7

از کتاب:
ئەڵوەن
اثر:
احلام منصور (1951-2013)
 35 دقیقه  1515 مشاهده

ئامە پاش مەرگی سەعدیەی کچی گۆڕانێکی تەواو لە ژیانیدا ڕوویدا، لاواز و بێ هێز بوو. ماڵەکەی ئەوەندەی تر پەرت و بڵاو بووەوە... حاجی بیسمیللای مێردیشی نەخۆش کەوت و بەچەند ڕۆژ جارێک لە ماڵ نەدەچووە دەرێ، سوعادە و وەجیهە ماتەمینی دایگرتبوون و بەرگی ڕەشیان لەبەر کردبوو و نەیاندەوێرا لە ماڵ بچنە دەرێ، خەڵکەکە تانەیان لێ دەدان و هەزار قسەی سووکیان بە گوێ دەدان، بۆیە لە ماڵێ دەمانەوە و جار جارەش خزمەتی حاجیی باوکیان دەکرد.

ئامە ماڵەکەی لێ ببوە جەهەنەم مەگەر شەوان بۆ خەوتن ڕووی لێ بکردایە... هەر کە دەچووە ماڵەوە یەکسەر ئەو ساتەی دەهاتەوە بیر کە نەخۆش و بێ هێز بوو بەبەر چاوییەوە گڕ و کڵپەی سەعدیەی کچی دەبینی. ئەوا هەموو ئێوارانێ کە دەهاتەوە ماڵ لە هەمان شوێن کە سەعدیە خۆی تیا سووتاندبوو دادەنیشت هەمان گڕ و کڵپەی دەبینی... بەڵام لە دەروونی خۆیدا و هەر هەناوی خۆی دەسووتێنێ، بۆیە حەزی نەدەکرد بگەڕێتەوە بۆ ماڵ...

هەر بە کۆڵانەکاندا دەسووڕایەوە، لەم ماڵ بۆ ئەو ماڵ و لەم دوکان بۆ ئەو دوکان....زیاتر تلیاکی دەکێشا، چاکتر مەست دەبوو، زۆرتر لە چڵپاوی کۆڵانەکاندا دەکەوت ئەمجارە نەک مناڵان، بەڵکو ئەفەندی و پیاوە گەورەکانیش گاڵتەیان پێ دەکرد، وەڵامی هیچ کەسێکی نەدەدایەوە... گاڵتەی بەوان و بەدنیا دەکرد. زۆربەی وەختی لەلای فەیمە کوێر دەبردە سەر و لەگەڵ ئەودا لە هەموو تەعزییەکاندا ئامادە دەبوو...

فەیمە کوێر بێوە ژنێکی جوان بوو، کچێکی جوانیشی هەبوو... مێردەکەی تەڵاقی دابوو...

بەیانیان پاقلەی دەفرۆشت و لە تەعزیەدا دەگریا و بۆ مردووی خەڵکی دەیلاواندەوە.

ئامەیش لەو ڕۆژەوەی سەعدیەی کچی سووتا لە هەموو تەعزییە یەکدا بەدەنگە زۆر ناسازەکەییەوە دەبووە یاریدەدەری فەیمە و کۆرسەکەی. پێوەندییەکی بەتینیان پەیدا بوو.

«مەجە تورشیچی» بەمەی دەزانی دەیویست بەهەر جۆرێ بێ فەیمە بخوازێ...هیچ ڕێگایەکی بۆ نەبوو جگە لە ڕێی ئامەوە ئەم مەبەستەی بێنێتە دی...

«مەجە تورشیچی» کابرایەکی کەللە زل و ورگ ئەستوور و لوت پان و چوار شانە بوو، دشداشەیەکی قاوەیی و کڵاوێکی سپی و جووتێ نەعلی ئیسفەنجی و پشتوێنی لە ژێر ورگیدا بە توندی دەیبەست، لە هەر چوار وەرزەکەدا بەم شێوەیە دەبینرا...لە خانوویەکی بچکۆلەدا کە پڕ بوو لە کووپەی شین و سەوز، بەڕیز داینا بوون دەژیا....

ژنەکەی ناوی گورجی بوو کچە جوولەکە بوو و ئەم کردبووی بە ئیسلام...ئەویش وەکو ئەم قەڵەو بوو... هەندێ جار ئەگەر کراسێ سەوز یا شینی لەبەر بکردایە و کەسێک بچوایەتە ماڵیان بۆ توورشی کڕین. گوورجێیە لە بەینی کووپەکاندا ون دەبوو و بەزەحمەت لێیان جیا دەکرایەوە... بەیانیان 200 - 300 هێلکەی بۆ مەجەی مێردی دەکوڵاند و ئەمیش دەینایە سەر عارەبانە و ئەو بازاڕەی دەهێنایە زەلزەلە و، بە دەنگێکی زۆر بەرز هاواری دەکرد:

- خایە هۆ...خایە هۆ... هۆ خایە، هۆ خایە.

پاشان دەچووە بەر مەکتەبی کچان ئەوەندە ئاگای لە کات بوو ئەگەر فەڕاشەکە دوا کەوتبا لە زەنگ لێدان ئەوا لەسەر یەک هاواری دەکرد:

- خایە یومورتە. خایە . یومورتە.

ئیتر قوتابی و مامۆستا و فەڕاش و بەڕێوەبەر دەیانزانی کاتی زەنگە. ئێوارانیش هەر لەسەر هەمان عارەبانە ئەمجارەیان بە کۆڵانەکاندا دەسووڕایەوە و توورشی دەفرۆشت... لە دووریی دە مەترەوە لە تاریکە شەودا هەموو کەس بە بۆنی پیاز و بیبەرە و عارەق دەیزانی ئەوەی کە دێ مەجەیە... ئەوەندەی بۆنی پیاز و بەهارات و بیبەر بەقەد جەستەیەوە لکابوو، هەرچی ئاوی ئەڵوەن هەبوو لێی نەدەکردەوە...خەڵکەکەیش قەوانێکیان بۆ دووبارە دەکردەوە... کەوتبووە گومانەوە نەیدەزانی ڕاستە یا درۆی لەگەڵ دەکەن. کە هەموو بەیانێک هەر جارە و زەلامێ پێی دەوت:

- خاڵۆ... بەیانیان خایە فروشید، ئیوارانیش تورشی... شەویش پارەگەی دەیدە عەرەق.

- وە توو چە ئەرا شەڕ فڕوشیدە پیم؟ ئەرا تێیدە خڕ دەورم؟ چەتواید لە لیم سەر نەیدە سەرم؟ خایە نێسینی قسە مەکە...هەی حیز و دز، هەی سورتگ واز لە لیم بارن!!.

- ها... ئەی دوێکە شەو لە مەیخانە تاماڵ هاورد نەد، فرە فوول سەر خۆش بیبید بەس بزان کی هاوردەدە ماڵ؟

- جارێک تر ئەگەر سەرخۆش بیم نەوەرەمە ماڵ.

- خۆ دوێکە شەو لەناو عاڵەم اللە وەپەن بید.

