کابرایەک هەبوو لەناو «نەوڕۆڵی»یە دەستی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  637 مشاهده

کابرایەک هەبوو لەناو «نەوڕۆڵی»یە، دەستی حەکیمی هەبوو، ئافرەتێکیش هەر لەوێدا هەبوو، برینێکی ناقۆڵا لە لاڕانی هاتبوو، چاک نەئەبۆوە. کابرای حەکیمیان بردە سەری، هێنای بە داو و دەرمان مەعجوونێکی دروست کرد و کردی بە شاپڵیتە و کێشایە کونی برینەکەوە، کونی برینەکە قووڵ بوو، شاپڵیتەکەش زۆر زل بوو، ئافرەتەکە لە تاو ئازارەکەی خۆی پێ ڕانەگیرا، بیلامانی، یەکێکی کەند! کابرای حەکیم ڕاچەنی و پاشان وتی: ئەهوو! لە کوێوە لێم دا و لە کوێتەوە دەرچوو؟!

مەلا عەبدوڵڵای حەبانیە بۆی گێڕامەوە وتی: مەلا عەباسی گەڵاڵە وتی: ئەو سەردەمە ڕەز ئەخەسێنرا، واتە ڕەزانەی ئەخرایە سەر، مودیرێکی پڕی زل لە سوورداش هەبوو، خۆی هەستا چوو بۆ «سەرگەڵو» بۆ تەخمینی ڕەزانەی ئەو ناوە، ئەو ساڵەش تەرزە ئەو ناوەی هەموو کوتابوو، ترێ زۆر کەم بوو، مودیریش توندوتیژییەکی وای ئەنواند تۆزی ئەکرد! شەش بە تەشپیکە حەوتی: ڕبەیەکە، ئەیدایە بەری، هەر چەند تکایان لێ ئەکرد، کە زۆر نەنووسێ، ئەو زۆرتری ئەنووسی.

شەوێ لە دیوەخانی «حاجی شێخ عارف» کۆ ئەبنەوە و دیوەخان گەرم ئەبێ، کوێخا و ڕیشسپی و پیاوماقوڵی ئەو وڵاتە، هەموو لەوێ ئەبن و مودیریش بە فیزێکەوە لەو سەرەوە دانیشتووە، هەر چەند ئەو عالەمە تکای لێ ئەکەن ئەو هەر بای دێ و بە لاگوێیدا ئەڕوا.

میرزا قادرێک هەبوو خەڵکی سولەیمانی بوو، پیاوێکی ئەدیب و قسەزان بوو، زۆر دەمێک بوو لەو وڵاتە بوو، هەموو ئەیانناسی و بە چاوێکی بەرزەوە سەیریان ئەکرد. کتوپڕ «میرزا قادر» هات بۆ دیوەخان و خەڵکەکە هەموو لە بەری هەڵسان و لەو سەرەوە دایاننا، مودیر نە لە بەری هەستا و نە قسەشی لەگەڵ کرد. میرزا قەننەیەکی درێژی هەبوو، دەری هێنا و تێی کرد و کەڵە پشکۆیەکیان بۆ خستە سەر و دەستی کرد بە مژلێدانی، «حاجی شێخ عارف» و دانیشتووان هەموو تکا لە مودیر ئەکەن کە تۆزێ لەم ڕەزانەیە کەم بکاتەوە، مودیر بەگ هەر بە خەیاڵیشیا نایە، میرزا مژ ئەدا لە قەننە و گوێشی بۆ ئەم قسانە ڕاگرتووە، کە سەیری کرد مودیر بەگ بە هیچ جۆر هەر بێزی نایە لەگەڵ ئەم خەڵکەدا قسە بکا، دەمی لە قەننەکە بەردا و ڕووی کردە مودیر و وتی: جەنابی مودیر بەگ، مادام جەنابی حاجی شێخ مارف و ئەم هەموو خەڵکە تکات لێ ئەکەن، ئەگەر قسەیان نەشکێنی گەلێ سەربەرزییە بۆ جەنابت. مودیر ئەمجا هاتە قسە و ڕووی کردە میرزا قادر و وتی: ئەوە تۆ چ کارەیت؟ ئەڵێی گوونی منی، وا خۆت قوت کردۆتەوە و دێیتە قسەکردن!

حاجی شێخ عارف و خەڵکەکە زۆر ئەم قسەیان لەبەر گران ئەبێ و بۆ «میرزا قادر»یش دڵگران ئەبن، چونکە ئەو پیاوە لەو پیاوانە نەبوو کە قسەی وای دەربارە بکرێ. حاجی شێخ عارف بۆ دڵدانەوەی میرزا قادر ڕوو ئەکاتە میرزا و ئەڵێ: جەنابی میرزا قادر دڵت هیچ نەکا، ئەوە جەنابی مودیر بە گاڵتەوە شتی وا ئەفەرموێ، چونکە حەز لە نوکات و قسەی خۆش ئەکا! حاجی شێخ عارف لە دڵیشیا ئەزانێ کە میرزا قادر ئەو قسەیە قوت نادا و وەڵامێکی باشی بۆ ئەدۆزێتەوە. ئەمجا میرزا قادر بەبێ ئەوەی هیچ خۆی تێک بدا، مژێکی تر ئەدا لە قەننەکەی، ڕوو ئەکاتە حاجی شێخ عارف و ئەڵێ: یا شێخ، قسەکەی مودیر بەگ، زۆر جوانی فەرموو، کوا خوا ئەوەی بکردایە من گوونی ئەو بوومایە، بە ڕۆژ لەسەر قنگی خۆی و بە شەو لە سەر قوزی ژنەکەی بوومایە!

مودیر بەگ کە ئەم قسەیە بیست، چین چین ئارەقی دەردا و هیچ نەهاتە قسە. ئیتر دەستبەجێ بەو شەوە هەڵئەسێ و هەر لەگەڵی خەریک ئەبن، سوار ئەبێ و ئەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک، ڕەزانە و مەزانەی هەموو بەجێ هێشت.