ڕەگەزدۆزی

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  8037 مشاهده

جا یەکێک لەوانە «ڕەگەزدۆزی»ە.

ڕەگەزدۆزی، کە «جناس»ە لە عەرەبیدا، بۆیەش کوردییەکە وای بۆ داناوە چونکە «ڕەگەز» بە مەعنا ئەسڵ و نەژادە. «دۆزی» لە دۆزینەوەوە هاتووە. وای لێی دێتەوە کە پێکەوە گونجان و دۆستایەتی ڕەگەزی دوو وشە پێکەوە ئەدۆزیتەوە و پەیدای ئەکەی.

بێگومان ئەبێ لە وشەیەک زیاتر هەبێ لە ڕستەکەدا ئەو وەختە گونجاندن دروست ئەبێ. ئەم گونجاندنەش ڕوو لە وشە ئەکاتەوە نەوەک گوزارە. ئەوەی کە بۆ گوزارە بوو لە باری گوزارەوە قسەی لێوەکرا، ئەوەش کە بۆ وشەیە ئەبێ لە باری وشەوە قسەی لێوە بکرێ. جا بەو بۆنەوە ئەچینە جەرگەی باسەکەوە و ئەڵێن:

یەکێکی فراوان لە هونەری جوانکاری وشەیی «ڕەگەزدۆزی»یە. ئەمەش ناوە بۆ ڕستەیەک - هۆنراو بێ یا پەخشان - کە دوو وشە، وە یا زیاتری تێدا هەبێ. وشەکان لە ڕواڵەت و ڕوخساردا لە یەک بچن، واتە وەکوو یەک وابن، چونکە ئەگەر وەکوو یەکەکە لە گوزارەدا بێ وەکوو «کتک» و «پشیلە» نابێ بە ڕەگەزدۆزی.

ئەمەش ئەبێ بە دوو بەشەوە؛ ڕەگەزدۆزی تەواو، ڕەگەزدۆزی ناتەواو. تەواوەکە ئەوەیە کە لە هەموو شتێکا وەکوو یەک وابن؛ لە ژمارەی پیتدا، لە ڕێکیی پیتەکانا، لە شکڵا. وەکوو «نالی» ئەڵێ:

«خەتات فەرموو کە خۆشە چین و ماچین»
«کە ناچین لێرە، خۆشەچینی ماچین»
«برۆت هەر چین و پەرچەم چین لەسەر چین»
«ئەمەندە چینە قوربان پێم بڵێ چین؟!»

وشەکانی «چین» و «خۆشە» لەم دوو هۆنراوەدا چەند جار وتراونەتەوە، لە ڕوخسارا وەکوو یەک وانە، بەڵام لە گوزارەدا جیان.

وشەی «خۆشە» لە هۆنراوەی یەکەمدا کە لە هەر دوو نیوە هۆنراوەکەدا هەیە، یەکەمیان بە مانا «خۆشی»یەکە، کە بەرانبەر بە ناخۆشییە، دووەمیان بە مانا «هێشۆ»یە.

وشەی «چین» و «ماچین» لە هەر دوو هۆنراوەکەدا «دە» جار وتراونەتەوە، کە لە ڕواڵەتا یەکن، بەڵام لە گوزارەدا هەر یەکە گوزارەیەکیان هەیە.

«چین» و «ماچین» لە نیوە هۆنراوەی یەکەمدا وڵاتی «چین»ە - کە لەناو کوردەواریدا بە «چین و ماچین» بەناوبانگە - هەرچەندە چین و ماچین لە هەندێ ناوچەیەکی کوردا بە پەلەوەرێکی جوانکیلەی ڕەنگاوڕەنگ - یش ئەڵێن، بەڵام لەم شوێنەدا ئەوە نییە.

وشەی «ناچین»، واتە ناڕۆین، ڕەگەزدۆزیەکی وشەیی هەیە لەگەڵ وشەی «ماچین» و بەر «لاحق» ئەکەوێ.

