چەرخی بەد تا کەی لەبەر من فیتنە و غەوغا ئەکەی
از کتاب:
دیوانی ئەحمەد موختار جاف
اثر:
احمد مختار جاف (1896-1935)
1 دقیقه
924 مشاهده
چەرخی بەد، تا کەی لەبەر من فیتنە و غەوغا ئەکەی
بۆ لەبەر من هەردەمێ دەرگاهی میحنەت وا ئەکەی
ئەختەری ئینسانی ئەحمەق شەو لە شەو ڕووناک ئەکەی
ڕۆژی بەختی عاقڵان تاریک و هەم ئاوا ئەکەی
پێم بڵێ تۆ بۆچ ملی کەر پڕ لە تەوقی زەڕ ئەکەی
عاقڵی بێچارە بۆ چی دایمەن ڕیسوا ئەکەی
سەیری بەختی نەحسی من کە هەر گورێزانی لە من
دڵبەرا تۆ بۆ چی مەشقی ئاهوویی سەحرا ئەکەی
دڵبەرم فەرمووی ئەگەر دەستت بگاتە باخەڵم
تۆ بە تەحقیق هەر وەکوو مووسا یەدت بەیزا ئەکەی
خۆ ئەگەر ئیمڕۆ منی بێچارە قەیسی عامیریم
تۆش بەقوربان ئێستە ئوستادیی هەزار لەیلا ئەکەی
تۆ بە خەندە و لێوی خۆت مردوو لە گۆڕ زیندوو ئەکەی
دەک بەقوربانی دەمت بم موعجیزەی عیسا ئەکەی
پێی وتم عاشق حەقیقەت شێتی چونکە ئێستەکە
بادەیی چاوم ببێ مەیلی مەی و سەهبا ئەکەی
قامەتی من حازرە، باسی قەدی شمشاڵ ئەکەی
گەردنم مینایە تۆ بۆ ئارەزووی مینا ئەکەی
خۆزگە ئەمزانی هەتا کەی تۆ بە ئیفسادی ڕەقیب
ئەحمەدتخلصی بێچارەیی خۆت شێت و هەم شەیدا ئەکەی