانی بوو دەنگێگ لە ڕادیۆی بەغداوە وەک مژدەیەکی گەورە شاری گەشاندەوە، زۆربەی ئەوانەی کە لە زمانی عەرەبی تێدەگەیشتن کەوتبوونە نێوان ئەو کەسانەی کە عەرەبی نازانن، بەیاننامەی شۆڕشی چواردەی تەمووزیان دەکردە کوردی و تورکومانی و مانای بەیاننامەکەیان بۆ لێکدەدانەوە. نەمزانی لە بارەی چییەوە دەدوێن، تەنیا دایکم نەبێ کە خێرا پێی وتم:

- عنقلابە.

بەرەو کونجەگەی ئامە ڕامکرد بۆ ئەوەی وشەی «عنقلاب»، ئەم وشە تازەیەم تێ بگەیەنێت ماناکەی چییە... بە قایمی لە دەرگاکەی ئامەم دا و کچەکەی وتی: دایە لە ماڵ نییە، عنقلابە، چێسە دەشت، ئیژت موزاهەرەس، مەعنای چەس موزاهەرە؟ بچووە بازاڕ و بەوە دویا.

بەرەو بازاڕ و مەیدان ڕامکرد وامزانی وەکو جاران بە ئاسانی دەگەمە ئامە، کەچی لە نێو شەپۆلی خەڵکیدا ون بووم، خەریک بوو بخنکێم هەر پرسیارم دەکرد... چەس عنقلابە یەعنی چە؟ چەدانە؟ کەس وەڵامی نەدامەوە هەر خەڵک بوو و بەدوای یەکدیدا ڕێیان دەکرد و دەیان وت:

- بیلا بڕە سیمنە موزاهەرەگە.

دەشێ یەکەم هۆی ئەو خۆ پیشاندانە گەورەیەی خانەقی ئەو هەمکە زوڵم و زۆرە بووبێ کە ببوە کۆت و دەم و زمانی خەڵکەکەی بەستبووەوە، بەراستی ڕۆژی هەژار و ئاوارە و لێقەوماو و بەشخووراوان بوو، زۆر کەس تێنەدەگەیشت شۆڕش یانی چی، هەر یەکەو بە جۆرێک لێکی دەدایەوە بەڵام کە بینیان ئامەڕەش کەوتووەتە پێش خۆپیشاندانە گەورەکەی شارەوە و بژی و بڕوخێی کردبووە دروشم، هەموو هەژار و ڕەش ڕووتەکان پێویستیان بەوەوە نەما کەسێک مانای شۆڕشیان تێبگەیەنێت تەنیا بینینی ئامە هەرچی ئەو شتانەی کە تێی نەدەگەیشتن هەموو بۆیان ئاشکرا بوو و زانییان شۆڕش یانی نەمانی زوڵم و زۆر و سەرکەوتنی هەژاران و ڕوخاندنی زاڵم و خوێن مژان.

ئەوی ڕاستی بێت لەبەر سەر کوێری و هەژاری و نەخوێندەواری خەڵکەکە ئەو دروشمانەی کە خۆپیشاندەرەکان بەرزیان کردبوو بە باشی تێنەدەگەیشتن بە تایبەتی ئەم دروشمانە: «پیرۆز بێ حیلفی بەغدا ڕوخا» «ئیستعمار و کلکەکانی گۆڕ بە گۆڕ کران».

