نیشتمانم کە سەراسەر گوڵ و باخ و چەمەنە

پێنج خشتەکی لە سەر شیعری نالی
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
 2 دقیقه  1159 مشاهده
نیشتمانم کە سەراسەر گوڵ و باخ و چەمەنە
لالەزارێکە هەمووی سووسەن و شەوبۆ و سەمەنە
هەر کەسێک دژ بێت بە خاک و گەلەکەی ناڕەسەنە
دڵ سیاسەنگ نەبێ مائیلی خاکی وەتەنە
خاڵی لەعلی حەبەشە، ساکینی بوردی یەمەنە
ماری گەنجینەیی ڕووی زوڵفی لە گەردن و شانی
ویستی وێنەی بگرێ، دەستی دەلەرزی «مانی»
لوتفی یەزدانە کە پێی داوەنیگاری و جوانی
پەرچەمی سونبلی و قەددی «قەزیب ئەلبانی»
زوڵفی بە هەلوولی و خەت ڕەنگی و وەجهی حەسەنە
هەر کەسە جۆرێ دووا ماوەیی ڕۆژانی ژیان،
کەس بە ئامانج نەگەیشت دەرکی نەکرد ڕازی نیهان
کە نەزانی لەمەدا گشتی هونەرمەندی جیهان!
تەلعەتی ئایەتی جان مەزهەری ئیعجاز و بەیان
لەبی درج و دەهەنی سیڕڕ و کەلامی عەلەنە!
ڕێی نەجاتم نییە تا دەمخەنە ژێر گڵ و خاک
من لە گێژاوی غەما شێفتە ماوم تەک و تاک
دولبەری شۆخ و نیگارم بەسە سینەم مەکە چاک
دەست لە خوێنم مەدە ئالوودە مەکە دامەنی پاک
خوێنی من سابیتە باتڵ نییە وەک ڕەنگی خەنە!
حاڵی بولبول چییە ئەو کاتە کە گوڵ پێ دەکەنێ
زار و بێزار و سەراسیمە لە خەو ڕادەچەنێ
کە بکەم باسی قەد و قامەت و غونچەی دەهەنی
وەک گۆڵی ئاتەشی خەملێوە بە بەرگی چەمەنی
قامەتی نارە بەرە، نارەوە، نارەوەنە!
قەدی یەعقووب لە خەمی یوسفی گومگەشتە چەمی
چاوی تاریک بوو کە وا گۆشە نشین بوو لە خەمی
هاتە گوێی مژدە کتوپڕ کەرەوەی دەرد و هەمی
ڕەوشنیی دیدەیی ئینسانە کە مژدەی قەدەمی
ڕەوشنیی دیدەیی غەم دیدەیی «بیت ئەلحزنە»
دڵی زارم بە هیوای گەشتی لە باغە ئێستاش
بۆ چی نازانی کە پڕ قەل و زاغە ئێستاش
عەونیتخلص باوڕ بکە هەرچەندە نەساغە ئێستاش
دڵی «نالی» کە ئینسی قەرەداغە ئێستاش
داغی سەرچاوە و دێوانەیی دار و دەوەنە!