بە خەتا چووبوو خەتای کرد بە خودا موشکی خەتا
از کتاب:
دیوانی ئەحمەد موختار جاف
اثر:
احمد مختار جاف (1896-1935)
1 دقیقه
5198 مشاهده
بە خەتا چووبوو، خەتای کرد، بە خودا، موشکی خەتا
هاتبوو لافی لەگەڵ پەرچەمی تۆدا لێدا
بە ئومێدی ئەوە ڕابوورێ بەسەرما ڕۆژێ
کەوتووم من لە سەری ڕێگەکەیا دەست و دوعا
بەس بلاوێنە ڕەقیب، وا دڵەکەم لەت لەت بوو
سا بکە لوتفێ لە حەق بەندەیی خۆت، تۆ بی خودا
غەم و دەرد و خەفەت و عاجزیی و دووریی تۆ
زەحمەتە جێگە و گونجایشی بێتۆ لە دڵا
کەوتە سەر ڕوومەتی ئاڵت عەرەقی ناز ئێستا
هەر ئەڵێی شەونمی پەخشانە بەسەر بەرگی گوڵا
زوهرە و موشتەری ئێستاکە لە خۆشیی چاوت
وەکوو سەرخۆش لە سەما کەوتنە ناو ڕەقس و سەما