ئەگەر چی ئامە لە مانا حەرفیەکانی ئەم دروشمانە تێنەدەگەیشت، بەڵام مانا گشتییەکانی بە ئاسانی و ڕەوانی بۆ خەڵکەکە باس دەکرد و کۆڕی بۆ ژنان و پیاوان دەبەست، هەرچی هەژار هەبوون لە دەوری کۆدەبوونەوە و پرسیاریان لێ دەکرد ئامە بە تەنیا خۆی دەبووە هەموو ئێستگەکانی دنیا و بەسەر هەشت مەوجدا هەواڵی سەرکەوتنی شۆڕشی بڵاودەکردەوە و مژدەی بە هەژاران دەدا کە ئەمڕۆ ڕۆژی خۆشییانە و دەبێ بەهەر جۆر بێ بیپارێزن و ڕێ بەو کەسانە نەدرێ کە دووبەرەکی دەخەنە نێوان میللەتەوە... ئامە زۆر بەگەرمییەوە داوای خۆشەویستی و یەکگرتنی خەڵکی شاری دەکرد و بە هەموو توانایەکییەوە مەبەست و ئامانجی شۆڕشی بە کوردی تورکمانی ڕوون دەکردەوە، ئیتر ئامە بووە مایکرۆفۆنی شار و بە پێی توانا و لێوەشاوەیی خۆی وشەکانی ئیمپریالیەت، حیلف، سۆشیالیستی، شی دەکردنەوە و هانی خەلکەکەی دەدا بە هەمو هێزێکیانەوە پشتگیری ئەو شۆڕشە بکەن، هەمیشە دەیوت شۆڕش هی ئێوەیە و بۆ ئێوەیە، خوێن، ماڵ و سامانی لە پێناویدا دانێن... بیپارێزن ڕۆژی شەرەف و کەرامەتی هەژارانە، ڕقی خەڵکە سادەکەی دادەمرکانەوە و ڕێی هەڵەشەیی لێدەگرتن و باوەڕی بە کوشتن و تانە و توانج تێگرتن نەبوو، ڕۆژانێ بوو خەڵکەیان تێدا وا گەرم ببوو بۆ ڕشتنی داخی دڵیان داوای ئیعدامی فڵان و فیساریان دەکرد کەچی ئامە زۆر سالارانە داوای لێبوردنی بۆ هەموو خەتابارێ دەکرد و... دەیوت لەمەو دوا... هەتا حیسابی بۆ بکرێ هەموومان خەتابار بووین...

بێدەنگیمان خەتا بووە... نەزانینمان خەتا بووە... قایل بوون و ملکەچیمان خەتا بووە... بە خەڵکەکەی دەسەلماند کە نابێ بە هۆی ئەم خەتایانە سزا بدرێن... ئامە بووە موستەشاری هەژاران و دەنگی ڕاستەقینەیان، هەمیشە بەناو خەڵکەکەدا دەگەڕێ و مانای شۆڕشی بۆ لێکدەدانەوە و ئەگەر چی ژنان گاڵتەیان پێ دەکرد، ئەوی ڕاستی بێت بەغیلیان پێ دەبرد، کە چۆن بەکراسێکی ڕەش و فۆتەیەکی ڕەشەوە... بە دەم و چاوێکی ڕەشتر و جەستەیەکی ناڕێکەوە بوەتە پێشەوایەکی میللی ئەو ئافرەتانەی کە گاڵتەیان پێ دەکرد لە ڕیزەکانی پێشەوەی خەڵکدا ئەوەستان و گوێیان لە قسەکانی ڕادەگرت... هەمیشەیش هەر پشتیوانی هەژار و لێقەوماوان بوو و بە هەژاری خۆیەوە ئەوەی لە توانای هەبایە لە یارمەتی دانیان درێغی نەدەکرد.

هەچ هەرا و ناکۆکیەک ڕووی دابا خۆی دەخستە بەینەوە و دەبووە کۆتری ئاشتی و هەموو لایەکی بە یەکەوە ئاشت ئەکردنەوە و ئیتر خۆشی و زەردەخەنە شوێنی ڕق و کینە و تووڕەیی دەگرتەوە و هەموو لایەک ئەکەوتنە ماچکردنی یەکتری.

ئامە بە خوڕەوشتی باش و ڕەفتارە میهرەبانییەکەی بۆ خۆی لە شارەکەدا ببوە شاژنێک وە لەبەر ئەوەی کە سەر بە هیچ کۆمەڵ و دەستەیەکی ڕامیاری نەبوو، خەڵک خۆشی دەویست، ناحەزەکانی بەرە بەرە بوونە دۆست و لایەنگری...

