5

از کتاب:
ئەڵوەن
اثر:
احلام منصور (1951-2013)
 33 دقیقه  1487 مشاهده

یەکەم ڕۆژی جەژن هەرچی دژایەتی و ناکۆکی لەنێوان خەڵکەکەدا هەبوو بۆ یەک دوو ڕۆژ نەدەما... هەر لەبەرە بەیانەوە «سەعە دەوڵچی» بە کۆڵانەکاندا بە خۆی و دوومەڵەگەکەیەوە دەسووڕایەوە.

دم دم دم دم دمتک دمتک دمتک دمتک تک تک تک تک دم دم سەعە زەلامێکی دەدایە پێشی خۆی بە تەختەیەکەوە فیلم و ناونیشانی فیلمەکەی لەسەر نووسرابوو «سەعە بەدوومەڵەک» بە کوردی و تورکمانی و جارجارەیش بە عەرەبی باسی فیلمەکەی دەکرد و دەیقیژاند.

من هیچی لێ حاڵی نەدەبووم. بۆیە نازانم عەرەبییەکەی چۆن بوو بەڵام لەوەدا کە کوردی و تورکمانییەکەی ڕێک و ڕەوان نەبوو و هەردووکیانی تێکەڵ بەیەکتری دەکرد، دەبێ عەرەبییەکەشی هەر تێکەڵوپێکەڵ بووبێ، ئیتر هەر مناڵی گەڕەگ بوو دەکەوتنە دوای «سەعە»، سەعەیش هەر سەیری جەمهووری خۆی دەکرد زیاتر بەزەوقتر دەبوو و توندتر دەیقیژاند... پاش هەموو فیلمێکیش سەعە لاساییی قارەمانی فیلمەکانی دەکردوە و وەکوو ئەوان قسەی دەکرد و بە دەم تەقەی دەکرد... سەعە دەهۆڵکوت گەنجێکی باریک و دەموچاو قوپاو بوو، کەس نەیدەزانی کوڕی کێیە، تاقە دشداشەیەکی هەبوو وەکوو نەژادی خۆی وا بوو، کەس نەیدەتوانی بزانێ چ ڕەنگە... لە هەموو ڕەنگێکا بوو واتە «سکۆب ملون» بوو.

هەر لە ڕەنگی ڕۆن و گریس و چەوری خواردن تا بۆیاغی سەیارە و پێڵاو، سەردەستەکانی چەقۆی بەرکەوتبا لەبەر چڵمی وشکەوە بوو نەیدەبڕی. دامێنی دشداشەکەی وەکوو زنجیرە چیاکانی هەمەلایا بوو... یەخەی هەتا ناوکی دڕابوو. یەخەکەی بستێ چڵکی ڕەنگاوڕەنگی بەسەرەوە بوو. پشتوێنێکی چەرمی لە پشتدا بوو. جارجارێ کڵاوێکی دەنایە سەری ڕەنگ و ڕووی کڵاوەکەشی لە دشداشەکەی جوانتر نەبوو. باوەڕ ناکەم ڕۆژێ پێڵاوی لە پێ کردبێ، هاوین و زستان هەر پێ خاوس بوو. زمانیشی دەیگرت و بەزەحمەت قسەی بۆ دەهات... لە هەر چوار وەرزی ساڵ هەڵامەتی دەگرت، هەردوو کونە لووتەکانی وەکوو هێلانەی چڵم پێدا دەهاتە خوارێ، ملی دەتووت حاجی لەقلەقە، سەرێکی بچکۆلانەی خڕ، ناوقەدێکی باریک، ببووە مایکرۆفۆنی شار. جگە لەوە لە شایی و زەماوەندەکانیشدا سەعە پاسپۆرتێکی تایبەتی هەبوو ئەویش کەسێ نەبوو ڕێی لێ بگرێ و یەکسەر دەچووە ناو ئافرەتانەوە سەمای دەکرد و دەهۆڵی لێ دەدا و خەڵکیش گاڵتەیان پێ دەکرد: جوانترین کچ پێی دەوت: سەعە من شوو بە تۆ دەکەم. ئیتر هەر ئافرەت بوو بەپێکەنینەوە دەیوت:

بە خوا سەعە تا تۆ وەستابی من شوو بە کەس ناکەم... تۆ دەزگیرانی منی...

سەعەی بەستەزمانیش باوەڕی دەکرد. کە دۆن جوانی خانەقییە و زیاتر لە سەد ئافرەتی جوان دڵدارییەتی، بۆیە سەعە لە چاییخانە و بازاڕدا خۆی گیڤ دەکردەوە و گاڵتەی بە گەنجەکان دەکرد و پێیانی دەوت:

- بچوو ئەیە وە تەوالێت و گود لە نییە... وە کەلپەل جوان نییە ئەی کارە وەفەننە!!.

سەعە ئەوەندە لە خۆی ڕازی بوو، وای دەزانی هەموو شتێک دەزانێ هەر لە عەرەبانچییەتی و چاییچێیەتی و مریشک و هێلکە و نەوت فرۆشتنەوە تا تەختەی سینەما هەڵگرتن، بۆیە هەر ڕۆژە یەکێ لەم کارانەی دەکرد.

لە ڕاستیدا هیچی نەدەزانی جگە لە سەماکردن و دوومەلەگ لێدان. ئێمەی مناڵ سەعەمان زۆر خۆش دەویست.

کەسمانی عاجز نەدەکرد. یەکەم ڕۆژی جەژن بە چەپڵەڕیزان و گۆرانی چڕین لەسەر ئاوازی دومبەڵەگەکەی دەبووینە دیعایەچی بۆ فیلمەکەی، جارجارێکیش کە ئاوڕی دەدایەوە و سەیری زۆریی مناڵانی دەکرد پێدەکەنی و هەڵوێستەیەکی بۆ دەکرد و چەند جارێ شانی بۆ بادەدا. لەو کاتانەدا ئامەم لەبیر دەچووەوە بە مناڵەکانم دەوت:

- یاڵڵا بکەفنە شوینم.

هەندێ مناڵ دەترسان و دەیانوت:

- دویاخر دایگ و باوگمان مینەمان کەن.

- وە جیر و وە جەحەننم.

قسەیەکی ئامە ڕەشم بۆ مناڵەکان دووبارە دەکردەوە:

- ئیمە لە فەلاقەکردن زیاتر چە دوینین، گشت ڕوژی لەلیمان نێدریەد؟ بیلا ئیمڕۆ وەبان وازیکردن بدەنە لیمان، ئیمڕو عەیدە، کەس نادەدە لیمان... یاڵڵا حەقدان نەوود چە بوود بیلا بوود.

مناڵێ دەیوت:

- وەڵڵا من لە دایگم ترسم، قەب لەلیم گرد نایەم... نە خۆشکم نێتیەم ترسم قەب لەلیم گرد.

- ئووم هەی ئاخر شەڕ! ترسنۆک! عەیب لە خۆد نێکەید ترسید توو کوڕی کوڕ.

- ئەگەر دایگم داغم کرد؟...

- کە گەورا بید لەهویرد چد.

ئیتر بەدوای سەعەوە هەموو کۆڵانەکان دەگەڕاین. تا درەنگێ هەر دەسووڕاینەوە. دایک و باوکی مناڵەکان بەدوایاندا وێڵ دەبوون، کە دەگەڕاینەوە دەچوومە ماڵێ، پاش دە دوانزە دەقیقە هەر ئافرەت بوو بۆ لای دایکم دەهات بۆ شکاتکردن.

