بەڵێن وابوو شەوێک بێی بۆ ژوانم

ژوان
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
 2 دقیقه  889 مشاهده
بەڵێن وابوو شەوێک بێی بۆ ژوانم
بپرسی حاڵ و ئەحواڵ و ژیانم
منیش عەرزی بکەم ڕازی نیهانم
ئەگەر چی پیر و کەم هێز، ناتەوانم
بە یادی ڕووی تۆ هەردەم جەوانم!
لە خۆشی و شادی هەر دەم بێ نەسیبم
لە گۆشەی بێ کەسی زار و کە ئیبم!
ئەگەر لوتفی ببێ ڕۆژێ حەبیبم
نییە باکم لە بەدگۆیی ڕەقیبم
بگا دەستم بە یاری میهرەبانم!
ئەوەی دیومە ئەوەی بیستم لە شاران
بەسەرهات، سەرگوزشتەی ڕۆژگاران
لە دەستی شۆخ شەنگ و چاو خوماران
لە سەد لاوە دڵم پێکاوە یاران
بە تیری دولبەری ئەبرۆ کەوانم
دەمێ دڵ موبتەلای دوو لێوی ئاڵە
دەمێ ئاڵۆز و داخی زوڵف و خاڵە
دەمێ دنیای لە لا خەون و خەیاڵە
دەزانم خۆ کە ڕزگاری مەحاڵە
لە فیتنەی چاوەکانت بێ ئەمانم
لە خانەی خەم نشین وەک پیری کەنعان
دوو چاوم هەر دوو تاریک بوون بە گریان
شەو و ڕۆژ هەر دوو لای من بوونە یەکسان
بە یادی چاوی مەستی تۆیە قوربان
کە ئیمڕۆ خادیمی پیری موغانم!
دەزانی خۆ ژیانی من بەبێ تۆ
هەموو هەر شینە، هەر گریانە ڕۆ ڕۆ
دەناڵێنم لە زامی ژانی ئەبرۆ!
نەهاتی بەختی بەد بۆ من کە ئیمڕۆ
نیشانەی تیر و تانەی نا کەسانم
لە ڕۆژانی ژیان تۆ بووی مەبەستم
لە لای تۆ بوو هەمیشە بیر و هەستم
ئەمە مەرجە وەکوو بت بتپەرەستم،
گوتی عەونیتخلص کە دەر ناچی لە دەستم
ئەتۆ بەندی بە سیحری چاوەکانم!