هەر بە شادی گەڕەکە پەستی لە دڵ خۆم ڕەم کەم
وەرە مەیگێڕ پێنج خشتەکی عەونی لەسەر شیعری هێمن
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
3 دقیقه
1625 مشاهده
هەر بە شادی گەڕەکە پەستی لە دڵ خۆم ڕەم کەم
یار لە باوەش بگرم سەیری سەر و پەرچەم کەم
بۆ مەزە دەم دەمە ماچێکی لە لێو و دەم کەم
وەرە مەیگێڕ دەمەوێ ئەمشۆ خەمی دڵ کەم کەم
لوزەوم بەردە سەرێ نامەوێ جورعەی کەم کەم
کاتێ بۆ تیری موژەت سنگی منت کردە نیشان
چەندی پاڕامەوە لێت سوودی نەبەخشی گریان
چونکە دەرمان نەکرا زوو کتوپڕ هاتنە ژان
تەشەنا بوونەوە ناسۆری دەروونم دیسان
زامی کۆنە بە مەیی کۆنی دەبێ مەرهەم کەم
ناز و عیشوەت مەفرۆشە بەسە ئەی شۆخی دەلال
تۆ کە هاوتات نییە جوانیت گەیییە حەددی کەماڵ
گەر بکەم باسی قەد و کوڵمی گوڵ و چاوی کەژاڵ
مشت و ماڵی دەوێ ئاوێنەیی ژەنگاوی خەیاڵ
مەست و گێژم کە هەتا گاڵە بە جامی جەم کەم
چارەنووس ڕوو کەمە کوێ چەند لە شوێنت دەگەڕێم
ڕۆژگار تۆقی ستەم بەستی لە دوو دەست و لە پێم
ئاشنا و دۆست و هەڤاڵم، هەر کەسی پرسی لە کێم
ئێستە بۆ چارەیی خەم گۆشەیی مەیخانەیە جێم،
من کە ڕۆژی دەمەویست میللەتەکەم بێ خەم کەم
دەمەویست بیخەمە ڕوو بیر و توانا و هەستی
دژ بوەستم لە هەموو کاری بە بێجێ و سستی
خۆم بە دوور گرت لە خەم دەرد و پەژارە پەستی
تا نەڕووخاوە بلا پڕ بێ لە خۆشی و مەستی
تازە پێی ناوێ ئەمن هۆدەیی خۆم مەحکەم کەم
وا لە ژێر باری خەم و دەرد و کەسەرا چەمیوم
لە هەموو ڕێگەیەکی ترسی هەبوو تێپەڕیوم
ئێستە وەک ئاسکێ ڕاوی بکرێ وا ڕەمیوم
چۆن نەبەم بۆ مەی و مەیخانە پەنا تێ گەیوم
لەم وڵاتە هەموو شتێ زۆرە بەنی ئادەم کەم
سۆزی دڵداری و لاوێنێ لەسەر ناسڵەوێ
ڕوو لە هەر لایێ دەڕۆم خۆی دێ بەشوێنم دەکەوێ
یادی ڕۆژانی لەمەوبەر مەکە بۆ دەردەکەوێ
پیر و بێ هێزم و ئێستاش دڵەکەم هەر دەیەوێ
سەر و ماڵم بە فیدای خاڵ و خەت و پەرچەم کەم
سەر و ماڵ، گیان و ژیان پێشکەشی چاوی بەڵەکە
دڵنیا نیم شەو و ڕۆژ ساتێ لە دەست ئەم فەلەکە
ئێستە وەک گەنجینەیە باس لە ڕابردوو مەکە
داستانی مەم و زین کۆنە، کچێکم گەرەکە
شلکە ڕانی بگووشم بۆنی لە سینە و مەم کەم
وەک زەردەی دەستی پەری سەردەمی زوو کەوتمە کێو
وێڵ و سەرگەشتەو و ئاوارە، وەها زار و پەشێو
ئێستە بەم پیرییە کەوتوومەتە دڵداری بە نێو
من لە جوانی دەگەڕێم تێپەڕە زستانی دزێو
کچ کە ڕووم نادەنێ با سەیری گوڵ و شەونم کەم
عەونیتخلص هوشیار بە نەسووتێی و ونەچی ڕوو بە فەنا
ئاگرێکە گڕی بەرداوە لە دار و دەوەنا،
ڕوو لە کوێ کەم کە نەماوم نەحەشارگە و نەپەنا
شەڕە بایە لە چیاکان و هەوا تووشە دەنا
وەکوو شێتان دەمەویست ڕوو لە چیای ئەستەم کەم