«چین»ی سێیەم بە مانا هەڵبژاردنە. وشەی «ماچین» بە «بەسە»ی «ماچ» و بۆ گەلە کە لەگەڵ «ماچین»ی یەکەمدا ڕەگەزدۆزی تەواو لە نێوانیانا هەیە. وشەکانی شەشەم، حەوتەم، هەشتەم و نۆیەم بە گوزارەی ڕیزن. وشەی دەیەم بۆ پرسیارە لە چۆنیەتی و گەوهەری گەل؛ واتە چ شتێکن؟.

کورتیی گوزارەی هۆنراوەکانیش ئەڵێ:

تۆ، کە فەرمووت چین و ماچین خۆشە، باشت نەفەرموو! ئێمە لەم جێگایە ناجووڵێین هێشوچنی ماچینین. برۆ و ئەگریجەت کەوتوونە سەر یەکدا چین چین، پێم ناڵێیت ئەم هەموو چینانە وا لەسەر یەک کەوتوون بۆچ وا بەو جۆرە بەسەر یەکا کەڵەکەیان کردووە و کەوتوون؟.

ئەو وێنەیە کە هێنرایەوە بۆ ڕەگەزدۆزی تەواو، بە ناوی ڕەگەزدۆزی «وێنە - ممائل»یشەوە ناو ئەبرێ.

ئەم جۆرە ڕەگەزدۆزییە بەشکردنێکی تریشی هەیە، ئەوەش ئەوەیە:

ئەگەر یەکێ لە دوو وشەکە؛ ئەوەی کە ڕەگەزدۆزیەکەی دروست کردووە، جووت و ئەو تیری تاک بوو، بە ناوی «جووت - ڕەگەز»ەوە ناو ئەبرێ - واتە جناسی مرکب. ئەگەر ئەم جووت و تاکە هەر دوو وەکوو یەک ئەنووسران بە ناوی «وەک یەک - متشابە»ەوە ناو ئەبرێ. وێنەی ئەمە وەکوو «زێوەر» ئەڵێ:

«داخی حەسرەت نەخشی گرت ئەم ساڵ لە تەختەی سینەما»
«بۆ ئەوانەی ڕائەکەن سەربەست ئەچن بۆ سینەما!»

دوو وشەی «سینەما» لە نووسینا وەکوو یەک وانە؛ یەکەمیان «جووتە»، واتە لە سینەی منا. دووەمیان تاکە، واتە «سینەما - تەماشاخانە».

وە یا «نالی» ئەڵێ:

«ڕەقیب و موددەعی وەک پووش و پووشوو»
«بسووتێنین کە وەک بەرقین، لەبەر قین»

دوو وشەی «بەرقین» لە نووسینا وەکوو یەک وانە، یەکەمیان تاکە و دووەمیان جووتە.

ئەگەر ئەو دوو وشەیە لە نووسینا وەکوو یەک نەبوون بە ناوی ڕەگەزدۆزی «جیا - مفروق»ەوە ناو ئەبرێ. وێنەی ئەمە وەکوو «عەلی کەمال باپیر» ئەڵێ:

«کە دڵ شادی ئەکەی، دڵشاد، لەبەر چی؟»
«دەبیتە هاوسەری پیاوانی هەرچی!»

ئەم دوو «دڵشاد»ە لە نووسینا جیان؛ یەکەمیان کەسێکە کە دڵخۆشی بکا و سفەتە. دووەمیان ناوە، واتە عەلەمە.

لە شێوەی نووسینی ئەم جۆرە شتانەدا ئەگەر هات وشەکە بوو بە «ناو» بەسەر یەکەوە ئەنووسرێ. وەکوو «دڵسۆز». ئەگەر هەر لەسەر سیفەتیەکەی خۆی مایەوە بە جیا ئەنووسرێ، وەکوو «دڵ سۆز».