- ئەرا؟

- دوێکە شەو ئەگەر من نەویا تام وەک شەو چوار شەممە لووتی یەگان. وە پەلەکیش کردن لەناو سیانە ئەوردنەدە ماڵ و عاڵەم حەشامەت بی و گشتیان وە پید خەنستن...ئەرا گورجییە قەڵەو بیژم دایگ مناڵگان نەوەتە پید؟ گوناحە دیارە نێو یرد وە گەڵد «ئف» بکەد خودا مەعینی بوود، چووین توو تەحەموول کردییە؟

- بیژە پیم چوین ئەو شەوە بردنە سەمە ماڵ؟

- هە...لوتییەگان وەفیک و هوڕ و چەپڵە ڕیزان خستنە دە بان زەوی هەر لە مایخانەوە تا ماڵ پەلەکیشد کردن و لەناو سیانەش جەمەدانی یەگەد گردن و بەسانەی وە هەردوو دەسەد... کڵاوەگەدیش دزین، نازانم لە کورە فڕەی دان وە چەپڵەڕیزان.... وە گوورانی چڕین «قز بوویانە دوێندەر مەنی... قز ئۆیانە دۆیندەر مەنی ساغ یانمدە یارە وار تەبیبە گۆندەر مەنی» و فیک و هۆڕ لەناو سیانە مەحەلە وە مەحەلە ئەکێشانەد و، هاوساگان گشتیان لەبانەوە تەماشاد ئەکردن و ئەخەنستنە پید...

- خاس ئەرا من وەفکرم نایەد؟ باوە بیلەمان دروو کەید... هە ئەی عاڵەمە گشتی قەشمەری وەخوداش کەن، ئەی زەمانە! بژنەف ئەی لاو ئەو لا مەکە. برسیدە بخۆ و دڵم کونا کونا مەکە و نەیەرەی فکرم... هەر کە تواستید خایە بخۆی...بەو لەفەگەی خۆد وە بەڵاش بووە، بەس تانە لە لیم مەدە... من دڵم فرە زامدارە تووش تێید و قسەگاند کەیدە خوا ئاخر خودا قەبووڵ نێکەد!.

- نێخۆم وور سی نیم.

- یەعنی قەشمەر بیم لەناو عاڵەم.

- ئەرا توو لە ئیمڕووەوە قەشمەر بیدە؟.

ئیتر هەموو بەیانیەک زوو، «مەجە تورشیچی» زەلامێکی ئاوها دەهاتە گیانی، گەلێ جار دەبووە شەڕ و هەرایان... هەموو ڕۆژێ گوێی لەم قەوانە دەبوو لەو ڕۆژەوە فەیمە کوێر تەڵاق درابوو، ئەم ئەوەندە دەربەستی کاسبییەکەی نەدەهات، بەو ناوانەدا دەسووڕایەوە کە تەعزیەیان لێیە... یا ڕاستتر بە دوای ئامە و فەیمەدا دەسوڕایەوە... هەرکە ئامەی دەبینی ئەمیش هەموو ڕۆژێ قەوانێکی دووبارە دەکردەوە و بە پاڕانەوەوە دەیوت:

- ئامە بوومە قورباند...فەیمە ئەرا ڕازی نێکەید شوی بکەدە پیم؟

ئامەیش هەمان قەوانی ڕۆژانەی بۆ دووبارە دەکردەوە و جار جارێکیش لێی تووڕە دەبوو...

- ئاخر مەجە توو وە چوار کوڕی عازەو دوێتە گەوراگەد دایدەسە شوی بڕێگ مڵاڵی دیرید.

- ئامە... ئاخر توو خاس زانید فەیمە چ دەنگی دیرد... ئاخ! «لێوی خۆی دەگەست» دەنگی چەنی خۆشە ئەی ماڵ خراوە. ئەگەر بخوازمەی و گورانی ئەرام بچڕد....!! ئووف .

ئف...!! منیش دی ئەرا قەشمەر بووم لەناو عاڵەم... ئەرا....؟ ئەرا؟ نایژیدە پیم؟ ئەو وەختە لە ماڵ نیشم و عەرەقەگەم خۆم وو... ئۆف... ئەویش بیلا گورانی ئارام بچڕد!!!.

- عمر نەمیند... هەی ئاخر شەر بیژ لە مەحەلەگە تیاتروخانە نەید... هە. وەڵڵا براگەم...

من ئەی کارە نێکەم خاس گووش لەمن بتەکن...ئەوەڵ جار من ماڵ کەس کاوڵ نێکەم ئەیە یەک... دوو خۆد چەند جار وە تیدە سەپی و، ئەویش سکترد کردییە...براگەم مەجە...

گورجی دایگ مڵاڵەگاندە... ژن خاسیگە، وەی عومرە هەی ئاخر شەڕ توو وە ژن خوازین چە؟ ئەرا نێزانید خۆی شوی یەگەی تەڵاق دا، لە هویرد نەچد... خاوەن دۆیتە و عومەری نایە سەبان دۆیتەگەی.

- ئێ خۆم وە ئیوەتی کەم... ئامە توو خودا، ئەگەر نەچیدە لای و بیژیدە پی... عەرەق تەرک کەم... من وە عەنقەست قورنجگ لە ئەی و ئەو گرم... ئیژم ئێە بەشکەم لە ژنەگان حەسویدی بکەد و قەبوڵ بکەد شوی بکەدە پیم...

- خاس مەجە کوپە... توو عاشقی کورەی بیدە؟.

- ئاخ ئامە، دەنگە خۆشەگەی ماڵم ویران کردییە.

- کەی دەنگی ژنەفتی؟.

- لە تەعزییە ئەلاواند... لە سویریش چەقوانە و هەڵهەڵە ئەدا لەلی و گورانی ئەچڕی...

لە سویرەگەی... نازم... من لە ژنە گوپەگەم چە فامستمە؟ خوو فەیمەش کورە! بەس دەنگی ئۆف دەنگی... دەنگی میندە دەنگ وحیدە خلیل ئۆف سوزیامە... بیمەسە ئەرای وە زوخاڵ.

- ئاخری... چەتوای هاتیدە سەلام؟.

- ئامە توو عاشقبازی نەکردیدەس تا ئیسە؟ تا ئیسە کەس خۆش نەتواستیدە؟

...............- - ها ئەرا جواد نێدەی؟

- چە بیژم فکرم لەلاد نەوی.

- ئەی لە کوورە بی؟

- ها...؟ هیچ....نێود.

- چەدە وە گەل خۆد قسە گەید؟ شیت بیدە؟

- نە نێپوو ڕیەد.

- ئەرا مەگەر خودا نەوەتی یەس پیاو حەقی هەس چوار ژن بخوازد؟ چیمە لای مەلا شەوکەت، سەگ باوگە قاوم دا وەت:

- بچوو...بچوو... هەی عەرەق خۆر نزیکم نەکەفید! خۆد کەیدە موسڵمان... خۆد کەیدە هاوڵف عاڵەم؟

- موڵا ئەرا چەیە؟... خۆی ئەگەر ڕازی نەوود...بیس موڵا ئیقناعی نێکەد مەجە عەزیزەگەم نێپوڕیەد... فامستی؟.

- ئامە بوومە قورباند بپورنەی ئەرام وەڵڵا ئیسە کەفمە بان کالووشەگەد!.

- گیر ستن و میرستن فایدە نێکەد، ڕاستی و پاکی من دڵم سوزیەدە پید بەس من دڵم وەژنەگەدیش سوزیەد... ئاخر لە دەس من چەهەس؟.

- ئاخر چوین لەی عەزاوە بمینم لەناو عاڵەم قەشمەر بیمە؟!.

- ئوو هوو...عاڵەم... عاڵەم... چەبی عاڵەم؟...توو قەشمەر بیدە... من قەشمەر بیمە...

ڕەمەزان قەشمەر بییە و... فڵان قەشمەر بییە... بیژە پیم کی قەشمەر نەوییە؟

دەوڵەمەندەگان نەوون... یاروو ژیر قنگیان پڕە لە پارە... یاروو سەرنگیاگەیان پڕە لە لیرە!!.

