گەلێک کە ڕۆڵەی لە کۆڕی شەڕا

نامرێ ئەو گەلە
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
 2 دقیقه  1131 مشاهده
گەلێک کە ڕۆڵەی لە کۆڕی شەڕا
هەنگاو هەڵێنێ بە سەر سەنگەرا
چاوی نەترسێ لە تۆپی دوژمن
مل بماڵێنی بەدەم خەنجەرا
بۆ سەربەخۆیی بە خوێنی ئاڵی
قەڵایێ هەڵنێ لە کەللە سەرا!
نامرێ ئەو گەلە هەر زیندوو دتبێ
سەرفراز دەژی لە ڕووی مەحشەرا
***
گەلێک کە مێژووی بە خوێن نووسرابێ
لە تێکۆشان دا کۆڵی نەدابێ
بۆ وەرگرتنی کەمترین مافی
خوێنی هەزاران ڕۆڵەی ڕژا بێ
دوکتۆر فوئاد و شێخی پیرانی
سەد سمکۆ و قازی قوربانی دابێ
نامرێ ئەو گەلە هەر ئازاد دەبێ
هەر چەندە چەرخیش دژی وەستابێ
***
گەلێک کە ڕۆڵەی لە نزیک و دوور
بست بست بناسێ هەرێم و سنوور
چاوی ناپۆشێ لە بستێ زەوی
لە بۆی دەڕێژی خوێنی گەش و سوور
نابێ داگیر کەر پێی دڵنیا بێ
دەبێ جێی بێڵێ ڕاست و چەپ و ژوور
ئەو گەلە وڵات پاک دەکاتەوە،
لە دوژمنانی پیس و مەندە بوو
***
گەلێک هەمیشە لە تێکۆشان بێ
دروشمی مەرگ یان کوردستان بێ
گڕی شۆڕشی ناکوژێتەوە!
هێرشی دوژمن ئەگەر تۆفان بێ
مافی شۆڕشی خۆی دابین دەکا
گەلێک خەباتی کەبێ وچان بێ
ڕۆژێک دێت هەموو یەک دەگرێتەوە
بۆتان و سۆران، موکری و بابان بێ!
ئەمجا دەست و برد، بێ وەستان و زوو
سنوور دەشکێنین بە هێزی بازوو
لە ناو چوار چێوەی ئەم کوردستانە
یەکێتی یەکی وا دەهێنینە ڕوو
بێ جیاوازی لە ناو کۆمەڵ دا
یەک زمان، یان ڕەنگ، یەک ڕەوشت و خوو
ئاڵای سەربەستی خۆمان هەڵدەکەین
دەچینە ڕیزی گەلانی زیندوو!