لەو دەما ئێمە کە خوێنمان ئەڕشت

گوڵی خوێنین
از کتاب:
دیوانی ئەحمەد موختار جاف
اثر:
احمد مختار جاف (1896-1935)
 2 دقیقه  2313 مشاهده
لەو دەما ئێمە کە خوێنمان ئەڕشت
ڕۆژیش بەهای هێنابووە وجوود
لەو جێگا شەڕەی یەکترمان ئەکوشت
گوڵان سەوز ئەبوون ئەیانکرد سجوود
***
هەر چەند لاشەکان وەک پەینی بەسام
کەوتبوون لە ژێر لقی گوڵاندا
کەچی گوڵانی بێ هۆش و نەفام
تەڕ و تازە بوون لەسەر چڵاندا
***
زەوی ئەوەندە خوێنی خواردبێ
بۆ چی وەنەوشە ڕەنگی هەر شین بێ
خوێناوی لاوان دەشتی پۆشیبێ
هێشتاکوو بەیبوون سپی جەبین بێ
***
بە خوێنی ئینسان گوڵ ئاو درابێ
ئەبوا ڕەنگ و بۆی ئەوان بسێنێ
ئێستا کە پۆل پۆل خەیمەیان داوە
بۆچ بێ پەڵەی خوێن سەر دەرئەهێنێ
***
دێراوی گوڵان چۆن ڕووزەرد نابن
خوێنەخوێکانیان بەسەردا ئەڕوا
بۆ چی ئاو تووشی داخ و دەرد نابن
بۆ وڵاتیان عەیبە سەر تا پا
***
ئەبینن غەیرە ئەچنێ گوڵغونچە
کەچی هیچ کامیان گرژ ناکەن ڕوویان
غالبیەتی بێ و بکات لەنجە
بۆ پێنەکەنین ناکەونە خەزان
***
یەکێکیان جارێ ناڵێ بە هەنگێ
یا بەو «پەپولەی» هەڵیانئەسێنێ
ئێستا نەمماوە من بۆن و ڕەنگێ
ئیمڕۆ دڵتەنگم بیخە سبحەینێ
***
لەم دەشتەوشوومەی پڕ خەوف و خەتەر
کە لاشەی قەومی ئێمەی تێدایە
بۆ شەرمی حزوور شەعشەعەی زەفەر
کەم ناکەنەوە تاقە گەڵایە
***
ماتەمی ئێمە ڕەنگ و بۆی پێدان
کەچی قەت ناکەن ئیزهاری کەدەر
چونکی بێ حیسسن ئەسنافی گوڵان
لە حاڵی کۆندان دایم تازە و تەڕ
***
لە داخا گەڵای خۆ بپێچنەوە
نەفامن چونکی هێشتا نازانن
بۆ ناو کەوای سەوز خۆ بکێشنەوە
ئەی گوڵان ئێوە بێوەی لاوانن
***
موقابیلی ئەم دەرد و بەڵایە
ئازاد ئەپشکوون گوڵانی وەتەن
چەند بێ ویجدانن ئێوە ئەبوایە
بۆ مردووەکانمان هەر بکەن شیوەن