پێشەکی

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  1149 مشاهده

بیری مناڵی تیژە. ساڵ، ساڵی ١٣٧٤ی هیجری بوو. سەیید ئەحمەد ناوێک بۆ جاری سێیەم لە مەککە و مەدینەوە پەخشییەکی بڵاو کردەوە کە پێغەمبەر (د.خ) لە خەوا پێی وتووم لە ساڵی ١٣٥٠دا دنیا دواییی دێت، کێوەکان ئەڕووخێن و عالەم هەپروون بە هەپروون ئەبێت.

فڵانی! لە مزگەوتەکان و لە ماڵەکانا شین و شەپۆڕێک بوو ئەو سەری دیار نەبێتەوە. شێخ جەلالی برای شێخ نەجیبی قەرەداغی، حاجی فەتاحی قەزاز، ئەحمەدی قادر چاوش، حاجی محەممەدی عەنبەر و گەلێکی تریش -یاڕەببی بەڕەحمەت بن!- لەسەر سەکۆکەی مزگەوتی شێخ جەلال پڕمەپڕم ئەگریان و دەستەسڕەکەی دەستیان بەتەواوی تەڕ بووبوو؛ عالەمەکەی تریش بۆ گریان شوێنیان ئەکەوتن. منی نەگبەتیش هەر ئەگریام. ئەوا ئەوان وەکوو کابرا وتی بە هەر جا! من بۆچی؟ من هێشتا لەناو مناڵانا یاریم ئەکرد، نە ئەمزانی دنیا چییە؟ نە قیامەت.

ساڵ بوو بە ساڵی ١٣٥٠، دنیا نەبوو بە دنیائاخری. لە دوای ئەوەش ساڵ هەر سنگی ئەنا بۆ پێشەوە. تا بوو بە ساڵی ١٣٨٩، دنیا هەر وەکوو خۆی مایەوە و نەبوو بە دنیائاخری. وا دیار بوو، سەیید ئەحمەد -خوا سڵامەتی کا!- خەوەکەی دەستهەڵبەست بوو. لە ماوەی ئەم ٥١ ساڵەدا تۆ ئەزانی چ جۆرە کارەساتانێ ڕوویان دا؟ وەکوو ئەڵێ: ڕۆژان ڕۆژی لە دوایە. ڕۆژی پێرێ ڕۆیی، ڕۆژی دوێنێ هات. دوێنێ، ئیمڕۆی بەشوێنا هات. هەموو وەکوو تۆمار پێچرایەوە.

با بێینەوە سەر ساڵی ١٩٥٧ی میلادی، لەو ساڵەدا بە حەساب بوو بە ٣٠ ساڵ دوای دواییی هاتن بە خەوکەی سەی ئەحمەد لەباتیی ئەوە دنیا دواییی بێت، کەچی بەرگی یەکەمی «ڕشتەی مرواری» لەدایک بوو. هەر ئەو ساڵە بەرگێکی تر. ساڵی ١٩٥٨ بەرگی سێیەم، ١٩٦٩ بەرگی چوارەم، ١٩٧٢ بەرگی پێنجەم. لەو ماوەوە تا ئێستا ئیش و کاری تر ماوەی نەدام بتوانم لەسەری بڕۆم. ئەوا لەم ساڵەدا، ساڵی ١٩٧٨ گەڕامەوە بۆ کۆنەچاڵ. بۆ دەرکردنی بەرگی شەشەم. ئەمەی کە لەبەر دەستتایە.

ئم! مامۆستا ئەڵێ ڕشتەی مرواری لەو ساڵەدا لەدایک بوو. لای وایە شێری بە گوێ گرتووە. وە یا ئەستێرەی لە ئاسمان هێناوەتە خوارەوە، یا کەشتی لە ئەرزەوە بردووە بۆ ئاسمان.

برا، کاڵا لەقەد باڵایە. ئەو نەتەوەیە کە کەشتی بردووە بۆ ئاسمان؛ غەیری نەتەوەکەی منە. من کە لە نەتەوەی کوردم، هەر ئەوەندەم لە دەست دێ. تۆ دەرزییەک دروست بکە من سووژنێک دروست ئەکەم. من درێغم نەکردووە هەر ئەوەندەم لە دەست دێت. هەموو کەس نابێ بە داهێنەر و دوکتور و موهەندس و کیمیاگەر. نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب. من ئەوەم لە دەست دێت کە خزمەتی نەتەوە بکەم لە ڕێگای ئەدەبەوە. تا بمێنم لەو ڕێگایەدا ئینشاڵڵا درێغ ناکەم.