- ئامە وەختی نییە ئەی ئێوارەیە بچوە لای و بیژە پی مەجە لە قار توو عەرەق خۆد. وە ئەنقەست قورنجگ لە ژنەگان گرد.

- وەڵڵا نێچم... ڕاسە قار خۆم ئاراد...بەس نێچم...زوور وە پیم مەکە.

- لە دڵد تێد ئاوها بدوینیدەم؟؟.

- نە بەس چارە چەس؟ من ماڵ کەس و یران نێکەم.

- ئەی خۆم ویران کردمە خاسە؟.

- ئا...

- ئیژد ئا...چوین لە دڵدتێد؟

- خۆد ویران بووید، ڕاست کەید، بەس ماڵەگەد ویران نێود...

- ئەی ئیسە ویران نەوییە؟.

- نە... ئەگەر بخوازیدەی ویران تر بوود.

- ئامە ڕوحم ویران بییە... هوشم ویران بییە...دڵم ویران بییە... های خودا ئەی ژنە لە کوورە ئەرام ناردیدە سەو نایژیدە پیم؟

مەجە توورشیچی بە جۆرێ دەستی بەرزدەکردەوە و فرمێسکی گەرم بە چاوانیا دەهاتە خوارێ، بەردی دەکردە ئاو چاوەکانی سوور دەبوونەوە و بەدەست ئەیکێشا بەسەر ئەژنۆی خۆیدا و لەسەر یەک دەیوت:

- خودا...خودا....خودا...ئامە...ئەی ژنە غەزەوە، خودا ڕەوانەی کرد یەس ئەرام...

- ئەرا خودا هەر غەزەو ڕەوانە کەد؟ خودا ڕەحمەتیش ڕەوانەکەد!

- لە کوورە بزانم وارانیگ نێوارندە سەر دڵ و سەرم تاکو ئیسراحەت بکەم و دڵم فێنک بوود.

- ئیسراحەت...هە...مەجە ئیمە لە قەوریش ئیسراحەت نێکەیمن.

- چارە نییە... یەعنی لەو دونیایەش نێخوازمەی؟.

- نە.

- ئەرا؟.

- چونکە چیدە جەحەنم.

- یەعنی لەوراش وەرانوەرد گرم.

- نە، لەورا لەناو ئاگر سوزیەی...ئاگر عەشق ئەی دونیایە لە فکرد چد.

- روژیگ تێدە سەرم و چم تا لای «باوە گەزی» و خۆم فڕە دەمە ناو ئەڵوەن بیلا بخنکیەم. لەی عەزاوە قورتار بووم.

- چە؟ خۆد خەیدە ناو باوەگەزی؟.

- زانم ئیسە ئیژید هەم ناود کەفدە دەم عاڵەم و بوویدە جاجگ نەرمە!!. کورە بیلا بوومە حەڵوا... بیلا بوومە توورشی... دوای ئەوە کە مرم و خۆم فڕە دەمە ناو ئاو ئەڵوەن، بیلا لە باوەگەزی «قوو لە یبانی» بخۆدەم... قویتم بدەد وە جیر و جەحەنم... ئیمساڵ ماڵ «ک» ئەفەندی بیلا سەر دوو مانگاکە نەوڕن و بیلا نەخەنەی باوەگەزی... بیلا بەشی بکەنە بان فەقیرەگان!!

- وە گوورەی فکر توو بوود گەرەگ گشتمان خۆمان فڕە بدەینە ناو ئەڵوەن!!.

- ئێ چە بکەم؟ . هەتا مردن من ڕوژی بوتڵیگ عەرەق خۆم ئەیە خاسە؟ ئەی حاڵە خاسە دڵم بێسە کەواو؟!.

- بیلا بوودە تکەش.

- ها ئامە دیارە ورسگدە نان نەخواردیدە؟

- نە.

- ئامە ئەیە چەدە دڵد فرە بی ڕەحمە چە هاتێسە بان سەرد فرە داڵغە دەیدلەلی لەی ڕۆژیلە لە زوان من نێفامید و قەشمەری نێکەم چارەیگ ئەرام پەیا بکە!

- یەعنی ئیسە تواید بچمە لای و بیژمە پی؟

- خۆزگ، بوومە قورباند ئامە... خۆم... ماڵم... مڵاڵم... عەرەبانەگەم، کوپە توورشییەگانم... مامرەگانم خایەگانم... ئا ڕوحم وە قورباند بوود... دتوو... ئیسە بچوو بەشکەم ئەیە خوداس ئیسە ڕەحمیگ نایە ناو دڵی و قەبووڵ کرد شەرت بوود شەوی ئەراد بسینم.

- شەوی ئەرا چەمە ؟...بەس من زانم نێپوڕیەد... ها ئەها... ئەوە چیم... بنیشە خێر.

- خودا وەلد... پێغەمبەر وەلد... دین و ئیمام و خایە... خایە...!!!.

بە ئومێدەوە لەو ناوە ڕادەوەستا... دەستی لەسەر دڵی دائەنا... زمانی لە دەما نەدەما...

نەیدەتوانی بڵێ:

- خایە... خایە.

هیچی پێ نەکرا و چاوەکانی دەبڕییەوە هەنگاوەکانی ئامە... وای دەزانی هەنگاوەکانی قولابە و لە دڵێدا گیر بووە، ووردە ووردە بە خۆی عارەبانەکەیەوە دەکەوتە دوای... لەو کاتەدا ئەگەر کەسێکی ناسیاوی بدیبایە، دەجار زیاتر لە بەر خۆیەوە دەیوت:

- خایە، خایە.

نەوەک زمانی بترازێ و هاوار بکات.

- فەیمە، فەیمە فەیمە.

ئەو جار کە خۆی ڕادەهێنا، بە نزمییەکەوە تەنیا جارێ دەیوت:

- خا...یە.

سەری شۆڕ دەکرد دە حەپەستا... وای دەزانی ئێستا هەموو دونیا گەورە و بچووکی گەڕەک دەزانن کە حەزی لە فەیمەیە و بۆ لای فەیمە هاتووە... هەنگاوەکانی جوان لەسەر ئەرزەکە نەدەوەستا... دەستی هێزی تێدا نەدەما... پاڵ بە عەرەبانەکەیەوە بنێ... هەرکەسێ مەجەی بەم شێوەیە بیدیبایە وای دەزانی هێشتا عارەقەکە بەری نەداوە و بە سەرخۆشیان دەزانی.

مەجە لە مەیخانەکاندا بە تەنیا دادەنیشت... کە عارەقەکەی تێدەکرد، یەکە پەرداخی هەڵدەگرت، دەیوت:

- ئەیە لە چاو دەنگە خۆشەگەی فەیمە.

پەرداغی دووەم و سێیەم بەم شێوەیە بوو.

- ئەیە لە چاو دوێتەگەی... «بوومە قوربان خۆی و دایگی».

- ئەیە لە چاو شەوییە چەرمییەگەی «بوومە قوربانی... هەزار جار خۆم و عەرەبانە و توورشی و خایە و گورجی کۆر و... هەزار جار...»...«بومە قورباند فەیمە... عەزیزەگەم...

فەیمە... ڕوحە... ڕەوانەگەم...فەیمە خاتوون... بوومە قوربان کەوشە گەد گوی وە ڕوح باوگ مردییە پیسەگەد چوین دۆیتیگ ئەرا من خستییە»؟ عەزیزەگەم خاس کردی تەڵاق سەندی.

