زەمانەیەکە کار بە زوبانە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  879 مشاهده
زەمانەیەکە کار بە زوبانە
تیغمان زوبانە، چەوری هەسانە
دەست و زوبانی پاک بێ زیانە
بەد زوبانییە ئافەتی گیانە
هەر هەڕوگیڤە، هیچە و پڕوپووچ
لە پڕ خاوەندی ئەخا لنگەوقووچ
درۆزن چەرمی ڕووی هێند ئەستوورە
درۆشی ئەگڕێ ئەو بێ فتوورە
ئەوی جارێ درۆی لێ بووە بە خوو
پێی تەرک ناکرێ بیشکەوێتە ڕوو
«پواسون داوریل» یەکی نیسانە
هەمانە هی وا، پڕ بە هەمانە
دوور نییە دەوری درۆ بگۆڕێ
ناڕاست گۆڕ وایە بیخەیتە گۆڕێ
دەرگای درۆمان دروومان بکرێ
درەختی هیوا بەرمان بۆ بگرێ
ئەمڕۆ بە حیساب چلە تەواوە
شینەکەی خاتوو زەمهەریر ماوە
ئێمە لاوانمان هاتوونە مەیدان
خوا یار بێ لامان بەهارە زستان
بەردێکیش ئەدەین لە «بَرْدُ الْعَجوز»
ڕزگاڕمان ئەبێ لە دەست نازونووز