ئامە ڕەش هەروەکو پێشوو لە کونجەکەیدا مایەوە و هەمان کراسە ڕەش و فۆتە ڕەشەکەی بەسەرەوە بوو، ببوو بە یەک پارچەی چالاکی و هەر نەدەسرەوت... لەهەر شوێنێک هەرا و پێک هەڵپژانێک ڕووی بدابایە بە خێرایی خۆی دەگەیاندێ و دەکەوتە ناوبژی و ئامۆژگاریکردن و کۆتایی بەهەراکە دەهێنا... بەو ڕەفتارە بەرزەی زۆر کەسی لە ئازاردان بگرە لە کوشتنیش ڕزگار کرد بە تایبەتی حەسەن ئاغا و هەندێکی تری وەکو ئەو ئەوەندە خراپەکاریان کردبوو ڕەنجبەرەکانی خۆیان و خەڵکی کە ئازاریان بەدەستییانەوە چەشتبوو بە پەتەوە دەچوونە گیانیان ئەگەر ئامە فریایان نەکەوتبا ئەوا دەیانخنکاندن و بە نێو کوچە و کۆڵانەکاندا ڕایان دەکێشا... نەک هەر ئەوەندە بەڵکو دابینکردنی خۆیان و ماڵ و منداڵە دەربەدەرەکراوەکانیشیان کە زەوی و زار و دێهاتەکانیان چۆڵ کردبوو و خزابوونە ناو شار و خەڵک خانووی بەکرێ نەدەدانێ، گرتبووە ئەستۆ و مشووری دەخواردن و خانووی بۆ پەیدا دەکردن، وا هەڵکەوت ماڵی حەسەن ئاغا هاتە گەڕەکەکەی ئامە و بوونە دراوسێی، ئەگەر چی حەسەن ئاغا تەمەنی هەر پەنجاساڵێک دەبوو، بەڵام پاش چەند مانگێک لە پەل و پۆ کەوت و تووشی نەخۆشی ئیفلیجی هات و لەنێو جێگەدا کەوت، خۆێ و هەر چوار ژنەکەی و سێ کچەکە و هەردوو کوڕە گەورەکەی لە حەوشەیەکدا دەژیان و نزیکەی سەد مەترێ لە ماڵی ئامەوە دوور بوون...

ئەو خۆشی و سەربەستییە چەند مانگێکی خایاند... لە پاشان بەرە بەرە تا دەهات سارد دەبۆوە و تین و تەوژمی کز دەبوو... ئەو خێر و خۆشی و بەختەوەرییەی جووتیار و کرێکار و سەرجەمی زەحمەتکێشان لە شۆڕشیان ڕەچاو دەکرد و بە هیوای بوون هیچ نیشانەیەکی بەدی هاتنیان دەرنەکەوت، بەڵکو لە جیاتی ئەوە ڕۆژگار بەرەو ناڕەحەتی دەچوو کەمە کەمەش خەریک بوو زەبروزەنگ سەری هەڵدەدایەوە و... ئامە ڕەش لەو سەردەمانەدا پیری زیاتر لێ بەدیار دەکەوت... حاجی بیسمیللای مێردیشی ئەمری بەجێهێنا... ئیتر ئامە کەمتر دەردەکەوت... جار جارێ دەبینرا، بەڵام ئەوەندە بەمەستی بەرێگەدا دەڕۆیشت لەتری دەدا، تومەز ئەوی بێچارەش لە وەڕسی ڕوی کردووەتە هەمان بەزمی تلیاک کێشانەکەی جاری جارانی!!!.

رۆژێک لە پڕ زەینەبی ژنی حەسەن ئاغا خۆی ئەکا بە ماڵی ئامەدا و ئەکەوێت بەسەر دەست و پێیدا و ئەڵێ:

- ئامە بوومە قورباند... زانید وەخت خۆی عاڵەم قەدرو حورمەتمان ئەگردن و هەزار نۆکەر لە ژیر دەسمان کار ئەکردن و پەکمان ئەرا هیچ چشتیگ نەئەکەفت... چە بتواستایت لە عاسمان ئەهاتە خوار و فکر لەی ڕۆژە ڕەشانە نەئەکرین کە ڕۆژیک تێد ڕەنجبەرەگانمان بان و شاروەدەرمان بکەن و زەوی و باغ و بۆسان حکومەت لە دەسمان بسینن ئەو وەختە هەر فکر لە زگ خۆمان کەین و فکر لەی ڕۆژە ڕەشانە نەئەکردین... دی گوزەشت...

- زوی سڕەگەد دەربکە نەترس.

- نێورم ترسم شەرم کەم. زانید ئاغا ئیفلیج بیەس و لە ماڵ کەفتییە .

- زگد پڕە؟

- ها... ئا... وەی وەی ڕووی ڕەشییەی خۆم نێزانم چە بیژم ئەی کارە نێو تریەد ئاخر سەر ئەرا کوورە هەڵبگرم؟ زانم وەک عاڵەم نید و زانید لەی ڕوژە ڕەشەین.