- ئەیە گشتی سویچ دۆیتەگەدانە، مناڵەگمانمان لەڕی دەرکردێیە. گشتیان بێئەدەب کردییە، نێزانین چە خۆندە گووشیان وا زووی هەڵیانخەڵەتند. ئەیە وەکی هاتیە؟

دایکیشم لەسەرخۆ دەیوت:

- دایگم دوێتەگەم حەقی چەس؟؟ وەک ئەی مڵاڵەیڵە کەفتێسە شوین سەعە دەوڵچێ.

- توو زانید ئیمڕو چە هاتە سەرمان. چیمنەسە شوورتەخانە، وە خۆمانە و خنکیانە و کەفتنەسە ناو کۆردەرە. باوگیان کەفتێسە لاییگ، برایان کەفتنەسە لاییک. چیمن هەتا ئەرا قەورسان «پاشاکۆپرێ» ئەیبەر و ئەوبەر مینە کردینە. قەوم و ناسیاو نەهیشتین تووش خانم خانم لە ماڵ خۆد نیشتیدەس، نێزانی دونیا چە هاتێسە سەرێ... حەقدە لە جیاتی ئەوە بیژی حەقیانە پشت دۆیتەگەد گرید... وەخودا من هەر ئەی قسەیە کردمەس و ئویشمەوەی:

- ئەگەر دۆیتەگەد گەورا بی سێ حکومەت دەدە یەکتری!!

ڕوویان لە من دەکرد و دەیانوت: ئیسە وەی مڵاڵێدەوە ئەی بنجگە باڵا وەها مڵاڵ ئەی مەحەلە و شارە خەڵەتانیدە، بەیانی دوو بەیانی گەورا بووید چە کەید!

ئنجا ڕوویان لە دایکم دەکرد: دڵد خۆشە دوێت ئیوەت کردیدە... د بچوو دایە بچوو...

بزان چوین عەدەب دۆیتەگەد بدەید. هاوار نەکە بانمان وەڵڵاهی ئەگەر ئەیە دۆیتم بوود وەلەقە چمە بان دەمی و خنکنمەی ئا... !!

ئنجا دایکم سەری گەرم دەبوو و دەیوت:

- ئەری ژنەگە توو کید؟ دوێت کید؟ ژن کید؟ وەها قیڕەقیڕ و تڕەتڕ کەیدە بانم... یاڵڵا دی سکتربە... ئەرا دۆیتەگەم چەیەسی؟ کام ڕوژ هاتە بان سینییەگەدان؟ کام ڕوژ قاپیەگەدان وەکوو چگ گرد؟! وەی وەی... توو ئیسە ئەگەر بکەفدە دەسد پانزە حکومەت دەیدە یەک، نەک دۆیتگەم، ئەرا کار وەحەیاسزی بوود هەی ئازاڵە.

لە ئەوان قسەیەک و لە دایکم دوان، دەبووە هەرا و فەرتەنە لەنێوان پایانەوە بەرەو لای کونجەکەی ئامە ڕام کرد... دەیگرتم و دەیزانی هەر شتێکم کردووە. دەپاڕامەوە... ئامە وایدەزانی لە ترسانا دەپاڕێمەوە، کەچی نەیدەزانی داوای ئەوەم دەکرد ئێوارە بمبات بۆ سینەما!! بەڵێ سینەما!! ئەی لە بەیانییەکەوە سەعە چی ئەکات... ئەی ئەوە نییە هەموو خانەقین دەزانن تەڕەزان ئیش دەکات.

سینەماکەش هەر لە بەیانییەوە تا ئێوارە و نیوەشەو ئیشی دەکرد. باوک و دایک دەستی مناڵەکانیان دەگرت و دەیانکردنە هۆڵە تاریکەکەوە، منیش لەگەڵ ئامە و لە باوەشی ئامەدا دادەنیشتم... ئەوانیش خێسەیان لێ دەکردم، وەک بڵێی ئامەش ئاگای لە هەموو شتێک بووبێ...

بەسۆزەوە دەیگوشیم بەسنگیەوە... ئەگەرچی حەزم بە بینینی سینەما زۆر دەکرد، بەڵام ئەو سۆز و لەئامێز گرتنە هەزار جار ئەوەندەی سینەماکە خۆش بوو... هەر لە باوەشیدا خەوم لێ دەکەوت... ئامەی بەستەزمانیش بە باوەشی دەیهێنامەوە ماڵێ، سەد قسەی سووکیشی لە دایکم دەبیست.

سەرباری ئەوەی ئەو کەسەی ئەوی بدیبا، وەک بڵێی شەیتانی بینیوە تفی لە زەوی دەکرد و دەیوت:

«ٲَعُوذُ بِاللّهِ مِنَ الشَّیطانِ الرَّجیم» خوا نەخواستە ئەگەر لە شەوانی هەیینیدا بە بەردەم مزگەوتەکەی تەنیشتی ماڵمان تێپەڕیبا، ئەوا جگە لە ٲَعُوذُ بِاللّهِ هەزار قسەی سووک و جنێویشی دەبیست... ڕەنگە بڵێن بۆ شەوانی هەیینی؟ لەبەرئەوەی تەنیا لە شەوانی هەینیدا ژنان ئەویش پاش ئەوەی خۆیان بە عەبا و پێچە بەجۆرێک لوول دەدا تەنیا کونی چاویان دیاربوو کەس کەسی نەدەناسییەوە. لەبەر دەرگای مزگەوتا دادەنیشتن. حەوت بەردی بچووکیان بەهەر چوار لادا دەهاویشت، لە کاتی بانگی شێوان کەپیاوە نوێژ کەرەکان بەکۆمەڵ بەرەو مزگەوت دەچوون و لەگەڵ یەکتریدا دەدوان، ژنەکان بەوردی هەستیان لێ ڕادەگرتن بەڵکو قسەیەکی وا لە دەمی یەکێکیان دەربچێ کە بەلێکدانەوەی ئەوان مانایەکی مژدەی خۆش و بەئاوات گەیشتن بدابایە... بۆیە حەزیان نەدەکرد پیاوێ بەتەنیا تێپەڕێ چونکە پیاوێک بەتەنیا قسە ناکات چاوەڕێی تێپەڕینی چەند پیاوێکیان دەکرد. بۆ نموونە ئافرەتە نەزۆکەکان زۆربەیان پاش ئەوەی زیاتر لە سەد شەوی هەینی ئەم شەبەخوونییەیان کردبوو، دەهاتن دادەنیشتن. ئەو پیاوانە بەبەردەم مزگەوتا تێدەپەڕین بەڕێککەوت یان بەمەبەست یەکێکیان دەیوت:

- ئەم دارەی من چەند ساڵێکە بەر ناگرێ و باوەڕیش ناکەم بێتەبەر.

ئەم ڕستەیە بەس بوو بۆ ئەوەی ئەو ئافرەتە نەزۆکەی گوێی لێبووە، ئەو شەوە هەتا بەیانی نەخەوێ و بگریت و بەیانیش لە داخی ئەم قسەیە لەگەڵ دراوسێکاندا فەرتەنەیەک ساز بکات... بۆیە هەموو ڕۆژانی هەینی هەر لە بەیانییەوە تا نیوە شەو گەڕەکەکەی ئێمە لە جەنگدا دەژیا...

