ئەو دڵەی بێ خەم دەژی ئەی چی دەخوا گەر خەم نەبێ

پێنج خشتەکی لەسەر شیعری هێمن
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
 3 دقیقه  3440 مشاهده
ئەو دڵەی بێ خەم دەژی ئەی چی دەخوا گەر خەم نەبێ
چۆن لە شادی دوور ئەبێ گەر هۆگرێ ماتەم نەبێ
ئاشنا زۆر کەم بووە کەس با لە دەورم جەم نەبێ
نیمە ئاواڵێ لە گۆشەی بێ کەسیدا خەم نەبێ
چاکە ئەو لێرە وەفای هەر ماوە سایەی کەم نەبێ
باسی ڕابردووی تەمەن دێڕێکی وای تێدا نییە
گەر موتاڵای کەی بفەرمووی لێرە جێی بڕوا نییە
شین لە باتی شایییە ناڵێین لە جێی گۆرانییە
لاپەڕەی ژینم هەمووی هەڵدەیتەوە تیدا نییە
باسی فرمێسک و هەناسە و شێوەن و ماتەم نەبێ
شین و هاوار و بڕۆم شێوەی لە «هۆرەی جافی»یە
ڕوو بە هەر لایە دەڕۆم شادیم بەرەو ئیتلافییە
چەک بە کار هێنان دژی من شەرتی بێ ئینسافییە
ڕەنجی دووری دولبەرم بۆ کوشتنی من کافییە!
گەر لە دونیادا ئەمن هیچ مەینەتی دیکەم نەبێ
ساڵەها دەردی ئەوین چی کرد بە حاڵ و باڵی من
ئاگرێکی چەند بەتینی خستە گیان و ماڵی من
پێکەنینی گرت منی دیت دولبەری چاو کاڵی من
کوا دەزانێ چەند پەرێشان و پەشێوە حاڵی من
ئەو کەسەی گیرۆدەیی ئەگریجە و پەرچەم نەبێ
دەرد و ئازاری ئەوین دیسان سەری هەڵدایەوە
لەشکری خەم هێرشی هێنا سەرم نەپسایەوە
پێچەوانەی ئارەزووی من بوو کە ڕەنگی دایەوە
ڕۆژگاری سپڵە بۆ من بۆسەیێکی نایەوە
نەم دی هەر تیرێکی دەیهاوێ بەرەو سینەم نەبێ
ڕۆژگاری بەد ڕەوشت دژ بوو ئەوەندەی پێی کرا
چەند لەلام خۆش بوو، بۆ زیندانی ئەوین بردم پەنا
ڕا دەبرد جار جار بە گوێم دەنگی بە سۆزی ئاشنا
ڕەمزی دڵداری لە زینێ فێر نەبوو یارم دەنا
کوا ئەویندارێ و وەفادارێ وەکوو من مەم نەبێ؟
کاری بێ ئەنجامی خوو گرتن لەگەڵ تەزویر و غەش
سەیری چەند چەسپە لەسەر بوردی یەمەن خاڵی حەبەش
ئافرەتی لادێ هەمووی ئازادە ڕوومەتسوور و گەش
کیژی شاریمان لە خۆی وەرگرتووە چارشێوی ڕەش
داخەکەم نەمدی لەوێ مانگێکی دەوری تەم نەبێ
ڕەنجەڕۆم ئەی باخەوان من وەک هوزاری سەرچڵم
خۆت دەزانی ڕۆژ و شەو هەر چاو لە دەم خەندەی گوڵم
خەم بە قەد کێوی سەفین نیشتۆتە سەر شان و ملم
شادی جارێکی بە میوانی نەهاتۆتە دڵم!
ڕەنگە خەڵوەت خانەیی خەم شوێنی نامەحرەم نەبێ
گیان لە ڕێی پێش خستنی گەل، بۆیە وا من بەخت دەکەم
هیچ نەوەستاوم لە بۆ پێویست لە ڕۆژێ، هەست دەکەم
عەونیتخلص وەک «هێمن» لە مەیدان ئاگرێ واهەڵ دەکەم
خۆم دەسووتێنم هەتا بەزمی خەڵک ڕەوشەن بکەم
کێ وەکوو شاعیر لە ڕێی خەڵکا دەسووتێ شەم نەبێ