مەجە هەمیشە کیسەیەکی نایلۆنی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرت و پڕی دەکرد لە توورشی و دەیکردە مەزە... ئیتر هەموو شەوێ تا قاپە عارەقەکەی تەواو دەکرد «فەیمە» لەسەر زمانی نەدەکەوت... ئینجا کە هەڵدەستا بگەڕێتە ماڵەوە، بەدەم ڕۆیشتنەوە و بە تەنیا لەگەڵ فەیمەدا دەدوا، هەر کەسێ گوێی لێ ڕاگرتبا وای دەزانی فەیمەی لەگەڵ دایە... ئەوەندە وڕێنەی دەکرد و بەدەم لە تردانەوە دەدوا، وشەکان بە تەواوی لە دەمی نەدەهاتنە دەرێ...

«فە...ی...مە...خاس...کا...م... سەگ باوگ عەزیەتد دەد... سەری بڕم وە چەقوو...وە قەور ئەی باوگە عەزیزەم... وە قەور ئەو دایگە جوانەمەرگەم وە قەور گشت ئیمامەگان کووشمەی... فەیمە شەوی توای وە بان... ئەی چاوە ڕاسەم... فەیمەکەوش توای وە... وە بان ئەی سەرە... فەیمە قەسر توای... فەیمە... پاس قەمەرە... توای... فەیمە جەننەت توای... وە بان ئەی دڵە عاشقەم... وە بان... وە بان... فەیمە توای... بوومە قورباند» . بەدەم فەیمە فەیمە وتنەوە شەلاتی و لۆتییەکان گاڵتەیان پی دەکرد و دەکەوت و لەناو ئەو قوڕ و چڵپاوەدا دەگەوزا... زۆر جاریش لە بەرەبەیاندا خۆی دەدی وا لەبەر ماڵی فەیمەدا کەوتووە...

بەشەرمەوە هەڵدەسا... ئیتر هەر چ ڕق و تووڕەیی و نوشستی ئەو شەوەی هەبوو، بە گورجی ژنی دەڕشت، مەگەر هەر خوا بزانێ دەیکردە چ فەرتەنەیەک... پاش هەموو شەڕێکیش لە پەنایەکدا دادەنیشت و دەگریا... ئەگەر زۆر بگریایە، ئەوا بەم شێوەیە دەستی بە وڕێنە دەکرد.

«فەیمە... گوی وە قەور باوگد... گوی وە قەور باوگ خۆمیش، ئەرا شیتم کردید؟... خودا ئەی عەزاوە تاکەی؟... ئەی سەگ باوگ بکوژ...».

لە لایەکی تریشەوە ئامە دەچووە لای فەیمە... زۆر جاریش لەبەردەم بالووعەکە و لە تەنیشت جل شۆردنەکەی دادەنیشت... یەکسەر فەیمە دەکەوتە پێش ئامەوە و پێی دەوت:

- زانم ئەرا چە هاتیدە؟ بیژە پی لەو دونیاش چاوم وە چاوی نێکەفد.

- دوێتە لەی کەلپەل شوردنە و باقلە فروشتنە قورتار بووید!!...دۆیتە چە بکەم منیش حایر مامەس لە بەین هەردوو گدان و زانم نێپوڕیەد بەس چە بکەم؟ ئەو تێدە لام و گیردو کەفدە بان دەس و پام و تووش کفر کەم لەلاد ئەگەر ناوی بارم... چەبکەم؟ چەبیژمە پی؟

- سکتری بکە.

- وەڕاست ئەرا شوی نێکە یدە پی؟

- ئای ئامە دڵم پڕە و سڕ و تڕم نایژمە کەس قار دڵ خۆم وە لاوانەوە دەرکەم، دی فرە سەر نە نەوە سەرم. من لە کورە و ئەیە لە کورە؟ ئەرا لە ئیسەوە نەجاتم بیە لە قسەی عاڵەم تا...

- من زانم، بەس سەرم کەچەڵ کردییە . گشت ڕۆژیگ تێد و گیرد لە لام.

- گیرد و نێگیرد وە جیر و جەهەنەم. من خۆم باریگ ها لەسەر شانم... بیجگە لەوە کەل و پەل ماڵ فڵان بەگ و حاجی فستان شورم...بارەگەم دە بارە و بیست هەزار بارە وە حەساو نێتیەد. ئەو ڕوژە چیمە بازاڕ حەیای بردم... ئەی سەگ باوگە... من نێزانم لە ژیر عەبا و پێچە چوین ناسییەم لەلای ڕەد بیم...... لە دویرەوە ژنەفتم قسە وە پیم وەشاند...

عەرەبانەگەی هیشتە جی و نزیکم بی .

- چوین؟.

- لە دویرەوە لە خۆیەوە وە تە کەباب چییەگە:

- دڵم بێسە کەواو... بەو دڵم بفروش، ئەرا کەواو فروشید؟

- ئیسەش وەتە پیم.

- کەواو بوود و نێود وە جیر و جەهەنەم. بیژە پێ جاریگ تر لە بازاڕ نزیکم نەوود و ئوف ئاف نەکەد.

- دی چەوەتە پید؟

- وەختی نزیکم بی وەتە پیم بوومە قوربان دەنگەگەد...

تواستم کالوشەگەم بکەنم ئەرای و بنەمای ناو دەمی... دویاخر وەتم عەیبە حەیای خۆم چد لەناو بازاڕ بیلا بچم سابوونەگەم بسینم.

- ئیسە چارە؟

- چارە؟... بچوو بیژە پی، چاوی نێکەفدە ناو چاوم ڕوویی نێکەفدە ڕویم... ها ئیسە چمە ماڵگەی و لەوەردەم مڵاڵەگانی خەمەی ناو کوپەگانی... خەمەی ناو بەستووقەگەی توورشی شەڵغەم تا شەرابی بوود و لیفەگە خەمە بانی... لە جیاتی خۆی بخەدە ناو باوەگەزی و ئەڵوەن قولەبیانی بخۆدەی... من تێم و خەمەی ناو بە ستووقەگانی و لەناو سرکەگە بیلا بخنکیەد... ئەگەر یەکێک هات توورشی بسیند بیلا دەس دریژ بکەدە ناو بەستووقەگەی و لە قژییەوە هەڵی بگرد... باوگ لە قنگی بخۆ چەکەد لە خڕ دەورم؟ باوگ لە قنگی بخۆد دی ئەرا دڵی بێسە کەواو؟. پیریش بییە... لە پاشا کوپریش جیگەی نێود... بیژە پی وەی خڕووفە. وەی شەلاتییە وەی ئاخر شەڕە یاروو شەلاتییەگان شەوی تێرنەی ماڵ بێسە هاوڵف مڵاڵ مەزدم... وە خۆیە و عەدلیاپلییە و لە چایخانە لەناو پیاوەگان نیشد... ئاخر مەجە هاوڵف کییە؟ . کی ڕوی دەدە پێ؟... ئاخر وە چەیەو ژن خوازد؟... وە عەربانەگەێ؟. لە کوورە نەدەم؟ مەگەر بنەدەمە ناو عەرەبانەگەی و گڕم بدەد لەناو شار قەیدی چەس؟... دیارە ئاخرم شەڕ بییە لەی ئاخر چاغمە، شوی بکەمە مەجە تورشیچی؟ هە! عاڵەم چە ئویشن؟... خوو گیسم بڕن. پەنم کەن... قەیدی چەس... تووش ئامە بیژمە پید عاجز نەوو: ئەرا توو دڵد کەم پڕ بییە لە قارو خەفەت ئاخر قارد کەمە؟

خوو سەد کەمە؟... وەها نیشید و گووش لەی عارەق خۆرە تەکنید؟.

- دۆیتە دڵم وە پێ سوزیەد، خاسیشی هەس لە وەردەم چاوم... ئاخر چە زەرە کردمە ئەگەر گوش لەلی بتەکنم... ئەرا دایە پیاوەتی نەمایە؟.