هەروەها ئافرەتێکی تر کەکچەکەی قەیرەیە و کەس نایەت بۆ خوازبێنی کردنی، ئەگەر ئەو شەوە گوێی لە قسەی دوو زەلام بووایە قسەکە هەرچیەک بێت و ئەم ڕستەیەی تیادا بووایە «بمرێت بەچاوی خۆی نایبینێت».

ئەگەر ئامە تێپەڕی بایە ئەوا هەموویان هێرشیان دەبردە سەری.

- دەم وچاوود شوومە، وەی شەوە چە هاوردەدە ئەیرا. ڕیگە قەحەت بی؟

ئامەیش دەیوت:

- ئەرێ ئەی ئاین و ئووینە چەس؟... دایگم من وەڕیی خۆم تێم و وەڕیی خۆم چم. گوی وەڕوح باوگ ئەو کەسە گومان لەمن کەد.

ئیتر هەر جنێو و تف و قسەی سارد و سووک بەر ئامە دەکەوت و ئەو شەوە دەبووە هەرا و قیژە قیژ و لە یەکتری ئاشکرا دەبوون و درۆکانیان دەردەکەوت. ئیتر ئامە لەبیر دەچووەوە و بەم شێوەیە هەرا لە نێوانیاندا بەرپا دەبوو...

- ئەرا وە دروو ئیژی ڕوژی پانزە جار تێنە خوازوەنیی دۆیتەگەم؟ ئەگەر دروو نێکەی ئەرا ئیمشەو کوجگ جومعە فڕەداید؟!.

- ئەی توو ئەرا ئیژید شویەگەم وەت: ژنەگە گوش مەتەکن، مڵاڵد بوود نێود وەجیر و جەحەنم ژن ناخوازمە باند.

ئەم شەڕ و هەرا و شەڕە جنێوەیان وای لەمن کرد لە ڕقی دووبەرەکی و درۆیان لەسەر بانەوە ئاو بکەم بەسەریانا و دایکم بەم کارەی دەزانی و ژەمە تێهەڵدانەکەی خۆمم دەخوارد و جار جارەیش پینەم دەکرد: کاتێ کەدایکم دەیپرسی:

- ئەرا ئاو کەیدە بان ژنەکان؟

منیش بەهەموو باوەڕێکمەوە وام دەزانی مزگەوت هی خۆمانە و بۆیە پێیم دەوت:

- جامع جامع خۆمانە... دی جامع قەحەتە بنیشن لە وەردەمی بیلا ملیان بشکنن ئەرا جامعیگ تر، گشتیان ئۆین بازن.

ئەم قسەیەم بەس بوو بۆئەوەی دایکم بەهەموو سەنگێکی خۆیەوە خۆی لێ هەڵماڵێ و بچێتە ناو شەڕەوە، چونکە یەکسەر ئافرەتان وەڵامی منیان دەدایەوە و قسەکەشیان لە دایکم دەگرت:

- یەتیمچە بەچە... گۆرمەمیش گۆردە گومیش، ئیژید ماڵەگەیان قصر الزهورە... هە...

ئیمە لە وەردەم قاپی ماڵ خودا نیشتیمنەس. جامع ماڵ خوداس، ئیوە چەن؟. باوگ لە قنگدان بخۆد، ئەرا ئەوەنە نەدی بدین؟ کەس ماڵی نییە؟ کاوڵی نییە؟ دیوارەگەدان تەڵاس... ئەگەر قەسریگ گەورادان بیاتاد وەک قەسرەگەی چەلەبی چە ئەکردن؟ خودا دوینستێسە دان ئەرا ئەوە...

دایکم نەیدەهێشت تەواوی بکەن خێرا قسەکەی لە دەمیانەوە دەسەند:

- ژنەگە ئەی قسەیە وەکی وەشنید هەی فڵقۆش، هەی قاش قونجی!!.

- ئای لەو شەوانە کەهەر کەسێکیش بهاتایەتە ناوبژی کردن... ڕەنگە لە شەڕکەرەکان زیارت قسەی سوکی بەرکەوتایە... پیاوانیش بەفرسەتیان دەزانی و حەزیان دەکرد شەڕەکە گەرم تر بێ، بۆئەوەی ئەگەر دوانیان لەسەر دۆمینە ناخۆشییەکیان بووبێ فرسەت لەدەس نەدەن و ئەمیان بەویان بڵێ:

- خۆدیش وەک ژنە گەد حەیاسزید!!.

یا ئەگەر پیاوێک نیازی خواستنی کەسێکی هەبوایە ئەو لەوجۆرە شەڕانەدا سەر و سەربردە نهێنییەکەی ئەو کچە بەستەزمانە بەدەنگی بەرز دەخوێنرایەوە و خۆئەگەر یەکێ لە شەڕکەرەکان هەستی بکردایە - فڵانە کەس نیازی وایە، کچی ئەو کەسە بخوازێ وا ئێستا شەڕی لەگەڵ دەکرد، ئای هاوار چی دەقەوما!! ئەگەر یەک دووانی بریندار و سەر شکاو و قاچ شکاو نەبن ئەوا یەکسەر کوڕە پەشیمان دەبووەو،ە ئەگەر مارە بڕیش بووایە ئەوا تەڵاقی دەدا و باوک و برای کچەش ئیتر تا دنیا دنیایە لەگەڵ کابرای بەناو زاوایان دوژمنایەتیان دەکردو کچە بەستەزمانیش ئیتر کەس خوازبێنی نەدەکرد و لە ماڵی باوکیدا هەروەکو کۆیلەیەک ژیانی بەسەر دەبرد، تا ئامە فریای دەکەوت وەک ئەڵێن خەریک ئەبوو پێستی ببەن بۆ دەباخانە... ئامە چۆن فریای دەکەوت... ئەمەیان نهێنییەکە و پەردە لەسەر هەڵماڵینی هەمان فەرتەنە و شەڕ دروست دەکات. ئەمجارە نەک کچە تەڵاق دەدرا، بەڵکو بەچەقۆی کول و بەهەزار جۆری هونەری لەناودەبرا...

