تاقیکراوەکانی کوردی

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  900 مشاهده

سەرچاوەی هەموو عیلم و زانیارییەک تەجرەبە و تاقیکردنەوە بووە، ئادەمیزاد نەگەیشتۆتە ئەو پلە و پایە بەرزە -کە ئێستا هەیەتی- مەگەر بەهۆی تاقیکردنەوە نەبووبێ.

ئەم تاقیکردنەوەیەش ئادەمیزادەکانی سەرەتایی کتوپڕ شتێکیان بۆ ڕێکەوتووە و بەرەبەرە لەوەوە لەسەری ڕۆیشتوون تا گەیشتوونەتە ئەنجام، وەکوو ئەوە لە سەرەتاوە بەهۆی فڕێدانی «با» وە یا هاویشتنی ئینسانێکی سادەوە، بەردێک کەوتووە لە بەردێکی تر و پزیسکەی ئاگری لێ بووەتەوە، لەم ڕێکەوتە کتوپڕییەوە گەیشتوونەتە شوێنێک کە توانیویانە خۆیان ئاگر بکەنەوە و پێویستیی خۆیانی پێ لابەرن.

هەروەها کتوپڕ بە ڕێکەوت، یەکێک یا گیانلەبەرێک نەخۆش بووە، ئەو یەکە یا ئەو گیانلەبەرە، گیایەکی خواردووە یا بریندار بووە و کتوپڕ ئەو گیایە کەوتووە لە برینەکەی و پێی چاک بۆتەوە، یا دیویانە گیانلەبەرێک لە کاتی نەخۆشی و برینداریدا چووە گیایەکی خواردووە، ئەمان چاویان لێ بووە تاقییان کردۆتەوە و لە ئەنجاما دەرکەوتووە کە ئەو گیایە بۆ ئەو دەردە باشە.

یا یەکێک خەیاڵێک کەوتۆتە دڵییەوە! ویستوویە ئەم خەیاڵەی بهێنێتە دی، هێناویە بەرەبەرە خەریکی بووە و ئەوەی لە دڵیا بووە بە دەست کردوویەتی، لە پاش چەند جارێک بۆی پێک هاتووە، ئەمجا لە شتی ترا کەوتۆتە تاقیکردنەوە و بەهۆی ئەم تاقیکردنەوەیە گەیشتۆتە سەرچاوەی ئیشەکە. بە کورتی تاقیکردنەوە، ئادەمیزادی لە تاریکیی نەزانی خستە ڕۆژێکەوە کە سەر زەوی و بن زەوی و ئاسمانی ڕۆشن کردەوە و گەیشتە شوێنێک کە کەم شت ما، لە دەستی دەربچێت.

قەومەکانی تر، لە بەرەبەیانی مێژووەوە، کەڵکیان لە تاقیکردنەوە وەرگرت و بەرەبەرە هەر شتێک ببوایە - با ئەفسانەییش بوایە - ئەیانخستە سەر کاغەز و پاشان بە عەمەڵ و کردەوە ئەیانخستە سەر مێزی قسە لێوەکردن و لێکۆڵینەوە؛ تا وایان لێهات هیچ شتێک لە بن دەستیان دەرنەچوو. ئەم قەومی ئێمەیە کە قەومی خۆشەویستی کوردە - بێگومان لە لاپەڕەی مێژوویا لەو ڕۆژگارانەدا کە لاپەڕە لاپەڕە هەڵیگێڕاوەتەوە بە هەزاران هەزار تاقیکردنەوەی بووە و بە قسە گێڕاویەتەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی نەخراوەتە سەر کاغەز، هەمووی هەروا ڕۆیشتووە. وەکوو بەردی گرانی بن ئاوی مەنگ گوم بووە.

ئەگەر ئەو قسانەی کوردی و یا ئەو تاقیکراوانەی کوردی، ئەمیش وەکوو هی قەومەکانی تر لە زارەوە بخرایەتە سەر قاقەز و بخرایەتە ناو بۆتەی عەمەڵ و کردەوەوە، بێگومان ئێستا ئەمیش گەلێ کتێبخانەی ئەبوو، کە پێی بڵێن کتێبخانەی عیلمی و پیشە و پزیشکی. ئەیبوو، چونکە مادام کورد لە ژێر هەواری سافا و لە ژێر دەوارا ژیاوە و ئاوی ڕوونی سەرچاوەکانی خواردۆتەوە و بە شەو سەیری گەڕانی مانگ و جریوەی ئەستێرەکانی کردووە، غایەڵەیەکی تر نەهاتووە بە دڵیا کە پەردەکەی داپۆشێ، توانیویەتی شت بدۆزێتەوە و دەمی بۆ بەرێ. ئەمەی توانیوە، بەڵام هەر ئەوەندە بووە کە ئەو قسەیە بیگەیەنێ بە ئەنجامێکی دیاری و ڕووناکی لێ وەرئەگرێ.

ئەم باوەڕی بێ سەروبەرییە بە جۆرێک لە ناویان بڵاو بۆتەوە زۆرتر گاڵتەی بەو قسانە کردووە، تەنانەت ئێستاش ئەگەر قسەیەکی تاقیکراوی کوردی ببەیت، دوور نییە هەر گاڵتەی پێ بکا و بڵێت: تازە ئەم ڕۆژە ڕۆژی ئەو قسانەیە؟! ئەوا مەردومی تر دەست بۆ ئەو دیوی درێژ ئەکەن، ئەم تازە ئەم قسانەم بۆ ئەگێڕێتەوە!

لام وایە ئەگەر یەکێک ئەم قسەیە بڵێت هەقی نییە. چونکە ئەم تاقیکراوانە لە پاشماوەی ئەقڵی باو و باپیری ئێمەن، ئەگەر دەستی خزمەتیان بوایە، ئێستا ئێمەش لەم ڕووەوە وەکوو قەومەکانی تر ئەبووین. ئەمە و دیسان لە بەچکەی «ژیشک» دڕکاویتر نییە کەچی دایکەکەی ئەڵێ: لە بەچکەی من نەرمونۆڵتر نییە؟!

جا لەبەر ئەمە من هاتم لەم تاقیکراوانەی کوردی، چیم بەردەست کەوت نووسیمن و بۆ پاشەڕۆژ هێشتمنەوە. ئومێد ئەکەم کە ئەمە ئەبێ بە بناغەی شتێکی گەورە بۆ ئێمە!