گەردشی جیهان ڕوو لە چەوتییە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  794 مشاهده
گەردشی جیهان ڕوو لە چەوتییە
ڕۆڵەی ڕوو لە ڕاست هەڵس و کەوتییە
هەرچی دێتە ناو بە گەڕ و گوڕە
وەک قەمەی عەجەم بە دوو لا بڕە
ئەوانەی چەوت و خوێنڕێژن وەک شیر
ئەیانبستنە پشت بە جوان و بە پیر
هەڵیان ئەکێشن دەمیان ماچ ئەکەن
مەرەزەی عومری پێ سەرپاچ ئەکەن
هەر ئەو شیرەیشە کە دەست دوژمن کەوت
دای لە خاوەندی پێشووی سەری کەوت
هەزار بار ئەڵێن: شیر بێ وەفایە
کەچی، هەر کەچی لە برەودایە
ئەم کەچ ڕەوییەی ئەم کەچ بینانە
ئەڵێن: نیشانەی ئاخرزەمانە
ئەیانگوت ئیتر نۆرەی جەجاڵە
بە فیشاڵ دەرچوو ئەم گڕوگاڵە
تەرسی کەرەکەی جەجاڵ خورمایە
هەر بۆ خورمایە خەڵکی لە دوایە
ئێمە خورمایشمان هەیە و نایکڕن
لە هەر سێ لاوە هەر بە نەوت خڕن
سا، باوە گوڕگوڕ شەخسەکەی خۆمان
ڕووناکییەکت ببێ بۆ خۆمان