بەبۆنەی ئەوەوە کەئەو مزگەوتە لە تەنیشت ماڵی ئێمەوە بوو، لەهەفتەیەکدا هەزار و یەک گۆڕان بەسەر گەڕەکەکەماندا دەهات... مزگەوتیش چ مزگەوتێ خۆزیا جێی خواپەرستی بووایە... جارێ هەر کە لە داڵانە گەورەکەی مزگەوتەکە بچوویتایەتە ناو حەوشەکەوە یەکسەر چەند نیگایەکی دژ بە یەک بەرچاوتی لێڵ دەکرد. لە دەستی چەپی حەوشەی مزگەوتەوە، چاوت بەچەند تاتە شۆرێ دەکەوت کە لە داری ساج و بەئەسپیرتۆ بۆیاغ کرابوون و ئایەتی قورئانیان لەسەر نووسرابوو، بەرانبەر بەدوو تاتە شۆری ڕزیوو و شەق و لەق دانرابوون کە بە هەزار بسم الله بەرزیان دەکردەوە... ئاشکرا بوو تاتەشۆرە ساجەکان بۆ دەوڵەمەند و تاجر و پیاوە گەورەکان بوو... ئەوانی تریش هی ڕەش و ڕووتە هەژارەکان بوون. ئەگەر هەژارێکی نەختێ قەڵەو بمردایە، مەلای مزگەوت و فەقێیەکان پاش ئەوەی دەیانبرد بۆ قەبرسان و تابووتەکانیان دەهێنایەوە، ئەو مردووە بەستەزمانە هەزار لەعنەتی بۆ دەچوو، چونکە هەندێ لە تاتەشۆر و تابووتە شەق و شڕەکان تەختەکانیان دەشکاو بزمارە ژەنگاوییە ڕزیوەکانیان لەتەختەکان دەترازان... لەمانەش سەیرتر لەمزگەوتەکەدا ژوورێکی تایبەتی هەبوو، دەوڵەمەندەکان بەرماڵەکانیان تیا دادەنا... بەرماڵەکانیشیان نیوە قاڵییەک بوون... هەژارەکانیش لە هاوین و زستاندا لەسەر حەسیر نوێژ و ئیتاعەتی خوایان دەکرد... کابرایەکی شەست ساڵان بانگی دەدا، دەنگی زۆر ناخۆش بوو، پێیان دەوت «مەلا دەنگ گەورە». زۆر ڕقی لە عەمی عەباس بوو... عەمی عەباس یەکێک بوو لە هەژارە دیعایەچێیەکانی شار، دەوڵەمەندەکان چاک دەیانناسی. لە چایخانە و بازاڕدا بەدەنگی بەرز هاواری دەکرد فڵانە حاجی فرە مسوڵمانە ئەم ساڵ زەکاتی دا بە من. فڵانە دوکاندار لە ڕێی خوا جل و بەرگی بۆ کردووم... ئامۆژنیشم زۆر حەزی دەکرد وەکو خێرەومەندێ بناسرێ. چاکیشی دەزانی عەمی عەباس خێری پێناشێ و لەو زۆر هەژارتر هەن، بەڵام هەمیشە دەیناردم بۆ مزگەوت...

کە دەچوومە مزگەوت کابرای «دەنگ گەورە» دەیوت:

- ها هەم هاتی... وەی نیوەڕوویە چەکەی لەیرا؟ هاتیدە خورما و عەنگویر مزگەوتەگە بخۆید؟.چاو بەل!

- نە... ئامۆژنم وەتە پیم بچو بزان عەمی عەباس لەوراس؟

-چەتوای لە عەمی عەباس؟

- ئاش ئەرای تێرم...

- لە یرا نییە.

نموونەی وەک عەمی عەباس زۆر بوون... زۆربەی خەڵکەکە ئەوانەی مەبەستیان بوو دەمامک لە ڕوو بکەن و حەقیقەتی خۆیان لەپێستی خواپەرستی و خێرۆمەندیدا بشارنەوە، بۆ ئەم مەبەستەیان بەلایانەوە گرنگ نەبوو چەند سەد دینارێک لە پێناوی کەشیدەیەکدا خەرج کەن و بەو چەند سەد دینارە بایی چەند هەزار دینارێک باوەڕی ساکار و ساویلکەیەتی خەڵکی لادێ بکڕن کە لە مانگێکدا چەند جارێک دەهاتنە شار و کوتاڵ و پێویستییان دەکڕی و دەگەڕانەوە - حاجی ئەمین - یش یەکێک بوو لەو دوکاندارە دەمامک لە ڕووانەی کە لە پێناوی کەشیدەیەکدا چەند سەد دینارێک و یەک دوو مەڕ و مەولودێک و چەند مایکرۆفۆنێکی وەک عەمی عەباس و یەک دوو بێوەژنی هەتیو باری دەمەوەری ڕازی دەکرد، تا باوەڕی خەڵکەکە بەم هەرزانییە بەدەست بێنێ... باش بەبیرم دێ، کەلادێییەکان دەهاتنە شار. یەکسەر ڕویان لە حاجی ئەمین دەکرد و دەیانوت بەویژدانە و پیاوی خوایە و قەرزی سووکە. حاجی ئەمینیش دەفتەرێکی قەرزی گەورەی هەبوو بەم شێوەیە قەرزەکانی تۆمار دەکرد:

1- سۆفی وەیسی قۆرەتوویی - دە گەز جاو + تەنەگەیەک ڕۆنی حر + دوو کیلۆ شەکر + دوو کیلۆ چایی + فەردەیەک برنج + جووتێ کڵاشی هەرسینی و سێ کیلۆ خورما و پێنج کیلۆ ساوەر و نیو کیلۆ لەیموون دووزی و تۆپێ قامیش و مانگایەکی زەرد.

سۆفی بەم حیسابە گەلێ ڕازی دەبوو، پاش سێ چوار مانگ ئەگەر دوا کەوتبا حاجی ئەمین بە مەنتیق تێی دەگەیاند حیسابەکە غەڵەتە، مانگایەک و گوێرەکەیەکە... ڕەنگە پێتان سەیربێ...

حاجی ئەمین دەیوت:

- سۆفی وەیس وەو حەجەرولئەسوەدە، کەئەی دەستانەم وەبانی هاوردەمە، وەقەوری سەیدەلمورسەلین محمد (ص)، وەو ئاو زەمزەمە کەگشت تاوانیک شورد، فەرموو ئەیە قووتووییگ ئاو زەمزەم.

- ئەی خودا لەلیمان نەسیندەد.

- سۆفی وە واحیدە لقەهار قەد فەرقد نییە وەگەل براگانم...

- خودا لەلید ڕازی بوود.

- سۆفی، دونیا دونیاس و قیامەت قیامەتە...

- ئەشهەدوو مابیللا.

- سۆفی ماڵ ماڵ خۆدە. دووکان دووکان خۆدە... نەک هەر ئیسە، هەر وەختیگ هەر چشتیگ تواستید لە ئۆغردە.

- ئەی غەوس دەسی وە عومردەوە بوود...

- سۆفی نەک تەنیا توو، بەشکەم گشت خەڵق قۆرەتوی: وەشەرتیگ توو بیژید پیاو خاسیگن، من لە ڕوویاندا خاوەن ماڵ نیم.

سۆفی بەهەموو عەقڵێکییەوە خۆی بەگەورەی قۆرەتوو و دەم سپییان دەزانی و دووریش نییە لەناو ئەو خەڵکە بەستەزمانەدا شانازی بەمەوە کردبێ، دەستێکی بەسەر و ڕیشی خۆیدا دەهێنا و زیاد لە پێویست باوەڕی بەخۆی پەیدا دەکرد و دەیوت:

- مامە حاجی، وەو ماڵ خودایە کەتو زیارەتی کردیدە و تائیسە وەنسیب من نەوییە، وە غەوس گەیلانی، وەو قورحانە گەورەیە، مامە حاجی من گجاری ئیژمە پییان بچنە لای مام حاجی، ئەگەر پارەدان بوود یا نەوود... هەرچە تواستن بەس ناو من بارن لەلای، حەقدان نەوود.

- دیارە وەڵڵا دیارە.

- ئەی چوین مامە حاجی.

- بیلا باینە بان قسەکەی خۆمان.

- بەڵێ.

- ئیشم سێ مانگ وەرج لە ئیسە مانگا زەردەگەد ئەگەر بهاوردایدەوەی - ڕاس کەید.

- نەهاوردیدەوەی؟

- بەڵێ بەڵێ بەڵام...

بەزۆری قسەکەی لە دەم دەبڕی و دەیوت:

- مانگە زەردەگە شیردارە وەها نییە؟ قەوڵمان وابی...

- بەڵێ.

- بیلا بیژین هەر ڕوژیگ سەتڵیگ شیر دەد.

