مەلایەک وەعزی ئەدا ئەیوت هەر کەس ئەگەر...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  776 مشاهده

مەلایەک وەعزی ئەدا ئەیوت: هەر کەس ئەگەر بێت و دزی بکا، لە ڕۆژی قیامەتا خوا تۆڵەی لێ ئەکاتەوە. کابرایەک دانیشتبوو گوێی لە وەعزەکە ئەگرت وتی: مامۆستا خوا تۆڵەی چی لە پیاو ئەکاتەوە؟ من ئەگەر دزییەکم کرد ناچمە ژێری تا تۆڵەم لێ بکاتەوە، خۆ بە زۆریش نایسەپێنێ بە سەرما! مامۆستا وتی: وا نییە باوکم، خوا خۆی پێ ئەزانێ و شایەتیش شایەتیت لەسەر ئەدا و ئەو وەختە حوکم ئەدا بە سەرتا. کابرا وتی: دەسا بەخوا مامۆستا ئێستا من بزنێکم دزیوە و خواردوومە و کەسیش نەیزانیوە، ئیتر ئەو شایەتە لە کوێ دێ شایەتیم لەسەر ئەدا؟! دیارە خۆیشم نایڵێم ئەوا وەکوو ئاوی پار ڕۆیشت و بڕایەوە، ئیتر تۆڵەسەندنەوەی چی! مامۆستا وتی: خوا دەست و قاچ و زمانی خۆت لەسەر خۆت ئەکا بە شایەت و ئەمانە دێنە قسە و شایەتیت لەسەر ئەدەن.

کابرا وتی: مامۆستا جا منیش ئەڵێم شایەتی ئەمانەم قوبووڵ نییە، ئەڵێم ئەمانە هەموو لە دنیادا عەزیەتم داون، ئێستا ڕقیانە لێم، بۆیە شایەتیم لەسەر ئەدەن! مامۆستا وتی: کە تۆ وات وت، خوا بزنەکەت لێ زیندوو ئەکاتەوە و ئەیهێنێتە بەر دەستت و ئەیهێنێتە قسە و بزنەکە شایەتیت لەسەر ئەدا و ئەڵێ من بزنی فڵانە کەس بووم و ئەو پیاوە دزیمی! کابراش وتی: ئێ مامۆستا کە بزنەکەیان هێنایە بەر دەستم، ئەنەوم لە ڕیشی و ئەیدەمەوە خاونەکەی و ئەڵێم: ها برا ئەوە خۆت و بزنەکەت!

مامۆستا ئیتر وەستا و هیچ قسەی پێ نەکرا!