نیگاری شۆخ و شیرینم چ ڕووی دایە کە تۆرایە؟

چارەنووسی شاعیر پێنج خشتەکی لەسەر شیعری هێمن
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
 3 دقیقه  1333 مشاهده
نیگاری شۆخ و شیرینم چ ڕووی دایە کە تۆرایە؟
دەمێکە ئەو دڵەی زارم دوچاری دەردی سەودایە
بەهەشت بۆ دۆزەخیش بڕوا بفەرموو ڕاستە هەر وایە
بەهار بوو فەسڵی زستانم ئەگەر یارم دەگەڵ بایە
درۆیە گەر گوتوویانە بە خونچێکی بەهار نایە!
لە ژینی پڕ لە ژان و دەرد و خەم خۆشیم نەدی ڕۆژی
دەبێ هەر سەرکەوم بۆ بەرزی کێوی ئارەزوو ڕۆژی
بەڵێن وایە نەوەستم تا مەبەستم دێتە دی ڕۆژی
لە بارانێ مەپرسە تا هەور بگرێ بەری ڕۆژی
دەبێ بگریم هەتا ڕووی تۆ لە ژێر چارشێوی ڕەش دایە
مەبە بایی بە باڵای بەرزی سەروی سەرکەشت ئاخر
کە ئارام نابێ ماری زوڵف لە ڕووی پشکۆی گەشت ئاخر
ئەگەر چین هێزی خۆی بێنی، ببێتە هاو بەشت ئاخر
هەناسەم لا ئەدا چارشێو و ڕووبەندی ڕەشت ئاخر
هەور هەر چەندە پڕ بێ کوا حەریفی قودرەتی بایە
دڵی زارم دەمێکە نا بەڵەد بوو کەوتە نێو داوت
تکاکارم کە ڕزگار بم لە چینی پەرچەمی خاوت
ڕەوشت و دادپەرەستیت بوویتە نرخی شۆرەت و ناوت
لە ژێر سایەی برۆکەتدا حوکمڕانی دەکا چاوت
لە سایەی دۆخی شمشێرە کە حاکم حوکمی ئیجرایە
لە ڕۆژانی ژیانمدا لە شادی کردمت بێ بەش
ئەوەندەم تاڵ و سوێری چێشت هەتا خستمتە چاڵی هەش
ئەوێستا شارەزا بوویم و نزیک نابم لە فەند و غەش
لەسەر بەفرێ بە کار نایە وەکوو بیستوومە داوای ڕەش
لەسەر کۆڵمەت ئەدی بۆ دڵگرە ئەو بسکە تاتایە!
ئەگەر هێزی سروشت پەنجەی هونەر کاری بجوولێنێ
بە زەحمەت پەیکەرێکی چەشنی باڵای تۆ بخوڵقێنێ
دەبێ ڤینۆسی خوای جوانی وەکوو تۆ خۆی بخەمڵێنێ
هونەر ناتوانێ جوانی تۆ بە هیچ شێوێکی بنوێنێ
لەمەڕ مەڕ چۆن دەتاشرێ هەیکەلی ئەم بەژن و باڵایە؟
شەو و ڕۆژم هەمیشە لێم جودا نابێ خەیاڵی تۆ
ئەگەر چی خۆم دەزانم سەرکەشی و شۆخی و دەلالی تۆ
لە هەر کوێ بێتە بەر گوێم دەفعەیەک مژدەی ویساڵی تۆ
پەڕیشی بۆ زەوە سوجدە دەبەم من بۆ جەماڵی تۆ،
ئەدی بۆ چی دەیان گوت: دار کە پیر بوو تازە دانایە!
بەڵەد بووم لێت و تۆم ناسی لە ماوەی ژینی تاڵمدا
ئەتۆ قاڵ بوویتەوە وەک زێڕ لە ناو بۆتەی خەیاڵمدا
بە شێوەی وا پەشێو باڵای چەمیوی وەک هیلالمدا
بزەت نایێتە سەر لێو و بەزەت نایە بە حاڵمدا
ئەگەر چی زۆر لە مێژ ساڵە لەدووت دەخشێم وەکوو سایە!
بە دەستی چەرخی بەد ڕەفتار و بەدکردار گرفتارم
لە بەر زامی برینی کۆن و تازە بە ئازارم
ئەگەر بێ ئاشنایەک، پێی دەڵێم گوێ بگرە گوفتارم
دەزانی بۆ چی هێندە پەرێشان و خەفەتبارم؟
لە بازاڕی ژیان غەیری هونەر نیمە چ سەرمایە!
فەلەک بەو خوایە ڕۆژی دەم شکاند چەرخت توانی بام
بە جۆرێ ڕێکوپێکتر دام دەڕێژا من کە بانی بام
لە چارەنووسی خۆم داوا دەکرد تووشی نەزانی بام
بە «توو توو»ش تووشی مەکتەب بۆ دەهاتم من کە زانی بام
خەفەت، مەینەت، کەسەر، حەسرەت بەشی ئینسانی زانایە
دەبێ خۆم هۆگری ڕۆژی ڕەش و ژینێکی پڕ خەم کەم
خەیاڵی ژینی شادی و بەختیاری من دەبێ کەم کەم
لەمەولاوە خەیاڵی ژینی بێ ژانیش لەسەر دەرکەم
لەگەڵ چارە ڕەشی و دوورە بەشی و نەگبەت دەبێ هەڵ کەم
لە مێژە چارەنووسی شاعیرانی کورد هەروایە!