- وەی کارەش ئیژن پیاوەتی؟ وەڵڵا دیارە تووش خوڕووف بیدە!

- نێزانم کێف خۆدە.

تا ئامە لەگەڵ فەیمەدا لەم قسە و باسە دەبووەوە... مەجە توورشیچی کاتی لا دەبووە شتێکی سەیر... کات ئەوتۆی کاری دەکردە سەری، هەر ساتێکی بە ساڵێ بەسەر تێدەپەڕی... دڵی تەپە تەپی دەکرد ڕەنگی زەرد هەڵدەگەڕا... هێز لە ئەژنۆیدا نەدەما، دەمی ووشک دەبوو و بە دیار عارەبانەکەیەوە دەمەیی... چاوەڕێی ئامەی دەکرد بەڵکو بێ!!!

ئامە زۆر بە چاکی لە دەروونی مەجە گەیشتبوو، ئەگەر چی زۆر جار هەوڵی ئەوەی دەدا بە زمانێکی پڕ لە تانە و توانج و سەرزەنشت لە گەڵیدا بدوێ و بە ئاگای بهێنێتەوە کە ئەم ئیشە نابێ و عەیبە، بەڵام دڵیشی زۆر پێ دەسووتا. دەیزانی زۆر بە ڕاستی و دڵسۆزییەوە فەیمەی خۆشدەوێ هەموو هیوایەکی لە ژیاندا ئەوەیە قایل ببێ و شووی پێ بکات... ئەو داوە باریکەی مەجە بە ژیانەوە بەستبوو، بوونی فەیمە بوو.

فەیمەش نەک هەر حەزی لێ نەدەکرد و ڕقی لێ دەبوو، بەڵکو وای لێهاتبوو ڕقی لە هەموو مەجە ناوێ بوو، بێزی لە هەموو جۆرە تورشییەک دەکردەوە... ئامەیش لە نێوان ئەم ئاگر و ئاوەدا نەیدەزانی چی بکات... هەردووکیانی خۆش دەویست... بەلایەوە فەیمە و مەجە نموونەی مرۆڤی چەوساوە و کڵۆڵی بوون، ئەگەر چی کەم زانن یا هەر هیچ نازانن، بەڵام دوو نمونەی خاوێن و بێ زەرەرن... خزمەتی هەموو کەسێ دەکەن، مەبەستیان لە ژیاندا زۆر خاوێنە. بە ڕەنجی شان و بە ئارەقی ناو چاوان نانی ڕۆژانەیان پەیدا دەکەن...

بەلای ئامەوە خزمەت کردنی ئەو جۆرە کەسانە بەشێک بوو لە ئەرکەکانی و لە هەمان کاتیشدا دڵدانەوەیەکی تایبەتی بوو بۆ خۆی و هەندێ خەم و پەژارەی خۆی پێ لە بیر دەبردەوە هەر کە بیری لەوە بکردایەتەوە چۆن خزمەتی خەڵک بکات... ئەگەر چی لەوە بەر زۆر بەزەقییەوە وەڵامی مەجەی دەدایەوە، کەچی ئەمجارە وەکو ئەوەی هەستی بەوە کردبێ گەر بە هێمنییەوە وەڵامی نەداتەوە ئەوا گوناهێکی گەورە دەکات هەر هیچ نەبێ مەجە واتێدەگات بە چاوێکی سووکەوە سەیر دەکرێ... بۆیە تا دەگەیشتە لای لە دڵی خۆیدا دەیان وشەی نەرمی هەڵدەبژارد بۆ ئەوەی تێی گەیەنێ کە ئەمە «نەبووە و نابێ».!هەر کە دەگەیشتە ئاستی، پێش ئەوەی دەم بکاتەوە شتێ بڵێ دیار بوو ئەو لە ڕەنگ و ڕوو سیمایدا هەموو شتێ تێ دەگات، هەر کە دەمی دەکردەوە و ڕاستییەکەی پێ دەوت ئەو بە چۆکدا دەکەوت و بە بێدەنگیەوە فرمێسکی گەرم لە چاوانییەوە دەهاتە خوارێ. ئەم هەر چەنێ هەوڵی ئەدا هەڵی بسێنێتەوە بێ سوود بوو. دوو سەرنج. سەرنجی بەزەیی ئامە و سەرنجی نا ئومێدی مەجە تێکەڵ بە یەکتری دەبوون، دەیانویست دەرباز بن و... کەچی تەنیا فەرهەنگی بێدەنگی توانی ئەو وشە یاخی و تووڕانە بگرێتە خۆی و جارێکی تر بەندیان بکات... مەجە هیچی لە دەم نەدەهاتە دەر نەیدەزانی چۆن دەتوانێ پاڵ بە عارەبانەکەیەوە بنێ... بەهەر جۆر بوو خۆی دەگەیاندە ماڵ، ئامەیش بەرەو پاش دەگەڕایەوە... ئەو ڕۆژە مەجە لەگەڵ هیچ کەسێکا قسەی نەکرد. وەکو هەموو ئێوارەیەک ڕووی لە مەیخانە کرد. دیسانەوە بە تەنیا لە کونجێکدا دانیشت. ئەمجارە لە چاوی کەس پەرداغەکانی هەڵنەئەدا... لە هەموو ئێوارەیەک زیاتر هەستی بە هێمنی دەکرد... هەموو شتێکی بە ناسکی و جوانی دەدی. ئەوەندە ناسک و خاوێن ببوو، هەتا وای لێ هاتبوو گوێی لە چرپەی پەپوولەکانی مەیخانەکە بوو. وردە وردە عارەقەکەی تەواو کرد، بیری لە هیچ شتێ نەدەکردەوە. هەستی کرد ناتوانێ لە جێیەکەی خۆی هەڵسێ بەهەر جۆر بوو هەوڵی ئەوەی دەدا لەتر نەدات. گەیشتە دەرەوە، هەوا فێنکەکەی دەرێ دەموچاوی شۆردەوە، وردە وردە بەرەو ئەڵوەن کەوتەڕێ لە کەناری ئەڵوەندا هەندێ وەستا، سەیری ئەو مانگەشەوەی کرد کە چۆن لەگەڵ شەپۆلی ئاوەکەدا دەلەرێتەوە... هەستی کرد دەنگێکی ڕەوان لە قووڵایی ئاوەکەوە بانگی دەکات... دەنگێکی ئاشنا بوو بەگوێی . بۆیە لەسەرخۆ و لەسەر یەک چەند جارێ بەدەنگی بەرز وتێ:

- خاس تێم... خاس ها... ئیسە تێم.

بۆ دوا جار سەرێکی بۆ ئاسمان بەرز کردەوە بە سەرنجێکی تینوو هەموو ئەستێرەکانی هەڵمژی و هەناسەیەکی گەرمی پەنگاوی بەڕەڵڵا کرد و خۆی فڕە دایە قوڵایی ئاوەکەوە.

ئەو شەوە نە گورجییەی ژنی لە خەو کرد و نە بووە مایەی ئەوەی وەکو هەموو شەوانی تر عارەق بە خۆڕایی بە لۆتییەکان ببەخشێ... سبەینێش کەس گوێی لە دەنگی خایە خایە، هۆ خایە و یومورتە نەبوو. وەکو هەموو ڕۆژانێکی ئاسایی ئەو ڕۆژە تێ پەڕی... ئێوارە ماسی گرەکان تەرمێکیان لە ڕوباری ئەڵوەندا دۆزییەوە هێنایانە دەر.

