ڕاوەستا بووم لە ڕێ بازێ
نازێ
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
2 دقیقه
928 مشاهده
ڕاوەستا بووم لە ڕێ بازێ
کیژێکم بینی ناو «نازێ»
کیژێک شۆخ و شەنگ و ناسک
جوانتر و سڵتر لە ئاسک
وا دیار بوو هێندێک گریا بوو
فرمێسکی لە چاوا وەستا بوو
پێم گوت: ئەی کیژ تۆ جوانیت
تۆ خۆشەویستەکەی گیانیت
بۆ وا پەرۆش و داماوی؟
گیرۆدەی عەشقی کام لاوی؟
کە ئەمەی بیست کیژۆڵەی ژیر
گوتی: مامە، ئەی مامەی پیر
سوێند بە یەزدانی بێ هاوتا
دڵم لای خۆمە تا ئێستا!
من کە گیرۆدەی ئەڤین نیم
لە بیر و یادی کەسدا نیم!
برام شەهید بووە، ڕۆژ و شەو
بێ ئارامم بێ خواردن و خەو
لەو بیرە دام چەک هەڵگرم
تۆڵەی خوێنی ئەو وەرگرم
پێکەنین ناچێتە سەر لێوم
شاد نابێ دڵەی پەشێوم!
حەز دەکەم منیش وەک کاکم
بە خوێنی خۆم سوور کەم خاکم
بەرگری بکەم لە نیشتمان،
نەکەوێتە دەست دوژمنان!
_ ئافەرین بۆ هەستی پاکت!
خوشکی دڵسۆزی بۆ کاکت
ڕۆڵەی وەک تۆی بێ نیشتمان
قوڕ بەسەری داگیرکەران!
دەبێ لێی دەرچن بێ وەستان
خاوەنی هەیە کوردستان
ڕۆڵەی ئازا و جوامێرن،
لە هەڵمەت بردن وەک شێرن
دوور نییە ئەو ڕۆژە بە یەک دەنگ
بشکێنن تۆقی عار و نەنگ!
حاجی دەڵێ: گەر یەک بگرن
دەور و پشتی خۆیان دەگرن
واز بێنن لە ناتەبایی
بێ گومان دەکەن بە شایی
دەست لە دەستی یەک خەن، هەستن
یەک دەنگ بن، پشت بە خوا بەستن!