لەگەڵ کاروانی ئازادی گەلان

کورد و کاروانی ئازادیی گەلان
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
 2 دقیقه  985 مشاهده
لەگەڵ کاروانی ئازادی گەلان
کورد هاو بەش بووە بە بێ پشوو دان
وێڵ و سەرگەردان، لەو بیابانە
ڕەنجی کێشاوە لەم ڕێگە و بانە!
هەرگیز ناوەستێ، قەت نەوەستاوە
هەر بۆ پێشەوە هەنگاوی ناوە!
کوردیش هەر وەکوو گەلانی جیهان
بۆ ئازادی خۆی هاتوەتە مەیدان
لە زۆر مەڵبەند و لە ڕێ گوزارا
چەندان سەرداری کران بە دارا
بەڵێ هەزاران ڕۆڵەی دلێری
پیر و جوانی وەک بەچە شێری
قەڵاچۆ کران یان لە زیندانا
مردن و بێ بەش بوون لە ژیانا
هەزاران ماڵیان لێ وێران کردن
ماڵ و سامانیان بە تاڵان بردن
لەگەڵ ئەم هەموو ئێش و ئازارە
سووتان و خنکان، بەندی و قەنارە
دەم بە دەم خۆشتر هەنگاو هەڵ دەگرن
ناوەستن ڕێگای دوور و سەخت دەبڕن
بۆ ئەوە ڕۆژێک بگەن بە شادی
بچێژن تام و چێژی ئازادی
ئەگەر هەر وەها بڕۆن نەسرەون
دەگەن بە ئامانج هەر سەر دەکەون
برا نەوەستی دڵت نە لەرزی
تاکوو دەگەیتە سەر لووتکەی بەرزی
ئازادی بە ڕەنج بە تێکۆشانە
بەرهەمی هەوک و خوێن و ئێسقانە
گەر نەمری لە ڕێی ئازادی گەلت
لە دەستت دەڕوا دەرفەت و هەلت
گەلێک ژێر دەست بێ دوور لە ژیانە
بەشی ئەو گەلە مەرگ و نەمانە!
تام چێژی ژیان بە ئازادی یە
گشت بەختەوەری خۆشی، شادی یە
لەم کاروانەی کورد ناوەستێتەوە
تا سەربەست نەبێ ناگەڕێتەوە!
بە خوێن مۆر دەکا نامەی سەربەستی
تا وەری نەگرێ و نەکەوتە دەستی
سوێندی خواردوە بە کوردستانی
بە گۆڕی و قازی و شەهیدەکانی
ژین بە سەربەستی، مردن بە مەردی
دەبێ چارەنووس وابێ بە کوردی
هەر خەبات دەکا بە بێ وچانی
کۆڵ نادا هەتا مابێ ژیانی!