سەرەتا

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 8 دقیقه  1126 مشاهده
هەر لە سەرەتای ئەم ساڵەدا (١٩٥٧)، بەرگی یەکەمی «ڕشتەی مرواری» لە ژێر چاپ دەرچوو، بڵاو بووەوە. بڵاوبووەوە و کەوتە دەست ئەو خوێندەوار و ماڵانە کە ڕەنگ بێ تا ئێستە کەم کتێبی کوردی بەو جۆرە لەبەر دەستی خوێندەوار و خێزانی ماڵا، پەڕە پەڕە کرابێتەوە بۆ خوێندنەوە. هەر ئەم باوەشگرتنەی ئەوان بوو، کە بوو بە هۆی هانەدانی من بۆ ئەوە بە زووتر وەخت بەرگی دووهەمیش لە ژێر چاپ بێتە دەرەوە. من ئەو هەستەی ئەوانم لەبیر ناچێ؛ ئەوەم لەبیر ناچێ کە قەومی خۆشەویستی کورد هەستی بەوە کرد کە خوێندنەوەی زمانەکەی و نووسین بە زمانەکەی خۆی، دەروازەیەکی هەرە گەورەی بەختیاری بۆ ئەخاتە سەر گازی پشت. لەگەڵ ئەمەشا نامەوێ سەرەتای بەرگەکەی تر لێرەدا بخەمە بەرچاو؛ چونکە لەوێدا هەیە، بەڵام ئەمەوێ یەک دوو شتی تر هەیە ئەوە بخەمە بیر: یەکەم وەکوو ئەیزانین ئەدەبی بەرزی کورد تا ئەم دەورەی دواییە بە زمانی کوردی کەم جار خۆی بەسەر قاقەزەوە دیوە، و ئەوەش ئەزانین کە هیچ قەومێک بێ ئەدەب نەبووە و نییە. کە ئەو قەومە هەبوو ئەدەبیشی هەبووە. ئەدەب ساقەتەی دارێکە و لق و پۆپەکەی بەسەر قەومەکانی عالەمدا بڵاو بووەتەوە. لە هەر لقێکەوە هەر گوڵێکی لێ ببێتەوە، ئەو گوڵە ئەچێتەوە سەر قەفی دارەکە. لە هەر لقێکی هەر گوڵێک بۆنێک بدا، ئەو بۆنە نزیکی هەیە لەگەڵ بۆنی گوڵی لقەکەی ترا. ئینجا هەندێ لەم لقانە وا ڕێ ئەکەوێ کە زیاتر خزمەت ئەکرێن، گوڵەکانیان گەشتر ئەبن. هەندێکیشیان دەستی خزمەتیان ناگاتێ هەر لەگەڵ تەبیعەتا ئەڕۆن و گەشە و بوژاندنەوەیەکی وایان لێ دەرناکەوێ. ئەمە جارێ ئەوەی بە ئێمە پیشان دا کە بنەچەی ئەدەب شتێکی عالەمییە و ڕەگەکەی تایبەتی نییە بە هەندێ قەومەوە و هەندێکی لێ بێبەش بێ. تا ئەم دەورانە -و بگرە ئێستە زیاتریش- قەومی کورد دراوسێتی و تێکەڵاوی لەگەڵ قەومی عەرەب و فارسدا بووە. لەگەڵ عەرەبدا بە هۆی دینەوە، لەگەڵ فارسدا بە هۆی حوکم و بە هۆی خۆشیی زمانی فارسییەوە. کە ئەم زمانەش لە ڕاستیدا لە زمانی کوردی بووەتەوە؛ بۆ تێگەیشتن لەمە دیارە کتێبی «مێژووی ئەدەبی کوردی» عەلائەدین سەجادی ئەخوێنرێتەوە. زمانی ئەم دوو قەومە لە هەندێ شتدا جێگای خۆیانیان لە زمانی کوردیدا کردەوە، لە حەقیقەتا بۆ تێگەیشتن و ڕاستکردنەوەی ئەدەبی ڕاستەقینەی کورد و دەرهێنانی کرۆکەکەی لە زانینی ئەو دووە هیچی تر پێویست نییە. مەبەستیش لە شتەکەی تر، زمانی ئاوروپاییە؛ بۆ زانینی ئەدەبی کوردی زانینی زمانی ئاوروپایی شەرت نییە. مەبەستم ڕیشەی زمانەکە نییە؛ ڕیشەکە یەکێکە ئەوە هیچ؛ چونکە هەردوو لایان ئارین. مەبەستم تەرزی ئەدەبەکەیە. ئەم زمانە هاتووچۆیەکی لەگەڵ زمانی کوردیدا نەبووە تا ئەدەبەکەی خۆی