- چەتوای وە بان چاو کارەگەد وەڕیخەم.

- بەس توام خۆم بکوژم... ترسم دوای ئەوەش بمرم حەیام بچد، هەر یەکیگمان کەفتینە سەلاییگ. ورسی مانە... ڕۆژ وە ڕۆژ مردن وە چاو خۆمان دوینین... ژنەگانی یەکیگیان کوڕەگانی گەورا بینە و توانن کار بکەن. ئووی ئامە لەرز کەفتە گیانم... ئەگەر مڵاڵەگان نەویاتان خۆم ئەکوشتم... زانید کی زگم پڕکرد وە زوور؟

- نە، نێتوام بزانم....

- نە ئامە، هەر ئەرا ئەوە سەرد چەرمی بوود؟

- هوە، سەرم ئەیە بیس ساڵە هەر لە خۆیەو چەرمی بییە، چە بکەم؟

- نێزانم چوین خۆم گردمەس. وەها هاتێسە پیم بترسم بلەرزم و مڵاڵەگە لە بارم بچد.

هەوەگانم ڕسوامکەن و دەوڵم کوتن.

- ئیسە تواید فڕەی بدەید یا بەیانی دوو بەیانی...؟ کێف خۆدە کەی تواید من حازرم حەز کەید ئیسە حازرم چونکە کەس لە ماڵمان نییە وە دەس دۆیتەگەم خەوەر ئەرایان نیرم و تا لای مڵاڵەگاند نیشدکارەگەم تەواو بوود.

- نە نە نە ئامە نە...

- ئەرا ؟

- دۆیتەگەد لەورا وە پەن بوود.

- ئەرا خۆ نێخونەی ؟ لە دۆیتەگانی زیاتر کی هەس؟

- کوڕەگان حەسەن ئاغا.

- لەی وەختە چەکەن لە ماڵ؟ پیاو نین بچنە دەشت؟. بچنە چایخانە ئەرا ئیسەش وە خۆیانە تەخت و بەختەگەی جارانیان مایە و جیان لە عاڵەم ؟ هە، ئەو باوگە مرد.

- ئا... لە عاڵەم جیان.

- چوین؟

- چونکە حەمید کوڕە گەوراگەی حەسەن ئاغا نیوە شەو هاتە حوجرەگەم.

- ها؟ چەیژید زەینەو؟ کەس لە ماڵ نەوی؟

- نە، خۆشگەگانی لەبان وەل من و مڵاڵەگانم خەفن... دایگیان چێسە لای کوڕە بیچکەگەی... ژنەگەی تری نێزانم... مایەسە بان کێف خۆی، وە سەرخۆی تێد و چد، ئەی لاو ئەولا کەد کەس لەلی نێپرسد چیدە کورەو چەکەید، مڵاڵی لە حەسەن ئاغا نەوی و میراتیش ئەرای نێمیند دی چەبکەد لەلای؟ ئەرا خۆی جرت و فرت کەد وە کێف خۆی مایە.

- ئەی دۆیتەگاند؟ کەسیان وە گەلد نەوین؟

- نە... لە بان خەفتبین... هاتمە خوار ئاو ئەرایان بۆم...چیمە حوجرە لە تەلاجە تەختەگە کەمی وەفر مابی... تواستم بگرمەی دەس و وەل ئاو بۆمەی ئەرا بان خانی، تا چیمە ناو حوجرەگە و قەپاغ تەلاجەگە هەڵگردم و سەرم خستمە ناوی، دیتم یەکێگ لە پشتمەوە گردەم و دەس خستە بان دەمم.

- هاوار نەکەید نەوەک حەیاو نامووسد بچد... ها؟!.

- هاوار چە ئامە، گیسم بوڕن کە وەها بڕیا، پشتم گرد دی لە پڕووک چیم وە خۆمەو جنۆکەی عەدەبە... هەر ئەوەت:

- من دی هیچ گەوادیگ دوێت نادەدە پیم... دوێت هەرچێی و پەرچی نێخوازم...

ئاغاگان نەمان...دی تەواو پارەشم نییە بچمە ئەی لاو ئەولا...

- دی وەزوور بگیر کار خۆی کرد. لە هووش خۆم چییم.

هەر چۆنێ بێت ئامە- خۆی ئاسایێ چی پێویست بوو بۆ زەینەبی ئەنجامدا.

***