- مامە حاجی زیاتر، سەتڵی چەس!.

سۆفی بەستەزمان تێ نەدەگەیشت وای دەزانی حاجی بەدرۆزنی دەزانی کەکاتی خۆی وەختی قەرز و قۆڵە... مقاوەلەیان وا بووە کەمانگا زەردە شیری زۆرە، بۆیە لەسەریەک دەیوت:

- مامە حاجی بێ قەزابی سەتڵی چەس، توو بیژ سییان.

- ئادەم خۆش... نەک سییان بیلا بیژین دووان.

- نەوەڵڵا مامە حاجی خوو دروو وەگەلد نێکەم، ئیژم وەلای کەمەوە سییان، خوو زیاتریشە، باشە بیژین سییان.

- بەڵێ زیاتریش.

- سەتڵی شیر لەقۆرەتوی وەچەنە؟

- بەلای کەمییەوە دوو ڕوپیە... یانی پەنجاییگ.

- ئەی لەیرا؟.

- ئەوە خودا زاند.

- توو بیژ ڕوعبێک.

- زیاتریش.

- یانی لە ڕوژیگ سێ ڕوعب.

- ئەرێ وەڵڵا.

- لەمانگیگ زیاتر لەبیس.

......... - - لە سێ مانگ شەس دینار.

.......... - - من بێوژدان نیم...

- نەوەڵڵا خودا قەبووڵ نێکەد.

- بەس ئیژم مانگا زەردە زاوە؟

- ها! چە بیژم... ئا...

- کوێرەگەییگ وەچەنە؟

- هەر وەپەنج دینارە.

- خاس، لەباتی ئەو شەس دینارەکە.

سۆفی سەری لێ تێک دەچوو بێ ئەوەی بیر بکاتەوە بەسەر ڕاوەشاندن ڕەزامەنمدی خۆی دەنواند و دەیوت:

- مامە حاجی نەک مانگا زەردەگە و گوێرەکەگە، بەشکەم، خاوەنەگەیانیش لە ئۆغردە.

- نەنە... سۆفی ئەیە حساب زەگاتە... حسابیان کەم و دەیانکەمە پارە و زەکاتەگەیان دەرکەم.

- دەک خودا ئەرا ئیمە بهیڵدەد!.

بەکورتی نەک سۆفی بەڵکو وهەرچی لادێیی، دەوروبەری خانەقین هەیە مەعمیلی حاجی ئەمین بوون. حاجی ئەمینیش لە مەسەلەکە بەجوانی گەیشتبوو بۆیە سنووقەکە سیفۆنێکی لە دووکانەکەی دانابوو و دەیوت بەهەر یەک لەو مەعمیلانەی:

- فەرموو ئەیە هەر قابیلی تۆیە.

پارچە سەوزێکیشی لە تۆپی قوماشی دەکردەوە و دەیوت:

- موفەڕەکە.

بەهەزار مەمنوونێیەوە لەدەستیان وەردەگرت. نەک سۆفی، هەزاری وەک سۆفی هەبوو...

پارەی لە کەسیان وەرنەدەگرت تا گا و مانگا و مەڕ و بزن و خورێ و کەرە و پەنییر هەبوایە.

ئەگەر یەکێکیان بیویستایە پارەی بدابا یەکسەر پێی دەوت:

- ئەرێ خزمە خۆ دووکانەگەی من گشت شتی لەناو نییە.

وەی پارەیە بچوو ئەرا حەمام و کەباب خانە و حەڵوا ئەرا مناڵەگان بسیین... بێ قەزابی خوو ئیمەیل غەریب نین.

- ئەی مامە حاجی خودا...

جا مامە حاجیش وەکو زۆربەی حاجی و تانجی توجار و نەجار و عەتار و... و... و پێویستی بەعەمی عەباسێک هەبوو... خوا نەیبڕێ، ئەگەر نەڵێم بۆ پەنجا فلس ئەوا دەڵێم بۆ ڕوبعێک هەزار عەمی عەباسی دەست دەکەوت... جا «ئامۆژنم» چی بکات... دوکاندار نییە دەفتەری قەرزی هەبێ. حاجی نییە کەس باوەڕی پێ بکات... دەموچاو هەڵگر و بەربووک نییە باوەڕی پێ بکەن... ئەمانە نییە، بەڵام مەبەستێکی سەیری هەبوو...

ئەگەرچی مایەی پێکەنینە بەڵام دەرخستنەکەی بەجێیە... ئەویش بۆئەوەی عەمی عەباس یا عەمی عەباس ئاساکان بڵێن:

- دۆیتەگەی - وە ڕەحمەت بوود حاجی جەمشیدی سنجاوی - فرە دۆیت خاسیگە.

بێ شک یەکێ هەر دەیپرسی کام حاجی جەمشید؟.

ئیتر هەر لە بنەڕەتەوە تا پۆپەی بەناوی دەستکرد دەیانبرد.

جەمشیدی کوڕی ڕەزا قولی کوڕی نادری کوڕەزای عەلی خان - ی کەمەر شەل و کوڕی ئیمام زین العابدین - ی کوڕی... کوڕی... کوڕی... تا ئەیانگەیاندە حەزرەتی ئیبراهیم...

ئەمە سەیر نییە... بەقەد ئەوەی کەدایکم باوەڕی بەم لیستەیە پەیدا کردبوو و بەهەموو عەقڵێکییەوە، وای دەزانی ئامۆژنم کچی فڵانە و فڵانە کەس کوڕی فڵانە کەسە و باپیرە گەرەوشیان حەزرەتی ئیبراهیمە، بۆیە ئامۆژنیشم گەلێکی مەبەست بوو زۆربەی ڕۆژانی هەفتە چێشت بۆ عەمی عەباس بنێرێ، تا عەمی عەباسیش ئەمە باس بکات و ئامۆژنیشم لەناو ژناندا لەگەڵ بنێشت جوویندا بەخەڵکەکە بڵێ «بەجەددم» قەسەم - مەبەستی حەزرەتی ئیبراهیم بوو- ئەمە وا نییە و وەهایە!!.

ئامەی دایەنم لەم جەد و قەسەم و مەسەمە باش تێدەگەیشت بۆیە هەرکە ئامۆژنم سوێندێکی بخواردایە یەکسەر ئامە دەیوت:

- گوی وەڕوح باوگ عەمی عەباس.

ئامۆژنم ڕەنگی زەرد هەڵدەگەڕا... ئامە زیاتر دەنگی بەرز دەکردەوە: عەمی عەباس چاو حیز درووزن، گەواد، بی شەرەف.

ئامۆژنم ڕەنگێکی دەهێنا و دەبرد و هیچی پێ نەدەوترا. ئامەیش دەیوت: ئەی گەوادە مەگەر من بناسمەی.

ئامۆژنم وڕ و کاس دەبوو، ئامە دەیوت:

- ئەی کەران باوگە وەگشت بێوەژنەگان وەتیە خوازمەدان.

تا ئامە ئەو ناوەی بەجێدەهێشت، ئامۆژنم وڕ و کاس دەبوو... ئەوجا دەیوت:

- گوێ وەڕوح باوگە گەوادەگەد ئامە تلیاک کیش، تفوو لە دایگە حیز و دزەگەد... ئامە قەرەج، کاولی بەچە سەگ جنس، کەس نێزاند جنسد چەس، وەها تەرفتوین کریان...