لە زمانی کوردیدا جێگە بکاتەوە، مەگەر لەم چەند ساڵانەی دواییەدا نەبێ. ئا لەم بەرەیەدا کە ئێستە هەموومان ماوین ئەوەش ئینکار ناکرێ کە هێشتا نە ئەدەبی ئێمە لە دڵی ئەوانا جێگای بووەتەوە، نە هی ئەوان لە دڵی ئێمەدا. بە پێچەوانەی عەرەبی و فارسییەکە بە هۆی دین و حوکمەوە لە دڵی ئێمەدا جێگای خۆیان کردەوە؛ بەڵام داخەکەم! هی ئێمە لە غەیری مەعنا -و داننەنان بەو مەعنایەشدا- لە دڵی ئەوانا هیچ شوێنێکی بۆخۆی داگیر نەکرد. جا قسە لەوەوە بکەین کە ئەم درێژەمانە لەبەر ئەوە هێنایە ناوەوە: ئەدەبی فارسی گەلێ کاری کردە جەرگی ئەدەبی عەرەبی. وای لێ هات سەرچاوەی ئەدەبی عەرەبی بوو بە ئەدەبی فارسی. ئەمەش بە هۆی ئەوەوە بوو کە عولەما و ئەدیبەکانی فارس بە هی دینەوە خەرمانی خەزنەی ئەدەبی خۆیان هەڵڕشتە ناو زمانی عەرەبی و زمانی عەرەبی بە هۆی دینەوە وردەوردە پەرەی سەند، لە زارەوە کەوتە سەر قاقەز، مەعنا و حکمەتی لە زمانەکانی ترەوە وەرگرت و خستییە ناو خۆیەوە. عالمە عەرەبینووسەکان -کە لە ٩٠% عەرەبیش نەبوون و دین و زمانی نووسینیانی کردبوو بە زمانی عەرەبی- کە ئەهاتنە سەر نووسینی ئەدەب و گێڕانەوەی شتێکی ئەدەبی، ئەیاننوسی: «قال اعرابی، یا رای اعرابی، یا سمع اعرابیعربی» با ئەو وتن و بینین و بیستنەش لەسەر شاخەکانی «زاگرۆس»ەوە یا لە دەشتەکانی «ئیندنۆسیا» و «ئەندولوس»دا بووایە ئەو هەر ئەیوت: «قال اعرابی، رای اعرابی، سمع اعرابیعربی». زمانی دین لەم هەموو شوێنانەدا بڵاو بووبۆوە و ببوو بە زمانی نووسین. عالمی عەرەبینووس ئەگەر سەیری بکردایە لە بناری کێوەکانی کوردەواری کابرایەکی کورد شتێکی کردووە یا وتوویەتی، ئەو لە کتێبە ئەدەبییەکەی خۆیا هەر ئەینووسی: «قال اعرابیعربی»؛ و یا کابرایەکی «سەلت»ی لە ئەسپانیادا شتێکی ببینیایە ئەو ئەینووسی: «رای اعرابیعربی». هەروەها کابرای هندی لە ئیندونووسیادا شتێکی ببیستایە ئەو خێرا ئەیخستە سەر قاقەز و ئەینووسی: سمع اعرابیعربی. بەم «قالە و رأی و سمععربی»یە ئەدەبی عەرەبی گەیشتە چڵەپۆپەی بەرزی. ئەمەش من ناڵێم عالم و یا ئەدیبە عەرەب و عەرەبینووسەکە بە نیازی خراپ ئەمەیان کردووە؛ نیاز خراپ نەبوو، بەڵام چۆنییەتی زەمان وابوو. عالمێکی کورد، عالمێکی هندی، عالمێکی ئیندونوسی کارەسات و یا قسەیەکی لە گوند و یا شارەکەی خۆیا ئەبینی، لەبەر ئەوە نووسین بە هۆی دینەوە بە زمانی عەرەبی بووە، کارەساتەکەی ئەنووسییەوە و کارەسات بە مەعنای غەیری عەرەبی و بە زمانی عەرەبی ئەکەوتە ناو ئەدەب و کتێبی عەرەبییەوە و ئەبوو بە ئەدەبی عەرەبی. ئەدیبە تازەکانی عەرەب دوور نییە ئەمە دەرببڕن. ئەمە دەورەی ئەدەبی عەرەبی وا، ئینجا عەینی دەورەش بۆ ئەدەبی فارسی زەماوەندی خۆی هەر گێڕایەوە. ئەم لە عەرەبییەکە گەلێ زیاتر؛ چونکە ئیمپراتۆرییەتی