کورتبڕی و درێژبڕی

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  1528 مشاهده

مەبەست بە کورتبڕی ئەوەیە کە کۆمەڵە گوزارەیەک بە چەند وشەیەکی کەم دەرببڕێ. درێژبڕی پێچەوانەی ئەمەیە.

ئەمە ڕاستە کە وشە، وە یا کۆمەڵە وشەیەک - با هەرچەندە درێژیش بێ - ناتوانێ بە تەواوی گوزارشت لە گوزارەکە بداتەوە، بەڵام ئەم دەستوورە کە ئەوترێ و دائەنرێ - دەستووری کورتبڕی و درێژبڕی - ئەمە شتێکی نیسبییە و ئێعتبارات دروستی ئەکا.

ئەمەو دیسان هەموو زمانێک ئەو ڕەخنەیە ڕووی تێ ئەکا کە وشە ناتوانێ بەرەنگاری گوزارە بێتەوە بۆ ئەوە بە تەواوی دەری ببڕێ.

زمانی کوردیش وەکوو ئەوانیتر ڕەخنەکە ڕووی تێ ئەکا. بەڵام وەکوو ئەمە ڕووی تێ ئەکا ئەوەش هەر ڕووی تێ ئەکا؛ بەو ناوەوە کە زمانە ئەبێ کورتبڕی و درێژبڕیشی تێدا هەبێت، چونکە ئەمە یاسایەکی تێکڕاییە بە چاو هەموو زمانێکەوە.

جا ئەو کورتبڕییە یا تەماشای پیتەکانی ئەکرێ؛ واتە دوو ڕستە هەیە بۆ دەربڕینی گوزارەیەک، بزانی کام لە ڕستەکان پیتەکانی کەمترە، دیارە ئەوەیان کورتترە.

وە یا تەماشای وشەی ڕستەکان ئەکرێ کە کامیان وشەکانیان کەمترە، دیارە ئەوەیان کورتترە.

وە یا تەماشای فراوانی گوزارەکە و لە چاو ئەوا زۆر کەمیی وشەکان ئەکرێ، دیارە ئەمەش هەر کورتترە.

کورتبڕیش لەسەر دوو جۆرە؛ یا ئەمەیە هیچ شتێک لە ڕستەکەدا لانەبراوە، وە یا لێی لابراوە.

کە ئەڵێین لابراوە، وە یا نەبراوە، زمانەکە خۆی ئەو داڕشتنەی کردووە، پاشان ئەوە بووە بە ڕێباز بۆ هەنگاونانی ڕەوانبێژی بە سەریا.

ئەوەی کە لانەبراوە وەکوو ئەوە، کابرا لێیان پرسی، هەمەوەندەکان چییان کرد؟ وتی:

«هاتن، کوشتیان، بردیان، سووتاندیان»

ئەمە ڕستەیەکی کورتە، بەڵام گوزارەیەکی زۆری گرتۆتە خۆی، چونکە بێجگە لەوە کە کوشتن بۆ پیاوەکان و بردن بۆ مەردەماڵ و ماڵاتە و سووتان بۆ دەغڵ و دانە، ئەگەر بێت و بویسترێ بە فراوانی قسەی لێوە بکرێ قسەیەکی زۆر و «راڤین - شەرح» ێکی ئێجگار فراوانی ئەوێ.

ئەو ڕستەیەش کە لێی لابراوە، ئەو بە گەلێ چەشنە، بەڵام ئێمە لێرەدا کە وێنەیەک، دوو وێنەمان هێنایەوە ئەتوانرێ دەستوورە گشتییەکە بە هۆی ئەوانەوە بێتە دەست.

وەکوو ئەوە کە ڕێبوارێک پرسیاری شتێک لە یەکێک ئەکا، ئەویش پێی ئەڵێ: «من نایزانم بچۆ لەو دێیە بپرسە»، مەبەست بە «لەو دێیە بپرسە»، واتە لە «خەڵکی» ئەو دێیە بپرسە.

وە یا کابرا ئەچێتە لای زیندروو ئەڵێ: «زینێکم بۆ دروست بکە، واتە زینێک بۆ «ئەسپەکەم» دروست بکە.

ئەوەش کە تەماشای پیتەکانی ئەکرێ، وەکوو ئەڵێ:

«کەوا سووری بەر لەشکر»

«باڵابەرزی کڵاوسووری پێش لەشکر»

دیارە پیتی وشەکانی ڕستەی یەکەم کەمترە لە هی دووەم، لەگەڵ ئەوەشا کە هەردوو ڕستەکە یەک گوزارەیان هەیە.

بەرانبەر بە کورتبڕی «درێژبڕی» هەیە. ئەمەش ئەوەیە ئەو مەبەستە لە باتی ئەوە بە ڕستەیەکی کورت بدرێ بە دەستەوە، درێژی ئەکاتەوە بە مەرجێ لە درێژکردنەوەکەدا وەنەبێ هونەرێکی ڕەوانبێژی پەیدا ببێ.

وێنەکە وەکوو ئەوە: کابرا باسی زەویەکی بەیاری ئەکا، کە بە بەیاری ماوەتەوە؛ ئەڵێ:

«سەپان نەبوو بۆ شۆ بڕین، گا نەبوو جووتیار جووتی پێی بکا، باران نەبوو ئاوی بدا، وا بەو جۆرە بە بەیاری مایەوە».

کابرایەکی گوێگر گوێی لەم قسەیە ئەبێ ئەڵێ:

ئەوەی پێی ناوێ، بڵێ: «نەکێڵراوە!» دیارە قسەی کابرای پێشوو بە تەواوی بە درێژبڕی دەرچوو.

لەگەڵ ئەمانەشا کورتبڕی چەندە چاکە، درێژبڕیش تا ئەندازەیەک ئەو چاکەیە تێدا هەیە، چونکە شوێنەکە ئەیەوێ. لە پاشا ئەمە ئێعتباراتە؛ هی وا هەیە نەزانە تا شتێکی زۆری بۆ نەڵێیت لێی تێ ناگا. بەڵام بابەتی کورتبڕی و درێژبڕی بۆ ئەهلی بەلاغەیە. یەک، دووەم بۆ دەرخستنی قسەو گفتوگۆی ئەو زمانەیە کە تا چ ئەندازە لەگەڵ بەلاغەتا ڕۆیشتووە، وە تا چ ئەندازە هێز و پێزی ئەو زمانە هەیە.

دیسان ئەبێ ئەوەش بزانرێ کە ئەم کورتبڕی و درێژبڕیە بۆ پەخشانە و هیچی تر، چونکە هۆنراو خۆی بە سروشت ئەبێ کورتبڕی تێدا هەبێ، ئەگەر لەم ڕێگایە لایدا نە هۆنراوە، وە نە بە هۆنراو دائەنرێ.