مامۆستا گیان

بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەکەم لە چوارتا، مامۆستا «ع. و. نوری»
از کتاب:
دیوانی کاکەی فەلاح
اثر:
کاکه‌ی فلاح (1928-1990)
 1 دقیقه  666 مشاهده
لەژێر تەمی یادگارا
تەمی خەستی ڕۆژگارا
ئەو سەردەمەی من مناڵ بووم
چۆلەکەی بێ پەڕ و باڵ بووم
بە هەزار حاڵ شێوەت ئەکەم
قەتماغەی زامێ لا ئەدەم
هەناسەیەک بە با ئەدەم
ساڵانی پێشووم ڕا ئەدەم
زام: تا بڵێی سەخت و قووڵە
هەناسەی چی؟ گەردەلوولە
کە خوشکی لەش هەڵقرچاوم
گیانی ئەدا لەبەر چاوم
چۆن دایکی جگەر گڕ گرتووم
بۆ فریشتەی لەدەس دەرچووم
خوشکی من و قوتابی تۆ
برژە برژی بوو بە پشکۆ
کچانی لە هەیوان ڕاکشاو
بە ئاستەمێ نووزە تیاماو
هاتی بۆ لای، مامۆستا گیان
ئەی مامۆستای دڵ میهرەبان
بەدەست و پەنجەی پیرۆزت
بە هەستی بەزەیی و سۆزت
دەرمانت دا لە زامەکەی
بۆت هێنا بڕوانامەکەی
بە چاوی وتی: بۆ چیمە؟
هەرچی هیوای ژین بێ نیمە
زۆر دانیشتی بەلایەوە
وەک باوک دڵت دایەوە
ئیستەش یادی ئەو کسپەیە
لەناخا چەشنی کڵپەیە