لە ماوەی ئەم ٢١ ساڵەدا گەلێ لە دۆستانی دێرینەم لە دەست دەرچوون. گەلێ لەو کەسانە کە شتیان بۆ گێڕابوومەوە وە یا بۆیان ئەناردم بۆ «ڕشتەی مرواری» لە دەسم دەرچوون و ڕوویان کردەوە بۆ بارەگای ئیزەدی. وا دیارە خەوەکەی سەی ئەحمەد لە ماوەی ئەم پەنجا و یەک ساڵەدا بە چاو ئەوانەوە هەندێکی هاتە دی.

ئەوان ڕۆیشتن و من هەر مامەوە. لە بەرگی یەکەمەوە دوور نییە هەندێ کەس بیانوتایە ئەویش ئەچێتە ناو کووپەڵەکە، کەچی دووەم هات و من نەچووم، سێیەم هات و من نەچووم، چوارەم و پێنجەم هات هەر نەچووم، خۆ بە خوا هەر ئەچم. «مەولەوی» ئەڵێ:

وە مەرگت دیدەم هانە گوزەردا
منیچ ڕای لای تۆن، ئارۆ نە فەردا

بەڵام تۆخوا وازم لێ بێنە با زڵیا و پڵیاوێکی تر بکەین.

ناڵێم ئەدەب چییە و کەڵکی چییە بۆ نەتەوە؟ چونکی لە پێشەکی بەرگەکانی ترا ئەمەم زۆر وتووە، زۆر وتنیش قورعان خۆشە! لێرەدا هەر ئەوەندە ئەڵێم «ڕشتەی مرواری» چەند بەرێکی بەکەڵکی هەیە: یەکەم، ئەدەبە و ئەدەب نەتەوەیە. دووەم ڕێبازێکە بۆ خوێندنەوەی کوردی. زۆر شت هەیە ڕێبازە. بەڵام ئەم وا لە مرۆڤ ئەکا پێوە بچێت و بیخوێنێتەوە و هیچ تاقەتیشی نەچێ، چونکە زاخاوێکە بۆ مێشک. سێیەم وەکوو لەش، پێویستیە بە حەسانەوە، فیکر و مێشکیش ئەو پێویستییەی هەیە. حەسانەوەی فیکر ئەوەیە کە خۆشییەکەی بگاتێ بەبێ ئەوە کە لەشەکە بۆی بکەوێتە عەزیەتەوە. قسەکانی «ڕشتەی مرواری» تۆ بە گاڵتە وەری ئەگری و خۆشییەک ڕوو ئەکاتە فیکر و مێشکت. لەگەڵ ئەم خۆشییەشا دەرسێکە بۆ هەموو ڕووداوێکی ژیان، کە ئەم دەرسە لە پشت پەردەی خوێندنەوەکەوەیە.

شتێکی تر ماوەتەوە با بیڵێم:

ئەو ساڵە کە لە «وەندەرێنە» بووین، سەبەتەیێ ترێ دۆشاوی گیانمان ئەهێنا بۆ حاجی فەرەجی پڵاوخۆر لە شار بە چوار ڕووپیە و سێ عانە. حاجی فەرەجی ڕەحمەتی، هەر لە بەیانییەوە تا ئێوارە بە لایەوە ئەمایەوە لەبەر گرانی بۆی نەئەفرۆشرا. زەمانی هۆقە بوو، نەک هۆقەی ئەستەمووڵ، بەڵکە هۆقەی سلێمانی کە سێ کیلوو و نیوی ئێستە بوو. هۆقەی ئەدا بە چوار عانە؛ کەسێ نەبوو بڵێ کەرت بە چەند. ئەیانوت بە خوا گرانە پێمان ناکڕێ.

ئێستە لەسەر مەرج، تۆ کیلۆیێک -نەوەک هۆقەیێک- لەو ترێ دۆشاوییە بدە بە من بە هەشت ڕووپیە، کە ئەکاتە شەشسەد فلس، من دۆعات بۆ ئەکەم. دەسا حاجی فەرەج لە کوێیت، گۆڕ هەڵتەکێنە. کەچی بۆ بەدبەختی من هەر شتێک دەرئەکەم و هەر شتێک ئەنووسم، ئەڵێن ئای بە خوا گرانە! بە خوا زۆر دڵم پێی خۆش ئەبێ ئەگەر ئەم قسەیە نەکەی، ئەو وەختە هەردووکمان پێکەوە دەست ئەگرین بە دەستی یەکەوە. بە دووقۆڵی ئەچین بۆ جەحەننەم، یا بۆ بەهەشت! تۆ سەرپشک بە. کامیت ئەوێ من شوێنت ئەکەوم. هەر بەو شەرتە نەڵێیت کتێبەکە گرانە. زۆر لەم قسەیە ئەترسم! ئای ترس! هەر شتێکی تر بڵێیت گەردنی خۆم و خۆت ئازاد بێ.