مەگەر منیش ڕوژیگ باد... تەرفتویند بکەم، ڕسواد بکەم، گوی بڕشنمە قاپییەگەد. خۆڵە دوود بکەم، سوارد بکەمە بان خەر، سەرد بتاشن، گیسد بوڕن، ئەو وەختە دڵم ئسراحەت کەد، خودا کەی ئەو ڕوژە تێد.

من چاک دەمزانی ئامە وەکو ئامۆژنم نێیە، هەر هیچ نەبێ ئەو کەسەیە لە ڕوو قسە دەکات!!! بەهیچ کەسێ لە پاشملە قسەی سووک ناکات!! لە ترسی دارکاری نەمدەوێرا بەئامۆژنم بڵێم:

- دروو کەید.

ئەمیش ئیتر هەزار جنێو و قسەی سووکی پێ دەکرد.

عەمی عەباسیش چاک دەیزانی بۆچی بەم چەشنە خێری پێدەکرێ. وەک دەڵێن لە کارەکەی خۆی گەیشتبوو، بۆیە پاش هەموو خێرێ حاجییەک دەچووە بن دەستی هەموو کەس و کارەکانی حاجییەوە هەڵیدەدا و ئەگەر دینارێکیان پێ بدابا بەدرۆ دەیوت:

- دە دینار دایە سە پیم!!.

کە ئامە پێی دەوت: عەمی عەباس گەواد و چاو حیزە ڕاستی دەکرد...

جارێ عەمی عەباس کابرایەکی شەست ساڵان بوو، تەنیا خوا نەبێ هەموو شتێکی دەناسی، دەم وچاوێکی قوپاو و ڕەش، جەستەیەکی باریکەڵەی ڕەق و هەموو ئێسقانەکانی پەراسووی لەژێر دشداشە کۆنەکەیدا دەرپەڕیبوون، خەنەی دەگرتە سمێڵ و سەری، ئەگەر ڕەنگی خەنەی سمێڵی کاڵ بووایەتەوە ئەوا ڕەنگێکی زۆر سەیر بەسمێڵییەوە لە ڕەنگی قوڕاوێکی هەندێ قاوەیی دەچوو... هەرچەندە خێریان پێ بکردایە زیاتر تلیاکی دەکێشا... هەموو قاچاخ چییەکانی دەناسی ئەوانیش بۆ ئەوەی خەبەریان لێ نەدا یارمەتیان دەدا...

گەلێ کەسیش باوەڕی وابوو کەدەستی لەگەڵ پۆلیس تێکەڵە، پێش ئەوەی وا لێ بکەوێ دەستی گەوادیشی هەبوو. ناو بەناو بۆ چەند ڕۆژێ ون دەبوو، خەڵکەکە دەیانوت:

ئەوە چێیە ئەرا سەردان لای دوێتەگەی لە بەسرە... مەگەر خوا خۆی بزانێ کچەکەی چی دەکرد... ئامە زۆر ڕقی لێ بوو... شەرمی لێ نەدەکرد... ڕووبەڕوو هەزار جنێوی پێ دەدا و تفی لێدەکرد... ئەویش زۆر لە ئامە دەترسا، بەڕادەیەک تەنیا ناوی ئامە بەس بوو بۆئەوەی ڕەنگی زەرد هەڵگەڕێ و ئەو ناوە بەجێ بێڵێ...

لە ناوەندی حەوشەی مزگەوتەکەدا بیرێک هەبوو لە ڕۆژانی لافاودا کە ئەڵوەن لێخن دەبوو و ئاو دەبڕا هەموو خەڵکەکە ڕوویان لە مزگەوتەکە دەکرد و ئاوی بیرەکەیان هەڵدەهێنجا.

لەوکاتانەدا عەمی عەباس مزگەوتی جێنەدەهێشت و بەرانبەر بەو ژن و ژالە دەوەستا و سمێڵەکەی بادەدا، جار جارێکیش چاوێکی لە ئافرەتێ یا کچێ هەڵدەتەکان، سمێڵە خەناوییەکەی لەگەڵ خوێنی دەموچاویدا سوور دەبوو قاپقاپی ئافرەتی بەر دەکەوت...

لەبەرئەوەی من وام دەزانی مزگەوتەکە هی خۆمانە وەکو چاودێرێ لەسەر بیرەکە دەوەستام بەم و بەوم دەوت:

- توو بیس جار هاتید ئاو بردید... بیرەگە خاڵی کردید، جاریگ تر ئاو نایەمە پید!.

- چە جامع ماڵ خوداس...،. ئاویش ئاو خوداس. ئەرا توو خاوەنیید؟.

- جامع... جامع خۆمانە من وەکەیف خۆم ئاو بەش کەمە باندان.

- خاس ئەرا وە ئامە ڕەش دوو تەشت داید؟.

- حەقد نەوود، ناوی نەیەر، توو لەی کارەیلە نێفامید، لە تینگی بمرید، قەترەییگ ئاو نێدەمە پید... خاس د بچوو دی و ناو ئامە نەیەر!

هەموو ئافرەتەکان دەورووژان، پەتی سەتڵی بیرەکە لەژێر دەستی من دا بوو، منیش بۆ ئامە بێ قسوور بووم، ئەوانیش تووڕە دەبوون و بەخێسەوە سەیریان دەکردم، ئنجا دەیانویست دڵم نەرم کەن یەکێکیان دەیوت:

- ئا ڕووڵە عەزیزەگەم، توو دێت خاسیگید وەک نەنگد نید ئەی تەشتە ئەرام بڕ بکە لە ئاو.

- خاس میمی بەس ئەرا توو پڕی کەم...

هاواری ئافرەتان بەرز دەبووەوە:

- ئەرا جامع ماڵ باوگدە؟ دۆیتەگە ئەرا ئەوەنە چاو دەرچید؟ ئیسە تێم و لە پەلد گرم و فڕەد دەمە ناو بیرەگە هەی بێ خاوەن!!

- هە... ئەرا توو جامعەگە سبوغ کەید؟ توو حەسیر ئەرای سینید.؟ توو گزی دەیدەلی ؟

توو گڵۆپ ئەرای سینی؟ تن پەنکە ئەرای سینید؟ من بابام ئەیانە گشتی ئەرای سیند...

دی ئەرا نەوودە جامع خۆمان. توو پارە دەیدە کارەباچی؟ توو قاپییەگەی سبووغ کەی؟

- وەی وەی وەی وەی - دایگە قەڵەوەگەد چوین دۆیتیگ خستیەسە زەوی وەها عالەم بسوزند، کەسیگ نییە بچدە بانی و باردەی و لە پەلی بگرد و زوانی داغ بکەد.

ڕووی دەکردە ئافرەتەکان و منیش یەکسەر دەموت:

- هاوار مەکە چەنی حەیاسزید؟ عەیب لە خۆد نێکەید ژن گت گەوراییگید، خۆد قەڵەوید تەماشای قنگ خۆد بکە باتمانیگە.

- هی هی هی هی.

- هە ئەگەر فرە قسە بکەید ئیسە سەگیگ تێرم و خەمەی ناو بیرەگە، توپد، ژن توام باد لە بیرەگە ئاو بکیشد. ئەویش بەهەڕەشە مزگەوتەکەی جێهێشت و وتی:

- خاس خۆم زانم کەی لە حەقد تێم.