سیاسیی فارسی و نازکی زمانەکە ئەمانە سەریان کردبوو بە گەلێ وڵاتا. بە کورتی زمانێک بوو نووسینی پێ ئەنووسرا و دەفتەرداری کشوەر و یا کشتوکاڵی پێ ڕێک ئەخرا. کابرای ئەدەبی فارسی، لە هەر وڵاتێک شتێکی چاو پێ بکەوتایە و یا بیبیستایە ئەیوت: «دیدم» و یا «مردی گفت». ئەم کارەسات گێڕانەوەی ئەوان لەسەر قاقەز بە زمانی فارسی ئەکەوتە ناو کتێبی ئەدەبی فارسییەوە و ئەدەبی زمانەکەی پێ دەوڵەمەند ئەبوو؛ ئەو ئەدەبە کە ماناکەی هی زمانێکی تر بوو و نووسینەکەی زمانێکی تر. بەم جۆرە ئەدەبی ئەم دوو زمانە پەرەیان سەند و دەوڵەمەند بوون و لەم ڕۆژهەڵاتەدا بە تەواوی بڵاو بوونەوە. یەکێ لەو قەومانە کە زمانی خوێندیان عەرەبی و فارسی بوو -وەکوو وتمان- قەومی کورد بوو. کورد هەم پێی ئەخوێند، هەم پێی ئەنووسی، تا لە ئاخرا وای لێ هات هەر شتێک ببوایە ئەوترا: «ئەمە لە فڵانە کتێبی عەرەبی و یا فلانە کتێبی فارسی»دا نووسراوە و ئەبوو بە ماڵی ئەوان. وەکوو ئێستە ئەگەر شتێک بە کوردی بنووسرێ ئەڵێن: خۆ ئەمە لە عەرەبی و یا لە فارسیدا هەیە و یا لەوانەوە وەرگێڕاوە. کەچی لەگەڵ ئەوەشا ئەگەر بچنە بنج و بناوانییەوە وا نییە. وەکوو لە سەرەتاوە باسمان کرد، جارێ ئەدەب شتێکی عالەمییە و تایبەتی نییە بە قەومێکەوە. دیسان ئەو شتە کە لە عەرەبییەکە، و یا فارسییەکەدا نووسراوە بۆچی ئەبێ بە لای ئەوەدا نەچن کە بڵێن ئەمە هی ئێمەیە و غەڵبەی ئەو زمانانە دایپچڕیوە بۆخۆی؟ بۆچ ئەبێ ئەوە بڵێن کە ئەمە هی ئەوانە و لێیانەوە وەرگێڕاوە؟ لەگەڵ ئەوەشا کە ئێمە لە بەرەبەیانی مێژوومانەوە ئەدەبمان هەبووە، ئەوەندە هەبووە دەستی زۆر، نووسینی لێ داگیر کردووین و بەم زمانەی خۆمان نەنووسراوە. بە پێی ئەم درێژەپێدانە لام وایە ئەوانەی کە تۆزێ لە حەقیقەتی عیلم و لە تەعابیری قەومی بکۆڵنەوە ئێتر ئەکەونەوە سەر ئەو باوەڕە کە جارێکی کە شتێکی تری وا نەڵێن و نەچن بە لای ئەو قسەیەدا کە هەر شتێکیان بەرچاو کەوت خێرا بڵێین: «ئەمە لە فارسی و یا لە عەرەبییەوە وەرگێڕاوە». بەڵکوو ئەبێ بکەونە سەر ئەو باوەڕە کە گەلێ شتی ئێمە هەبووە و کەوتۆتە زمانی ترەوە. دووهەم؛ لەو شتانە کە ئەمەوێ لەم سەرەتایەدا بیڵێم قسەیەکی جوانی «محەمەد حسێن هەیکەل»ە. ئەم زانایە کتێبێکی هەیە لە ژێر ناوی «الفاروق عمر»دا. باسی چۆنییەتی ژیانی عومەر و پێگەیشتن و شەخسییەت و هەموو لاپەڕەیەکی ژیانی ئەکا. لە بێشکەی دارەوە تا بێشکەی خاک لە ئاخرا ئەڵێ: «عومەرێک کە خوای ڕازی کرد، ئیمپراتۆرییەتی ئیسلامی ڕازی کرد، بە ڕشتنی ڕێچکەی قەزاوەت و دادپەرەستییەکەی غەیری ئیسلامەکانی دەوری خۆی و پاش خۆشی هەر ڕازی کرد، کەچی هێشتا هەر مایەوە کە نەتوانێ ڕازی بکا، و یا لێی ڕازی نەبێ، با ئەو کەسەش هەر تاقە کەسێ بێ کە وەکوو ئەبوو لولۆ بێ» ٢٦٥٧/٥/٢ کوردی