هەواڵ گەیشتە گەڕەک: «مەجە خنکاوە»... ئیتر دەمی خەڵکەکە بەر بوو...

***

ڕەمەزان خۆی و کەرە سپییەکەی ئەو چوار نیوە بەرمیلە بچکۆلانەی سەر پشتی کەرەکەی و ئەو گوریسە و سەتڵە ژەنگاوییە قوپاوەی لەگەڵ سەبەی کچی و پیرۆزی ژنی- لە کەلاوەیەکدا دەژیان - ژیانێ مەگەر هەر خۆیان بتوانن باسی هەزار یەکی دەردی سەری خۆیان بکەن!

ئەو کەلاوەیەی تێدا دەژیان تەنیا هی ئەوان نەبوو، لەلای چەپی ژوورەکەیان پوورە سوڵتانە کوێری سواڵکەر، خێر خوازەکان لە تەختە و تەنەکە شکاو و حەسیر کولانەیەکیان بۆ دروستکردبوو، لەلای ڕاستی ژوورەکەشیان کولانەیەک لە چەشنی ئەوەکەی پوورە سوڵتان قووت ببووەوە پیرێژنێکی تێدا دەژیا، تووشی نەخۆشی «گوولی» ببوو کەم کەس دەیبینی، هاوین و زستان لە کولانەکەیدا بوو خەڵکی گەڕەک خێریان پی دەکرد.

ڕەمەزان هەندێ کەچەڵ بوو. لە باتی ئەوەی ناوی ڕەمەزان کەچەڵی لێ بنێن، بە پێی ئیشەکەی ناویان لێنابوو «ڕەمەزان بۆخچی» یانی ڕەمەزان گووڕێژ.

ڕەمەزان کەرە سپییەکەی لە پیرۆزی ژنی و سەبەی کچی زیاتر خۆش دەویست. هەموو ڕۆژێ لە گەڵ مەلا بانگداندا بەرمیلە بچکۆلانەکەی دەخستە سەرپشتی کەرەکەی و سەتڵ و گوریسەکەی لەسەر بەرمیلەکان دەبەست و بۆ کاسبی دەکەوتە ڕێ. بە حیسابی سەتڵ ئاودەسخانەکانی دەردەدا و ئەگەر تا نیوەڕۆ ئیشەکەی تەواو نەکردایە، ئەوا لەو ماڵەی کە ئیشی لێ دەکرد لە کۆنترین قاپی فافۆندا لەبەر دەرگای دەرەوەی ماڵەکەدا نانیان بۆ دادەنا . ڕەمەزان دەیزانی پاش نان خواردنەکەی دەبێ ئەو قاپەفافۆنە کۆنە فڕێ بدەن، بۆیە هەر کە لە نان خواردنەکە دەبوەوە خۆی قاپەکەی فڕێ دەدا... ئێواران پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ کەلاوەکەی، دەچووە سەر ئەڵوەن و سەتڵ و بەرمیلەکانی دەشووشت. دەست و دەم و چاوی خۆیشی پاک دەکردەوە و دەگەڕایەوە. ئەگەر چی شەوان زوو دەخەوت بەڵام تا تاقەتی هەبوایە گۆرانی دەچڕی بەتایبەتی گۆرانی «کەوا لەسەر کەوایە... سوخمە لەسەر... » دەنگیشی هەندێ خۆش بوو... هەموو خەڵکی شارەکەی دەناسی، بەڵام هاوڕێی کەس نەبوو، جگە لە کەرە سپییەکەی سەری لە کەس نەدەدا، جگە لە پوورە سوڵتانە و ئەو پیرێژنە گولەی کەلاوەکەیان نەبێ... ئەگەر چی هەندێ پیس و پۆخڵ و جل و بەرگەکەی شڕ و وڕ بوو، بەڵام ئەوەندە ڕووخۆش و قسە ڕێکوپێک بوو دوو ئەوەندەش چاپوک و بە گووڕ بوو... هەرکەسێ بمردایە ئەوا ڕەمەزان بەپاچ و بێڵەکەیەوە لەسەر قەبرسان حازر دەبوو، قەبری هەڵئەکەند قوڕی دەگرتەوە. دارە مەیتەکەی دەهێنایەوە بۆ مزگەوت... هەر ئیشێکی پێ بکرایە قسووری نەدەکرد، لە هەموو شتێکیش سەیرتر ئەوەندە دەس بڵاو و چاو تێر بوو هیچ کاتێ نەیدەهێشت پوورە سوڵتانی هاوسێی و پیرێژنەکەی تر چێشت لێ نێن، ڕۆژانی هەینی ئیشی نەدەکرد... دەیوت:

- جومعە و جەماعەت لە دەسم چد.

پاش نوێژ وەک ئەوەی شتێکی لێ گوم بووبێ، ئاوەها دەسوڕایەوە تا پیرەمێردێ یان پیرێژنێکی هەژار سواڵکەری دەدۆزییەوە و دەیبردە کەلاوەکەی خۆی و بەیەکەوە نانیان دەخوارد... ئەگەر چی زۆر حەزی بەدیدەنی ئامە ڕەش نەدەکرد. بەڵام گەر سوێندی بخواردایە دەیوت:

- وەپاکی ئامە قەسەم...

خەڵکەکە گوێیان ئەوەندە بە ڕەفتار و پیاوەتی ڕەمەزان نەدەدا... لە هەموو کاتێکدا هەر بە گوێدرێژێکیان دەزانی و هیچی تر... خۆ ڕەمەزان هەرگیز بە خەیاڵیدا نەدەهات سوپاس بکرێ، بەڵام دەبوایە خەڵکەکەش ئەو کردەوە باشانەی ئەویان لە بەرچاو بێ، نەخێر وایان دەزانی ئەو ئیشانەی کە هەر لە خۆیەوە ئەیانکات بە خێر بۆ خوایان ئەکات، بۆیە پێی ناوێ کەس منەتباری بێت، خۆ وەنەبێ ڕەمەزان لە سەرنجی ئەو خەڵکە نەگەیشتبێ...

بەڵێ زۆر چاکی تێگەیشتبوو و زۆر شتی دەزانی بەڵام هەر بەو بێدەنگییەوە وەڵامی هەموو شتێکیانی دەدایەوە...

سەبەی کچی، قوتابی پۆلی سێی سەرەتایی بوو و بەیەکەوە لەسەر یەک تەختە دادەنیشتین... قوتابیانی پۆلەکەمان بە «سەبەی ڕەمەزان پۆخچی» ناویان دەبرد و هەموو ڕۆژێ سەبە لە داخان دەگریا... منیش دڵیم دەدایەوە پێم دەوت:

- سەبە توو خودا نەگیر ئاخر ئەرا گیرید؟ ئیسە جەرەس دەدە لی و چیمنە ماڵ... ئیمڕۆ گش وێلکانەگانم ئەراد تێرم و لە ژیر سایکی دار قەلەم تۆزەگە وازی کەیمن، بیلا ئەیانە گوی بخۆن بی ئەدەبن تەربیەت نەدریاسە پییان، بیلا بمرن دی منیش قسە وەگەلیان نێکەم... ئیمڕۆ هەردووگمان خەت خەتان کەیمن و ئاشە قوولی... من قەزانەگان شوورم، تو هیچ مەکە بەس مەگییر... سەبە ئەرا گیرید؟... ئووی خودا... بچمە گژیان و بدەمە لییان خوو دەسم لە دەس دایگم وە قووەت ترە هەر شەپمە ییگ بکیشمە بان سەریان وڕ بوون.