ڕاستیشی کرد... ڕۆژێکیان تازە لە سەرتاش خانە گەڕابوومەوە، کابرای سەرتاش هەردوو کەزییە بەقردێلەکەمی نەشێواند تەنانەت پەرچەمی بۆ بڕیم. منیش لە سەرەخۆ دەگەڕامەوە بۆ ماڵێ بۆئەوەی لەگەڵ دایکم بچینە میوانی. پاڵتۆیەکی سوری تازەم لەبەردا بوو، جووتێ پێڵاوی تازەی «باتا»، لەسەر پەنجە دەڕۆیشتم نەوەک قوڕاوی ڕێگای بەرکەوێ و بریقەی ڕەشێیەکەی تێک بچێ، لەپڕ لە پەنجەرەی ژووری سەربانەکەیانەوە سەتڵێک ئاوی چڵکاوی کرد بەسەرما، کەزی و پەرچەم و بۆن و قردێلە و پێڵاو و گۆرەوی سپی هەموو بەپیسیایی و تۆکڵە باینجان و خەیار و تەماتە بۆیاغ کران.

هاوارم کرد، سەری لە پەنجەرەکەیەوە دەرهێنا و پێکەنی و وتی:

- هی هی هی هەی بنجگە باڵا نەوتم حەق خۆم لە لید سینم؟!! دەبچووە لای دایگد ئیسە فەلاقەد کەد و ئەویش خاس لە حەقد تێد، ئوخەی دڵم ئسراحەت کرد... ئەیە حەق ئەو سەتڵە ئاوەس کەئەڵاڵکیامە پید و نەئەدایدە پیم.

ئنجا ئافرەتەکان ناچار دەبوون و دەستیان دەرکردە پاڕانەوە و دەیانوت:

- هەی دایگەکەم. بوومە قووربان ئەی چاوەیلە، ئەی سەتلە ئەرام پڕ بکە، ئاش بکەم وەپی ئەرا مڵاڵەگان، لە ورسگی مرن.

- یاڵڵا قەی نێکەد، بچوو ئەی سەتڵە بووە و سەتڵی تر بار دووجار دەمە پید.

- باوگمید، خۆم زانم عاقڵید و دڵد ڕەحم دارە وەک باوگد ئەرا نێزانم، لە سویرەگەد گەرەگ ئەوەنە هەڵهەڵە بدەم ئەراد تا قوڕگم وشک بوود.

ئافرەتێکی تر هەر بەهەمان مەرایییەوە دەیوت:

- منیش ئەوەنە گۆرانی ئەراد چڕم... تاخودا بیژد بەس.

ئەیلان و ئەو لاند کەم ڕوحم وەقورباند کەم.

یەکسەر ئەو خەڵکە مناڵ و ئافرەت لە جام و سەتڵ و تەشتەکانیان دەدا و بەچەپڵە لێدانەوە لەسەر ئاوازی ئەم گۆرانییە کردیانە هەڵڵا.

ئەی لان و ئەو لاند کەم
پشیلە وەقورباند کەم
ئەی لان و ئەو لاند کەم
سەگەکەم وەقورباند کەم
ئەی لان و ئەو لاند کەم
حوشتر وەقورباند کەم
ئەی لان و ئەو لاند کەم
مانگە حویلە وەقورباند کەم
ئەی لان و ئەو لاند کەم
قولەیبانی وەقورباند کەم
ئەی لان و ئەو لاند کەم
خەرەگەم وەقورباند کەم

هەرکە کاتی بانگدان دەهات و مەلا دەنگ گەورە ئەمەی دەبینی یەکسەر دەیوت:

- وەی وەی، ئەیە ماڵ خوداس یا تیاترو خانەس... ئەیە چەکەن لەیرا؟ یاڵڵا دەی گوی وەڕوح باوگ و دایگ و خاوەندان...؟ دەی ئیسە وەی دارە سەر گشتان شکنم... دەی بچنە دەشت. ئاو نییە... ئاو بیرەگە وشک بییە. بەس بەش پیاوەگان و فەقیەگان کەد... دەی سکتر بوون ئیسە قاپی جامع بەسم.

هەمو لە ترسی مەلا دەنگ گەورە دەگەڕاینەوە ماڵێ... دایک و باوکی ئەو مناڵانەی کەچاوەڕێی ئاویان دەکرد، توڕە دەبوون، مناڵەکانیش خەتایان دەخستە سەر مەلا دەنگ گەورە، ئەویش ئەوەندە توڕە دەبوو لەباتی «بانگ دان» بەو دەنگە گەورەیە جنێوی بەدایک و باوکەکان دەدا و دەیوت:

- مناڵەگاندان بی تەربیەتن... خۆدان بێ شەرەفن!! یەک شەممە مناڵی تێرن، دوو شەممە زگدان پڕبوود!! حیز باوگینە، بزانن چوین تەربیەت مناڵ دریەد. خوو هەر ئەوە نییە مناڵدان بوود وەک پشی و فڕەی بدەنە مەحەلە... خودا بگردەدان.

عەمی عەباسیش لەبەر مەبەستی تایبەتی خۆی هەموو خەتایەکی دەخستە سەر مەلا دەنگ گەورە و بەچپەوە هەموویانی حاڵی دەکرد کەمەلا دەنگ گەورە لەو ڕۆژەوە ژنەکە تەڵاق داوە شێتی ژنە...بۆیە سەری لێ تێکچووە... ئەگینا حەقی بەسەر ئەم خەڵکەوە چییە... ئاو ئاوی خوایە... سەیر لەوەدا بوو خەڵکەکە باوەڕیان بەعەمی عەباس دەکرد، ئەگەر چی زۆربەیان دەیانزانی نەک عەمی عەباس تەنیا درۆزنە و فێڵبازیشە، بەڵام هەر باوەڕیان زیاتر بەعەمی عەباس دەکرد و کەمتر بەمەلا دەنگ گەورە باوەڕیان دەهێنا.

***

ئامۆژنم بەدەنگی نزمەوە بەماممی دەوت:

- ئەی ئامە تلیاک کیشە حەیای مەحەلەگە بردییە!! خۆ کەس نێویرد وەگەلی قسە بکەد، حەقە مەزبەتە وەبانی بنوسریەد، شار وەدەر بکریەد.

مامم نەک تەنیا وڵامی نەدەدایەوە، بەڵکو بەجوانیش گوێی لە قسەکانی نەدەگرت، بەتایبەتی ئەگەر قسە لەسەر ئامە بووایە وردە وردە ئامۆژنم دەنگی بەرز دەکردەوە.

- ئیژم مەزبەتە وەبانی بنویسنین.

.........- - تا شار وەدەر بکریەد و پەن بوود، حەیای دونیا بردییە!

.........- - تلیاک کیشد... گشت قەچاغچییەگان چنە ماڵەگەی دۆیتەگانی بینەسە...!

- هووس.

- ها؟ وەتەمای چەید... توای چاو ئەراد گڕ بدە و ژن ئەراد پەیا بکەد؟ ئەرا نێزانم ئەرا ناتواید مەزبەتە لەسەری بنوسنید؟... ئەرا نێزانم ئەرا ژن سەری مانگ شەکەر و چای و ڕوین و ئارد ئەرای سینیدو بەیدەی ماڵەگەی، هەرچە دیرین و نەیرین چدە قوڕگ ئامە...

جاری برازاگەد گشت ڕوژیگ لە ماڵمان چشتیگ دزد و ئەرای بەد و، تنیش پارە و شەکەر و چای ئەرای نیرید. ئەویش دەسی کەفتیسە ناو ڕوین وەی پارەیە تلیاک سیند و مەست بوود و چە بادە سەر زوانی ئیژدەی... گەورا و بیچگ نێزاند، فرە بی حەیاس...

گەرەگ بەیانی مەزبەتە بنویسنید و بچنە شورتەخانە و بیژنە پییان شاروەدەری بکەن.

- ئەرا چە کردییە؟.

- ها... چەکردییە؟ خاس! توان دی چە بکەد؟ ها؟ هەر ئەیەما یە کارخانە لەیرا بکەدەو... ئەرا نێزانم ئەراد وەشوین ژن گەردد؟

- ئەی قسەیە چەس؟

ئامۆژنم زیاتر دەنگی بەرز دەکردەوە.

- ها. ئەی قسەیە چەس؟ خۆد وەنەزان کەید!! ئەرا نێزانم ئامە ئەرا چدە لای «مەلا ئەڵڵا وێردی»؟ ئەرا نێزانم خەریکە جادوو ئەراد کەن؟ ئەرا نێزانم وەتەمای دوێتەگەی فڵانید؟! حەی تڕ...! تەماشای خۆد کردیدە؟ عەینەن مینیدە مەیمون، وەقەد لەعاف خۆد پاد دریژ بکە...

- ژنەگە توو.

- هوس هوس عەیبە... گچشتیگ زانم. گچشتیگ وەتنەسە پیم.

- درو کەید.

- ها.

- جاری توو ئیژید وەها نییە، گشت عاڵەم وەیە زاند، چوین وا نییە؟... وەهاس و زیادیش!. کی خەڵەتنید... من؟ هەی تڕ ئەراد.

ئامۆژنم ماممی تەنگاو دەکرد. سەری لێ دەشێواند. مامم هەرکە دەیویست پێی بڵێ وا نییە ئەو ئەوەندەی تری دەخستە سەری، تا ڕادەیەک تاوانی تلیاک کێشانیشی دەخستە پاڵی و پێی دەوت:

- ئا تلیاک کیشیگ ئەراد پەیا بکەد!

- دۆیتە من جگارەیش نێکیشم.

- حەقم نییە... گەرەگ وەبان ئامە مەزبەتەیەک بنویسریەد.

جاری وا هەبوو تووڕە بوونی مامم دەگەیشتە ڕادەیەگ ڕوخساری سوور هەڵدەگەڕا و مووەکانی سمێڵی گیڤ دەبوونەوە و بەجۆرێک چاوی دادەبزرگان کەبنیادەم لێی دەترسا.

ئامۆژنم وای دەزانی ئەم شڵەژانەی مامم مانای ئەوەیە هەرچییەکی بیستووە یانی ڕاستە.

بۆیە وا مامم ڕەنگی تێک دەچێ و قسەی بۆ ناکرێ... مامم ناچار دەبوو هەر کاتێ بوایە لەبەر ئەم هەرایە ماڵی بەجێ بهێشتایە بۆ دەرەوە بچوایە و ئەمیش ماوەیەکی چاکی بۆ قسەیەکی ئامۆژنم دەدا و پێی دەوت:

- ها... قسەگانم تاڵە... حەقە چونکە ڕەقە... ئەرا ماڵ ئامە چید؟ بفەرموو...

وەک بڵێی ئەم کار و ڕووداوەی ماڵی مامم شتێکی ئاسایی بوو و تووڕەبوونەکەشی ساتێک بوو و لەپاشان هەموو شتێ وەکو خۆی لێدەهاتەوە... توومەز هەموو ژنانی گەڕەگ ئەوانەی شەوانی هەینی بەردی جومعەیان دەهاویشت، ئەو ئافرەتانەی کەئامە چاکیان دەناسی هەموو کۆبوونەتەوە و بڕیاری ئەوەیان داوە بەهەر جۆرێ بێ ئامە شار بەدەر بکەن... جا بۆ ئەم مەبەستەیان دەبێ هەر ئافرەتە و مێردی یا باوکی یا برای و ئامۆزا و کەسوکاری قەناعەت پێ بێنێ و بەهەموویانەوە کاربکەنە سەر موختار. موختاریش ئیمزای مەزبەتەکە بکات. ئەگەر ئەمە یەکەم جار و دووهەم جار نییە ئەم ئافرەتە «عاقڵ و سەنگین و موحتەرەم گران و بەئەدەبان»ە. ئەم جۆرە بڕیارە دەدەن و هیچ کاتێکیش نەیانتوایوە شتێک بکەن!!!! ئامە زۆر بێ باک بوو... هەر بیریشی لەم مەسەلەیە نەدەکردەوە، چونکە پێشەکی دەیزانی پێی ناوێرن، بۆیە ببووە لکی سەر دڵی زۆربەی ئافرەتانی گەڕەگ!!

نموونەیەکی زۆر سەیر بوو! لە ماڵێکدا پیاو و کچەکان ئامەیان خۆش دەویست و ژنەکانیش ڕقیان لێ دەبووەوە. پیاوان کەپشتگیریی ئامەیان دەکرد لەبەر ئەوە بوو قسەی لە کەس نەدەخواردەوە. لەسەر ڕوی خۆی و بەجورئەت و ڕاستگۆ و نەترس بوو. کچانیش بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان. ژنان کە ڕقیان لێ دەبووەوە دەترسان ژن بۆ مێردەکانیان بدۆزێتەوە، ئەوەندە بە هانای بێوەژن و پیاوی ژن مردووی خاوەن هەتیو هاتبوو، لایەنگرێکی زۆری لەوجۆرە کەسانە بۆ خۆی پەیدا کردبوو... جارێ ئافرەتە نەزۆکەکان، حەزیان دەکرد شەیتان ببینن نەک ئامە... مەرگی ئەو بەلایانەوە ئەوەندەی مناڵ بونیان خۆشی و دڵ نەوایی پێ دەبەخشین. ڕقیان لە ئامە بەجۆرێ دەگەشایەوە و پەرەی دەسەند ئەگەر بیانزانیبا بووەتە هۆی شوکردنی فڵانە بێوەژنی کڵۆڵ... ئیتر ئەو ئافرەتانە لەناو خۆیاندا بەم جۆرە باسیان دەکرد و دەیانوت:

- دەک ئامە کوور بید... وەپەن بید... فڵانە کەسیش دایدەشوی. ئەی کی کەلپەلەگەمان بشورد. ئەی کی نان ئەرامان بکەد؟... دەک وەپەن بکریەید، گیسد بوڕن. ئیتر خو مناڵەگانی فڵانە کەس نێچنە بازاڕ ئەرامان. باقلە نافروشن... ئامە بێسە دەڵاڵ، شویەگانمان لە ڕی دەرکەد و ژن ئەرایان خوازد.

ئەم قسانە وەنەبێ لە پاشملە پێیان بووتایە، لە ڕووی خۆیدا پێیان دەوت، کەچی ئەو هێندە بێباک بوو، ئەوەندە باوەڕی بەخۆی هەبوو، گەلێ جار هەر گوێی نەدەگرت و خۆی بەسەرەوە نەئەبرد... بەڕێی خۆیدا ڕاست دەڕۆیشت... ئەم بێدەنگی و بێ باکییەی زیاتر ئافرەتەکانی دەورووژان و تەقی پێدەکردن. زۆر حەزیان دەکرد وەڵامیان بداتەوە. کەچی ئەو جوانترین وەڵامی بەبێدەنگی دەدایەوە.

***