ئەو سەردەمە دەوڵەت جل و بەرگی بە قوتابییە هەژارەکان دەدا... مامۆستا دەهاتە ژوورێ و دەیوت:

- کی نەدارەس بیلا دەس هەڵگرد.

سەبە دەستی بەرز نەدەکردەوە هەموو پۆلەکە دەیانقیژاند...

- سەبە ئەرا دەسد بەرز نێکەید؟ شەرم کەید باوگد پۆخچییە؟.

کە لە قوتابخانە دەگەڕاینەوە زۆربەی ئێواران دەچوومە کەلاوەکەی ماڵی سەبە بە لۆکە و پەڕۆ کۆن بووکە شووشەمان دروست دەکرد و یاریمان پێ دەکرد... ئەوەندە سەبەم خۆش دەویست ناتوانم باسی ئەو سۆزە خاوێنە بکەم کە ببووە پردێ، هیچ لافاوی قین و چینایەتی نەیدەتوانی بیڕوخێنێ. ڕۆژانی شەممە لە قوتابخانە وەکو عەسکەر بەریز ڕایان دەگرتین. مامۆستایەک دەهات و سەیری دەست و نینۆک و سەر و یەخەی کراسەکانمانی دەکرد... ڕیز گەیشتە سەر من کە سەیری سەرمیان کرد مامۆستا قیژاندی و ژنە فەڕاشەکەی بانگ کرد:

- کافیە ئەو نەفتە بار.

شووشەیەک نەوتیان ڕژانە سەرمەوە... نەوت تکە تکە کەوتە سەر شان و ملم... ئینجا مامۆستاکە بە عەرەبی وتی:

- لیلی...

- نعم.

- بەوە ئەیرا... وەلای من.

بەلەرزەوە چوومە پێشەوە و بە ڵاڵە پەتییانە وتم:

- وەڵڵا ست من دوێکە سەرم شووردمەس دایگم پەلکەگانم چنی وەی قردێلەیە بەسارەیان.

تاپ تاپ تاپ...تیپ تیپ تیپ.

بەڕاستە دەیکێشا بە دەست و سەر و گوێلاکمدا و دەیوت:

- ئەی سپیەیە لە کوورەوە هاوردیەدە؟

- نازانم.

- زانم دایگد هەفتەی سێ جار شووردەد. مەعنای ئەی سپیەیە چەس؟.

..........- هەموو قوتابییەکان دەیانزانی ئەم ئەسپێیانەی سەری من لە ڕێی «سەبە» وە هاتوون...

ئەگەر بهاتایە ناوی سەبەم بهێنایە، ئەوا منیان لێ جیادەکردەوە... سەبە حاڵی لەمن باشتر نەبوو، ئەو هەمیشە کەزییە جوانەکانی بۆنی نەوتیان لێ دەهات و کە لە قوتابخانە گەڕامەوە بۆ ماڵ دەمزانی دایکم ئەم هەواڵەی پێ گەیشتووە و مامۆستا خەبەری بۆ ناردووە. بیرم لە فێڵێک دەکردەوە، بەڵام بۆنی نەوت هەموو بیرکردنەوەکەمی دەپساند...

لە دوورەوە دایکم وتی:

- بوون نەفت تێدا!

نزیکم بوەوە... لووتی نزیکی کەزیەکانم بووەوە منیش وتم:

- ئا ئیمڕۆ لە مەکتەب نەفت ڕشانە بان سەرم...

- ها... ئەرا؟

- موعەلیمەگەمان وەت سەرد پڕ بییە لە سپیە.

- ها... ئەیە ئەوەنە چیدە لای سەبە... ئەرا؟... دوێت کییە؟ وەها لە خڕ دەوریید! دۆیت «نووری سەعیدە یا دۆیت عەبدولئیلاس». من هەفتەی سێ جار سەرد شوورم، حەیام بردی لە مەکتەبیش؟ ئیسە موعەلیمە ئیژد دایگی تەمەڵە هەر قنگ قەوی کەد... خزمەت دۆیتەگەی نێکەد... لەوراش ڕویم ڕەش کردیدە، بیدە سە هاوڵف کی؟ هاوڵف سەبە دی مڵاڵ قەحەتە؟ ئەرا ڕەشید بەگ کەم دۆیت دیرد؟ ئەرا ناویدە هاوڵفیان؟ چە لە سەبە قازانج کەی؟ سپیە! هە... بچوو ئەرا نێویدە دۆیت ڕەمەزان کەچەڵ؟؟... ئەرا؟ ئینجا خوو دایە سە سەبە... کی چارەی کەد کی ؟... عاڵەم ڕوژ وە ڕوژ تەرفیع کەد... دوێتەگەی من ڕۆژ وە ڕۆژ چدە دویاوە... بەختە ڕەشەگەی خۆمە... سویچ بەختەگەمە.

................- - بوون ئەی نەفتە وەسی ڕورژ نێچد. ئیسە من چە بکەمە پید؟. وە چە سەرد بشووم؟؟ ئەرا دوێکە نەدیمەد؟... هەر کە سەرد شوورید «فرت» باڵ گردید و چیدە لای سەبە، وە شانەگەی سیرکەوان هن سەبە سەرد شانە کردید، جفتە جەیرانە لە ژیر خۆر فچە فچ کردن... خودا زاند ئەو شانەیە هن کییە؟... خاوەنەگەی مردییە و فڕەی دانەسە بان سیرکەوان و تن و سەبە چن تێرنەی و سەردان وە پی شانەکەن... بیلا سەبە سەری وە پی شانە بکەد... بەس توو ئەرا؟ ئەو دوێت ڕەمەزان کەچەڵە و شانە نەیرن. توو ئەرا؟

شانەمان قەحەتە؟ لە تاووس چەند شانە سەندمەس؟... فایدە نێکەد . من وەگەل کی قسەکەم. دوای ئەی قسەیە «فر»ت چیدە لای سەبە. - جاری بچوو ئەرا دووکان... دوو قاڵب سابوون ڕەقی بار... بیلا سەرد بشوورم... دویاخر...دوای ئەوە کە سەرد پاک بوود خۆیدەی لە دەسم.

دەربەستی تێهەڵدان نەدەهاتم... نەدەترسام چونکە ئەوەندە لەسەر حەق و ناحەق لێیان دابووم پێستم خۆش ببوو. پاش هەموو تێهەڵدانێک «ئامە» باوەشی دەگرتم و فرمێسکەکانمی دەسڕییەوە، ڕەنگە پێتان سەیر بێ ئەگەر بڵێم:

لە پێناوی ئەوەی خۆم لە باوەشی ئامەدا ببینم و دەستە زبرەکانی بەسە رو چاومدا بێنێ و فرمێسکەکانم بسڕێ و دەست بنێتە سەر سنگم و بە سۆزەوە قسەی نەرمم بۆ بکات لەبەر ئەمانە گەلێ جار لە هیچە لە ماڵەوە گۆبەنێکم دەنایەوە و هەرایەکم بەرپا دەکرد، نەک بۆ هیچ شتێ تەنیا بۆ ئەوەی لێم بدەن و دەرم کەن و بمگریێنن، تا پاکانەیەکی بەتینم بە دەستەوە بێ هێمنی ببەخشێتە دەروونم... هیچ هێمنی و ئاسوودەیییەک، هیچ زەردەخەنە و پێکەنینێ تامی ئەوەی نەبوو کە سەرم لەسەر سنگی ئامە دادەنا و ئەویش فرمێسکەکانمی دەسڕییەوە بە جۆرە وشەیەکی هێمن دڵی دەدامەوە و وشەکانی دەبوونە بەنج و خەوی لێ دەخستم و هەزار خەونی خۆشی ڕەنگاوڕەنگم دەبینی:

لەو خەوانەمدا ڕوباری ئەڵوەن دەبوو بە ڕووباری زێڕ و پوولەکەی ماسییەکان دەبوونە زیو و مەلە ئاوێیەکان، بەزمانێ گۆرانییان بۆ ماسی و ڕووبار دەوت زۆر بە باشی لێی حاڵی دەبووم، تێی دەگەیشتم... منیش لەگەڵ ڕوحی ماسییەکاندا قسە و وازیم دەکرد و خۆم لەناو شەونمی سەوزەگیاکانی کەناری ئەڵوەندا دەتلاندەوە و شەونمەکانم دەرنییەوە و دەیان گەردانەم لێ دروست دەکردن. لەو خەونانەمدا جوانترین گەردانەم بۆ «سەبەی» هاوڕێم دەهۆندەوە... پێکەنینەکانم دەنگی دەدایەوە، ڕوبار و کەناری ڕوبار و چیمەن و مەل و ماسییەکان دەبوونە کۆرسی پێکەنینەکەم. لەپڕ هەموو جارێ لە خەونەکانمدا دەمبینی هەتاو دەبوو بە دوو بەشەوە، ئامە بە دوو باڵی سپی و بە بەرگێکی سپییەوە بەرەو لای من دەهات و هەر جارەی یەکێکی باڵداری لەگەڵ خۆیدا دەهێنا و ئەوانەی کە هەمیشە لەگەڵیا بوون «سەعە»ی کچی و «مەجەی» قومسێر بوو... لەو خەونانەمدا تەمەن و کات و شوێن و قەوارە و دۆخیان هەبوو... لە کۆتایی هەموو خەونێکمدا هەورێکی چڵکنی ڕەش دەیگرماند و بارانێکی بە خوڕی دەباراند... بەخەبەر دەهاتمەوە یەکسەر خۆمم دەبینی لە باوەشی ئامەدام. دایکم یا نەنکم بە جنێو و قسەی سووک و هەڕەشە بەردەبوونە ئامە.

بەزۆر دەستمیان دەگرت ڕامیان دەکێشا و لە باوەشی ئامەیان دەردەهێنام.

دوو ڕووداوی سەیر لە یەک کات و شوێندا دەبوونە مایەی پۆپەی خۆشی و شادیم، ئازار و ئەزیەتیان دەدام: باوەشی ئامە و خەونەکانم و دەستە زبرەکەی و سنگە گەرمەکەی ئەو پەڕی شادییان پێ دەبەخشیم... هەر کە جیایان دەکردمەوە لە سنگی ئامە هەموو دنیام لە بەرچاو تاریک دەبوو... ئیتر ئازار و شێواوی و ژان ڕووی تێ دەکردم، هەرکە دەیانگەیاندمە ماڵەوە... دەیانزانی ئەگەر لێم بدەن ئەوا هیچ هێزێ نییە ببێتە پەرژین و ڕێی ئامەم لێ بگرێ، بۆیە لێیان نەدەدام و بە قسە تێم بەردەبوون... منیش وەکو هەموو کاتێ فرمێسکە بێ ڕەنگەکانم دەکردە چەک و لە خواردن دەتۆرام و بەرەو لای «سەبە»ی هاوڕێم دەچووم. هەرگیز حەزم لەو نان و چێشتە نەبوو کە لە ماڵی خۆماندا بە دوو سێ جۆر لێ دەنرا و لەناو فەخفوریی بەلوور و بەلەم و لەسەر سینی دادەنرا . زۆر حەزم دەکرد نان و ماست یا تەماتەی سوورەوەکراو یا هێلکە و ڕۆن و ساوەر لە ماڵی سەبە یا لە ماڵی ئامە بخۆم... گەلێ جار هەر لە قاپە فافۆنە گێڕ و قوپاوەکەی «سەبە»دا نانم دەخوارد... ئای کە پێم خۆشبوو ڕەمەزانی باوکی سەبە هەر کە دەیبینیم لەگەڵ کچەکەی نان دەخۆم. دەستی بەسەرمدا دەهێنا و جۆرە پێکەنینێکی لە دەمێیەوە دەفڕی و یەکسەر لە دڵمدا هێلانەی دەکرد، ڕەمەزان دەیوت:

- دوێتم تووش وەک سەبەی دوێتمی.

تەنیا جارێ ڕەمەزان لێم تووڕە بوو ئەویش هەرچی زێڕە و خشڵی دایکم هەبوو هەموویم کردبووە دەست و ملمەوە... کە بەم شێوەیە بینیمی زۆر توڕە بوو، دەستی گرتم و بردمییە لای دایکم پێی وت:

- ئەرا ئەی ئاڵتوینە دانەسە دەس ئەی مڵاڵە؟... ئەگەر یەکیگ دزییەی؟

دایکم لە باتی سوپاسکردنی زۆر بە ساردییەوە وەڵامی دایەوە.

- عومر دریژ بووید.

ئیتر هیچی نەوت...

کەچی ڕۆژێکیان جانتاکەی گووم کردبوو حەوت پەنجایی و دوو پوولی پەنجا فلسی و وێنەی شەمسی خۆی تێدا بوو لە ڕێگای دائیرەی «جنسیە» لێی کەوتبوو... «گوڵچین»ی کچی پیاوێکی دەوڵەمەند دۆزیبوویەوە و بە وێنەکاندا دایکمی ناسیبووە و هاوردییەوە بۆ ماڵمان، دایکم تا مانگێ نەیدەبڕییەوە:

- ئەیە دۆیتە... شیرەگەی دایگد حەڵاڵد بوود... وە چاغ زادەس!!

کەچی ڕەمەزانی بەستەزمان لەبەر ئەوەی هەژار بوو... من و زێڕەکانی دایکمی دۆزیبووەوە دەستی لە وشەی عومر درێژ بووی بەولاوە، هیچی تری نەوت: دایکیشم وای دەزانی گەر پیاو هەژار بوو هەموو پیاوەتییەکانی بە پێی جل و بەرگ و پارە و ناو و وەزیفەکەی دەپێورێ... یانی دەوڵەمەندێ گەر بایی دینارێ پیاوەتی بکات ئیتر حیسابەکەی وا دەکەوێتەوە.

1 دینار + خانووەکەی 6000 هەزار دینار + قەمەرەکەی بە 2000 هەزار دینار + ماڵ و شتەکانی 10000 دە هەزار دینار = 18001 هەژدە هەزار و دینارێک.

ئەگەر هەژارێکیش بایی 20000 بیست هەزار دینار پیاوەتی کرد بەم شێوەیە حیسابی بۆ ئەگرنەوە:

20000 بیست هەزار دینار - 10000 دەهەزار دینار بۆ خانوو- 3000 بۆ قەمەرە - 5000 پێنچ هەزار دینار بۆ ماڵ و شتی تر - 2000 دوو هەزار بۆ دیعایە تا خەڵکی دەیناسی 10 - دە دینار بۆ جل و بەرگەکەی تا ببێتە پیاوی ناو پیاوان !! = هێشتا دە دیناریش قەرزار دەبێتەوە... هەی قوڕ بەسەر ئەوانەی وەکو دایکم بیر دەکەنەوە! جا نازانم لە هەموو شوێنێکدا دایکم ئاساکان زۆر ترن!! دنیا تەنیا خانەقین و گەڕەکەکەی ئێمە نییە!!.

با هەموو دنیا لەم بابەتەی تیابێ، ئەگینا بایەخی ئامە و ڕەمەزان و سەبە چییە تا دایکم و دایکم ئاساکان نەبێ... تا شەو نەبێ ڕۆژ چییە......

***